لە سی ساڵی ڕابردوودا دەسەڵاتی کوردی و لە هەشت کابینەی ڕابردوودا کار دروستنکردنی بنەمایەکی ئابووری بەهێز بکات و لەڕووی پیشەسازییەوە کار بۆ دروستکردنی کارگەی بەرهەمهێنان و پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری و گەشەکردن بکات، بەپێچەوانەوە لەڕێگەی بەخشینەوەی مووچە و داهات و بودجە کاری کردووە (گیرفان و سۆز و عەقڵ و مافی دەنگدانی) تاک مسۆگەر بکات. لەبیناکردن و دروستکردنی شوێنی نیشتەجێبوون و گوند و شاری مۆدێرن و دروستکردنی شەقام توانایەکی زۆری بەکارهێناوە، ئەم کابینەیەش بەرهەمی فکر و سیستەم و شێوازی مامەڵەکردنە لەگەڵ قەیرانەکان.
پێشتر دەمانبیست هاووڵاتیانی کەنداوی عەرەبی بەهۆی مووچە و وەرگرتنی بەشێک لەداهاتی نەوت لەژیانێکی ئاسوودە و بێ گرفتی دارایی دەژین، بەڵام لەڕێگەی درامایەکانی تەلەڤزیۆنەکانیان ئاشنابووین بە دەیان دیاردەی کۆمەڵایەتی دواکەوتوو، نەخۆشی دەروونی و ئەخلاقی و نەبوونی ئازادی و بەکارهێنانی خزمەتکارە بیانییەکان وەکو کۆیلە و کەلوپەل لەنێو ماڵەکانیان و نمایشی خانووی گەورە و ئۆتۆمبێلی مۆدیل نوێ و عەقڵێکی دواکەتوو ... تاد. دوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ یش هەرێمی کوردستان کە بریتییە لە تەنیا (سێ شار) لەڕێگەی (دامەزراندنی زۆرترین ژمارەی هاووڵاتیان وەکو مووچە خۆر) و دەستکەوتێکی حزبی و بەناوی پاداشتکردنەوەی ئەندام و لایەنگرانی حزب و تێکۆشەرانی شاخ و خانەوادەی شەهیدان و ڕاکێشانی باش و جاش سیاسەتی دامەزراندن و ڕازیکردنی خەڵکیان پیادەکرد و لە جیاتی بایەخدان بەسیستەمێکی ئابووری وەبەرهێن و پیشەسازی، کاریان کرد هاووڵاتیان وەکو مشەخۆرێکی تەمبەڵ ڕازیی بکەن. بیرۆکەی هەر حزبێک ئەوەبوو زۆرترین ژمارەی مووچەخۆری هەبێت و ئەمەشیان بەباشترین هۆکار زانی تاکو زۆرترین ئەندام و لایەنگر و دەنگدەر لەخۆیان کۆ بکەنەوە. (یەکێتی) دەستی پێکرد و (پارتی)ش بووە درێژە پێدەری ڕێگە نەگونجاوەکە و هەردوولا بە لیستی دوور و درێژ خەڵکیان دادەمەزراند و دوور نییە لەبەر درێژی لیستەکان هەندێک کات خەڵکیان بۆ پڕکردنەوەی لیستەکان دەست نەکەوتبایە. ئەنجامی کۆتایی گرنگە کە وای لێهاتووە ژمارەی مووچەخۆر لەڕووی تەمەنەوە لەژمارەی ئاسایی هاووڵاتیان پتر بێت و ئێستا قەیرانێکی هەقیقیمان لە ژمارەی مووچەخۆران تووش ببێت. ئەمەش بۆ ئەوەبوو زۆرترین ژمارەی دەنگ لەسەر سندووقەکانی دەنگدان مسۆگەر بکەن.
سی ساڵە نەتوانرا لە هەرێمی کوردستاندا (کارەبای نیشتیمانی) چارەسەر بکرێت بۆ؟ سی ساڵە هاووڵاتیان لەچاوەڕوانی ڕوناکی کارەبان، کەچی ئەمە ڕووی نەدا بۆ؟. ئایا داهات و بوجە نەبوو؟ ئایا هیچ وڵاتێکی پێشکەتوو و کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتی ئامادە نەبوو، کارەبامان بۆ چاک بکاتەوە؟ ئایا دەسەڵاتدارانی بەغدا ڕێگربوون لە چاککردنەوەی کارەبای هەرێم؟ یان ئەو ئەلتەرناتیڤەی بە (مۆلیدە) ناو دەبرێت وەکو باشترین بژاردەی بازرگانی و مشەخۆریی بەچارەسەر دانرا، کە ڕێگرە لەبەردەم چاککردنەوەی کارەبای نیشتمانی؟
لەکاتێکدا بەپێی زانیارییەکان هەولێر و دهۆک و سلێمانی بڕێک کارەبای نیشتمانی کەمیان هەیە و لەهەمان گاڤیشدا کارەبای هەرێم بە شارێکی وەکو مووسڵ دەفرۆشرێت، بۆ؟ یان وەکو (ئاسۆ کەریم) گوتەنی: "(تا ماڵ پێی بوێ، مزگەفت بەتاڵە و بەڕاستی لە حیکمەتی ئەوە ناگەم، کە خۆت لە هەرێمی کوردستاندا کارەبات بەم شێوەیە بێ (بەقسەی ڕووداو: دهۆک ٨ سەعات سلێمانی ٧ سەعات و هەڵەبجە ٦ سەعات پایتەخت ٤ سەعات) کە چی کارەبا بدەی بە نەینەوا بەقسەی بەڕێوەبەری کارەبای نەینەوا و جێگەی دی. دیارە کارەبا بە پارە دەدرێتە مووسڵ نەک بەلاش، بەڵام خۆ خەڵکی کوردستانیش پارەی خۆیان دەدەن".
من قسە لەبارەی چۆنیەتی فرۆشتنی کارەبای هەرێم و وەرگرتنی پارەی ئەم بڕە کارەبایە و چۆنیەتی بەکارهێنانەوەی داهاتەکەی و دڵتەنگی و معاناتی هاووڵاتیانی هەرێم لە بێ کارەبایی ناکەم، کە یەکێکە لەکێشە جددییەکانی بەردەم بەڕێوەبردن و مافی هاووڵاتیان، لەکاتێکدا شارێکی وەکو هەولێر کە بەراوردی بکەین بە بیست ساڵ پێش ئێستا هێندە مەزن و پەرت و بڵاوبووە، سێجار و پتریش لەپێوانەی پێشتری خۆی گەورەتر و فراوانتر بووە. هەولێر بەرەو ئاسمان هەڵناکشێت، بەڵکو بە پانایی و ئاسۆیی فراوان دەبێت، ئەمەش پێویستی بە شەقام و کارەبا و خزمەتگوازی و ئاو و قوتابخانە و نەخۆشخانە و ئاسایش و ئارامی و .. تاد زۆر لەوە پترە، کە شار لەگەشەکردنی ستوونی پێویستی دەبێت.
نرخی کارەبا زیاد دەکات، نرخی مۆلیدەکان زیادی کردووە و هەر چەند ساڵێکیش بیرۆکەیەکی نوێ بۆ کۆنترۆڵی کارەبا و بەکارهێنانی (ناعادیلانەی!!!!) کارەبا لەسەر هاووڵاتیانی ئاسایی، نەک گوند و شارە تازە دروستبووەکان و کارگە و شوێنەکانی بازرگانی و دائیرەکانی حکوومەتدا تاقی دەکرێتەوە.
پرسیاری ئێمە ئەوەیە ئەگەر کارەبای نیشتیمانی وڵات و دڵ و ناخی هەمووانی ڕوناک کردەوە، چارەنووسی مۆلیدەکان و ئەو داهاتە زەبەلاحەی مانگانە دەچێتە گیرفانی چەند سەد کەسێک چی بەسەر دێت؟. لەکاتێکدا ئێمە دەزانین نرخی مۆلیدەکان چەند قات لەداهات و پارەی کارەبای نیشتیمانی پترە، پیسبوونی ژینگە و گۆڕانکاریی لە کەشوهەوا و ژاوەژاو و شتی دیکەش لەوێ بووەستێ.
سی ساڵ حووکمڕانی کاتێکی یەکجار درێژە و دەبێتە پێوانە بۆ هەڵسەنگاندن و پێداچوونەوە و بڕیاردان لەچۆنیەتی و شێوازی کارکردن و توانای هەر دەسەڵاتێک و فکر و سیستەمی حوکمڕانیی.