سیستەم و پەیوەندیی و بیرکردنەوە و ئینجا تووڕەیی کەسانێک، یان گروپ و خەڵک بەگشتی لە قۆناغی شۆڕش و بەتایبەتیش تێکۆشانی چەکداری زۆر جیاوازترە لەدۆخ و سەردەمی دەسەڵات و ئیدارە و خۆبەڕێوەبردن. هەمان هۆکاری تووڕەبوونەکە و هەمیش شێوازی دەربڕین و کاردانەوە و بیرکردنەوە لە چارەسەریش لەیەک ناچن.
پەیوەندییەکانی نێو شۆڕش، یان ناکۆکی و لێکتووڕەبوون و ڕەتکردنەوەی یەکتر بەتایبەتیش لە قۆناغی تێکۆشان و خەباتی چەکداری لەهەندێک کات و کاردانەوە و ڕکابەری بەرەو توندوتیژی و لەناوبردنی یەکتر و سڕینەوە لەڕێی بەکارهێنانی هێز ملی ڕێ دەگرێت.
ئەزموونی خەبات و شۆڕشی چەکداری لە کوردستان شتی زۆری تێدایە، بەتایبەتیش لە دوای ساڵی ١٩٧٥، لەژێر نێوی نوێبوونەوە و فرە حزبی، فرە دەسەڵات و هێزی چەکداری لێکجیا و دوژمن بەیەکیش دروستکرا. تاکو کار گەیشتە ئەوەی لایەنەکان دەڤەرە جیاوازەکان دابەش و کۆنترۆلی ژێر دەسەڵات و هێز و فەرمانی چەکداری خۆیان بکەن.
بەداخەوە ئەم دابەشکردن و خۆفەرزکردنە تاکو ئێستاش، دوای سی ساڵ لە حووکمڕانی کوردیی لە هەرێمی کوردستان درێژەی هەیە و ئەم جارە ناوێکی سیاسی لێنراوە و پێی یێژن زۆرنی زەرد و سەوز. هەندێک هێزۆکەی بچووکیش دەیانەوێت ویڵایەتی بچووک بچووک بۆ خۆیان دروست بکەن. ماوەیەک بزووتنەوەی ئیسلامی لەناوچەیەک حووکمڕانی بە ناوی شەریعەتی ئیسلام پیادە دەکرد و پەکەکەش هەنووکە لەهەندێک ناوچە وەکو دەسەڵاتێکی یاخیی چیایی چەکدار هەڵسوکەت دەکات. ئەمانە لەڕووی پراگماتیکی یاخیبوونن ، ڕقهەڵگرتن و ڕەتکردنەوەی یەکترە و جۆرێکە لە خۆجیاکردنەوە و ئینشقاق و دابڕاندان و ئاقار بۆ خۆ دروستکردن. لەم قۆناغ و سەردەمانەدا لایەنەکان، خەڵک و گروپەکان دەتوانن یەکتر ڕەتبکەنەوە، بەڵام ناتوانن یەکتر بڕوخێنن و لەناو ببەن.
لە سەردەمی حووکمڕانیدا مەسەلەکە پێچەوانەیە، هێز لەکۆتایدا کە هێزێكی یەکلاکەرەوەیە دەکەوێتە دەستی خەڵک و میللەت. ئەویش بە دوو ڕێگا ئەم هێزەی خۆی بەکاردەهێنێت (دەنگدان، یان تووڕەیی و ڕاپەڕین و لادانی دەسەڵات). بە واتایەکی دیکە کاکل و نێوەڕۆکی بیرکردنەوە و شێوازی کاردانەوە و ڕکابەری و سزا لە سەردەمی حووکمڕانی جیایە لە سەردەمی شۆڕش و تێکۆشانی چەکداری.
دەسەڵات چەندە هێز و خۆشی و لەزەت و بەرژەوەندی تایبەت و کەسی دروست دەکات، هێندەش غەدارە هەر خۆی دەبێتە سەرەخۆرەی لەزەت و خۆشییەکان، وەفای بۆ هیچ کەس و لایەنێکی سیاسی نییە. ئەزموونی تووڕەیی خەڵک و شێوازی کارکردن و بیرکردنەوەی دەسەڵات و سیستەمی کراوە و داخراویش لە حووکمڕانی زۆرن.
دیموکراسی، پاشایەتی، حووکمی تاکڕەوەیی و خۆسەپێن و کراوە و هاوبەش و هاوسەنگ و حووکمی گەلسازکراو، بەشێکن لەو شێواز و ڕێبازە سیاسیانەی لەسەردەمی حووکمڕانی بەکاردەهێنرن. هەندێک وڵات بەرەو دیکتاتۆری دەچن، لەتەک کۆنترۆلی هەموو جوومگە گرنگەکانی سیاسی و ئیداری و ئابووری و کۆمەڵایەتی و ڕاگەیاندن و هەتا ئەخلاقییەکانیش، پەنا وەبەر بەکارهێنانی هێز بۆ سەرکوت و لەناوبردن و سڕینەوەی بەرانبەرەکەیان دەبەن. نموونەی سیستەمی دیکتاتۆری عێراق و ئێران و تورکیا و سوریا دژی کورد.
سیستەمی پاشایەتی وەکو ئوردن و سعوودیە و کەنداوی عەرەبی بەشێوەیەک درێژە بەمانەوەی خۆیان دەدەن، کە هاوسەنگییەکی زۆریان لەنێوان کۆنترۆڵ و کرانەوە تێدایە، ئەم حووکمی پاشایەتییە هەنووکە لە ئەوروپا شێوەیەکی سەردەمیانەی بەخۆوە گرتووە. هاووڵاتییەکانی خۆیان بەختەوەر دەکەن و خۆشیان بۆ هەتا هەتایە حووکمڕانی وڵات دەبن.
لەبیری نەکەین، پێناسەی حووکمڕانی لە هەرێمی کوردستان بەهۆی نەبوونی دەستوورێک، هێشتا لەژێر پرسیار و ململانێ و کاریگەریی ئێرە و ئەوێ دایە. هەندێک بەپاساوی نەبوونی دەستوور، دەیانەوێت سیستەمی بەغدا پەیڕەو بکرێتەوە، ئەمەش لەکردەوەدا خۆبەستنەوە و بەپاشکۆبوونەوەی سیاسی و یاسایی لێ دەکەوێتەوە.
لەنێوەخۆشدا بەهۆی دابەشبوونی دەسەڵات و چۆنیەتی بەڕێوەبردنی زۆنەکان، نەک نیگەرانی، بەڵکو تووڕەیشی لای خەڵک پێکهێناوە، کە (هەرێمی کوردستان) بە ئەزموونێکی فاشیل و بێ بەرهەم دابنرێت و دەسەڵاتی کوردیش بە خراپترین دەسەڵات لە بواری (ئابووری و مووچە و پاشەکشە لەبواری ئازادی و دابەشکردنی دەسەڵایت بەپێی بەرژەوەندییە حزبیەکان) دابنرێت. بێگومان بەشێک لەم بۆچووانە هەواڵ و توورەیی دەستکردن، بۆیە ئاکامەکەی پووکانەوەیە، وەکو چۆن ئۆپۆزسیۆن پووکاوەتەوە.
گرنگ هەر تووڕەییەکی خەڵک، وەکو تووڕەیی سەردەمی شاخ نابێت. لە شاخ ئەوانەی تووڕە دەبوون، یەکجار تووڕە دەبوون لەکۆتایی، کە باریکە ڕێگاشیان بۆ چارەی ناکۆکییەکان لەبەردەم نەدەما ئینشقایان دەکرد و جیا دەبوونەە و گروپێکی نوێی دیکەیان دروست دەکرد، ئەگەر زۆر کارەکە زۆر زۆر تووندبایە، لەهەندێک شوێن یان شەڕی یەکتریان دەکرد، یان بەرەو دوژمن ملیان شۆڕ دەکردە و بەرەو ئەوێی نادیار بایان دەدایەوە.
لە شار و لەسەردەمی دەسەڵاتی سیاسی و ئیداریی مەسەلە بەم ئاسانییە نییە، کە خەڵک تووڕە بوو، بیر لە فتکردن و گۆڕین و سزادان و لادانی دەسەڵات دەکاتەوە. ئەمەش لە هەرێمی کوردستاندا گریمانە و پێشگریمانە و ئەگەر زۆری لەنێو گوتاری سیاسی لەم قۆناغە دروستکردووە، لەوانە:
یەکەم: هەندێک گەڕانەوە و خۆڕادەستکردنەوە و بوونەوە بەشێک لەعەقڵ و سیستەمی بەغدا بە چارەسەر دەزانن و دەرکەوت ئەمەش خراپترین بیرۆکە و شێوازی هزراندنە و هیچ بەرهەمێکی نابێت.
دووەم: هەندێک دروستکردنەوەی دوو هەرێم و حووکمڕانی لە هەرێم بە چارەسەر دەزانن، ئەمەش ئەزمووناندێکی دووبارەی فاشیلە.
سێیەم: هەیانە لەبەر ئەزموونی خراپی سەردەمی براکوژی، ئامادە نین، نەک تووڕە بن، بەڵکو نایەوێت ئەزموونی ئیرهاب و ترس و ڕاو ڕووت دووبارە بێتەوە، بۆیە شوکرن بەوەی هەیە، نموونەی شاری هەولێر لە شەڕی خۆبەخۆدا زیانی زۆری کردووە، بۆیە نایەوێت کارەساتی دیکە ببینێت، بۆیە هەرچەندە گلەیی و ڕەخنەشی هەبێت، ئامادە نییە گۆڕانێکی خراپ بۆ دواوە ڕووبدات.
چوارەم: هێزێکی عەقلانی لاواز، ڕەخنەگری واقیعی و سیاسی نەرم و دووربین هەیە، پێی وایە مانەوە و بەهێزبوونی هەرێم ئەرکی لەپێشینەیە، بەڵام لەم شێوازی بەڕێوەردن و حووکـڕانییەی هەیە، ڕازی نین و ڕەخنەیان هەیە.
پێنجەم: کەسانێک و ڕەنگە گرووپیش بن، لەبەر ئەوەی هیچیان دەست نەکەوتووە، ناڕازین، ناڕازیبوونەکەیان بۆ ئەوەیە ئەوانیش بەشێک لە گەندەڵیان بەربکەوێت، ئەمە لەکردەوەدا ڕێژەی هەڵپەرستی و خراپ بیرکردنەوە و داڕمانی فکری و قەناعەت و ئیمان و کەسایەتی تاکی کوردی بێهێزتر دەکات.
شەشەم: گروپی میداکار و تؤڕە کۆمەڵایەتییەکان، ئەوانە وەکو لەشکرێکی فراوان و کاریگەریی بەکارهێنراوی ئاراستەکراو، لەجیاتی پەرەپێدانی تونا و ئازادی عەقڵانیەت، گەیاندنی زانیاری و هەواڵی دروست، پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان و بیرکردنەوەی دروست و زانستی، بنکۆڵی هەموو توانایەکی فکری و دروست و ڕاستگۆیی دەکەن، ئەرکیان بنکۆڵكردنە.
لەبەر ئەوە، ئاژاوەیەک هەیە، ئەم ئاژاوەیە پێویستی بە چارەسەرە، دەنگۆ و هاتوهاوارێکی توند هەیە، پێویستی بە ئارام بوونەوە هەیە. تووڕەیی خەڵک لەسەردەمی حووکمڕانی ئاکامەی گۆڕین و لەنێوبردنی تێدایە، بۆیە باشترە بایەخ بە دەنگە ڕەسەنەکان بدرێت، گوێ لەڕەخنەی واقیعی و دروست بگیرێت، تووڕەیی خەڵک بە فشە وەرنەگیرێت، گەندەڵی بە گەندەڵی چارەسەر نەکرێت، هاوسەنگی لەنێوان نەوەی نوێ و نەوەی خودان ئەزموون دروست بکەن.
دادپەروەرییەکی کەم باشترە، لە هێز و خۆسەپاندنێکی فراوان، بوونی ڕەخنە و گفتوگۆیەکی توند باشترە، لە ئارامییەکی خنکێنەری کپکراوی فتکردنی یەکتر. یاسا و پەروەردەیەکی نیشتمانی دیاریکراوی لەسەرەخۆ، باشترە لەگەشەکردنێکی خێرای دوور لە ئەخلاق و زانست و ئینتما. لەهەر وڵاتێک زانست و خوێندنی باڵا کرایە گەمەی منداڵان و بڕوانامە وەکو لەنگەی لێهات، دەبێت بزانین ئەم وڵاتە چەندە بەهێز و گەشەکردوو و خاوەن سوپای بەهێز و ئاسایشی پۆڵاینیش بێت، ئەم وڵاتە بەرەو تەپین و بۆگەنی و داڕزان و پەتای دواکەوتن دەجێت.