ڕاگری کۆلێجی پزیشکی زانکۆی گەرمیان
قەیرانی دارایی و تێکچوونی کارگێڕییەوە:
ئێمە لە ڕۆژانێک دەستمان دایە بنیاتنان و بەڕێوەبردنی کۆلێجی پزیشکی زانکۆی گەرمیان، ڕۆژگارێک بوو حوکمەتی هەرێمی کوردستان بە دەست قەیرانی دارایی و تێکچوونی کارگێڕییەوە دەیناڵاند، هەتاوەکو نوسینی ئەم ووتارەش ڕاستە کێشەی دارایی خەریکە چارەسەر دەبێت، بەڵام هەر-کێ-بۆ-خۆی کارگێڕیی (فەوزای ئیداریی) هەتا دێت قۆڵتر دەبێتەوە. لە ڕاستیدا ئێمە زیاتر کێشەمان لەگەڵ فەوزای ئیداریی هەبوو، کەمتر لەگەڵ قەیرانی دارایی. واماندەزانی بە چارەسەرکردنی قەیرانی دارایی، فەوزای ئیداریی و گەندەڵی کەمتر دەبێتەوە. تێکچوونی کارگێڕیی مەبەست ئەوەیە کە لە حەقیقەتدا بەڕێوەبردنی کارەکان بە یاسا و ڕێنمایی و پێوەر و فەرمانی کارگێڕیی بەڕێوە ناچێت. ڕاستە بە ڕووکەش یاسا و ڕێنمایی و فەرمانی کارگێڕیی دەدوردرێت بۆ بەڕێکردنی ئیش و کارەکان، بەڵام لە ناوەڕۆکدا لە دێوەخانێکی مۆدێرنی خێڵەکەکی دەچێت.
فەوزای ئیداریی ناو زانکۆ:
دامەزراوەکە هەندێک شتی لە خێڵ دەچێت، وەک ژووری کاربەدەستانی ناو زانکۆ لە دیوەخانی سەرۆک خێڵ دەچێت، هەر لە شێوازی دانیشتن و سکرتێر و چایی گێڕان و شیرینی خواردن تا دەگاتە پەیوەندی نافەرمی و هاوڕێیانە و خۆمانە و تەکلیفکردن لە نێوان مامۆستایان و فەرمانبەران و ستافی کارگێڕیی زانکۆدا.
بەڵام لە ناو خێڵ و گوند بە شێوەیەک لە شێوەکان ڕێکەوتنێکی کۆمەڵایەتی دەبینرێت، ڕێکەوتنەکە پێشتر بڕاوەتەوە، کۆمەڵێک کۆدی ئەخلاقی تێدایە کە هەمووان وابەستەن پێوەی. جاران لە لادێدا، مەحاڵ بوو خۆر بکەوێت و مەڕەکانت نەبردبێت بۆ لەوەڕگە! مەحاڵ بوو دنیا تاریک بێت و مەڕەکانت نەهێنابێتەوە بۆ ماڵەوە. واتا لادێکان سیستەمێکی رێکەوتنی کولتووریی تێدا بوو، بەشێوەیەک لە شێوەکان دامەزراو بوو.
لە بنەڕەتدا زانکۆ دەبێت شێوازێکی دامەزراوەیی وەربگرێت، نەک لەسەر بنەمای کەسێتی بێت، واتا نابێت بەشێکی زانستی، کۆلێجێک یان زانکۆیەک بکرێتە موڵکی تاکە کەس. بە واتایەکی تر ناکرێت پەیوەندی نافەرمی لە ڕێکاریی کارگێڕیدا هەبێت، چونکە دواجار جیاوازی (Discrimination) و نایەکسانی دروست دەکات. زانکۆ یاسای خۆی هەیە، کە پێی دەوترێت یاسای ڕاژەی زانکۆیی، کە ئەوەندە جوان نوسراوە، بە جێبەجێکردنی زانکۆ دەبێت بە دامەزراوە. هەڵبەتە تا پێش پرۆسەی ئازادکردنی عێراق، ئەم تێکچوونی کارگێڕییە لە ناو زانکۆدا بەو شێوەیە نەدەبینرا. ڕاستە وەرگرتنی تایبەت هەبوو، بەڵام ئەوەش پاش وەرگرتنی خوێندکار شێوازێک لە جدییاتی پێوە دیار بوو.
مامۆستای زانکۆ:
بەپێی یاسا و ڕێنماییەکانی خوێندنی باڵا، ئەو کەسەی کە دێتە ناو زانکۆ، پێویستە نموونەیی بێت، واتا لە کاتی خوێندنی بەکالۆریۆسدا پێویستە ئاستی باش بێت، لە یەکەمەکانی بەشەکەی بێت. بەڵام ئێستا ئەوانەی لە ناو زانکۆدان زۆرینەیان یان پێشتر میلاکی وەزارەتی پەروەردە یان پەیمانگای تەکنیکی یان پەیمانگای مامۆستایانی بوونە، بەشێکیش یەکەمەکانی زانکۆن کە ئەمەی دوایی لە ژێر ڕکێفی دووانەکەی ترن. بێگومان خوێندنی بەکالۆریۆس زۆر گرنگە بۆ بنیاتنانی مامۆستای زانکۆ، هیچ نەبێت پێوەرێکە بەپێی یاسا دانراوە. دوورکەوتنەوە لەم یاسایەی خوێندنی باڵا کە جەخت دەکاتەوە لە ئاستی باشی دەرچووانی بەکالۆریۆس، وای کردووە لێشاوێک مامۆستا بێنە ناو زانکۆ کە خاڵی بن لە مەعریفە و ئەکادیمیا. هەر بۆیە ئەم مامۆستایان کە ئاستی بەکالۆریۆسیان باش نەبووە، ئێستاش کە ماستەر و دکتۆرایان هێناوە، هێشتا پێوەیان دیارە کە ئەو قۆناغەیان نەبڕیوە! چونکە ئەو قۆناغەی بە گەنجێتی و مێشک سافی نەیبڕیت، مەحاڵە دوای دەرچوون بتوانیت تێی پەڕێنیت. هەر بۆیە ئەم مامۆستایانە هەموو شتێک دەتوانن بکەن تەنها ناتوانن ببنە مامۆستای زانکۆ و ئەکادیمیست! ئەمە جگە لەوەی لێشاوێک لە توێژینەوەی زانستی ساختە خۆی خزاندۆتە ناو گۆڤارە ناوخۆییەکان و تەنانەت گۆڤارە نێودەوڵەتیەکانیشەوە. ئەمانە تەنها دەتوانن کاربەڕێکەر بن، هێشتا عەقڵیەتی بیرکردنەوەیان قۆناغی ناوەندی نەبڕیوە و ڕێگەش نادەن ئەوانی تر بێنە پێشەوە. هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ بەدەستهێنانی نازناوی زانستی بە هەر شێوازێک بێت، بەڵام لەڕاستیدا ئەمانە هەبوونیان ڕێگرییە بۆ پێشکەوتن. ئەمانە مرۆڤی خراپ نین، بەڵکو ئاستی زیرەکییان هەر ئەوەندەیە کە ئێستا هەیانە و وایان لە زانکۆ کردووە کە پێش نەکەوێت.
فەرمانبەری زانکۆ:
پێش ئەوەی فەوزای ئیداریی بێت، فەرمانبەرانی زانکۆ وەک کاتژمێر کاریان دەکرد. ئەوسا هەفتەی ٦ ڕۆژ دەوامی فەرمی لە کاتژمێر ٨ تا ٣ بوو. دوایی بەرە بەرە کەم کرایەوە بۆ ٥ ڕۆژ لە ٨:٣٠ بۆ ٢:٣٠. ئێستا وای لێهاتووە فەرمانبەر هەفتەی دوو ڕۆژ دەوام دەکەن لە ٨:٣٠ بۆ ١:١٥. ئەمە بەرپرسیارێتی دەکەوێتە سەر سەرۆکایەتی زانکۆ، لەبەرئەوە ڕاستەوخۆ بە فەرمانبەران دەوترێت هەفتەی دوو ڕۆژ دەوام بکەن.
خوێندکاری زانکۆ:
یەکێک لە سیفەتە ناخۆشەکانی خوێندکاری زانکۆ ئەوەیە کە نازانێت کام مامۆستا باشە و کام مامۆستا لە قازانجی ئەو نیە. ئەو وا دەزانێت مامۆستای قسە خۆش و موجامل کە پابەندی کاتی وانەکان و ناوەڕۆکی وانەکان نابن، مامۆستای چاک و دڵسۆزن بۆی! هەر بۆیە تا دوای دەرچوون نازانن ئەم مامۆستا بە ڕووکار میهرەبان بووە، بەڵام لەڕاستیدا ئەو بۆیە جدی نەبووە، چونکە سیفەتی ئەکادیمی تێدا نەبووە، توانای فێرکردنی لاواز بووە، پێشتر ئەویش کە خوێندکاری زانکۆ بووە، هەروا بە بێ غیابات و بەئاسانی دەرچووە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەم جۆرە لە مامۆستا دوژمنی سەرسەختی شاراوەی خوێندکارە کە هەتا دوای دەرچوون تێناگات لە مامۆستاکەی. خوێندکاری زانکۆ وا دەزانێت مامۆستای جدی دوژمنێتی، وا دەزانێت ئیدارەی جدی کۆلێج ستەمی لێدەکات!
ڕاگەیاندن:
خراپ گەیاندنی کێشەکانی زانکۆ و تێنەگەیشتن وا دەکات خودی کێشەکان نەگاتە مەبەست. ڕاگەیاندکارێک لە پێناو راپۆرتێکی ڕۆژنامەوانی ئامادەیە هەرچۆنێک بێت سۆزی خەڵکی گشتی بۆ لای خۆی ڕابکێشێت، بە بێ ئەوەی هیچ بەلای کێشە ئەسڵیەکەدا بڕوات. خۆی ئەمیش بە ئاسانی و بەبێ پێوەر بووە بە ڕاگەیاندکار، خۆ ئەم ئامانجی خستنەڕووی کێشەکە ناپێکێت. بەڵکو ووشەیەکی هەڵە دێنێت و دەیکات بە ناونیشانی ڕاپۆرتەکەی و بڵاوی دەکاتەوە.
دەرەنجام:
لەدەرەنجامدا کارکردن لە دامەزراوەیەک کە لە یاساکانی خۆی دەرچوو بێت، پێوەری تێدا نەبێت، فەوزای کارگێڕیی و قەیرانی دارایی بێت، مامۆستا و خوێندکار و فەرمانبەران کاری خۆیان بەتەواوەتی ئەنجام نەدەن (لەگەڵ ڕێز و پێزانین بۆ ئەوانەی دڵسۆزانە کار دەکەن)، چۆن بتوانیت بەردەوام بیت؟! لەکاتێکدا جدییات و دڵسۆزیی ببێت بە تاوان و وا لە مامۆستا و خوێندکار و فەرمانبەر بکات وەک دوژمن تەماشا بکرێیت، چۆن بتوانیت بەردەوام بیت؟! کاتێک زۆرینەی مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێندکاران نەزانن دوورکەوتنەوە لە جدیات واتە لەناوچوون، واتە داهاتووی نادیار، واتا نایەکسانی، ئیتر بۆچی خۆ ماندوو کردن لە پێناوی چی؟! کاتێک زانکۆیەک، کۆلێجێک، یان بەشێک، پێنج ستافی دڵسۆز و پێنج مامۆستای دڵسۆز، پێنج فەرمانبەری دڵسۆز ڕایانگرتووە، بە وازهێنانی ئەوان ببێتە فەوزایەکی ئیداری گەورە تر، کێ زیانی کوشندەی بەردەکەوێت؟! بێگومان یەکەم جار خوێندکار بەری دەکەوێت، خۆی نابێت دوایی گلەیی لە نادادپەروەری بکات، چونکە خۆی دژی جدیاتە. ئەمە بەواتای دژی دادپەروەرییە. خوێندکارانیش دەبێت ئەوە بزانن هیچ بەشێک داناخرێت، بەڵکو خۆیان دەبێت ئامادە بکەن بۆ نادادپەروەری بێ وێنە. مامۆستایانی ناجدییش پێویستە خۆیان ئامادە بکەن بۆ چەوساندنەوەی کارگێڕیی بێوێنە. کێ ئیستراحەت دەکات؟! بێگومان ئەوەی کە پێشتر دڵسۆز بووە و ئێستا واز دەهێنێت. لەبەر ئەوەی بارێکی قورس لەسەر شانی بووە کە کەس پێی نەدەزانی. ئێمە بنەمای سیستەمی فێرکردنی پزیشکیمان دانا، ئێمە تاقیگەکانی توێکاری و زانستە بنچینەییەکان و کۆرۆنامان دانا، ئێمە کۆلێجی پزیشکی زانکۆی گەرمیانمان گەیاندە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، با لەمەودوا کۆلێج بە بێ جدیات بتوانێت دانپێدانان وەربگرێت. کێ حەز ناکات و دڵی بۆ کۆلێجێک ناسوتێت کە وای لێکردوە وەک مناڵ لەدایک بێت؟!