لەهەڵبژاردنەکانی ئەمجارەی پارێزگاکان چەند گۆڕانکارییەکی چاوەڕوانکراو، لەهەمان کاتدا دابەشبوونەوەیەکی چاوەڕوانەکراو ڕوویدا. هاووڵاتی کورد بەشێوەیەکی گشتی بەشدارییەکی گرنگ و بەرچاوی لە پرۆسەی دەنگدانەکان کرد، دەنگیان بەکێ و کامە لایەن دا گرنگ نییە، بەقەد ئەوەی دەنگیان بە ناسنامەی خۆیان دا. بەڕای من هاووڵاتیان دەنگیان بە خاک و کوردستان دا، دەنگیان بە یەکلایکردنەوەی چارەنووسی ناوچە دابڕێنراوەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دا، کە حزبە سیاسییەکانی کوردستان دەیانویست لەڕێگەی سیاسەت و ململانێ و ڕکابەری سیاسی بیکەنە قوربانی. بە وڵاتە هەرێمایەتیی و ڕەگەزپەرەستە مەزهەبییەکان و شۆڤینییەکانیان گوت ئێرە کوردستانە، بە لایەنە کوردییەکانیشیان گووت، ئێرە مولکی حزب نییە و حزبایەتی دەرمانی دەردە مێژووییەکانمان ناکات.
باشترین ڕێگا بۆ ئەوەی بەهەموو لایەک بێژین کەرکووک و ناوچەکانی دیکە بەشێکن لە خاکی کوردستان پێویستە بە دەنگدان و ڕاپرسی و ڕیفراندۆم ئەوە بکرێت، نەک بە جەنگ و توندوتیژی، ئەمەی ئەمڕۆ کرا ڕێک جۆرێکە لە نمایش و ڕاپرسی نافەرمی لەپێناو ساخکردنەوەی ناسنامە و دیاریکردنی پێکهاتەکانی کەرکووک و مووسڵ و ناوچە کوردییەکانی دیکە.
پارتی دیموکراتی کوردستان لە مووسڵ بە ١٢٧٩٣٨ دەنگ لە پلەی یەکەمی حزبە کوردییەکانە و حەوت کورسی بەدەستهێناوە و دوور نییە زیادیش بکات، یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیش لە کەرکووک بە ١٣٩٣٧٣ دەنگ و پێنج کورسی بەدەستهێناوە. ئەوەی جێگەی سەرنجە لایەنە ئیسلامییەکان و گرووپەکانی دیکە پێ ناچێت ببنە خاوەنی کورسی. لەکاتێکدا ئێمە دەزانین ئەگەر کورد یەک لیست بووایە ڕەنگە دەنگەکانی ئەو لایەنانە نەدەفەوتا، کە ئێستا دوور نییە دەنگەکانیان بەفیڕۆ بچێت. لەهەمان کاتیشدا دەبێت ڕەچاوی ئەوە بکەین، ئەگەر کورد یەک لیست بووایە مەرج نەبوو هاووڵاتی کورد بەم جۆرە و بەم ڕێژەیە بەشداری دەنگدان و هەڵبژاردن بووایە. من پێم وایە جددیەتی ململانێی نێوان پارتی و یەکێتی یەکێکە لە هاندەرەکانی هاووڵاتی بۆ ئەوەی بەجددی بیر لەبەشداری دەنگدان بکەنەوە، من دەزانم گوتاری ئەم ململانێیە نەرێنی و سلبیی بوو، بەڵام کاریگەریشی لای دەنگدەر دروستکرد.
هەردوو حزبی سیاسی، کە خۆیان هێز و جەماوەر و سوپا و پارە و ستراتیژ و گوتاری سیاسی دەزانن، پێویستیان بەپێداچوونەوە و لێکدانەوە و شێوازی نوێی کارکردن لەم ناوچانە دەبێت. مەرج نییە سەرکەوتووەکان پێویستییان بەپێداچوونەوە نەبێت، وەکو چۆن دەبێت ئەوانەی چاوەڕوانی زۆرتربوون و هەنووکە تووشی شلەژانی دەروونی بوون، بەخۆداچوونەوەیەکی ئاشکرا و ئازایانە بکەن. بێگومان پێداچوونە بە سەرکردایەتی و بنکردایەتی پێویستە، پێداچوونە بەزانیاریی و ژمارەکان و رێژەی دەنگدەر و ئەندامەکانی حزبەکانیاندا بکەنەوە، دڵنیا نیم چەند مووچەخۆری پار گەورەیان هەیە، بەڵام دڵنیام بەهۆکاری جیاواز هەموویان بەشداری دەنگدانیان نەکردووە.
هۆکار بۆ هەموو ئەنجامێک هەیە، هەموو ئەنجامێکیش مەرج نییە بەدڵی هەموو گروپ و لایەنێکی سیاسیی بێت، چونکە هۆکاری جوگرافی و سیاسی و ڕێکخستن و سەرکردایەتی و شێوازی کارکردن و پەیوەندی نێوان لایەنە کوردیی و عەرەبییەکان (سونی و شیعییە) و وڵاتە هەرێمایەتییەکان هەیە، سەرباری شێواز و ستایلی کارکردن و پەیوەندیکردن بە جەماوەری دەنگدەر و گوتاری هەڵبژاردن و لەخۆبایی بوون و تەکنیکی هاندانی هاووڵاتیان... تاد.
لەشارەکانی خوارووی عێراقیش هەر لیستێک و گروپێک براوەی یەکەمی شارێکن، بۆ نموونە لە لە کۆی یەکلابوونەوەی ٩٤.٤ی دەنگەکان بەپێی ئاماری دەستەی هەڵبژاردن (تەحالف تەقەدم لەبەغدا یەکەمە و لە واست واستی ئەجمەل یەکەمە و لە قادسیە نەبنی لە پلەی یەکەم و هەروەها لە نەجەفیش نەبنی یەکەمە و لە ئەنبار تەحالفی تەقەدم لە پێشەوەیە و لە دیالە لیستی دیالەتنا وەتەنی یەکەمە و لە کەربەلاش لیستی ئیبداعی کەربەلا لە پێشەوەیە و لە بەسرە تەحالفی تەسمیم یەکەمە و لە زیقار و میسان دیسان نەبنی لەپێشەوەیەوە و لە مسەنا ئیتلافی دەولەتی قانون لەپێشەوەیە لە سەلاحەدین حزبی ئیتلافی جەماهیری وەتەنی لە پێشەوەیە و لەموسلیش نەینەوا ئەهلی یەکەمە و پارتی دیموکراتی کوردستانیش دووەمە. لەکەرکوویش یەکێتی نیشتیمانی یەکەمە). واتە هیچ لایەنێک و هاوپەیمانییەک نەیتوانیوە زۆرینە، یان لەهەموو شارەکاندا براوەی یەکەم بێت. ئایا بیرتان لەوە کردۆتەوە ئەم دابەشبوونە چۆن ڕویداوە، ڕێککەوتە ، یان دابەشکردنێکی پێشوەختەی دەستکردە و خۆی بۆ ئامادەکراوە؟. ئایا ئەمە بۆ ئەوەیە هاوسەنگی لەنێوان لایەنەکان دروست ببێت، یان خودی دەنگدەر بەهوشیارییەکی زۆرەوە بەدوای ئەو لیست و لایەنانەدا گەڕاوە، کە خزمەتی دەکەن و لەگەڵ گوتار و مەزاج و ئیمان و بیروڕا و ڕەفتارەکانی خۆیان ڕاستگۆن.
تا گەیشتە ئەوەی لەیەکەم کاردانەوەدا وەکو گوتارێکی نیمچە پێکەنیناوی "سەعدی پیرە گوتی: لە کەرکووک ئیش لە کورسی دەرچووە و تاقمێک قەنەفەمان بەدەستهێناوە" (کەناڵی ڕووداو). ئەمە لەڕووی پراگماتیکییەوە ئەوە دەگەیەنێت، کە (یەکێتی) خۆشی دڵنیا نەبووە لەبەدەستهێنانی ئەم ژمارە و ڕێژەیە. لەلایەکی دیکەدا مەزەندەی ئەمە لەم گوتارە دەکرێت دوای دەرکەوتنی ئەنجامەکان پشتی خۆی لێ بکاتەوە و ئیدی ئەو بەتەنیا خۆی بە خاوەنی کەرکووک بزانێت و ئەوانی دیکەی کورد بخاتە خانەی دووەم و لەبیرچوونەوە. دیارە ئەم خۆ بەتەنیا بەخاوەن زانینیە تەنیا لەنێو کوردا دەبێت، ئەگەر نا لەگەڵ ئەوانی دیکەی نا کورد دەبێت خۆی بەهاوبەش و هاوسەنگ و برا بەشێکی دڵسۆز و متمانەدار و نیمچە پاشکۆش بزانێت. ئەمە ئەوەش نیشان دەدات کە وا وەسفکراوە دەنگدەر دەنگی بە قەنەفە داوە، واتە دەنگی بە دواڕۆژێکی چاکتر لە کورسی ڕەق و تەق داوە.
من پێم وایە دوای ئەم ئەنجامانە پێویست دەکات (پارتی و یەکێتی) بیر لەڕێککەوتنێکی نوێ لەبارەی چۆنیەتی بەڕێوەبردنی ئەم ناوچانە بکەنەوە. ساخ بۆوە هاووڵاتی کورد لەدۆزی خاک و چارەنووسی خۆی نەتۆراوە، ئەوەی تۆراوە و کردە و ڕەفتاری نەگونجاو ئەنجام دەدات لایەنە سیاسییەکانن. گوتاری هەڵبژاردن گوتارێکی توند، هەڕەشە ئامێز دژی بەیەک بوو. سەنگەر گواستنەوەی زۆریش لەم ماوەیەدا وەکو کارتێکی دیکەی فشار و ململانێکان ڕوویدا، دوای هەڵبژاردن پێویستە بەعەقڵێکی کراوەتر، ئایندەخوازییەکی باشتر پەیوەندییەکان و بەرنامەکان لەپێناو ڕێکخستنەوەی نێو ماڵی کوردی دابڕێژرێتەوە.
پێویستە بەعەقڵی قەنەفە بیر لەئاکامەکان نەکرێتەوە، هەروەها بەعەقڵی قەنەفە پشتی لێ نەکرێتەوە و بەکورسی خزمەتی شارەکان بکرێت و ناوچە کوردستانییەکان نەکرێنە قوربانی پشوودان لەسەر قەنەفە و میوانداریی و وێنەگرتن و چا خواردنەوە.