ڕووداوەکانی ناوچەکە و نێوەخۆی عێراق ئاماژەن بۆ ژمارەیەک ئەگەر و پێشهاتی نوێ، بێگومان هیچ نوێیەک بێ گۆڕانکاریی و هەڵوەشانەوەی کۆن و لێپیچینەوە نایەتە ئاراوە.
پتر لە دەساڵە گەلێک لایەن پێشبینی گۆڕان و هەڵوەشانەوەی کیانە دروستکراوە دەستکردەکانیان کردووە، لەنێویاندا عێراق. هیچ دەوڵەتێک لەسایەی باڵادەست و خۆسەپێنی و فەرمانڕەوایی سێبەری وڵاتێکی دیکەی بێگانە ناتوانێت بە سەلامەتی و سەروەریی پارێزراو و بەختەوەریی بمێنێتەوە.
بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی عێراق بۆ لەکارلادانی سەرۆکی پەرلەمان و دەرکردنی لەو دامەزراوەی یاساکان دروست دەکات، وەکو ئەوە وایە بەمشارێکی ئاسنین کیان و دەسەڵات و پێکهاتە و جوگرافیای هەرێمەکانی عێراق لەت بکرێت. ئەم دەزگایە کە بەناوی دەستوور و یاساوە بڕیار دەدات، سەرەتا دژی هەرێمی کوردستان دەستی بە دەرکردنی ژمارەیەک بڕیاری شۆڤینانەی مەزهەبی ڕەگەزخوازی کرد. بڕیارەکانی دژی هەرێم لەسەر بنەمای گوتارێکی دوژمنکارانەی ڕەتکردنەوە و سڕینەوەی هەرێمێکی دەستووریی بیناکراوە. گوتاری هەنووکەی دژی سونەکان، ئاشکرایە بریتییە لە درێژەپێدانی گوتاری شیعەگەرایی دژ بە سونە. کورد وەکو نەتەوە و هەرێمێکی تەنیا و بێ پشتیوان سەیر دەکرێت، بەڵام دۆخی سونەکان پێچەوانەیە و خاوەنی قووڵایی و پاڵپشتییەکی بەهێز و فراوانە.
گریمانە دەکرێت بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی دژی هەرێمی کوردستان و شیعە چەند ڕەهەندێکی نوێ بهێنێتە ئاراوە:
یەکەم: ڕەنگە سونەکان جارێکی دیکە بگەڕێنەوە سەر هەمان قەناعەت و شێواز و بیرۆکەی ڕۆژەکانی سەرەتای ڕووخانی ڕژێمی سەدام حوسێن.
دووەم: ئەم هەنگاوە دەبێتە هاندەرێکی بەهێز تاکو گوتاری پێکەوە نەژیان لەنێوان سونە و شیعە سەرلەنوێ لەچوارچێوە و شێوازێکی نوێ سەر هەڵبداتەوە و دوور نییە ناکۆکییەکان بەرەو شەڕی تائیفیش پەرە بستێنن.
سێیەم: وەکو کەتوارێکی سەپێنراو، دوور نییە پەیوەندییەکانی کورد و سونە پێداچوونەوەیەکی نوێی تێدا بکرێت و بیرۆکەی دروستکردنی هەرێمی سونی وەکو ئەمری واقیع بۆ دەربازبوون لەکێشەکان زیندوو بکرێتەوە و ئەمەش دەبێتە دەریچەیەکی تازە بۆ ئەوەی فشارەکان دژی هەرێمی کوردستان ئەو کاریگەریەیان نەمێنێت.
چوارەم: هەرێمی کوردستان متمانەی یەکلاکەرەوەی لەگەڵ گروپە سیاسییەکانی سونە نییە، سونەکان کە بەشێکیان سەر بەئێرانن، یان پیشتر لەپێناو ڕازیکردنی ئێران بەشدارییان لە بڕیارەکان دژی هەرێم کردووە و خودی (حەلبووسی) کە لەپێناو بەدەستهێنانی پاڵپشتی ئێرانییەکان بێدەنگی دژی بڕیارەکانی هەرێمی کوردستان نواندووە، نموونەیەکی باش. دڵنیام سەرکردایەتی کوردستان بیر لە بڕیارێک ناکاتەوە لەسەر کاردانەوەی سلبی ڕۆنرابێت.
پێنجەم: بڕوا ناکرێت ئەمەریکا و بەشێکی ئەوروپییەکان لەم دۆخەی حزبە شیعییەکان و گروپە چەکدارەکانی سەر بەئێران و دادگای فیدراڵی دروستیان کردووە، خۆشحاڵ بن. تەنیا هەندێک پێیان وایە ئەمەریکا ئاژاوەیەکی دەستکرد دروست دەکات، لەپێناو بەدیهێنانی دۆخێکی نوێی سیاسی. لەڕاستیدا نابێت لەبیری بکەین پتر لەشەش مانگ پێش ئێستا سوپای ئەمەریکا جووڵەیەکی فراوانی لەنێو عێراق کرد و ئێرانییەکانی تووشی شلەژان و نیگەرانی کرد. سەرباری ئەوەش دابەزینی نرخی دینار هۆکارێکی دیکەیە بۆ سزادانی حکوومەتی عێراق، کە پابەستی بڕیارەکانی سزادانی ئێران نییە و ئەمەش ئەمەریکا نیگەران کردووە.
دەکرێت بڵێین، ئەمەریکا نەک هەر نیگەرانە، بەڵام لەدواین سەردانی لەناکاوی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ بەغدا و گەیاندنی پەیامە ئاشکرا نەکراوەکانیان و دواتریش سەردانی سەرۆک وەزیرانی بەغدا بۆ تاران و سەردانی هەولێر، ئاماژەن بۆ بەرزی ئاستی کێشەکان و لەدەستدانی متمانە لەنێوان ئەمەریکا و دەسەڵاتدارانی شیعە لە بەغدا و بێ ئومێد بوونیان لەسەرجەم پرۆسەی سیاسی و پێکەوەژیانی نێوەخۆیی و دوورنەکەوتنەوەی عێراق لە هەژموون بڕیار و باڵادەستی ئێران. واتە ئەگەری تەقینەوەی دۆخەکە زۆر پترە لە هێشتنەوەی بەم شێوەی ئێستا حزبە شیعییەکان دەیانەوێت لەسایەی پەرەپێدانی پێگەی گروپە چەکدارە لەیاسا دەرچووەکانیان و لاوازکردنی هەرێمی کوردستان و پێگەی سونە پیادەی بکەن.
شەشەم: ئەگەری ئەوە هەیە عێراق بەرەو خاڵی سفر بەگڕێتەوە، خاڵی دروستکردنی ئەم وڵاتە لەساڵی ١٩٣٢، خاڵی ڕووخانی ڕژێمی سەدام حوسێن. ئەمەش ئەوە نیشان دەدات دەوڵەتێکی بەزۆر سەپێنراو بەسەر پێکهاتە جیاوازەکان ناتوانێت دەوڵەتێکی دەستووری دیموکراسی و مەدەنی و ئازاد و ئارام بێت. سونە و شیعە وەکو دوو دوژمن و ناکۆکی لەمێژینە ناتوانن نەک تەنیا کیانی سیاسی بەڵکو ئیمان و ئاینەکەشیان لە دابەشبوونی کۆمەڵایەتی و فکری بپارێزن.
گۆڕانکارییە مەزنەکان هەمیشە وەکو دەرەنجامی ڕووداوە گەورەکان بەرهەم دێن، گوتاری هەنووکەی جەنگی نێوان ڕوسیا و ئۆکرەین، بریتییە لە گوتاری دابەشکردنەوەی سەر لەنوێی سیستەمی جیهان و بەکردەوەش ئەمە دەستی پێکردووە. گوتاری جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس گوتاری گۆڕانکاریی مەزنە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکە. پتر لەدەساڵە جەنگی گۆڕانکاریی لەناوچەکە دەستی پێکردووە. کورد یەکێکە لە کارەکتەر و کارت و جوگرافیای ڕووداوەکان، بۆیە پێویستە دوا نەکەوێت، دەرفەتەکان یەکجار دروست دەبن و بژاردەکانیش دوای سەد ساڵ لە سایکس – پیکۆ تەنیا جارێک لەسەدەیەک دەخرێنەوە بەردەست.
ڕەنگە بڕیار و بیرکردنەوە و عەقڵەیەتی داخراوی قبووڵ نەکردنی ئەوانی دیکە عێراق بگێڕێتەوە سەر خاڵی سفر و دەستپێک، دەرکەوت فیدراڵیزم نەیتوانی بەشێوەیەکی بنەڕەتی و یەکجارەکی کۆتایی بە کێشەکان بهێنێت، لەبەر ئەوە نەک کارەکتەرەکان، بەڵکو خودی کێشەکان بەدوای سیستەمێکی نوێی ئیدارە و بەڕێوەبردندا دەگەڕێن.