زانكۆكانی كوردستان كێیان پێگه‌یاندوه؟
د. شیروان نوری غه‌فور
2020-06-16   994
زۆر جار لێره و له‌وێ به دووباره و سێباره و ده‌باره گوێمان له‌م ووته‌یه ده‌بێت و ده‌بێته‌وه که له داموو ده‌زگاکانی حکومه‌تی کوردستان که‌سانی شاره‌زا و شیاو له شوێنی شیاودا کارناکه‌ن و هه‌ر ئه‌مه‌شه وایکردوه که هیچ چاکسازی و پێشکه‌وتنێک له داموو ده‌زگاکانی حکوومه‌تدا ڕوونه‌دات.
که‌سی شیاو کێیه؟ که‌سی شیاو ئه‌و که‌سه‌یه که توانای به‌رپرسیارێتی و بڕیاردانی تێدایه و گه‌ر بێتوو کارێکی پێ ڕاسپێردرێت به سه‌رکه‌وتوویی ئه‌نجامی ده‌دات. که‌سی شیاو هه‌میشه باوه‌ڕی به‌خۆی و کاره‌کانی زۆره و کاریزمایه‌کی سه‌رکردایه‌تی تیدایه و پێی شه‌رم نیه پرسیار بکات و شتی نوێ فێربێت، گرفته‌کان به سه‌رکه‌وتوویی چاره‌سه‌رده‌کات و که‌سێکی ئاسانه پێی بگه‌یت و لووتبه‌رز نیه و گه‌نده‌ڵ نیه. که‌سی شیاو هه‌میشه دادوه‌ره له مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ کارمهندهکانیا و ژیانی شه‌خسی و خاتری ئهمووئهو تێکه‌ڵ به کاره‌کانی ناکات و چاوپۆشی له هه‌ڵه‌ی کارمه‌ندان ناکات.
که‌سی شیاو دید و ئامانجی هه‌یه.. هه‌ر له یه‌که‌م هه‌فته‌ی دهستبهکاربوونیههوه پلانی پێنج ساڵی داهاتوو داده‌ڕێژێ و به‌شێوازێکی سیستیماتیکی کاری بۆ ده‌کات و دواتر ئه‌نجامه‌کانی ده‌بینێت و جێ په‌نجه‌ی دیار ده‌بێت. که‌سی شیاو هه‌میشه جه‌خت له چۆنیه‌تی quality ئه‌کات نه‌ک چه‌ندایه‌تی quantity. به‌چی ئه‌چێت له ده‌زگایه‌کدا 500 کارمه‌ندت هه‌بێت و به‌رهه‌مت نه‌بێت؟
له دام و ده‌زگاکانی هه‌رێمی کوردستان به سه‌دان شاره‌زا و ڕاوێژکارههن که له بواری جیاجیادا دامه‌زراون و 90% یان شاره‌زانین. گه‌ر بێتوو تاقیکردنه‌وه‌یه‌کیان له‌سه‌ر بکرێت بۆ سه‌ڵماندنی بههرهمهندێکانیان... که‌سیان ده‌رناچن.
له‌م نووسراوه‌دا وه‌ک که‌سێکی شاره‌زا ته‌نها باس له بواری خوێندنی باڵا ده‌که‌م نه‌ک له‌به‌رئه‌وه‌ی داموو ده‌زگاکانی تری حکوومه‌ت باشترن به‌ڵکو له به‌رئه‌وه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی پسپۆڕی مندایه و نامه‌وێت خۆمی تێوهگلێنم.
له ولایه‌ته یه‌کگرتوه‌کانی ئه‌مه‌ریکا نزیکه‌ی 4000 ده‌زگای خوێندن هه‌یه که 17 ملیۆن قوتابی تێیدا ده‌خوێنێت. 41% ی ئه‌م ده‌زگایانه کۆلیژن و ماوه‌ی خوێندنیان ته‌نها دوو ساڵه و ته‌نها 18% ی ئه‌م ده‌زگایانه زانکۆن و بڕوانامه‌ی به‌کالوریۆس ده‌به‌خشن و 15% یان بروانامه‌ی ماجستێر و ته‌نها 6% بڕوانامه‌ی دکتۆرا ده‌به‌خشن. وه له 3% ی ئه‌م ده‌زگایانه ته‌نها زانكۆی توێژینه‌وه‌ن.
زانکۆی Yale به‌وه ناسراوه که سه‌رکرده درووست ده‌کات، زۆری سه‌رکرده‌کانی ئه‌مریکا ده‌رچووی ئه‌م زانکۆیه‌ن وه‌ک جیرارد فۆرد و بووشی باوک و بیل کلنکتۆن و بووشی کوڕ. تا ئێستا زیاترله 530 ئه‌ندامی کۆنگرێسی ئه‌مریکی پێگه‌یاندوه. به‌مه زانکۆی یێڵ پێگه‌ی خۆی پته‌وکردوه له ناو زانکۆکانی جیهاندا.
په‌یمانگه‌ی کالیفۆرنیا بۆ ته‌کنه‌لۆجیا California Institute of Technology نموونه‌یه‌کی تره که ته‌نها 2000 قوتابی و 400 مامۆستای تیایه بۆ خوێندنی به‌کالوریۆس و دوای به‌کالوریۆس وهه‌وڵ ده‌دات له بواری خوێندن و توێژینه‌وه‌دا ده‌رچوو پێبگه‌یه‌نێت. ئه‌م په‌یمانگایه له‌گه‌ڵ که‌می قوتابیشدا شانازی به‌وه‌وه ده‌کات که تا ئێستا 31 له ده‌رچووانی له بواری فیزیا و بایۆلۆجیدا خه‌ڵاتی نۆبڵیان وه‌رگرتووه. ڕۆژی له رۆژان ئه‌م په‌یمانگه‌یه هه‌وڵی نه‌داوه ناوه‌که‌ی بگۆڕێ بۆ کۆلیژ یان زانکۆ... له کوردستان ووشه‌ی په‌یمانگا وا ده‌نگی داوه‌ته‌وه که شوێنی ئه‌و قوتابیانه‌یه که نمره‌ی باش به‌ده‌ست ناهێنن.
زانکۆی هارڤارد که به باشترین زانکۆ هه‌ڵسه‌نگێندراوه له جیهاندا و ژماره‌ی قوتابیه‌کانی قه‌ت له 6500 تێپه‌ڕی نه‌کردوه و تا ئێستا 8 سه‌رۆکی ئه‌مریکای پێگه‌یاندوه وه‌ک رۆزڤلت و که‌نه‌دی و 48 که‌س له ده‌رچووانی خه‌ڵاتی نۆبڵیان به‌ده‌ست هێناوه.
80% ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی به‌ریتانیا ده‌رچووی زانکۆکانی کامبرج و ئۆکسفۆردن، له‌و سه‌رۆک وه‌زیرانه‌ی ئێمه بیانناسین وه‌ک ده‌یڤد کامیرۆن و تۆنی بلێر وتریزا مه‌ی و مارگرێت ثاتچهر و بۆرس جۆنسن ده‌رچووی زانکۆی ئۆکسفۆردن. زانکۆی ئوکسفۆرد 70 خه‌ڵاتی نۆبڵێ به‌ده‌ست هێناوه. زۆرترین ژماره‌ی خه‌ڵاتی نۆبڵ له جیهاندا ده‌رچوانی زانکۆی کامبرج به‌ده‌ستیانهێناوه که ده‌کاته 90 خه‌ڵات. 29 له فیزیا، 26 له پزیشکیدا، 21 له کیمیا، 9 له ئیکۆنۆمی و 3 له ئاداب و 2 له ئاشتی.
ئه‌م زانکۆیانه هه‌ر یه‌که‌یان جۆره په‌یام و ئامانجێکی تایبه‌تی خۆیان هه‌یه و هه‌میشه جه‌خت له‌سه‌ر چۆنیه‌تی ده‌که‌نه‌وه نه‌ک چه‌ندێتی. به به‌رده‌وام هه‌وڵده‌ده‌ن بۆ دابینکردنی تاقیگه و ئامێری پێشکه‌وتوو، تۆڕی ئه‌لکترۆنی ، په‌رتووکخانه‌ی ئه‌لکترۆنی و مامۆستای ناودار و کارا. په‌یوه‌ندی نێوان مامۆستا و قوتابی له‌وپه‌ڕی ڕێزگرتندایه. رکابه‌ریه‌کی به‌رچاو هه‌یه له نێوان ئه‌م زانکۆیانه‌دا کامیان ڕیزبه‌ندی به‌رز به‌ده‌ست بێنن له ناو زانکۆکانی جیهاندا.
له زانکۆکانی کوردستان ئه‌وه‌ی بیری لێناکرێته‌وه چۆنێتیه. جه‌ختکردن له‌سه‌ر زۆری ژماره‌ی قوتابی و ژماره‌ی کۆلیژ و به‌شه زانستیه‌کان بۆته پێوه‌ر بۆ پێشکه‌وتن. هیچ تێکه‌ڵاویه‌کی سۆشیاڵی social integration له هیچ زانکۆیه‌ک به‌دی ناکرێ. له 95% قوتابیانی زانکۆی سه‌لاحه‌دین دانیشتووی شاری هه‌ولێر و ده‌وروبه‌ری هه‌ولێرن، هه‌روه‌ها زانکۆکانی سلێمانی و دهۆک به‌هه‌مان شێوه. چه‌ند ساڵێک پێش ئێستا کردنه‌وه‌ی زانکۆ و کۆلیژ و به‌ش به حکومی و تایبه‌ته‌وه ئاسانتربوو له کردنه‌وه‌ی کۆمپانیایه‌کی بچوک. زۆری زانکۆ تایبه‌ته‌کان به ته‌له‌فۆنێک کراونه‌ته‌وه، بڕیاره‌کان هه‌مووی سیاسی بوون به‌بێ ڕه‌چاوکردنی پێگه‌یاندن و دواڕۆژی قوتابی.
سات و کات نیه مامۆستا خه‌مخۆره‌کانی زانکۆکانی کوردستان چ له ئۆفیسه‌کانیاندا، چ له کاتی پشوودا له کافیتێریایهک یان له کۆبوونه‌وه‌یکدا له نێوان خۆیاندا باس له لاوازی ئاستی زانست نه‌که‌ن و گله‌یی و گازنده‌ی خۆیان بۆ یه‌کتر ده‌رنه‌بڕن. جار نیه ڕه‌خنه نه‌گرن له پێدانی شوێنی پۆستی گرنگ وه‌ک سه‌رۆکایه‌تی زانکۆ و ڕاگرایه‌تی کۆلیژ و سه‌رۆکایه‌تی به‌شه‌کان و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه گشتیه‌کان به که‌سانی نه‌شاره‌زا له به‌ڕێوه‌بردندا. پرسیار ده‌که‌ن تا که‌ی ئه‌م پۆسته هه‌ستیارانه به ته‌زكیه‌ی حزبی ده‌درێت به که‌سی نه‌شیاو به‌بێ ڕه‌چاوکردنی کواڵیتی و لێهاتوویی. له‌هه‌مانکاتدا پۆلێکی ترهه‌ن سیاسه‌تی مشی الحال به‌كاردێنن و ده‌ڵێن: گرنگ ڕازیکردنی به‌رپرسه گه‌وره‌کانی سه‌روو خۆته و مه‌رج ئه‌وه‌یه ئه‌و ساڵه به‌بێ کێشه بڕوات به‌ڕێوه و هه‌موو که‌س له شوێنی خۆیدا ڕازی بێت و قوتابی نه‌ڕژێته سه‌رشه‌قام وه‌ك لافاوه‌كه‌ی مانگی ڕابوردوو.
له ناو دام و ده‌زگاکانی خوێندنی باڵا که‌سی نه‌شیاو زۆرن که له شوێنی هه‌ستیاردا کارده‌که‌ن، به هیچ جۆرێک دید و ئامانجیان نیه و توانای سه‌ركردایه‌تی و به‌ڕێوه‌بردنیان نیه و له مه‌فهوومی کواڵیتی خوێندن تێنه‌گه‌یشتوون. وا ئه‌زانن به‌ڕیوه‌بردن ته‌نها چاره‌سه‌ری کێشه بچوکه‌کانه و واژووکردنه به مه‌ره‌كه‌بی سوور یان سه‌وز له‌سه‌ر نووسراوه‌کان. وێڕای ئه‌م ڕاستیانه، ئه‌ندامانی لیژنه‌ی خوێندنی باڵا له په‌رله‌مانی کوردستان له ده‌ربڕینی ڕای خۆیان و دانانی یاسا و ڕێسا و پلانی باش بۆ به‌ره‌وپێشخستنی خویندنی باڵا له کوردستان، ئه‌وانیش لاوازن.
له ڕاستیدا ئه‌مه کێشه‌یه‌کی گه‌وره‌یه به‌ره‌وڕووی خوێندنی باڵا بۆته‌وه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ته‌نها ده‌زگایه که مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ گه‌نج و لاوی کۆمه‌ڵگای کوردی ده‌کات و به‌رپرسه له لێهاتوویی و پێگه‌یاندنیان بۆ به‌ڕێوه‌به‌ردنی دوارۆژی کوردستان.
دامه‌زراندنی که‌سی نه‌شیاو له شوێنی هه‌ستیاردا کاریگه‌ریه‌کی ده‌روونیشی دروستکردوه له‌ناو مامۆستا و کۆمه‌ڵگای ئه‌کادیمیدا. له هه‌مووی ناخۆشتر ئه‌وه‌یه وێڕای ئه‌وه‌ی که‌سه‌که نه‌شیاوه ده‌بینیت کۆنه به‌عسیش بووه و ئێستاش ده‌بێت له‌ژێر ده‌ستیا کار بکه‌یت.