ئەمە دەشێ ببێ بە ناونیشانی کتێبێکی کۆمەڵایەتی، سایکلۆژی، ئاینی لەسەر پەیوەندیی ئەم دوو نەتەوەیە.
ئێمەی کورد پەیوەندییەکی زۆر ئاڵۆزمان لەگەڵ عەرەبدا هەیە، زۆر ئاڵۆزتر لە کۆی ئەو پەیوەندییانەی کە جەزایرییەکان هەیانە لەگەڵ فەڕەنسییەکان.
تەنها مێژووی ئەم سەد ساڵە گەواهیی بۆ ئەم ئاڵۆزییانە دەدەن. کە دەڵێم عەرەب، بە تایبەتی عەرەبی عێراقە کە لەیەک وڵاتی فەرمی دەژین.
عەرەب لەم رووەوە بە تورک یا بە رووسەکان دەکەن کە سنووری ئەو سێ نەتەوەیە تەمومژاوییە، لە یەکێک لە دیدارەکانی پوتین کە قسە لەگەڵ منداڵێکی رووسی دەکات و ئەوە بە گوێیدا دەچرپێنێ کە رووسیا سنووری نییە. وەک چۆن ئەردۆگان لە دیدارێکدا دەڵێ سنووریی نەتەوەیی هەمان سنووری سۆزی ئێمە نییە، واتە ئاوڕێک لە سنووری ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی دەداتەوە کە لە کرێمێیەوە تاکو جەزایر بە هی خۆیان دەزانن. یەکێک لە گرێیەکان، گرێی سایکلۆژییە، واتە، مرۆڤی عەرەب، تورک، رووسی تا رادەییەکی زۆریش ئێرانی لەسەر ئەوە راهێنراون کە هەستی باڵادەستیی مرۆڤەکانیان تەنها لە رووی جوگرافییەوە نەبێت، بەڵکو پەیوەندیی بە جۆر و چەشنی ئەوانەوە هەیە، باڵادەستی ئەوان مێژووییە، واتە، خوداپێداوە.
گەشتیاری عەرەب کە دەچێتە هەرێم هەست ناکات، لە سەر خاکێکی دیکەیە، بەڵکو هەست دەکات کە ئەو لەسەر خاکی خەڵکانێکە لە رووی ئاستی کۆمەڵایەتییەوە لە خوارووی ئەوەوەن. خەڵکانێک زۆر نییە باوەشیان لە ئاینەکەی ئەو کردۆتەوە، قورئانە عارەبییەکەی ئەو دەخوێننەوە، پشتیان لە زمانی خۆیان کردووە و بە زمانی ئەو لە مزگەوتەکان بانگ دەدەن، نوێژ دەکەن، لە خوداکەی ئەو دەپاڕێنەوە و کەچی عارەبییەکی وەکو ئەو نازانن.
ئەو نەتەوانەی کە نەبوون بە عەرەب، هەمیشە لە پەیژەی کۆمەڵایەتی خواروەوەن لە چاو عەرەبەوە. لەوەڕگای کوردستان هەمیشە کراوە بوو بۆ لەوەڕاندنی مەڕوماڵاتیان، بۆ هەڵدانی رەشماڵیان، هەر بەم شێوەیە، ساڵ لە دوای ساڵ خاکی ئێمەیان بۆ خاکی خۆیان زانیوە.
ئەم تێڕوانینە پەیوەندیی نە بە دەستوورەوە هەیە، نە پەیوەندیی بە یاساوە هەیە، بەڵکو ئەمە قەناعەنێکی کۆتایی پێهاتووە لە لای ئەوانەوە.
ئەوەی لە شاری کەرکووک، یا لە شوێنەکانی دیکە روودەدەن، دیاردەیەکی سروشتییە، ئەوەی سنوور دادەنێ، هێزە، تۆ ناتوانیت بانگاشە بۆ برایەتی، بۆ پێکەوژیان بکەیت بە بێ هێز. هێزی نەرم لە دنیادا هیچ بایەخێکی نییە ئەگەر هێزی راستەقینەی لە پشتەوە نەبێ!
کورد لەم هاوکێشەیەدا، هەمیشە، باس لە برایەتی گەلان، جا لە رێگەی رەوتی چەپگەراییەوە بووبێت، یا لە رێگەی ئاینەوە جەختی لەسەر ئەم خاڵە کردووە کە لە جەوهەردا دروستە، بەڵام لە ئیشی سیاسەتدا کورت دەهێنێ.
پرسیار دەکرێت : ئێمە کەی هێزمان هەبوە و هەیە؟
ئەگەر باسی کۆی ئەو خاڵانە بکەین کە یەکێتی و پارتی لەمەڕ بێهێزکردنی پێگەی کورد لە باشوور کردیان، ئەوە تاکو بەیانی خاڵەکان بژمێرین کۆتاییان نایەت. لە زۆر شت تێنەگەیشتن، زۆر شتی لاوەکیان قوت کردەوە، لە جیاتی پەروەردەکردنی مرۆڤی ئێمە و ئامادەکردنیان بۆ سەفەرێکی سەخت و دوورودرێژ، کۆمەڵگەیان شۆڕکردەوە بۆ نێو زەڵکاوی بخۆریی و ئیستیهلاکێ بێ مانا، بە بێ قایمکردنی ژێرخانەکان : پەروەردە، زانستی، کشتوکاڵی، رێگەوبان، خزمەتگوزارییە سەرەتایی و بنەڕەتییەکان.
لەم ٣٠ ساڵەدا کورد خۆی هەڵدەخەڵەتاند کە رێڕەوی دیموکراسی گرتووە کە وا نەبوو، مافی مرۆڤی پەیڕەو کردووە کە درۆ دەرچوو، کە ئابوورییەکی پتەوەی دروستکردووە کە لە راستیدا بنکۆڵ دەرچوو، شعور و هەستی نەتەوایەتی رۆژ لە دوای رۆژ وەک بەرمیلێکی کونتێکراو دڵۆپ دڵۆپی لێ دەڕژا. ئەو خەون هیوا و ئێرادەیەی کە لە ساڵانی شەست و حەفتاکان هەبوو، وەک بڵقی ژێر ئاویان لێهات.
سنووری زەرد و سەوز زۆر ئاڵۆزترە لە سنوورەکانی نێوان سویسرا و فەڕەنسا، بەڵژیکیا و هۆڵەندا، ئیسپانیا و پورتوگال، ئینتیما بۆ شارچێتی قووڵترە لە هەستی نەتەوایەتی نێوان چێک و بولغارییەکان. رێککەوتنی ستراتیژیی نێوانیان، تەنها بۆ دابەشکردنی سەروەت و کورسیی بوو، نەک لە پێناو پاراستی دوو سنووری جیاواز، واتە، سنووری ئێران و تورکیا، تورکیا ئیختراقی هەولێر و ئێران ئیختراقی سلێمانی و بەغداش وردە وردە ئیختراقی رۆح و ئیرادەمان دەکات.
لە گەمە سیاسییە قێزەوەنەکە، پیترۆ دۆلار تاقە ئاڵای شەکاوە بوو، بە بێ ئەوەی هیچ حیساباتێکی راستەقینە بۆ دیموکراسی بکرێت، واتە گەشەدان بە هێزی بەرهەڵستکارێکی نیشتیمانی، تاکو ئاڵوگۆڕی سیاسیی ببێ بە نەریت، تاکو نەوەی نوێ ئامادە بکرێت و هەنگاوی شارستانی بنێت و وردە وردە کۆمەڵگەکەمان بچێتە پێشەوە تاکو پشت بە خۆی، بە تواناکانی ببەستێت.
ئەگەر راچەڵەکینێکی راستەقینە نەمانهەژێنێ، کورد نەک تەنها پێگەی بێهێزتر دەبێ، بەڵکو لەم گۆڕانکاریی و وەرچەخانە گەورانەی کە دنیای جەنجاڵی گرتۆتەوە، رەگەزی کورد وەک ئاردی ناو دڕکی لێ بێت.
مرۆڤی ئێمە خاوەن وزەیەکی زۆرە، بەڵکو هێزێک نییە تەبەنی بکات، ئاڕاستەی بکات، ئەمەش وا دەکات رۆژ لە دوای رۆژ وەک ژەهر لە ناو جەستەمان بڵاوبێتەوە....
یەکێکیان بە ناوی کوردایەتییەوە، ئەوەی دیکەیان بە ناوی عەدالەتی کۆمەڵایەتییەوە، پێگەی کورد و هەموو بەها یەکسانییەکانیان کوشت.