بۆ پارتی ئەو شتانە ناڵێ کە کردوونی؟!

غازی حەسەن
  2024-09-28     352

یەکێک لە بەرنامەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن قسەکردن و گێڕانەوەی چیرۆکی چۆنیەتی بەدەستهێنان و دروستکردن و پەرەپێدانی بوارە جیاکانە، ئاماژەکردن و بەرهەمهێنانەوەی ئەو شتانەیە، کە کردوویانە و شانازی پێوە دەکرێت و بە بناغەی ئاوەدانی دەزانرێت. لایەنە سیاسییەکان باش و خراپ بە یاری خۆیاندا هەڵدەڵێن، هەیانە شانازی بە پەیوەندیی ناشەرعی لەگەڵ ناحەز و دوژمنیش دەکات و ئەو شتانەی جێی شانازی نین بە دەنگێکی بەرز دەیڵێنەوە، کەچی پارتی و ڕاگەیاندنی ئەم حزبە ئەو شتانە ناڵێن، کە دەبێت بیڵێن. ئەوانی (ڕەخنە لەدەسەڵات دەگرن، کە دەبێتە بەشێک لە ڕیسواکردن و ناشیرنکردن و پیسکردنی خودی دەسەڵات) بێ پسانەوە هێرش دەکەن و گوتارەکە لەسەر زاری بەرپرسە یەکەمەکانیان بەڕێوە دەچێت، کەچی پارتی هێشتا لەدەزگا فەرمییەکانی هێمن و نیمچە بێدەنگیشە. لەبەرانبەریشدا دەسەڵات کە ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان پارتییە، یان بەتەنیا بە پارتی دەڵێن دەسەڵات، ناتوانێت و نایەوێت داکۆکییەکی سەرسەخت لەڕێگەی نیشاندانی هەموو ئەو شتانەی بەدەستی هێناون نمایش بکات، کە لە ٣٤ ساڵی ڕابردوو ئەنجامی داون. لەکاتێکدا دەزانین زۆر لە بڕیارە ستراتیژییەکانی هەرێم بەدەست پارتییەوە بووە. (یەکێتی) کە حزبی بەشدار و هاوبەشە هەمیشە خۆی وەکو پاشکۆ و بێبەشکراو و پەراوێز نیشان دەدات، بە واتایەکی دیکە خۆی بە غەدرلێکراو دەبینێت.

٣٤ ساڵ دەسەڵات، واتە ٣٤ ساڵ بەرپرسیاریەتی و کارکردن، کارکردنیش واتە کێشە و گرفت و هەڵە، بە واتایەکی دیکە ئەو حزبە بەهۆی مانەوەی لەدەسەڵات لەم هەموو ساڵە، بەرپرسیاریەتییەکی یەکجار گەورەی لەستۆیە. چێژی دەسەڵات چەندە خۆشە، سەد هێندەش ناخۆش و بەئازارە. هەمیشە ئەو لایەنانەی لە دەسەڵاتن، ڕەخنەیان لێ دەگیرێت، هەندێک لە ڕەخنەکان دروستن و هەندێکیش دەستکرد و هەڵبەستراون.

گوتاری پارتی دیموکراتی کوردستان (ئاوەدانی و خۆڕاگرییە)، بەڵام لەنێو گوتاری ڕاگەیاندن، پارتی نەیتوانیوە وەکو پێویست داکۆکی لەم دوو بنەما و ستراتیژە بکات و چیرۆکی هەقیقی ئەم شتانە بگێڕێتەوە، کە پێویستە ئاماژەیان پێ بکات،  بۆ؟

 پێش قسەکردن لەبارەی گوتاری ئەم حزبە حووکمڕانەی کوردستان ووەڵامدانەوەی (بۆ)یەکە و هەندێک لەو هۆکارانەی بۆچی بەقووڵی و چڕی باسی دەستەکەوتەکانیان ناکەن، ئەم نموونە زیندووە دەهێنمەوە، لەم ماوەیەدا ڕاگەیاندنەکانی ئەمەریکا ڕەخنەیان لە (جۆ بایدن) گرت و گوتیان (بایدن زۆر ژاری باش و گەورەی کردووە، بەڵام نازانێت چۆن بەرگری لە کارە باشەکانی خۆی بکات). من پێم وایە پارتیش تووشی هەمان گرفت بووە، چۆن؟ بەکورتی سەرنجەکانی خۆم لەم خاڵانەی خوارەوە کورت دەکەمەوە:

یەکەم: هەر لایەنێک لەدەسەڵات بێت، هەڵە دەکات، هەڵەش بێگومان بەتایبەتی لەکاتی قەیران و  هەڵبژاردن و ناکۆکییە سیاسییە نا لۆژییەکان سەد قات لەقەبارەی خۆیان گەورەتر و ناشیرنتر نیشان دەدرێن، وەکو چەکێکی ڕووخێنەر بەکاردێت. لەم قۆناغەدا پارتی وەکو دێوەزمەیەکی تۆقێنەری کاولکاری تاکڕەو لەلایەن ناحەز و دوژمنەکانی نیشان دەدرێت. بەواتایەکی دیکە (یەکێتی) کە خۆشی لەدەسەڵاتە بانگەشەی ڕووخان و کۆتایی پێهێنانی دەسەڵاتی پارتی دەکات. ئەمە نیشانەی ئەوەیە گوتاری سیاسی پارتی نەیتوانیوە، قەناعەت و شێواز و فۆرمی کردە و کاردانەوەی سیاسی لایەنەکان بەرەو نەرمی و هاوپەیمانی ببات. ئاشکرایە و ڕوونە بەشێک لەم هێرشانە دژی پارتی لە کردەوە دژی هەنگاوە نیشتمانییەکانیەتی و لەلایەن هێزی دەرەکی پاڵپشتی دەکرێت و دوور نییە هەندێکی لەلایەن ئەو هێزانەوەش بەرنامەڕێژ کرابێت.  

دووەم: پارتی پێی وایە لەڕێگەی ئابووریی و پڕۆژەی ئابووری بەهێز سیاسەت و نێوبانگێکی بە‌هێزیش دروست دەبێت، لەکاتێکدا ئەم پڕۆژە ئابوورییەی لە هەرێم هەیە نەتوانراوە لەپێناو نێوبانگێکی باش و کاریگەر بەکار بهێنرێت، بەپێچەوانەوە بەهۆی لاوازی گوتاری ئابووری و فرەبوونی گەندەڵی و ئیستغلال و تێکەڵبوونی سیاسییەکان لەگەڵ پڕۆژەی بەرهەمهێنان و بەتایبەتی کەرتی خانوووبەرە خەریکە ڕەوشەکە دەبێتە سەرچاوەیەکی خراپ بۆ دروستکردنی نێوبانگێکی خراپی ئابووری.

سێیەم: ڕاگەیاندنی پارتی بەشدارییەکی ڕاستەوخۆی یەکلاکەرەوەی بەرهەمهێن بۆ دروستکردنی ڕای گشتی لەقازانجی پارتی ناکات، بەپێچەوانەوە ڕاگەیاندن بۆتە کارگەیەکی گەورەی بەخێوکردن، بەسەدان کەس لەم ڕاگەیاندنە کار دەکەن، بەڵام هیچ کاتێک لەم دۆخە سەختانەی پارتی ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، ئەم سەدان وتار و بابەتە کاریگەر و سیاسیانە نابینرێن، بەڵکو جۆرێک لە (شەرم و خۆدزینەوە و لاوەکی بوون لە دروستکردنی ڕای گشتی و لەنێو گوتاری سیاسەتی ڕاگەیاندنی پارتی) دەبینرێت، تەنیا قەڵەمە دیارەکانیش کەمتر لەکاتی پێویست بەشداری پێ دەکرێن و قسەیان دەبێت.

چوارەم: هەموو هێز و وزەیەک خراوەتە خزمەتی سۆشیال میدیا، لەکاتێکدا هەم پارەیەکی گەورە، هەمیش سەرچاوەیەکی مرۆیی و هەم بەکارهێنەرێکی بەرفراوانی میدیای بینراو و بیستراو  و خوێنراوی (ڕاگەیاندنی جەماوەریی)  هەیە. ئەمانە وەکو ئەوە وان لە پشووبن، لەهەمان کاتدا ڕاگەیاندن بۆ ئەوەی نیشانی بدات پیشەیین، لە داکۆکی ڕاستەوخۆ و نمایشی کاریگەریی ئەو کارانەی پارتی لە ساڵانی ڕابردوو کردوونی بەشدارییەکی لاواز دەکەن، یان دەڵێن سەرچاوەی زانیاریمان نییە. ئەمەش وا نیشان دەدات، کە ڕاگەیاندن گلەیی بێتە سەر و لەسەنگەری پێشەوەی ئەو شەڕە دەروونییە نەبێت، کە ئامانجی ڕووخاندنی هەرێمی کوردستان و تەسلیم بوونە بە ئیرادەی ڕووخێنەرانەی ئەوانی دیکە.

پێنجەم:  پارتی زۆر کاری گەورەی لە زۆر بواری سیاسی کردووە، بەڵام ناتوانێت باسیان بکات، من پێم وایە ئەم باس نەکردنە بەستراوەتەوە بە چەند هۆکارێک، لەوانە: بۆ ئەوەی نەبێتە سەرچاوە بۆ ورووژاندنی ناحەز و دوژمنانی کوردستان. واتە هەندێک لە شتەکان بەنهێنی دەمێننەوە و وەکو زانیاری بەستراوە بە ئاسایشی نەتەوەیی حیساب دەکرێن. هەندێک کاریشی کردووە، پێی وایە خەڵک دەیبینێت و پێویستی بە ئاماژە و منەت لەسەرکردن نییە. هەندێک زانیاریی ناڕاستەوخۆش ئاماژە پێ دەکات، ڕەنگە پێش بڵاوبوونەوەیان لەنێو ڕاگەیاندن بەشێوازی دیکە گەیشتبێتە خەڵک. هەندێکیش بۆ داهێنان و دەستپێشخەری و لێهاتوویی خودی ڕاگەیاندن و ڕاگەیاندکارانی خودی حزبەکەی دەهێلێتەوە. من وای دەبینم بەشێکی ئەمانەش پتر خەریکی معانات و ژیان و شتە تایبەتییەکانی خۆیانن، نەک بیرکردنەوە لە چۆنیەتی بەگڕخستن و کاراکردنی گوتاری ڕاگەیاندن.

شەشەم: گوتاری ڕاگەیاندنی پارتی کار بۆ ڕازیکردنی سەرەوەی خۆی دەکات، نەک گۆڕینی ڕاو بۆچوونی جەماوەر بەرەو پارتی.

حەوتەم: بەشێکی زۆری پارتییەکان، دەیانەوێت (سەرۆک بارزانی) بەم تەمەنەوە وەڵامی ورد و درشتی هێرشەکان بداتەوە و ڕاگەیاندنیش دواتر قسەکانی ئەو بەئاسانی بکەنە مانشێت. واتە ڕاگەیاندن دەوری گواستنەوەی شتەکان دەبێت، نەک دروستکەری شتەکان.

هەشتەم: ئەوانەی خاوەنی دەسەڵاتن بڕیارەکان جێبەجێ ناکەن و چاوەڕێی فەرمانی سەروون، هەندێکیش پارتی بەکارگە و سەرچاوەی دارایی و دەستکەوت دەزانن، بۆیە لە بەدەستهێنانی پلە و پایە شەونخونی دەکەن و لە وەڵامدانەوە و داکۆکیش خۆیان دەکەنە ماری مردوو، تەنیا هەندێکجار دەکەونە ژێرکاریگەریی بانگەشە و دیماگۆگیەت و شەڕی دەروونی  ڕاگەیاندنە دژەکانیان.

نۆیەم: پارتی کە بە خاوەنی گوتاری نیشتمانی و سەربەخۆیی و میراتگری دۆزی کورد دەزانێت، نەک لەلایەن ڕکابەرە ناوەخۆییەکانی، بەڵکو لەلایەن دوژمنەکانیشەوە بە ڕاگەیاندنێکی سەخت و قورس هێرش باران دەکرێت.

دەیەم: لەهەمووی لای من گرنگتر ئەوەیە ڕاگەیاندن بۆتە پیشە و پیشەسازیی، لەتەک پەیڕەوکردنی پرەنسیپە ئەخلاقی و یاساییەکان، دەبێت بزانێت (چۆن و لەکوێ و بە چ شێواز و زانیارییەکی بەهێز و بەکارهێنانی زمانێکی بەهێز) ڕکابەرەکانی تێک دەشکێنێت، بەداخەوە من ئەوەی لە ڕاگەیاندنی ئێستا دەیبینم، شوێن دیتنەوەیە بۆ کەسەکان، نەک پەیداکردنی خەڵک بۆ ئیش، لەهەندێک بواردا دابڕاون لە پێشکەوتن و  ململانێ و گەشەکردنی میدیایی.     

دەیەم: پێویستە (شێواز و فۆرم و زمان و ئامانجی) کاری ڕاگەیاندنی پارتی بگۆڕێت، هەندێک پێیان وایە ڕاگەیاندن دەبێت بکرێتە سەکۆی سوکایەتی و جوێن و بێ بەهاکردنی شتەکان و دابەزینی بۆ ئاستی بۆگەنبوون، وەکو ئەوەی هەندێک لایەنی دیکە لەکۆنەوە دەیکەن، لە ڕاستیدا وا نییە، ڕاگەیاندن زانستە و  (دەوڵەت بەڕێوە دەبات) و (دەوڵەتی نوێ دروست دەکات).   

 لەکاتێک هەندێک زانیاری نێوەخۆی لە ئیدارە و داهات و هەڵوێستە سیاسییەکان هەن، ئەگەر ڕاستەوخۆ ئاماژەیان پێ بکرێت کاریگەریی زۆر گەورەیان دەبێت، بەڵام لەبەر هەندێک هۆکاری ئەخلاقی و سیاسی و دۆخی هەرێم و خۆ دوورگرتن لە فشاری هەرێمایەتی و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ بەغدا  ئەوە ناکەن. ئەمەش وای کردووە، قسەی ئەوانی دیکە زەقتر و کاراتر بەدیار بکەوێت.  

من وای دەبینم، وەکو چۆن ڕاگەیاندنی ئەمەریکا گوتیان (بایدن) نازانێت و ناتوانێت داکۆکی لەدەستکەوتە گەورەکانی خۆی بکات، پارتیش لەسایەی ئەو سیاسەتەی لە ڕاگەیاندن هەیەتی بەناوی (پاراستنی ئاسایشی نیشتمان، سەنگین بوون، یان نەبوونی زانیاریی و گوتاری بێ ستراتیژی بەرنامەڕێژ و کاردانەوەی کەسی و لەهەمان گاڤیشدا خۆ خەریک کردن بۆ ستایشی کارەکتەرەکان) ناتوانێت داکۆکی لە دەستکەوت و بەرهەمی بەرهەمهێنراوی ٣٤ ساڵ لە ئاوەدانی و خۆڕاگری وەکو پێویست بکات.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×