ئەوانەی لەپێش ڕاپەڕین بەهەر شێوە و شێوازێک بەشداری کوردایەتی و شۆڕشی چەکداری و سیاسی نێو بزاڤی ڕزگاریخوازی کوردستانیان کردووە، دەزانن هەموو کەسێک بێ بەرانبەر تەڤای کات و ژیان و توانا و کەرەستە و هەتا کەسوکار و ماڵوموڵکی تایبەتی خۆشیان لەپێناو ئازادی و ڕزگاری کوردستان تەرخان کردبوو. واتە بەکردەوە لەپێناو کوردستان خودانی هیچ تشتەکی تایبەت نەبوون، تەنیا پێیان وابوو بەخشینی گیانی خۆشیان ئەرکێکی ئەخلاقیی و فەلسەفی و فکرییە. دکارم بێژم وەکو ئەفسانە رێزیان لە قوربانی و بەخوەدان و خەبیتین دەگرت.
لەدوای ڕاپەڕین و بەتایبەتیش لەم چەند ساڵەی دوایدا چەمکی کوردایەتی گۆڕانی بەسەردا هاتووە. ئەندام پەرلەمان حەز دەکات ببێتە وەفد، تاکو پارەی پتر بخرێتە سەر مووچەکەی. وەزیر و بەڕێوەبەری گشتی و مووچەخۆری ئاسایی شەڕ لەپێناو بوونە ئەندامی وەفد و خولی ڕاهێنان و گەشتی فەرمی دەکەن، نەک لەپێناو فێربوون و گەشەکردن، بەڵکو لەپێناو بەدەستهێنانی مافی (ئۆڤەر تایم) واتە کاتی زیادە مانەوە لە کارکردن. ئەمە دیاردەیەکە نیمچە داڕمانی کەسی و هەتا ئابووریشی لەخۆ گرتووە، چونکە ئامانج و مەبەست بەدەستهێنانی پارەی زێدەیە، نەک مەعریفە و پێگەیشتنی زیادە. تەنێ دکارم ئەڤەژی پشت ڕاست بکەمەوە، کە هەندەک لەو کەسانە ئۆڤەر تایمەکەیان بۆ دژایەتی و هەڵوەشانەوەی ڕۆحی کوردایەتیش بەکار دەهێنن.
پێش ڕاپەڕین کوردایەتی باجی زۆری بەدواوە بوو، هەر تەنیا پێشکەشکردنی کەرەستە و پارە بە شۆڕش نەبوو، بەڵکو مرۆڤ جەستە و گیانی خۆشی دەکردە قوربانی، کەچی هەنووکە مەسەلەکە گۆڕاوە. کوردایەتی بێ باج و ترس و سەرکێشییە و لەشەقامێکی پان و بەریندا دەکرێت، ئەوانەی هەنووکە منەت بە کوردایەتی دەکەن، خۆ لەسەر میللەت و خودی حزبەکانیشیانەوە گران دەکەن، زێدەڕۆیی لە (مەبەست و خواستی کەسی و هەتا حزبیش) نمایش دەکەن، گوایە (لە شاشەی تی ڤی داکۆکی لە سیاسەتی حزبەکانیان دەکەن)، لە (کۆڕ و کۆبوونەوەکاندا بە کراسی سپی و ڕیباتی پانەوە، کاتی زێڕینی خۆیان بە قسەی زل و بێ ترس بۆ داکۆکی لە ئامانجی حزبەکانیان تەرخان دەکەن)، (سەروتار و بن وتارێک بۆ وەڵامدانەوەی ئەوانی دیکە دەنووسن). پێیان وایە (دەتوانن و بێ ترسیش دەتوانن لە دائیرەکان، کاری لایەنە ڕکابەرەکانی خۆیان پەک بخەن، چۆنیان بوێت، ئاوەها هاووڵاتی سڤیل هەڵبسوڕێنن)، لەپێناو ئامانجی سیاسی (کۆمپانیای بازرگانی و ناوەندی کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیریی و ڕاگەیاندن دروست دەکەن)، (سەرکردەی سوپای نێو ئەنتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانن و بەهەر زمانێک بێت دەئاخڤن)، (نوێنەرایەتی حزبەکانیان بە قسە و ڕەفتارێکی نەشیاو دەکەن، بێ ئەوەی شەرم بکەن). هەیان لەم سەردەمەدا لەپێناو دەستکەوتی تایبەتی دەیەوێت (ببێەت سەرکردایەتی و بن کردایەتی!!). کە سەشیان لەگەڵ دەکەرێت دەبێژن ڕاشکاوانە دەبێژن کاتمان نییە و دەوام تەواو بووە، ئەرێ کوردایەتی کەی (دەوام و مەوام و کاتی بۆ تەرخانکراوە)، بۆیە ڕۆژێکی دیکە و کاتێکی دیکە وەرنە کوردایەتی.
لەهەمان گاڤدا بە شانازیی و پێداگریی و بێ ئەوەی شەرم بکەن، پێیان وایە کوردایەتی بەستراوەتە بە (ئۆڤەر تایم) لە بەکارهێنانی کاتی خۆیان و لەڕاپەراندنی هەر ئەرکێک و کارێکی زیادە و لەدەرەوەی کاتی تەرخانکراوی ئاسایی و تایبەتیان دەبێت (زێدە هەق و کرێ و پارەی زیاد بەرانبەر تەرخانکردنی کاتی زیادەی خۆیان) وەربگرن، ئەگەر نا ئامادە نین کارەکە بکەن. واتە کوردایەتی بە ئۆڤەر تایمەوە ئەنجام دەدەن، ئەگەر نا، ئامادە نین، کاتی زێڕینی خۆیان، نەک گیان و جەستە و ماڵوموڵکی تایبەتی خۆیان بۆ حزبایەتی و سیاسەت و کوردایەتی و گەشەپێدانی وڵات تەرخان بکەن.
فەلسەفەی ژیان و تێکۆشانی سیاسی و حزبی گۆڕانێکی قووڵی بەسەردا هاتووە، ئایا بەڕاستی حزبایەتی و کوردایەتی دەبێت بە پارەی زیاد و هەقی زیاد و (ئۆڤەر تایم) حیساب بکرێت، یان من لە دونیایەکی دیکە کلاسیکی و شەپڕەلێدراو دەژیم.
هەندێک جار هێندە گوێم لە منگە منگ دەبێت، زەن دەکەم من هەڵە بم و لە سەردەمەکە دابڕابم و لە ئاقارێکی دابڕاو لە ئاقاری کەسانی سەردەمی تەکنەلۆژیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و سیاسییە کراس سپییەکان بژیم، بەڵام کە کتێبێکی فەلسەفی، تێڕوانینێکی قووڵی فکری و لێکدانەوەیەکی ژیرانەی پەیوەندییە باوەکانی سەردەمەکە دەخوێنمەوە، تێ دەگەم سەردەمەکان کەس و ئەخلاق و ڕەفتار و توانا و تێڕوانین و هەتا فەلسەفەی جیاوازیش بەرهەم دەهێنن، ئێمە باجمان بۆ کوردایەتی دا و شانازیشی بەو باجە دەکەین، ئەوانی ئەم سەردەمەش (باج لەپێناو کوردایەتی وەردەگرن). بە واتایەکی دیکە ئامادە نین نیو سەعات کاتی زیادەی خۆیان بۆ کوردایەتی تەرخان بکەن، ئەگەر پارە و مافی زێدە کارکردنی خۆیان وەکو دەستکەوتێکی (شەرعی!!!) وەرنەگرن. بۆیە دەبێژم قوربان کوردایەتی بە (ئۆڤەر تایمەوە) زێدە زێدە کرمێ بوونی (فکر و تێڕوانینی سیاسی) بەرهەمهێناوە، چەند هەست دەکەم کە ئۆڤەر تایم لە کوردایەتی وەکو ڤایرۆسێکی کوشندە بەرەو پووکانەوە و تەپین و پووچ بوون دەمانبات.