ئەمەریکا هاک بکرێت، هەرێمی کوردستان فشەیە!!

غازی حەسەن
  2024-08-15     297

لە هەڵبژاردنی پێشووی ئەمەریکا کۆمارییەکان ڕاشکاوانە گوتیان ڕوسیا لەڕێگەی دەستوەردانی ئەلەکترۆنی هاوکاری (ترەمپ)یان کردووە، ئەم مەسەلەیە تاکو نووکەژی گفتوگۆ و قسەی لەبارەوە دەکرێت. لە هەڵبژاردنی ٢٠٢٤، کە هەنووکە پرۆسەی بانگەشە و ململانێی ڕکابەرەییەکە بەجدی نرکەی دێت و زانیاری ورووژێنەر، ترسناک، سەمەرە بڵاودەکرێنەوە، کە ئێران و هاکەری ئێرانی دەستناپارێزن و تەنیا غافلکوژییەکەی (ترەمپ)یش وا مەزەندە دەکرێت دەستی ئێرانی تێدا بێت.

با قسە لە گۆترە نەکەین، یان لەگیرفانی خۆمان دەرینەهێنین، من لەبارەی پرسی هەڵبژاردن و ڕۆلی ئێران، کە بریتییە لە "ئاژاوە و چڕکردنەوەی سەرنج لەسەر لایەنێک لەنێو ئەمەریکا" دەئاخڤم. نە (ترەمپ و کۆماریەکان) حەز لە ئێران دەکەن و نە (دیموکراتەکان و بایدن)یش حەز لە ڕوسیا دەکەن. (ئێرانییەکان و گروپە چەکدارە توندڕەوەکانی سەر بە ئێران) حەز لە چارە و دەموچاوی (ترەمپ) و (کۆمارییەکان) ناکەن و ڕوسیاش بەهەمان شێوە دڵی بە دیموکراتەکان خۆش نییە، وەکو چۆن ڕوسیا لە قازانجی (ترەمپ) هەڵسوکەوتی کرد، (ئێران)یش دەیەوێت هەمان شت لە قازانجی دیموکراتەکان بکات. واتا لامان ئاشکرایە ئەگەر دیموکراتەکان ببەنەوە، ئەوە لەئێتساڕا (ترەمپ و کۆمارییەکان) دەبێژن، خەڵکینە نەمانگوت لەلایەن ئێرانەوە گەمە بە ئاکامەکانی دەنگدان کراوە و دەستکاری ئەنجامەکان کراوە. پێشگریمانە نییە، تەنیا گریمانەیە و ڕەوشەکە بەرەو ئەوە دەچێت، کە دەنگدەر و  لایەنە سیاسییەکان گومان لەهەموو شتێک بکەن.

لە ڕاپۆرتێکی (نیوز ویک)ی ئەمەریکی لە ڕۆژی چوارشەممەی ١٤ حوزەیرانی ٢٠٢٤دا هاتووە: (دۆناڵد ترەمپ) سەرۆکی پێشوو و کاندیدی ئێستای کۆمارییەکان بۆ سەرۆکایەتی ئەمەریکا لەم دواییانەدا بانگەشەی ئەوەی کرد، هەڵمەتی هەڵبژاردنەکەی هاککراوە، ئەمەش دوای ئەوەی مایکرۆسۆفت ڕایگەیاند گروپێک هاکەری ئێرانی لە مانگی حوزەیران هەڵیانکوتایە سەر ئەکاونتی بەرپرسێکی پلە باڵای هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا. جگە لەوەش (پۆلیتیکۆ) ڕۆژی شەممە بڵاویکردەوە کە "ئیمەیڵیان لە ئەکاونتێکی بێناوەوە وەرگرتووە و بەڵگەنامەکانی ناو ئۆپەراسیۆنەکەی ترەمپیان تێدایە".

هاکەکان بۆ ئەم یەک و دوو مانگەی پێش دەنگدان ئاماژەیەکی باش نین، هەروەها ئاماژەن بۆ ئەوەی کە کاریگەریی ئۆنلاینەکانی بیانی لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردنەکان دەبێتە هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر دیموکراسیەت لە ئەمەریکا و لەهەمان گاڤدا ئەوەشمان پێ دەڵێت توانای تەکنەلۆژی ئەم وڵاتە لەپاراستنی پرۆسەی دەنگدان و تێکدان لەبەردەم پرسیار و مەترسییە. (ڕایان ئێلیس) مامۆستای یاریدەدەر لە زانکۆی نۆرس ئیستەرن، کە لێکۆڵینەوە لە یاسا و سیاسەتی پەیوەندییەکان و سیاسەتی ژێرخانی ئابووری و ئاسایشی ئەلیکترۆنی دەکات، لە بەیاننامەیەک ڕایگەیاندووە: "ڕەنگە ئەمە کاریگەرییەکی بەرچاوی چاوەڕواننەکراویان لێ بکەوێتەوە. کۆکردنەوەی زانیاری هەواڵگری لەسەر ئەکتەرە بیانییەکان لەسەردەمی کۆنەوە هەر هەبووە و بەردەوامیشە. ئێمە زۆربەی ئەو شتانەمان لەژینگەی ئەم ڕەفتار و کردەوانە بینیوە. هەڵمەتەکانی هاککردن و دزەکردن نوێ نین، بەڵام لەهەڵبژاردنێکی نزیکدا دەتوانن زۆر دەرەنجامیان هەبێت".

(ستیڤن چیونگ) وتەبێژی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی ترەمپ لە لێدوانێکیدا بۆ پۆلیتیکۆ گوتی: "ئەم بەڵگەنامانە بە شێوەیەکی نایاسایی لە سەرچاوە بیانییە دوژمنەکانی ئەمەریکاوە وەرگیراون، بەمەبەستی دەستوەردان لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢٤ و چاندنی ئاژاوەگێڕی".

ئەم زانیاریانەم بۆ ئەوەیە، ئەگەر ئەمەریکای مەزن، ئەو ئەمەریکایەی خۆی خودانی مەزنترین کۆمپانیا و وزەی ئەلەکترۆنی بێت، بەم شێوە ئاسانە و لە هیکڕا لەلایەن (چین و ڕوسیا و ئێران) هاک بکرێت، بێگومان وڵاتەکانی دیکە، ئەوانەی کە خۆیان خاوەنی کۆمپانیای کۆمپیۆتەر و پرۆگرام و ئەنتەرنێت نین، ئەوە لەبەردەم کردەی بەفشە و ئاسان هاککردنن و هیچ توانایەکی بەرگریان لەخۆپارێزی نابێت. هەرێمی کوردستانیش کە دەوڵەت نییە، پێم وایە ئاسانترین شوێنە بۆ دەستوەردان و سەرباری بەئاشکرا دابەشبوون بەسەر بەرەی هەرێمایەتی، لە کاتێکدا ڕەنگە و پێشگریمانەی ئەوەش دەکرێت لایەنێک خۆی دەستپێشخەری بۆ هاککەرانی بیانی بکات، ڕەوشی دەنگدان و ئاکامی هەڵبژاردن بگۆڕن.

ئەم بۆچوونە لەخۆڕا و بۆ تاوانبارکردنی هیچ لایەنێک و گروپێک نییە، بەڵکو هەقیقەتە، بەڵام ئەمجارە لە هەرێمی کوردستان، کە کۆمیسیۆنی بەغدا کراوتە خودان، واتا ئەگەری دەرفەت بۆ یاریکردن بە ئەنجامی هەڵبژاردن زۆر فرەترە و گرەنەتی بۆ هەندێک لایەن تێدایە، لاشمان ڕوونە  هەر دەستکارییەک بە مانای شکاندنەوەیە بەلای گروپەهای نزیک لە ئێران و توندڕەوەکان.

دووەم هیچ گومانی تێدا نییە، کە یەکێتی لە بەرەی ئێران و گروپە ئێرانییەکان و شیعەیە، نابێت بدۆڕێت، نەدۆڕان بەمانای سەرکەوتن نایەت. ئەمەش پەیوەندیی بەوە هەیە نیازی ئەوەیان نییە و ناهێلن هیچ ناوەندێکی بڕیار و هێزێک بە تەنیا لە کوردستان حووکم بکات، ڕەوشەکە بەتەواوی دەگۆڕێت. ئەمەش زەمینەسازیی و ئاسانکارییە بۆ دەستوەردان لەئەنجامی هەڵبژاردنی ئەلەکترۆنی. دەستکاری ئاکامی دەنگدان بەهەژماری دەست، چەندە ئاسان بوو بێت، دەستکاری هەڵبژاردنی ئەلەکترۆنی لەچاو ئەوی دیکە ئاوخواردنەوەیە.

ئۆباڵ لەستۆی (هەڤال ئەبوبەکری) پارێزگاری سلێمانیی، لە ڤیدیۆیەک دەڵێت لە کونسلخانەیەک پێیان گوتین نزیکەی ٢٠٠ هەزار دەنگی تۆ لە هەڵبژاردن دەستکاری کراوە. واتە یەک لەسەر سێی دەنگەکانی فتکراوە  و خراوەتە خزمەت کەس و  لایەنی دیکە.

ئەگەر ئەمەریکا بەم ئاسانییە دزە بکرێتە نێو ئەکاونت و پێگەی ئەلەکترۆنی بەرپرسەکانی و دەزگا فەرمییەکانی، هیچ گومان و لێکدانەوە و خەمی ناوێت، لە هەرێمی کوردستان مەسەلەکە، کورد گوتنەی (فشەیە!!) واتە لە ئاسان ئاسانترە.

نابێت فلانە لایەن بکەوێت، واتە ئاساییە هەموو دەستکارییەکی ئاکامی هەڵبژاردن لەپێناو بەخاوەن قسە هێشتنەوەی ئەو لایەنە دیارکراوە بکرێت، فلانە لایەن نابێت یەکەمی بێ ڕکابەر بێت، واتە دەبێت دان بەوەدا بنێت کە دەستکاری هەڵبژاردن دەکرێت و پێویستە بە ناڕازیبوونەوە قبووڵی بکات.  

پرسیاری ئێمە ئەوەیە، ئەگەر ئەمەریکای مەزن و بەهێز و خودانی گەورەترین توانای ئەلەکترۆنی بەم شێوەیە لەلایەن ئێرانەوە دزە بکرێتە نێو بوارە ئەلەکترۆنییەکانیان، واتا هیچ شوێنێک و پێگەیەک و ئەکاونتێك لەسەرتاسەری دونیا خودانی ئاسایش و پارێزراو نییە و لەبەردەم مەترسی و هەڕەشەی دەستوەردانە.

بەڕای مردن ئەوانەی بەرپرسن لە مردار کردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان پێویستە دادگایی بکرێن، خۆتان دەزانن بۆ؟. ئەمە واتا هەڵوەشانەوەی هەرێم. لەبەر ئەوەشە هیچ بەدوور نازانرێت دەستکاری و دەستوەردانی ئەلەکترۆنی لە ئەنجامی هەڵبژاردن بکرێت.      

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×