(١)
هەوڵی ئاشتبونەوەی نیوان هێزەکانی سەر ساحەی کوردستانی عیراق لە سەرەتای دەستپێکردنی گفتوگۆی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و رژێمی بەعس، دروست تر لە کۆبونەوە جەماوەریییەکەی سورداشدا لەسەر زاری سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە، راگەیەنرا. هەتا کۆتایی هاتنی گفتوگۆ و دەست پێ کردنەوەی شەڕ، هیچ کام لە هێزەکان بە دەم بانگەوازەکەوە نەهاتن. شەڕ دەستی پێ کردەوە. لە ئەپرێلی ١٩٨٧-دا جارێکی سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە بروسکە داوای لە مەکتەبی سیاسی هەمو حیزبەکان کردەوە بۆ دروستکردنی بەرەی کوردستانی. بەداخەوە ئەو هەوڵەش هیچ بەرهەمێکی کرداری نە بو.
(٢)
هەتا لەسەر خاکی خۆمان بوین، هەتا دەسەڵاتی سەربازی و ئیداری و سیاسیمان بەسەر زۆربەی زۆری جوگرافیای باشوری کوردستاندا هەبو، بەرەی کوردستانی دروست نە بو. کاتێک حیزبی بەعس لە شەڕی ئێراندا دەستی بەتاڵ بو، زۆرترین هێزی خۆی لەسەر کۆ کردینەوە و بە چەکی کیمیایی و شەڕی بەرەیی نابەرامبەر، پرۆسەکانی ئەنفالی بەسەردا کردین و لەسەر خاکی کوردستانی عیراق دەری کردین، ئیتر گەڕاینەوە بۆ شوێنەکانی سەرەتای دەست پێ کردنەوەی شۆڕش لەسەر سنورەکان و خیزانەکانیش ئاوارەی ئیران و نیشتەجێی ئۆردوگا و شارەکانی ئیران بون. لە دوای ئەمە و لەژێر شەقی زەمانەدا لە مانگی ئابی ١٩٨٨-دا لە ئێران بەرەی کوردستانی دامەزرا.
(٣)
لە دوای دامەزراندنی بەرەی کوردستانی پێوەندی و دۆستایەتی نێوان هەردوو هێزەکە (یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیمۆکراتی کوردستان) بەرەو ئاسایی بونەوە و باشی رۆیشت. لەم کاتەدا بارەگای بارزانی لە گوندی راژانی سەر بە رەزاییە بو. بارەگای سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش لە قاسمەڕەشی سەر سنوری باشور و رۆژهەڵاتی کوردستان بو.
(٤)
بەپێی رێکەوتنی دوقۆڵی نێوان مام جەلال و کاک مەسعود، هەردولایان وا رێککەوتن کە، سەرۆکایەتی کاروبار و چالاکییەکانی بەرەی کوردستانی لە دەرەوەی وڵات بە مام جەلال و ناوەوەی وڵاتیش بە کاک مەسعود، بسپێردرێ. ئەم رێکەوتنە جەنتڵمانییە لەسەر کاغەز بونی نە بو. بەڵام بو بە ئەمری واقع و هەتا راپەڕین بەو جۆرە مایەوە. بێگومان بەرەی کوردستانی وەکو چەترێک بۆ هێزە کوردستانییەکان لە سەروبەندی راپەڕیندا رۆڵی گەورەی لە روبەڕوبونەوەی رژێمی تۆتالیتاری بەعسدا، گێڕا.
(٥)
لەو ماوەیەدا پێوەندی بەردەوام لە نیوان مام جەلال و کاک مەسعود دا لە رێی گۆڕینەوەی بروسکەوە بە جیهاز، گەرم و گوڕ بو، راوێژیان بە یەکتر ئەکرد. لەم روەوە دەیان بروسکە لەبەردەستدان.
(٦)
پێوەندی نیوانیان بە جۆرێک بو، مام جەلال بە بروسکەیەک، کە لە کۆتایی مانگی ١ی ١٩٩١دا لە شامەوە بۆ کاک مەسعودی ناردوە، باسی ئەوە ئەکا، کە هەلێکی بۆ هەڵکەوتوە و سواڵێکی بۆ کاک مەسعود کردوە، چەردەیەک لیرەی سوری بۆ پەیدا کردوە. کاک مەسعودیش بە خۆشییەوە وەڵامی بروسکەکەی داوەتەوە و سوپاسی مام جەلال ئەکا.
لەخوارەوە دەقی هەردو بروسکەکە ئەنوسمەوە:
"لە/ بەڕێز مام جەلالەوە بۆ/ بەڕێز کاک مەسعود ٢٩/٣٠/١/٩١
سڵاوێکی گەرم
هەلێک رێک کەوت سواڵێکم کرد و هەشت ملێۆن* لیرەی سوریام بۆ پەیدا کردون بە تەمام بۆتان لای کاک غازی زێباری داینێم، تکایە چی دەفەرموون؟"
کاک مەسعودیش بە سوپاسێکی زۆرەوە وەڵامی مام جەلالی داوەتەوە:
"لە/ کاک مەسعود بارزانی
بۆ/ بەڕێز مام جەلال – کاک نەوشیروان**
سڵاوێکی گەرم
بروسکەتان لە شەوی ٢٩/٣٠/١ زۆر سوپاس و باشە لای غازی دابنێ.
# هەروەها لە سەرەتای دەست پێ کردنی راپەڕێنیش دا ئەو کاتەی کاک مەسعود گەیشتبوە لای کاک نەوشیروان (٦ی ٣ی ١٩٩١) لە قاسمەڕەش. لەسەر داوای کاک مەسعود، کاک نەوشیروان بڕی بیستوپێنج هەزار دیناری سویسری داوەتێ. ئەو کاتە کاک نەوزادی نوری بەگ بەرپرسی مالیەی یەکێتی بو، پارەکەی دابو بە کاک مەحمود هالو، بەرپرسی مالیەی کاک مەسعود بارزانی.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە تەنها هاوکاری پارتی نە کردوە، بەڵکو کۆمەکی بە حیزبی شیوعی عیراقیش کردوە. ئەوەتا لە بروسکەیەکدا مام جەلال داوا لە کاک نەوشیروان مستەفا ئەکا، کە بڕی ١٠ دە هەزار دۆلار بدەن بە حیزبی شیوعی:
"لە/ مام جەلالەوە
بۆ/ بەڕێز کاک نەوشیروان ٢٥/٢/١٩٩١
١/ تکایە ١٠ هەزار دۆلار بدەن بە برادەرانی حشع لای خۆتان.
٢/ ئایە هیچ جیهازی تلفۆن گەیشتۆتە دەستان. وەڵامەکەی بدەرەوە کاکە حەمە.
سوپاس"
پێوەندی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیمۆکراتی کوردستان لە پێش راپەڕین بەو جۆرە بوو.
ئێستە لە دوای ٣٠ ساڵ لە حوکمڕانی خۆماڵی، ئەم دو هێزە خاوەنی سەدان ملیار دۆلارن. هەموو جومگەکانی حوکمڕانیان لە دوو زۆندا کۆنترۆڵ کردوە. بۆچی ناتوانن یان نا یانەوێ دادپەوەری جێبەجێ بکەن؟ بۆچی دەست لە تاڵان وبڕۆ هەڵناگرن؟ تاکەی لەسەر حسابی خەڵک و خاکی کوردستان خۆیان و خیزان و دەستوپێوەندەکانیان دەوڵەمەند ئەکەن؟
جاران چاو لەدەستی دەوڵەتان و خێرخوازان و ئەم و ئەو بون، ئەفسوس ئێستە خەڵکیان کردوە بە سواڵکەری خۆیان. پێ دانی موچەی کلکوگوێ کراو وەک مژدە بە خەڵک دەفرۆشنەوە.
ئێستە ئەو کاتەیە کە بیری هەردوولاتانی بخەینەوە و پێتان بڵێێن: نە سواڵمان بۆ بکەن و نە دزیشمان لێ بکەن، نە میللەتەکەشمان بکەن بە سواڵکەر و دەرۆزەکەری بەر دەرگای حیزبەکانتان!. سامانی نیشتمانەکەمان تاپۆی خۆتان و بنەماڵەکانتان نیە تا بەم جۆرە مامەڵەی پێوە بکەن و تاڵانی بکەن.
خۆلاسەی کەلام: مێژوو بۆ ئەوە ئەنوسرێتەوە و ئەخوێنرێ، تا دەرس و پەندی لێ وەربگیرێ. کەچی ئێوە نە دەرس و پەندتان لێ وەرگرتوە نە ڕێز لە مێژووی خۆتان نە لە هی میللەتەکەتان دەگرن بۆیە دەبنە بەشێک لە لاپەڕە ناشیرینەکانی مێژووی گەلەکەمان.
----------------------------------------------------------------------------------
* هەشت ملیۆن لیرەی سوری بە حسابی ئەو کاتە ئەی کردە نزیکەی ١٧٨ هەزار دۆلاری ئەمریکی.
** رەنگە پرسیارێک دروست ببێ، بۆچی کاک مەسعود لە وەڵامەکەیدا ناوی کاک نەوشیروانی نوسیوە؟ چونکە مام جەلال لە رێی جیهازی مەرکەزی یەکێتییەوە پێوەندی بە کاک مەسعودەوە ئەکرد، جیهازی راستەوخۆ لە نێوانیاندا نە بو. مام جەلال لە جیهازەکەی دیمەشقەوە بروسکە و راسپاردەی ئەنارد بۆ مەکتەبی سیاسی و کاک نەوشیروان، ئەمانیش بە جیهاز ئەیان نارد بۆ کاک مەسعود. پێوەندی راستەوخۆ بە بارەگای کاک مەسعودەوە لە رێی جهیازی مەرکەزیییەوە بو.
سەرچاوە: کتێبی، تۆڕی پێوەندیییەکانی پێشمەرگە لە شاخ، ئامادەکردنی: بەختیار مستەفا ئەمین و خالید حسێن ئەحمەد، ل ١٠٨، ١٠٩، ١١٨.
خالید ڕەزا ئەمین