پەرلەمانی عێراق دوای پێنج مانگ لەهەڵبژاردنی پێشوەختە کۆبۆوە، لایەنە براوەکانی (زۆرینە) نەیانتوانی ٢٢٠ ئەندام پەرلەمان کۆبکەنەوە و (کەمینە) شکستی بەکۆبوونەوەی زۆرینە هێنا، بەڵام ئەوەیان ساخ کردەوە کە رێژەی پابەندبوون بە بەرەی رزگاری نیشتیمانی چەندە و هێزەکەیان چۆنە. (حەلبوسی) لەنێو پرۆسەی ژماردنی پەرلەمانتارە بەشداربووەکان، بڕیاریدا بچێتە ئێران. بەهۆی بێ هۆ ئێران سەردانەکەی حەلبوسی لەم کاتە دژوار و هەستیارەدا هەڵوەشاندەوە. دادگای فیدراڵیش چەند ڕۆژێک پێش ئێستا سێ سکالای دژ بە (بەرهەم ساڵح)ی ڕەتکردەوە و لەهەمان کاتیشدا سکالایەکی دژ بە(ڕێبەر ئەحمەد)ی پووچ کردەوە.
ئەوەی لە عێراق بەڕێوە دەچێت زۆر لەفلمی هیندی دەچێت. هەموو باسی بەرژەوەندی باڵا و سەروەریی عێراق و خەمی خەڵک دەکەن، کەچی لەکردەوەدا ئەمانە تەنیا گوتارێکن، وەکو شتێکی گاڵتەجاری ڕۆژانە گوێبیستی دەبین و بوونەتە دروشمێکی ڕۆتینی پتر لەسەدەیەکە ڕۆژانە لایەنە سیاسییەکان بۆ فریودانی ڕای گشتی دەیجوونەوە. سەرۆکایەتی عێراقیش لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت: "پێکھێنانی حکومەتێکی بەتوانای کارا، کە بتوانێت بەرژەوەندییەکانی وڵات بپارێزێت و سەروەری و سهقامگیرییهكهیشی بههێزتر بكات و داواكارییه ڕەواکانی گەلی عێراقیش بێنێتهدی". ئەم گوتارە کۆمیدییە بۆتە بنێشتە خۆشەی سەر زاری دامەزراوە و لایەنە سیاسییەکان. دوو بەرەی زۆرینە و کەمینە، کە بەری هەڵبژاردنن کەوتوونەتە ڕکابەریی و جێبەجێکردنی بەرنامە سیاسییەکانیان. سەرۆک کۆماری ئێستا و هاوپەیمانی و حزبەکەشی بەئاشکرا لەلایەن ئێرانەوە هان دەدرێن، بێ ئەوەی ئەمە بە (پێشێلی سەروەریی دابنێن!!!). ئەوانی دیکەش مەیلیان بەرەو گۆڕینی سیستەمی بەڕێوەبردن لەسەر بنەمای (براوەی یەکەم و زۆرینەیە) کەس ناتوانێت پەیوەندییەکانی سەدر لەگەڵ ئێران پشتگوێ بخات، هەرچەندە لەم ڕۆژانە دروشمی نەڕۆژئاوایی و نە ڕۆژهەڵاتیی بەرزکردۆتەوە و ەبقەلەمەی سووریش ئەم دروشمە دەنووسێتەوە. لەکردەوەدا ئەمە دەبێتە سەرەتا و قۆناغێکی نوێی سیاسی، کە هیچ نوێیەک بێ کێشە و بەرەنگاربوونەوە و کۆسپ و کەموکورتی نابێت.
پێویستە کۆمیدیای لێدوان بەناوی خەڵک و سەروەریی و نیشتیمانپەروەریی کۆتایی پێ بهێنرێت، کۆتایی بەکڕینی دەنگێک بە (ملیۆنان) دۆلار کۆتایی پێ بهێنرێت، ئو دەیان ملیۆن دۆلارەی بۆ لەبەریەک ترازان و وەستانی کۆبوونەوەی پەرلەمان خەرجی دەکەن، باشترە چەند قوتابخانەیەک لە سلێمانی و نەجەف و کەرکووک و کەربەللا و بەسرە دروست بکەن. بۆ ئەوەی ڕێککەوتنێکی سیاسی نەک (نیشتیمانی!!) هەبێت، پێویستە لایەنەکان مێرانە و بێ ترس و بێ بەفیۆدانی داهاتی میللەت و تێکدانی زەق و میزاجی هاووڵاتیان دان بەسەرنەکەوتن بێ یەکتر بنێن. ئەوەی لەنێو ئەم کەشە ئاڵۆز و چەقبەستووەدا دەبینرێت، ئەوەیە خاوەنی گوتار و قسە کۆمیدییەکان، کە سەرسامی قسەکانی خۆیانن، بڕوا بەنێوەڕۆکی لێدوان و بۆچوونەکانی خۆیان ناکەن، بەکردەوە ئەم جۆرە سیاسەت و لێدوان و خۆفریودانە بەفشە دەزانن. کار گەیشتۆتە ئەوەی خەڵک متمانەی بە گوتار و قسەی زۆر لایەن نەمێنێت. تۆ بیر بکەوە ئەم لایەنانە کێن.
پرۆسەی سیاسی لە عێراق وەکو گەمەی منداڵانی لێهاتووە، ئیشەکە بۆتە فشە. دەبێت ڕاستییەک ببێژم، حزبە شیعییەکان لەم ماوە کورتەی دەسەڵاتدا دەریانخست ناتوانن خزمەت بەحزبەکانیان و پێکهاتەی شیعەش بکەن، پیاوی دەسەڵات نین هەرچەندە ئێران بەهەموو هێز و عەقڵ و توانایەکی سیاسی و دیپلۆماسی و ئەمنی و هەتا سەربازیش لەپشتیانە. سونەکان دوای نزیکەی سەد ساڵ ئینجا تێکشکان، کەچی شیعەکان لەماوەیەکی ئێجگار کورتدا خەریکە پەرت دەبن و ئەزمونی حوکمڕانییەکەیان دەبێتە ئەزمونێکی قێزەوەن و دوور نییە تووشی کارەساتی زۆر و هەتا شەڕی خۆبەخۆش ببن. کورد ئەزمونی فەشەڵ و ناکۆکی نێوەخۆیی زۆر دیتووە، تا بنهەنگڵانی زیانی لێکردووە.
سەرکەوتن تەنیا لەبردنەوە و تێکشکاندنی بەرانبەر و وەستاندنی پرۆسەی سیاسی نییە، بەڵکو سەرکەوتن لەوەیە چۆن بتوانرێت دیوارە بەرزەکانی گومان و بێ متمانەیی بڕوخێنرین و ئەو شتانەی بەنەکردە دەزانرێن بکرێتە واقیع. ڕای گشتی لەڕێگەی ئەنتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و لاوازبوون و نەمانی سانسۆری تۆقێنەر و لاوازبوونی پۆلیسی چاودێریی لەنێو کۆمەڵگادا، وای لێهاتووە زۆر لەو شتە بەناو نهێنیانە بزانن، کە لایەنە سیاسییەکان پێیان وایە شتی نەزانراون. ئەم زانینیە لای خەڵک وایکردووە ئیشی ئەم گروپە سیاسیانە بەیەکجاری ببێتە فشە، کە پێیان وایە شتۆکەیەک دەکەن خەڵک نایزانێت!. سەرکەوتن لەوە دایە سیاسییەکان دان بەوە دابنێن کە دنکی خورماکە لە گیرفانی خەڵکە!. تا ئێرە خەڵک بەدەنگی خۆی بڕیار داوە.. هەندێک دەیانەوێت ئەم دەنگانە بکەنە ئاردی نێو دڕک و ئیرادەی دەنگدەر بەهیچ بزانن. حوکمی هاوبەش و هاوسەنگ و پەنجا بەپەناج هیچ سودێکی نەبوو، بزانین حوکمی زۆرینە چی لێ بەرهەم دێت. لەڕاستیدا لەنێو ئەم کۆمەڵگا دواکەتووە دیار نییە کامەیان دیموکراتی ترە؟.