لەم ڕۆژانەدا بیروەرییەکانی (مەلەکە مستەفا سولتانی)م بەناوی (سێبەری قەلەبەرد لەسەر ئەڵمانە و تاڵەسور)دا خوێندەوە کە بریتییە لە (٥٢٣) لاپەڕە. ترسم هەبوو نەتوانم ئەم هەموو لاپەڕە لەنووسینی بیرەوەریی کەسێک بخوێنمەوە کە نایناسم و لەنزیکەوە ئاشنایەتیم لەگەڵی نییە، ژینگە و زەمینە و حزب و تێکۆشانی ئەو وەکو حزبێکی کۆمۆنیستی و شۆڕشگێڕی، پڕە لەئەزموون و شێواز و تەکنیکی نوێی تێکۆشان و یەکێکە لەو لایەنە سیاسییە فکریانەی زەمینەی بەشداری ئافرەتی پتەو و فراوان کردووە. کۆمەڵە زەمینەسازی کردووە ئافرەت و کچان و دایکان بچنە نێو خەباتی سیاسی و پێشمەرگایەتی و تێکۆشانی شاخ و بەرەنگاریی. بیرەوەرییەکە بەزمانێک نووسراوە هیچ شتێکم بە نامۆ نەبینی، هێندە ڕەوان و شیرینە، هەر زەینەت دەکەی بیخوێنییەوە، ڕات دەکێشێت، هانت دەدات زۆرتر و زۆرت رلەبارەی ڕووداوەکانی نێو بیروەرییەکان بزانی.
بیروەرییەکانی (مەلەکە) هێندە بەزمانێکی پاراو، سەرنجکێش و لەدڵان شیرین نوسراوە، بەدەستە خۆت نییە (مەلەکە) وەکو کوردێکی تێکۆشەر ڕێز بگریت. نەمتوانی پچڕ پچڕ بیخوێنمەوە، بە دوو ڕۆژان تەقەم لێهەڵساند. لەنێو بیرەوەرییەکەیدا مێژووی دەرکەوتن و گەشەکردنی کۆمەڵە لە کوردستانی ڕۆژهەڵات و ڕۆڵی خانەوەدەکەیان و لەسێدارەدرانی برایەکانی لەکاتێکی یەکجار کورت و تراژیدیای ژیان و بەردەوامی خۆی لە خەباتی چەکداری و لەسەنگەری پێشمەرگایەتی لەهەردوو دیوی کوردستان و ژیانی سەختی سوێد و کارەساتی تاقە کچەکەی، هێندە کاریگەرن ڕاتدەکێشن و دەتخەنە نێو دونیایەکی جیاواز، من وەکو ئەزموون لێی فێربووم.
ئەوەی لای من گرنگە، ئەو بەوردی قسە لەسەر هەڵویستی کۆمەڵە وەکو حزبێکی کۆمنیستی پێشکەوتنخواز و تێڕوانینی جیاواز بەرانبەر ئافرەت و کچان دەکات، من تاکو ئەم بیرەورییەم نەخوێندەوە، نەمدەزانی پیاو لەهەر چەرخ و لەنێو هەر بیروباوەڕێک بن ئافرەت بە پاشکۆ و زەعیفە دەبینین. ئەو لەزۆر شوێندا ڕاشکاوانە ڕەخنەی لە مێژووی تێکۆشانی سیاسی کۆمەڵە بەرانبەر ژنان گرتووە. وەکو گوتم کتێبەکە پڕە لە گێڕانەوەی مەینەت و ئازار و ڕاشکاوانەش ئاماژە بە بچووکردنەوەی ئافرەت و سوکایەتی پێیان دەکات، تەنیا چەند شتێک ئاماژە پێ دەکەم، کە دەڵێت:
"کۆمەڵە لە بەراورد بە پێشویدا، لە ئاست مەسەلەی ژنان کەمی هێنا و دەور و نەقشی پێشیووی نەگێڕا و باسی ژن کەوتە پەراوێزەوە، هەر ئەوە هۆکار بوو کە بیرکردنەوە و بڕیارەکان پیاوانە بوون" ل ١٨٤
یان دەبێژێت: "هاوڕێیانی ناوچەی مەریوان بیستبوویان کە لەنێوان دکتۆر جەعفەر شەفیعی و مندا پێوەندی خۆشەویستی هەیە. نە هەر بیانوویەک شۆخی بێ جێگە و ڕەفتاری ناشیرنیان دەکرد." ل ١٩٢
لە گێڕانەوەی گفتوگۆیەک لەگەڵ عەبدوڵلای موهتەدی لە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ کۆمیتەی ڕابەرایەتی و کۆمیتەی ژنان بۆ چەند ڕۆژێک بەڕێوە دەچێت لەباری ئەم بەرپرسە پیاوەی کۆمەڵە دەڵێت: "سەبارەت بە بایەخ نەدان و کەمتەرخەمی لە ئاست مەسەلەی ژنان، ڕەخنەی لە خۆیان گرت و گوتی ئەگەر من لە ئاوها هەلومەرجێکدا بوایەم ئەو تەشکیلاتەم بە جێ دەهێشت!" ل ٢٠٤
تا دەگاتە ئەوەی دەڵێت: "ئەو زەمان تەقریبەن لەناو هەموو ڕێکخراوەکان و فەعالینی سیاسی ئێران و کوردستان، مەسەلەی خۆشەویستی، ئیزدواج و پێکهێنانی خانەوادە، وەکو دیاردەیەکی ناپەسند چاوی لێدەکرا ل٢١٤ لە شوێنێکی دیکەدا دەڵێت: "زۆر جار ئەو کوڕ و کچانەی وا خۆشەویستی لە بەینیاندا بوو یان بە تەمای پێکهێنانی ژیانی هاوبەش بوون، وەک لاوازیی بیروبۆچوونیان چاو لێدەکران و تەنانەت هێندێک کەس ڕەفتاریان لەگەڵ ئەوان ناشیرین بوو". ل ٢١٥
لەبەسەرهاتی خۆیدا دەگێڕێتەوە: "جارێک لە سنە، ئیرەج فەرزاد، بانگی کردمە ماڵێ خۆیان و لەبەر چاوی کەس و کارییەوە بە توندی لەگەڵم دووا و گوتی: "ئێژن کوڕی ئیمام جومعەی بۆکانت خۆش ئەوێ!". ئیرەج کە بە باشی دەیزانی دکتۆر جەعفەر کێیە، بە ئانقەست بەنێوی "کوڕی ئیمام جومعە" ناوی هێنا، دیارە بەو ڕەفتارە ناپەسندە لەناو جەمعێکدا، زۆری ناڕەحەتی کردم". ل ٢١٦
لەم بیرەوەرییەدا سەرباری خەباتی شۆڕشگێڕی و هەلومەرجی تێکۆشانی چەکداریی و ئیعدامی تێکۆشەرانی کورد و ناکۆکی نێوەخۆی کۆمەڵە و دروستکردنی حزبی کۆمۆنیستی ئێرانی و بچووکردنەوەی کۆمەڵە و تاوانبارکردنی بەڕاستڕەو و ناسیۆنالیزم ، چیرۆکی دایک وەکو پێشمەرگە دەگێڕێتەوە و ئاماژە بە ئازارەکانی ژنان لەتێکۆشان لەتەک پیاوان دەکات، ئاماژە بە ئازاری دابڕانی پێشمەرگەی ژن لەمنداڵی ساوا دەکات، کە بانگەشەی یەکسانی دەکەن، کەچی ژنان بە کەم دەبینن وڕێز لە ئەرک و مافی دایکایەتی نانێن. بە واتایەکی دیکە پێمان یێژێت ئەوانە لەنەریتی کۆن دەربازیان نەبووە.
لەهەمان کاتدا دەزانم دۆخ و بیرکردنەوە و کەلتووری پێگەیشتن و ژینگەی کۆمەڵایەتی کۆمەڵە و پەکەکە و هەردوو بەشی کوردستان و پەیوەندیان لە گەڵ دوو کەلتووری زاڵی فارسی و تورکی و تەنیا هەڵوێستی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی کوردی لەم دوو بەشەی کوردستاندا لەبارەی ئافرەت جیاوازە، بەڵام پێش ماوەیەک کتێبی (ژن لەناو پەکەکەدا) لەنووسینی (نەژدەت یۆلدان)م خوێندەوە، هەستم بە داڕمان و سوکایەتی کرد و بەپێی بەسەرهات و قسەی ئەو ئافرەتانەی لەنێو پەکەکەدا بوون و بەسەرهات ئازارە پڕ سوێیەکانی خۆیان و تێڕوانینی بەرپرسە پیاوەکانی نێو پەکەکە دەگێڕنەوە، مرۆڤ هەست بە ئازار و شەرمەزاری دەکات و دەردەکەوێت ئافرەت لەنێو پەکەکەدا کۆیلەترین کەسە و مێژووی ئافرەت لەم نێو ئەم ڕێکخراوە چەپخوازەدا، مێژووی ئازار و مەینەتی و زۆرداریی و سەرکوت و بە ئامێرکردنە. پەکەکە دامەزراوەیەکە (خۆشەویستی و ژنخوازی) بە تێکدان و خیانەت دەزانێت و سزای توند تاکو کوشتنیشی لەدژی ئەو ئافرە گەریلایانە جێبەجێ کردووە، کە گومانی پەیوەندیان لەگەڵ پیاوێک لێکراوە.
ئەم دوو کتێبە کە باسی دوو مێژووی جیاوازی دوو بەشی کوردستان دەکەن بۆ من جێگەی لێکدانەوەیە، بۆچی ئەم دوو حزبە چەپڕەوە مارکسییە، کە زەمینەسازی بۆ هاندان و بەشداری ئافرەت لە شۆڕشی چەکداری و تێکۆشانی سیاسی دەکەن، کەچی هەر یەکەیان بەدوو شێوازی جیاواز، ناتوانن هاوبەشی و یەکسانی لەنێوان ئافرەت و پیاو لەنێو ڕیزەکانی خۆیاندا دابین بکەن، بۆچی ئافرەت بەکاردەهێنن و ئافرەت بە پلەیەکی نزمتر لەپیاو سەیر دەکەن. چۆن ئافرەت دەبێتە کەرەستە.
هەڵسوکەتی نێو ئەم دوو حزبە لەگەڵ ژن جیاوازە، بەپێی کتێبەکەی (نەژدەت یۆلدان) دۆزەخێکی هەقیقی لەنێو پەکەکە هەبووە بۆ سزادان و کوشتن و بێ سەروشوون کردن و لەناوبردن و بەتاوان سەیرکردنی خۆشەویستی و سێکس و دروستکردنی خێزان لەلایەن ئەندامەکانی، لەهەمان کاتدا ئافرەت لەنێو پەکەکەدا بەڕێژەیەکی زۆر و وەکو ئەزموونێکی نوێ بەشداری لە خەبات سیاسی و چەکداری دەکەن.
لەنێو کۆمەڵەدا دۆخەکە وەکو پەکەکە نییە، کار نەگەیشتۆتە کوشتن و سزادان، بەڵام بە نزم سەیرکردن و سوکایەتی و گالتەپێکردن و شۆخی و رەچاونەکردنی مافی دایکایەتی و منداڵ بەخیوکردن و پەیوەندییەکانی ئافرەت لەگەڵ پیاو و خۆشەویستی لەئاستێکی یەکجار خراپ بووە و بەپێی قسەکانی (مەلەکە موستەفا سولتانی) خۆشەویستی بە نزمی سەیرکراوە و لەبارەی بەشداری ئافرەت لە کاری ڕێکخراوەیدا دەبێژێت " لەکۆنگرەی دووەم و سێهەم دوو ژن بێ هەڵبژاردن دەست نیشان کران بۆ بەشداری لە کۆنگرە لە کۆنگرەی کۆمەڵە هەتا دوای جیابوونەوەکان، ژن بەشدرییان نەبوو... زۆرێک لەو ژنانەی لە هەموو بابەتێکڕا لە هێندێک لە پیاوانی بەشدار بوو بەتواناتر بوون، بەڵام چونکە بیری پیاوسالاری زاڵ بوو هیچ ژنێک دەنگی نەدەهێناوە" ل ٣١٢.
پرسیار ئێمە وەکو خوێنەر ئەوەیە، بۆچی ئەم بزاڤە چەپانە بەم شێوەیە مامەلەیان لەگەڵ ئافرەت لەبارەی (خۆشەویستی و سێکس و پێکهێنانی ژیانی هاوبەش و مافی دایکایەتی) و بەشداری و ڕۆڵی ئافرەت لەنێو بزاڤی سیاسی و چەکداری کردووە، بەتایبەتیش پەکەکە بۆچی سیاسەتی لەناوبردن و سڕینەوە و کوشتن و سزادانی ئافرەتی بەم شێوەیە پەیڕەو کردووە؟. ئایا کۆمەڵگەی یەکسان و تێکۆشان و مافی هاوبەش و یەکسان لەنێوان نێر و مێ بەم جۆرە بەدی دێت، ئایا بەڕاستی ئەوان وەکو حزبێکی باوکسالار ئافرەتیان ناسیوە، یان ئافرەتیان وەکو کەرەستەیەکی دیکەی سیاسی بۆ جۆشاندنی شۆڕش بەکارهێناوە.