زمان ئەرکی پەیوەندیکردنە لەنێوان کەسەکان و گروپ و دامەزراوە و هەتا دەوڵەتەکانیش، زمانی سیاسی بریتییە لە شێواز و تەکنیکی گەیاندن و بەدیهێنانی کردەی پەیوەندیی لەنێوان گروپ و پێکهاتە و دەوڵەت جیاوازەکان و لەهەمان کاتدا بریتییە لە فکر و زهن و چۆنیەتی بیرکردنەوە لایەنە سیاسییەکان. ئەگەر سیاسەت زمانی نەبێت، ناچار دەبن لەپێناو گەیاندنی پەیام و مەبەسەتەکان و بەدیهێنانی گوتارەکانیان پەنا وەبەر شێواز و تەکنیکی دیکە ببەن، ئەو کاتە دوور نییە دوورکەوتنە لە عەقڵ و نەرمە ڕەفتار ڕووبدات.
هەر گۆڕانێک لە وڵاتە داگیرکەرەکانی کوردستان ڕووبدات بەرەو زمانی سیاسەت بچن، ئەمە نیشانەی پێشکەوتنی کورد و گۆڕانی ئەو وڵاتانە دێت، کە چی دیکە ناتوانن بە تەکنیک و زمانی سەد ساڵ لەمەو بەر دژی کوردستان هەڵسوکەوت بکەن. ئایا زمانی (پێشوازیی و لەیەکترگەیشتن و هاوبەش و چارەسەرئامێز) یان زمانی هەڕەشە و دوورکەوتنەوە و ڕەتکردنەوە گونجاوە. شەڕ هێزی سەرکوتکاری هەیە، زمان هێزی بیناکردن.
گروپە حزبییەکانی نێو کوردستان پێم وایە سیاسەتێکی بێ زمان پەیڕەو دەکەن، بۆیە دەبینرێت پەنا وەبە تۆمتەبارکردن و هەرەشە و سووکایەتی و جوێن و شتی نەشیاو دەبەن، کە بەگشتی ئەم شێوازە سیاسەتێکی خراپی دەرەوەی زمانە. لەبەر ئەوە زمان وەکو شێواز و مەبەست و ئامانج بەکارناهێنن، دەبینرێت (دەرفەتی لەیەکتر گەیشتن و هاوبەشی لە بەرژەوەندی و هاوسەنگی لە بیرکردنەوە) نامێنێت، بەپێچەوانە (هەڕەشە و سوکایەتی و قوونەشەڕ و پەرەپێدانی ناکۆکی) فرانتر و بەهێزتر دەبێت.
کاتێک سیاسەت بێ زمان دەبێت، واتا دەرفەتی (ئاخاوتن و گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕ و گۆڕینەوەی بیروڕا) لاواز دەبێت، ئەم لاوازبوونەش جۆرێک لە کارەسات و گرژی و ڕق و تۆڵەکردنەوە و یەکتر سڕینەوە بەرهەم دەهێنێت. هەندیک لە بانگەشەکانی هەڵبژارندی ئەم جارە جۆرێکە لە سیاسەتی بێ زمان.
هەر گاڤێک هێزی سیاسی و ململانێی سیاسی زمانی لەدەستدا، یان لەبنەڕەتدا بڕوای بە بەکارهێنانی زمان و بوونی زمانی سیاسی نەبوو، بیر لە ڕێگە و شێوازی دیکە دەکاتەوە کە (قسە و بەکارهێنانی وشەی) تێدا نییە. هەرچەندە بەکارهێنانی هەندێک وشە و جۆرێک زمان خۆی لەخۆیدا نیمچە شەڕێکی ڕانەگەیەنراوە. بۆیە سیاسەتی بێ زمان دوو شتمان بۆ دەردەخات:
یەکەمیان: شێوازی پەیوەنکردن و گەیاندن و شیکردنەوەی پەیامی گوتاری سیاسییە.
دووەم: سیاسەتی بێ زمان بە واتای دور کەوتنە لە لۆژیکی ئاشتەوایانە و بێ بیرکردنەوە و لۆژیکە، یان بریتییە لە کاکلی بیرکردنەوەی لایەن و هێزە سیاسییەکان.
لەهەردوو دۆخدا هەبوونی سیاسەتی بێ زمان، ژینگەیەکی توندوتیژانە و هۆڤانە و هێرشی خراپ و یەکتر سڕینەوە و دوور کەوتنە لە گفتوگۆ بەرهەمدنێت. لەبەر ئەوە سیاسەت پێویستی بە زمانە، زمان بە واتای ئامراز و تەکنیکی لەیەکتر گەیشتن و گەیاندن و بڵاوکردنەوە و پەیوەندیکردن بە شێوازێکی نەرم و دوور لە کاردانەوەی توندو تیژانە و بەکارهێنانی هێز.
لە سەردانی ئەم دوایەدا سەرۆکی ئێران بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان سیاسەتی بە زمانی بەکارهێنا، هەم بە کوردی قسەی کرد و هەمیش نیشانی دا کە دەکرێت سیاسەت بە زمان، نەک بە شێوازی دیکە بکرێت. کورد متمانەی بەهیچ هەنگاوێکی دوژمن نییە، ئەزموونێکی ناخۆش و ئازاربەخش لەنێوان کورد و هەر چوار وڵاتی داگیرکەر هەیە، بۆیە سیاسەتی بە زمان، یان سیاسەتی بێ زمان ناتوانێت هیچ شتێک لە هەقیقەتی مێژووی ڕابردوو بگۆڕێت، بەڵام هەمیشە و بۆ هەمیشە بەکارهێنانی زمان ئازاری جەستەیی کەمترە، بێگومان نایشارمە ڕەنگە ئەوەی لەڕێگەی زمان بەدەستی دەهێنن، بە سەدان ساڵ شەڕ نەتوانن چنگی بخەن. لەم سیاسەتەدا کورد پێویستی بەهێز عەقڵ و زمانە، نەک هێزی ئازایەتی و بیرکردنەوە لە داستانی ئەفسانەیی. وەکو چۆن لە ناوەخۆشیدا پێویستی بە بیرکردنەوە و زمانی هزراندنی هەموو شتێکە لەپێناو سبەینێ، نەک دوێنێ کە تەنیا بیرەوەرییە.