قسەیەک لەسەر نوێنەری نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراق و کوردستان !

خالید ره‌زا
  2022-05-27   

ماوەیەکە سۆسیال میدیا و فەیسبوکەوانی کورد، لە خوت و خۆڕایی بە بێ بوونی بەڵگە هێرشێکی ناڕەوا دەکەنە سەر ژنە سیاسی و دپلۆماتکاری هۆڵەندی خاتو (جەنین پلاسخارت)، تۆمەتباری دەکەن بە گەندەڵی و شەریکە دزی دەسەڵاتدارانی کوردستان بەتایبەت پارتی دیمۆکراتی کوردستان. هەندێک پەسنی دەکات و هەندێکی تر بەبێ ئەوەی بزانن ڕۆڵی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان چیە، داوای ئەوەی لێ دەکەن کە بۆچی گوێێ سەرانی پارتی و یەکێتیی بانادا و هیزی چەکدار و دەسەڵاتی سیاسیایان لێ  ناسێنێتەوە و تەسلیمی ئۆپۆزسیۆنی ناکات !!  هەشە دەڵێ دەستی لەگەڵ ئۆلیگاریشەکانی نەوت تێكەڵاو کردوە و دەمیان چەور کردوە و دەیەوێت پارتی لەو قەیرانە ڕزگار بکات کە تێێ کەوتوە !!.

بۆیە بە باشی دەزانم ڕۆڵ و کاریگەری نەتەوە یەکگرتووەکان و پێشینەی خاتوو پلاسخارت بە کورتی ئاماژە پێ بدەم، هیوادارم  زانیاریەکان بۆ ئەو خەڵکانە کەڵکی هەبێ و چی تر لە خۆیانەوە  سەری نەتەوە یەکگرتووەکان و خاتوو پلاسخارت، بێ دەلاک نەتاشن.
# نەتەوە یەکگرتووەکان

نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕیکخراوێکی جیهانییە، لە ساڵی ١٩٤٥ دامەزراوە و لە ١٩٣ دەوڵەت پیکهاتووە. ئەم ڕیکخراوە جیهانیە گرنگی ئەدات بە پێنج کار و چالاکی سەرەکی کە بریتین لە:
+ ئاشتی و ئاسایش

+ گەشەپێدانی ئابوری و کۆمەڵایەتی
+ مافی مرۆڤ
+ کاروباری مرۆیی
+ یاسای نێودەڵەتی
نەتەوە یەکگرتووەکان لە شەش ئۆرگانی سەرەکی پیکهاتووە و هەر ئۆرگانەی کاری خۆی دەکات کە بریتین لە:
١-  کۆبوونەوەی گشتی
٢ -  ئەنجومەنی ئاسایش
٣ -  سکرتاریەتی ئەنجومەن
٤-  دادگای دادوەری نێودەوڵەتی
٥-  ئەنجومەنی ئابوری و کۆمەڵایەتی
٦- ئەنجومەنی ئەمینداری

جگە لە بارەگای دادگای نیودەوڵەتی کە بارەگاکەی لە شاری لاهای وڵاتی هۆڵەندایە،  پێنجەکەی تر بارەگاکانی لە نیویۆرکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە.

بەکورتی ئەوەی سەرەوە ئەرک و پێکهاتەی ئەو ڕێکخراوە گەورە و گرنگە جیهانییە، ئێستە لەڕێێ نوێنەرەکەیەوە کە خاتوو جەنین پلاسخارتە، پەیامێکی سیاسی ڕوونیان بۆ حیزبە سیاسیەکانی کوردستان  بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە، ناردوە. ئەم پەیامە سیاسیە گرنگە و دەبێ سەرانی کورد بەجدی وەریبگرن، نەک خۆیانی لێ بدزنەوە. پەیامی پلاسخارت یش زۆر ڕوون و بێ پەردە بوە، ئێستە تۆپەکە لەساحەی سیاسی کوردستاندایە بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە.

# جەنین پلاسخارت کێ یە؟
پلاسخارت لە ٧ی ٤ی ١٩٧٣ لە شاری هێرلن ی هەرێمی لیمبورخ ی هۆڵەندا لەدایک بووە. سیاسی و دپلۆتکارێکی چالاک و ڕاشکاوە.
- بڕوانامەی بەکارلۆریۆس ی لە بەشی کارگێری زانکۆی ئوتریخت، هەروەها لە هەمان زانکۆ بەشی ئەکادیمیای ئەوروپی تەواو کردوە.
- دوای تەواوکردنی خوێندن لە ساڵی ١٩٩٥ لە بەڕێوەبەرایەتیی کۆمیسێۆنی یەکێتیی ئەوروپا لە برۆکسل دادەمەزرێ، لەساڵی ١٩٩٨-٢٠٠٠ وەکو نوێنەری کۆمیسیۆن دەگوارزێتەوە بۆ  شاری ڕیگا (Riga)ی پایتەختی لێتلاند (لاتیڤیا).  
- لەساڵی ٢٠٠٠ وە ئەندامی حیزبی گەل بۆ ئازادی و دیمۆکراتی (VVD) یە، حیزبەکەی مارک ڕووتەی سەروەزیری ئێستە.
- لە ساڵی ٢٠٠٢-٢٠٠٤ ئەندامی دەستەی بەڕیوەبەری شارەوانی ئەمسترادم بووە.
- لە ٢٠ ی ٧ی ٢٠٠٤ – ٢٠١٠  ئەندامی پارلەمانی یەکێتی ئەوروپا بووە.
-  لەو ماوەیەدا سەرۆکی فراکسیۆنی لیبراڵ و دیمۆکراتەکان بوە لە پارلەمانی یەکێتیی ئەوروپا.
- لە ٥ی ١١ی ٢٠١٢ – ٤ی ١٠ی  ٢٠١٧ وەزیری بەرگری هۆڵەندا بووە.
- لەمانگی ١٠ی ساڵی  ٢٠١٦  دا بەهۆی ڕوداوێکەوە کە دوو سەربازی هۆڵەندی سەر بەنەتەوەیەکگرتوەکان لە کاتی مەشقی سەربازی دا لە وڵآتی مالی (Mali) دوو گولە هاوەنیان پێدا تەقییەوە و مردن، لێکؤڵینەوەکان ئەوەیان دەرخست کە وەزارەت لە کارەیدا کەمتەرخەم بووە.  وەزیریش بەهۆی ئەو ڕوداوەوە کە دوو سەربازی تیا بوون بە قوربانی بەرپرسیارێتیەکەی لە ئەستۆگرت و لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٧دەستی لەکار کێشایەوە.
- لە ٢٠١٧ – ٢٠١٨ ئەندامی پارلەمانی هۆڵەندا بووە.
- لە ساڵی ٢٠١٠ لە لایەن هەفتەنامەی (دەنگی ئەوروپا) وە وەک باشترین ئەندامی پارلەمانی ئەوروپا دیاریکرا، بەهۆی دژایەتیکردنیەوە سەبارەت بەوەی کە نابێ زانیاری حسابی بانکی هاوڵاتیانی ئەوروپا لەگەڵ ئەمریکا ئاڵوگۆڕی پێ بکرێ.
- لە ١ی نۆڤەمبەری ٢٠١٨ وە  هەتا ئێستەش نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانە و سەرۆکی نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتوەکان یۆنامی یە لە عێراق.
ئەوە توانا و تەجروبەی ئەوژنە بەهێزە هۆڵەندی یەیە کە ئێستە نوێنەری تایبەتی سکرتێری نەتەوەیەکگرتووەکانە. لە دوو قۆناغ و لە دوو بۆنەی جیاوازدا ڕاشکاوانە داوای لە دەسەڵاتداران و حیزبەکانی کوردستان کرد، کە ئەگەر ناوماڵی خۆتان باش نەکەن، کێشەکانتان چارەسەر نەکەن، دوو زۆنی و خۆخۆری واز لێ نەهێنن، بەتەمای ئەو مەبن ئەم ئەمری واقیعە تاسەر بۆتان بمێنێتەوە. ئەم پەیامانە لە پەیامی دپلۆماسی واوە ترن، دەبێ حسابی بۆ بکرێ، ڕاستە نەتەوەیەکگرتوەکان دەسەڵاتی جێبەجێکردن و بەزۆر سەپاندنی نیە، بەڵام بەهەند وەرنەگرتنی پەیامە ڕوون و ڕاشکاوەکانی جەنین پلاسخارت، ماڵی خۆمان وێران دەبێ. بەم بۆنەیەوە کۆپلەیەک لە هۆنراوە بەرزەکەی حاجی قادری کۆیی م بیرکەوتەوە و لە زیهنی خۆمدا ناوی پلاسخارت م خستە شوێنی ناوەکەی حاجی نەمر کە دەفەرموێ:
" حاجی کەسێکە بێ کەس، بۆ ئێوە قوڕ دەپێوێ؛
گوێی لێ دەگرن زەریفە، ناگرن بەڵا لە خۆتان".

خالید ڕەزا ئەمین
٢٧-٥-٢٠٢٢
هۆڵەندا

زۆرترین بینراو
بۆ وەزیری پەروەردە بەڕێز ئالان حەمەسەعید: سەیری ئەم هەڵە زۆر زەقەی کتێبە تازەکەی زانستی پۆلی شەشی بنەڕەتی بکە
وتاربێژی نوێژی هەینی نەجەف داوا لە حکومەتی عێراق دەکات مووچەی فەرمانبەران بە دۆلار دابەش بکات
بۆ یه‌كه‌مجار له‌ ئه‌مریكا سزای گوله‌بارانكردنی كه‌سێك به‌شێوه‌ی راسته‌وخۆ په‌خش ده‌كرێت
پارێزگاری حه‌سه‌كه‌ داوا له‌ خۆپیشانده‌ران ده‌كات خۆیان له‌ توندوتیژی به‌دوربگرن
وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی هه‌رێم داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی به‌په‌له‌ی بڕیارێكی زه‌یدی ده‌كات
لە گرژییەكانی شاری حەسەكەدا ژمارەیەك هاووڵاتیی كورد بریندار بوون
ناڤی پیلای، ژنه‌ دادوه‌ری ئه‌فریقای باشور خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بۆ ساڵی 2026 بەدەستهێنا
"شەپۆلێکی باران و هەورە بروسکە هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە"
ئابووریناسێک هۆشداری دەدات: خەرجکردنی مووچە بە دۆلار سیستمی کاش و سەربەخۆیی نەقدی عێراق تێکدەدات
جێگری وه‌زیری گه‌نجینه‌ی ئه‌مریكا: هیوادارم گوشاره‌ ئابورییه‌كانمان ببنه‌ مایه‌ی روخانی رژێمی ئێران
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×