پەیامێك لە ئیمراڵییەوە لە شەقەی باڵ دەدات، هەورەتریشقە ئاســـا خۆی دەکات بە هەموو گوێـیەکاندا، زمان و دیالیکتیـــکە جۆراجۆرەکان دەهێــنێتە قسە و ناوچەکە دەهەژێنێت. لە بەرامبەر ئەم پەیامەدا، خەڵکی کورد لە تەواوی دنیادا خەمبارییەك، ترسێك و نا ئارامیــیەك دایان دەگرێت، بە پەلە دەکەونە هەڵوێست نواندن و هەر کەســێك لە گۆشەنیگای خۆیەوە هەڵدەســتێت بە هەڵسەنگاندنی پەیامەکە. کاردانەوەکان لە بەرامبەر پەیامەکەی ئیمراڵیـــدا بە کورتی بەم جۆرەن:
سەرۆك "ئاشبەتەڵی" ڕاگەیاندووە.
ئەمە خیانەتە لە کورد.
کورد جارێکی دی بێکەس بوووەوە.
نامەکە تەزویرە و دەســتی تورك خۆیەتی.
ئەمە کۆتایی ناسیۆنالیزمی کوردە.
هەرچی ئەندام و لایەنگرانی سەرۆکیش هەیە، پەیامەکە بە پۆزەتیڤ هەڵدەسەنگێنن و پێـــیانوایە حیکمەتێکی ســیاسی تێــدایە ئەگەر گۆڕانکارییە گەورەکانی ناوچەکە عاقڵانە هەڵسەنگێــنین.
ئەرکی ئەم باسە، ئیدانە یـــان قبوڵ کردنی پەیامەکەی ئۆجەلان نیــیە، بەڵکو خوێــندنەوە و شرۆڤەی ناوەڕۆکی پەیامەکەی ئۆجەلان و بەراوورد کردنییەتی بە تێڕوانیــنێك کە ئۆجەلان نزیك سی ســاڵە خاوەنیــیەتی و بووەتە ســیاسەتی ڕەسمی (پەکەکە) و ئەم بزووتنەوەیە. ئایا ئەم تیڕوانیــنە ســیاسییەی ئۆجەلان تا چەند دەتوانێــت پرسی کورد لە تورکیا چارەسەر بکات؟ بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییەی کە (پەکەکە) بە شوێن وەدەستهێنانی سەربەخۆیی نەتەوایەتی نیــیە و چارەسەر وەك خۆی دەڵێت لە تێگەیشتنێکی تایبەتە لە دیموکراسی و بەڕێوەبردنی کۆمەڵایەتی کە لە قاموسی ســیاسیدا بە "کۆمۆناڵیزم" پێنـــاسە دەکرێت. یان ئایا پارادایمی تازە تا چەند توانای هەیە پرسی داددپەروەی کۆمەڵایەتی و چینایەتی چارەسەر بکات؟
سەرەتای چیرۆکەکە!
ئۆجەلان خۆی لە پەیامەکەیدا وا دەڵێت:
"پەکەکە لە سەدەی بیستەمدا لە دایکبووە، کە پڕتووندوتیژیترین سەدەیە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا و دوو جەنگی جیهانیی تێیدا روویداوە و هەموو هەلومەرجەکانی سۆسیالیزمی واقیعی و جەنگی سارد باڵی بەسەر جیهاندا کێشابوو و نکۆڵی لە بوونی کورد دەکرا. پەکەکە لە هەلومەرجێکی ئاوادا لەدایکبووە، کە هەموو ئازادییەکان قەدەغەکرابوون. لە رووی تیۆری، پەیڕەو و پرۆگرام، ستراتیژ و تەکنیکەوە، لەژێر کاریگەریی قورسی سیستمی سۆسیالیستی واقیعیی سەدەکەدا بووە.
داڕمانی سۆسیالیزمی واقیعی لەساڵی نەوەتەکاندا بە هۆکاری نێوخۆوە، کۆتاییهاتنی نکۆڵیکردن لە ناسنامەی کوردی لە وڵاتەکەدا، ئەو بەرەو پێشچوونانەی لە بواری ئازادیی رادەربڕیندا هاتوونەتە کایەوە، هەموو پێکەوە بوونەتە هۆکاری ئەوەی پەکەکە نێوەڕۆك و مانای بوونی خۆی لەدەستبدات و بەبەردەوامی خۆی دووبارە بکاتەوە. لەبەرئەوە پەکەکە تەمەنی کۆتایی پێهاتووە و هەڵوەشاندنەوەی بووەتە زەروورەت.
ئەو چارەسەرانەی لەسەر بنەمای نەتەوەپەرستیی توندڕەو بنیاتنراون، وەك دامەزراندنی دەوڵەتێکی نەتەوەیی جیاواز، یان فیدراڵی، یان ئۆتۆنۆمی، یان چارەسەری کولتووری، پێداویستییەکانی مافە کۆمەڵایەتییە مێژووییەکانی کۆمەڵگە دابین ناکەن.
رێزگرتن لە ناسنامە، ئازادیی دەربڕین، رێکخستنی دیموکراتی و بنیاتنانی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی بۆ هەر گرووپێك بەپێی بنەماکانی تایبەتی خۆی، تەنها بە بوونی کۆمەڵگەیەکی دیموکرات و بواری سیاسی دیموکراسی جێبەجێ دەبێت.
سەدەی دووەمی کۆمار ناتوانێت مانەوەی هەمیشەیی و برایانە بەدەست بێنێت ئەگەر دیموکراسی بەدەستنەهێنێت.
هیچ رێگەیەکی دیکە جگە لە دیموکراسی نییە بۆ بەدەستهێنانی سیستەمی نوێ و جێبەجێکردنی و ناشبێت. رێگەی بنەڕەتی، رێککەوتنی دیموکراسیانەیە."
ئەو پەرەگرافەی سەرەوە بۆ زۆربەی زۆری خەڵکی کورد لە تەواوی دنیادا ترســناك و پڕیەتی لە دڵەڕاوکێ و پێــناخۆشبوون و بێئومێدێ. یەکێك لە هۆ سەرەکیــییەکانی ئەم خەمبارییەی خەڵکی کورد ئەوەیە کە بە بۆچوونی زۆربە (پەکەکە) تاکە هێزێکە لە خۆی نیشـــان داوە کە پارێزگاریکەری ڕاستینەی پرسی کوردە، تاکە ئومیدێکە لە ناو تەواوی ئەزموونە شکستخواردووەکانی بزووتنەوەی کوردایەتی بە درێژایی مێژووی ئەم بزووتنەوەیە کە هێزێکی سەربەخۆی سەربازی و سیاسی هەیە و خاوەن دیسپلین و ئامانجێکی ڕۆشــنە و دەتوانێت ئومێدی لەسەر بنیات بنرێت. هێزێکە کە لە توانایدا هەیە، "سەربەخۆیی" بۆ خەڵکی کورد مسۆگەر بکات، بۆیە پەیامەکەی ئۆجەلان بۆ ئەم زۆرینەیە، وەك جۆرێك لە نائومێدی دەخوێندرێتەوە بەلەبەرچاو گرتنی گەورەیی ئومیدێك کە خەڵكی کورد بە گشتی هەیانە! بۆ "بەشــێك"یش لە کۆمۆنیستەکان ئەمە پەیامە کۆتایی ناسیونالیزمی (پەکەکە)یە و مانای دڵخۆشــییە کە ئێستا بەرەو شکستی خۆی هەنگاو هەڵدەنێت.
هەردوو هەڵوێســتەکە لە تێــنەگەیشتنەوە سەرچاوە دەگرێت، ســادەسەیرکردنی دۆخی بابەتی و هەروەها بزووتنەوەکەیە و لە کۆتاییــدا هەردوو هەڵوێستەکە عاتیفیانە و رۆمانسی و ئایدیۆلۆژیــیە.
پەکەکە چۆن پیکهات؟
پاش کۆدەتاکەی ساڵی ١٩٧١، دەوڵەتی تورکیا، لە ساڵی ١٩٧٢- ١٩٧٣هێرشێکی بەرفراوانی کردە سەر ڕێکخراوە مارکسی و چەپە شۆڕشگێڕەکان. سەرکوتی دەوڵەت لەو ساڵانەدا بووەهۆی بەرتەسك کردنەوە تا ئاستی نەهێشتنی ئازادییە سیاسییەکان، ئەمەش بێگوومان کاریکردە سەر هەڵسوڕانی ســیاسی گروپ و کەسەکان. سەرکوتی خوێناوی دەوڵەتی تورکیا کاری کردە سەر سیاسەت و هەڵسورانی ســیاسی لە فەزای گشتیدا دیارنەما و ڕوویکردە ناو ماڵەکان وشوێنە تایبەتەکان. کاتێك سوپای تورکیا کەمێ دەستی شل کردەوە، جارێکی تر دەرکەوتنە سیاسیەکان هاتنەوە ناو فەزای گشتییەوە، بەڵام کۆمەڵێك گەنج پەلەیان نەکرد و بەردەوام بوون لە کۆبوونەوە نهێــنیەکانی خۆیان لە گەرەکە هەژارنشینەکانی ئەنکارە و شارەکانی تردا. ئەو گەنجانە کە زۆربەیان خوێندکار بوون بوبوونە خێزانێکی بچکۆلە کە هەموو شتەکانیان لە نێوان خۆیاندا بەش دەکرد. هەریەکەیان لە شوێنێکەوە هاتبوو. گروپەکە ئەگەرچی نیوەی تورك بوون بەڵام ناوی خۆیان نابوو "شۆڕشگێڕانی کوردستان". ئەم گروپە هیچ بەرنامە و فۆرمێکی فەرمیان نەبوو، کۆمەڵێك شۆڕشگێڕ بوون دەیانویست لە دوای شکستی چەپی شۆڕشگێڕ لە ساڵی ١٩٧١ دەست بکەنەوە بە خەباتی سیاسی، بۆ ئەمان زۆر گرنگ نەبووکە کێ نوێــنەری سۆسیالیزمی ڕاستینەیە، ئایا روسیایە، یان چینە یان ئەلبانیایە! بۆ ئەمان زۆرتر تێگەیشتن بوو لە خەباتی سۆشیالیستی لەو دۆخەی کە ئەوانی تیابوو. یانی تێگەیشتن لە دۆخی تورکیا و کوردستان، بەڵام بە نهێــنی و دوور لە فەزای گشتی پەیوەندییەکانی خۆیان پەرەپێــدا.
لە نێوان ساڵانی ١٩٧٣ بۆ ١٩٧٨، مشتومڕێکی سەرەکی لەسەر پێگەی کوردستان لە ناو بزووتنەوەی چەپ هاتە ئاراوە. مشتومڕەکە بەمشێوەیە بوو، ئایا تەرکیزی خەباتی سیاسی دەبێت لەسەر چ بنەمایەك بێت؟ بنەمای شوناسی چینایەتی یان کولتوری یان نەتەوایەتی؟ زۆربەی گرووپە سیاسییەکانی چەپی ئەو کاتە ئەو تێزەیان ڕەتکردەوە کە گوایە کوردستان کۆلۆنییە. چەپ لایوابوو کۆلۆنیالیزم قۆناغێکی مێژوویی ئیمپریالیزمە، پەیوەندییەکە لە نێوان وڵاتێکی سەرمایەدار و وڵاتێکی وابەستە؛ هەر بەو پێیەی تورکیا وڵاتێکی سەرمایەداری نەبووە و خۆی لە پەیوەندییەکی نیمچە کۆلۆنیالیزمدا بوو لەگەڵ ڕۆژئاوا، بۆیە پەیوەندییەکەی لەگەڵ کوردستاندا ناتوانێت پەیوەندییەکی کۆلۆنیالیزم و کۆلۆنیالیزەکراو بێت. کەواتە سروشتی خەباتی سیاسی ناکرێت لە ڕووی خەباتی دژە کۆلۆنیالیزمەوە لێیبڕوانرێت. هەر لەم شیکارییەدا پێگەی تورکیا لە سیستەمی جیهانی سەرمایەداریدا ناسێنرا، ئەمە بەو مانایە بوو کە خەباتی سیاسی دەبوو لە سۆنگەی "خەباتی چینایەتییەوە" پێناسە بکرێتەوە. بەشێك لەو چەپانە لایــــانوابوو کرێکارانی یەکگرتووی تورکیا دەتوانن مافی چەوساوەکانی هەردوو (کورد و تورك) وەدەستبهێنن. خەبات کردن بۆ مافەکانی کورد بە تەنهـــا، چینی کرێکار دابەش دەکات و هێزەکەی لاواز دەکات.
بەڵام "شۆڕشگێڕانی کوردستان"، ئەو دیدگایەی چەپــــیان ڕەت کردەوە کە خەبات بۆ مافەکانی خەڵکی کورد بکەنە پاشکۆی خەباتی چینایەتی و لایانوابوو کە دیدگای چەپ جۆرێکە لە شۆڤێنیزم و وەلاخستن. هەروەها ئەو بۆچوونەیان ڕەتکردەوە کە تەنیا تورکیایەك هەیە، نە کوردستان و تەنیا چینێکی کرێکاری تورك هەیە نە کورد. ئەوان دەیانگوت ژێردەستەیی کوردستان و کورد، سەربازی و کولتووری و ئابوورییە و تەحەداکەش پەرەپێدانی نەك تەنیا مرۆڤایەتییەکی پۆست سەرمایەدارییە بەڵکو مرۆڤایەتییەکی پۆست کۆلۆنیالیزمیشە.
لەمەوە دوو نەتیجەگیریی دەتوانین بەدەست بهێــنین، یەکەمیان، "شۆڕشگێڕانی کوردستان" پابەند نەبوون بەو ئایدیا ئۆرتۆدۆکسە مارکسییە کە هەڵقوڵاوی "دیتەرمینیزمی ئابوورییە" یانی ئەوەی لە کتێبە مارکسییەکانی سۆڤییەت و دیدگا پۆستمۆدێرنەکانی ساڵانی شەستەکاندا هەبوو. ئۆجەلان لایوابوو ئەو دەوڵەتە سۆسیالیستیانەی فەرمانڕەوایی دەکەن، فۆرمێکە بۆ لە قاڵبدانی سۆشیالیزم و مرۆڤ تووشی ناموویی و چەوساندنەوە دەکەن. ئۆجەلان، فۆرمێکی تر لە سۆشیالیزمی نوێ پێشنیار دەکات کە لە سەر بناغەی فراوانبوونی دەوڵەت یان ئاشتەوایی نێوان دەوڵەت و بازاڕ بەرهەم نایەت بەڵکو لە ناو گۆڕانێکی کۆمەڵایەتی کە لە ژێرەوە سەرهەڵدەدات. هەر بۆیە ئۆجەلان یەکەم ڕەخنەی خۆی ئاراستەی سۆسیالیزمی فەرمی لە کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندی ساڵی ١٩٨٤ کرد و لەوێدا ووتی: "سۆشیالیزمی فەرمی هیچ پەیوەندییەکی بە سۆشیالیزمەوە نیــیە، دەبوایە ئەو دەوڵەتە لە ناوچوایە بەڵام لە جیاتی ئەوە زیاتر بەهێزتر بوو". ئۆجەلان هەمان ڕەخنەی لە ساڵی ١٩٩٩ دوبارە کردەوە و ئایدیای نوێشی خستە سەر.
دووەم نەتیجەگیریی، ئەوەبوو کە شكستی کردە پرۆسەیەکی فێربوون. مارکس لە "هەژاری فەلسەفە"دا دەڵێت: "لا خراپەکە ئەو بزووتنەوەیەت بۆ بەرهەم دەهێــنێت کە مێژوو دروست دەکات". بۆ دۆخی (پەکەکە)، لا خراپەکە شکستی چەپی شۆڕشگێڕی سەرەتای حەفتاکانی سەدەی پێشوو و ئاشبەتەڵەکەی بارزانی بوو لە ساڵی ١٩٧٥.
شکستی چەپی شۆڕشگێڕ لە تورکیا، کاریگەرییەکی قوڵی هەبوو لەسەر "شۆڕشگێڕانی کوردستان". ئۆجەلان هۆی شکستی ئەم چەپە دەگێڕێتەوە بۆ پەلاماردانی دەوڵەت لە کاتێکدا کە هێشـــتا لاواز بوون. بۆیە شۆڕشگێڕانی کوردستان بڕیاریان دا کە تا بەهێز نەبن نەچنە پەلاماری دەوڵەتەوە.
ڕیشە ئایدیۆلۆژییەکانی پەیامەکەی ئیمڕاڵی
(پەکەکە) هیچ کاتێك ڕێکخراوێکی مارکسی بە مانای کلاسیکی ووشەکە نەبووە، ئەگەرچی لە هەندێ نوسراوە سەرەتیاییەکانی ئۆجەلاندا خۆی وەك لینینیستێك پێناسە دەکات. (پەکەکە) لە ڕۆژی دروست بوونیەوە، واتە لە کۆتایی حەفتاکانی سەدەی پێشووەوە، بزووتنەوەیەك بووە بۆ ڕزگاریی نیشتیمانی! ئەمەش ناوەڕۆکی بوونی ئەو ڕیکخراوەیەیە، هەرچەند خەونی تری پێدا هەڵواسراوە زۆرجاریش خەونەکان لە بیرچوونەتەوە! لە ساڵی ١٩٧٨ (پەکەکە) ڕایگەیاند کە دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ، (تاکە ئامانجی) سیاسی دروستی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نیشتیمانییە.
بەڵام لە سەرەتای هەزارەی نوێـــدا، دوای ڕەخنە و خۆڕەخنەگرتن لە شێوگ و سروشتی چەمکی "ڕزگاریی نەتەوەیی" و "سۆسیالیزمی نەریتی سەدەی بیست"، (پەکەکە)، دەستی کرد بە هێــنانی پارەدایمێکی نوێ کە لە سەربەخۆیی و بنیاتنانی دەوڵەتدا خۆی نابیــنێتەوە. پەرەدایمی نوێ لەسەر بنەمای ئایدیــای خۆبەڕێوەبەری کۆمەڵگایەکی بێ دەوڵەت و لەوێشەوە چارەسەرکردنی نادادپەروەرییە کۆمەڵایەتی و ئابووری و کولتوورییەکان بەڕیوە دەچێت. لە "پارادایمی نوێ"ی پەکەکەدا، وەك ناوی لێنراوە، سەرچاوەی نادادپەروەری ئابووری و کولتوری کۆمەڵگە لە ڕووی مێژووییەوە، دەگەڕێنێــــتەوە بۆ پلەبەندییە جێندەرییەکانی کۆمەڵگە و هەروەهــا بوونی دەوڵەت! ئۆجەلان دەڵێت: "نایەکسانی و چەوســانەوە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان لەگەڵ سەرهەڵدانی پلەبەندییە ڕەگەزییەکان و بەســتنەوەی ژنان لەگەڵ کایەی ناوماڵ لە سەردەمی بەردینی نوێدا دەستیپێکردووە"، هەروەها دەڵێت: "ژنان 'یەکەمین کۆلۆنی' و 'کۆنترین فۆرمی کۆیلایەتی'ن کە پەیوەندی بە پرۆسەی پێکهێنانی دەوڵەتەوە هەیە. ئایدیای "دیموکراسی بێ دەوڵەت" و "یەکسانی جێندەری" وەك دوو ڕەهەندی سەرەکی ئەم گۆڕانە وەردەگیرێت. (ئۆجەلان- ٢٠١٣)
ئەوەی ئۆجەلان ناوی دەبات بە "کاریگەریی قورسی سیستەمی سۆسیالیزمی واقیعی"، دروســتە بەڵام لە گۆشەنیگایەکی پێچەوانەوە. (پەکەکە) ڕێکخراوێکی مارکسی و سۆشیالیستی نەبووە تا وازی لێبهێــنێت، ئەم ڕێکخراوەیە وەك دەســتەخوشکەکانی تری لە نموونەی کۆمەڵەی ڕەنجدەران، لە زەمینەیەکدا پێکهات، کە نەیدەتوانی و نەشیدەویست وەك ڕێکخراوێکی ڕزگاری نیشتیمانی لەو بەرگە بە ناو سۆسیالیستییە ڕزگاریی ببێت کە سەدەی بیستەمی لە قاڵب دابوو! ئەمەش لە چوارچێوەی شکستێکی گەروەتردا دەتوانرێت هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت کە لە شکستی سۆسیالیزمی دەوڵەتی وبزووتنەوەی ڕزگاری نیشتیمانیدا خۆی دەبینێـــتەوە.
ئۆجەلان لە زیندانەوە پەیامێکی بە بۆنەی ٣٠ ساڵەی دامەزراندنی (پەکەکە) ئاراستەی کۆنگرەی ١٠[١] بە مێژووی ٩ی سێپتێمبەری ساڵێ ٢٠٠٨ کرد، لەم بەڵگەنامەیەدا کە وەك ڕێنمایی سەرکردایەتی تۆمار کراون ئۆجەلان پوختەیەك لە شیکارییەکانی خۆی دەخاتە ڕوو، بێگوومان ئەو شیکاریانە دەبنە هێڵی شێوازبەند (ڕەسمی) حزب، بەو پێیەی بۆنوبەرامێکی ستراتیژییان هەیە و باس لە پلانی درێژخایەن دەکەن. ئەوەمان لە بیر نەچێت کە شیکارییەکان زیاتر سیاسی و پراکتیکین.
سەبارەت بە پەیوەندی کورد و ئەمریکا، ئۆجەلان پێیوایە کە:
"ئێستە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پرسی یەکڕیزی کورد و ئەمەریکا و ئیسرائیل لە لەسەر مێزە". "پێگەی ئەمریکا ڕوونە. ئێمە ناتوانین لەلایەن ئەمریکاوە کۆنترۆڵ بکرێین و ببیــنە ملکەچی سیاسەتەکانی. بەڵام ئەمە بە مانای شەڕ نایەت لەگەڵ ئەمریکا، دەتوانین پەیوەندییەك دروست بکەین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان".
ئۆجەلان هەموو پێشهاتەکان لە ڕوانگەی پەیوەندییەکانی حکومەت و میکانیزمەکانیەوە هەڵدەسەنگێنێت. لەم نێوەدا دۆزینەوەی چارەسەر بۆ پرسی کورد لە بنەڕەتدا دەبەســتێتەوە بە دۆزینەوەی هاوپەیمانێکی بەهێزی ناوچەیی واتە دەوڵەتێکی ناوچەیی. چونکە تاکە ئەکتەر لەم گۆڕەپانەدا حکومەتەکانن.
تێگەیشتنی ئۆجەلان بۆ ئیمپریالیزم لە شێوەی سێگۆشەییدا بنیات دەنرێتەوە. سێ لوتکەی ئەم سێگۆشەیە بریتین لە ئینگلتەرا و ئەمریکا و جووەکان"ئیسرائیل". بۆ ئۆجەلان، لۆژیکی سەرەکی بنچینەی ئەم سێگۆشەیە، دیزاینێکی ئاڵۆز و پێشوەخت پلان بۆ داڕێژراوە. ئۆجالان، بە بێ ئاگاداری یان بە مەبەستەوە، دەکەوێتە داوی تیۆری پیلانگێڕییەوە و هۆکاری ڕووداوەکانی ئەمڕۆ بە دەرئەنجامی پلاندانانێکی مێژوویی درێژخایەن و ڕەنگە چەندین سەدە لە لایەن ژمارەیەك ئێلیتەوە دەزانێت. ئەو پێیوایە دەسەڵاتی ڕاستینە لە دەستی ئەکتەرە سیاسییەکانی ئێستەدا نییە بەڵکو لە دەستی ئەو کەسانەوەن کە لە پشت پەردەوەن.
"ئێستا ئەمریکا - کە درێژەپێدەری سیاسەتی بەریتانیایە - لەناو ئاکەپە [پارتی داد و گەشەپێدان] کاریگەرە. ئەڵمانەکان وەک گروپێك لەناو جەهەپەدا خۆیان نیشان دەدەن [پارتی گەلی کۆماری]... ئەگەرچی ئەڵمانەکان ئەوەندە بەهێز نین. ئەمە سەربەخۆیی نییە. تورکبوونی سەرمایەدار و بیرۆکراتە مامناوەندەکان، سەربەخۆیی نییە. کێ بەرپرسە، کێ حاکمە؟ تورکیا سەربەخۆ نییــــە. "ئێستا ناتوانین دەستەواژەی سەربەخۆ بۆ هیچ کام لە حکومەتەکانی جیهان بەکاربهێنین."
سەبارەت بە دەسەڵاتی بەریتانیا، باوەڕی بە "سیاسەتی بەریتانیا" هەیە و سەبارەت بە ئەمریکا، باوەڕی بە "پلانی ئەمریکی" هەیە، ئەو دەربڕینانە چەندین جار دووبارە دەکاتەوە. ئۆجەلان باوەڕی بە زلهێزێکی جیهانیش هەیە، ئەویش "بەریتانییەکان"ن، کە بە شێوەیەکی کردەیی زۆرێك لە ڕووداوەکانی مێژوویان نەخشاندووە.
"ئینگلیزەکان هەموو جۆرە دەستنیشانکردنێکیان سەبارەت بە کۆمەڵگا بە باشی کردووە و لەسەر ئەو بنەمایەش کۆمەڵگاکانیان ئاراستە کردووە." گەلان چۆن تێوەگلاون، دەکرێ بخرێنە ناو چ دۆخێکەوە، چۆن ئاشتی بەدی دێت، چۆن ڕزگاریان دەبێت؟ ئەوان هەر جۆرە هەڵسەنگاندنێکی کۆمەڵایەتی بە باش دەزانن و هەموو جۆرە ڕێنمایییەكیش پێشکەش دەکەن.
ئۆجەلان تێڕوانینێکی توندی هەیە بۆ ڕۆڵی جوو لە بەڕێوەبردنی جیهاندا "کاریگەری جووەکان لەسەر دەسەڵات لە ئەنادۆڵ دە هێندە زیاترە تا ئیسرائیل". ئۆجەلان لایوایە شوێنەواری جووەکان لە پشت هەموو بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی نەتەوەپەرستەوە (چ ناسیونالیزمی تورکی بێت یان کورد) دەدۆزرێتەوە، تەنانەت پێیوایە کە ئەندازیاری سەرەکی فاشیزمی ئەڵمانی جووەکان خۆیان بوون!. لە ڕوانگەی ئەوەوە، بەڕێوەبردنی جیهانی سەرمایەی دارایی لە دەستی ئەواندایە، و بەو ئەنجامە دەگات کە سەرهەڵدانی "هیتلەر" کاری خودی جووەکان خۆیــــانە!
"لە ماوەی ٤٠٠ ساڵی ڕابردوودا پارە تا هاتووە گرنگتر بووە. جووەکان بە نانەوەی ئاشووب و هاندانی خەڵك لە دژی یەکتری توانیوویـــانە جیهان کۆنتڕۆڵ بکەن. سەرەتا ئەم ئایدۆلۆژیایەیان لە ئەڵمانیادا چاند. واتە هیتلەریش دەسکردی جووەکان بووە؛ پەیوەندی خوێن و باوباپیرانیان دروست کرد؛ هیتلەر کاری ئەوانە. هەروەها جووەکان پێشەنگی یەکەمین بزووتنەوەی تورکن لە مێژوودا و ئەوە ئەوانن کە یەکەمین ناسیونالیزمی تورکییــان دروست کرد. هەروەها لەگەڵ کوردیشدا مامەڵەیان هەیە. هەروەك زانراوە، ١٥٠ ساڵ لەمەوبەر پەیوەندیان لەگەڵ بنەماڵەی بارزانی دامەزراندووە. ئەوان پێیانوایە پارە دەتوانێت هەموو شتێك بکات. هەروەها سەرمایەی جیهانیشیان گرتووەتە دەست. بەبێ تێگەیشتن لە هەموو ئەمانە ناتوانین کێشەکە چارەسەر بکەین و لە ڕووداوەکانی تورکیا تێبگەین."
ئۆجەلان، ڕەگ و ڕیشەی کێشەی کورد دەگەڕێنێتەوە بۆ جووەکان، ئەو لایوایە: "ڕەگ و ڕیشەی سیاسەتی کوردی لەلایەن جووەکانەوە لە بیستەکانی سەدەی ڕابردوودا لە قاهیرە، پلانی بۆ دانرابوو". دەشڵێت "لەم کۆنفرانسەدا زۆر لێزانانە ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی کە پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەرگیز نابێت چارەسەر بکرێت".
ئەبێ لەوە ئاگادار بین کە تێڕوانینی ئۆجەلان بۆ "ڕۆڵی جوو" لە دنیـــا و ناوچەکە، بۆنی ئەنتی سێمتیزمی لێدێت!
لە هەلومەرجێکدا کە دەسەڵات لەلایەن سێ هێزی بەریتانی و ئەمریکی و ئیسرائیل لە ناوچەکەدا کۆنترۆڵکراوە، ئۆجەلان ڕێگای بەرەنگاربوونەوە لە "دیموکراسی"دا دەبینێت: "لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لە نێوان ئەو هەموو کێشانەدا، مرۆڤ چۆن دەتوانێت بەرەنگاری ئەمریکا ببێتەوە؟ مەگەر بە دیموکراسی بەرەنگاری ببینەوە. "پێویستە کولتوری دیموکراسی بڵاوبکرێتەوە".
"ئەمانە هەمووی یارییەکانی ئەمریکان". ئەمریکا هەوڵ دەدات ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆنترۆڵ بکات. هەرگیز دۆستایەتی تورکیا ناکات. ئەگەر تورکیا و ئەمریکا بەڕاستی دۆست بن، لەلایەکی ترەوە ئێران و ڕووسیا و دەیان پەیوەندی تریش هەن و ئەم بلۆکە ڕاستەوخۆ پاڵپشتی (پەکەکە) دەکەن. لەم دۆخەدا تورکیا هەر دۆڕاو دەبێت. ئێستا ئەمریکا لەناوچوونی (پەکەکە)ی ناوێت. پێگە و بوونی ئێستایان پەیوەستە بە بوونی (پەکەکە)وە. "هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نایانەوێت (پەکەکە) لەدەست بدەن".
بۆ ئۆجەلان مەسەلەکە شەڕ کردن نیــیە لەگەڵ تەماحە ئیمپریالیستییەکان لە ناوچەکەدا، بەڵکو تێگەیشتنی ڕاستینەیە لە ڕیەڵپۆلیتیك و هاوپەیمانییە لەگەڵ زلهێزەکان بۆ چەسپاندنی هێزی (پەکەکە). جا ئەم هێزە ئەمریکا بێت یان کۆماری ئیسلامی، زۆر بۆ ئۆجەلان گرنگ نیــیە. گرنگ ئەوەیە کێ لە کورتخایەندا پاڵپشتی ئەم حزبە سیاسییە دەکات.
"دەسەڵاتی ئێران لە ناوچەکەدا تا دێت زیاتر دەبێت. ئەگەر پرسی چەکی ئەتۆمییەکەی چارەسەر بکرێت، ئەوا بێگوومان ئێران دەبێتە گرنگترین هێزی ناوچەکە. ئەگەر ڕێککەوتنی کورد لەگەڵ ئێرانێکی لەو جۆرە ببێتە واقیع، (پەکەکە)ش مەرجەکان لەبەرچاو دەگرێت و دەچێتە پاڵیانەوە....من بۆ ماوەی ١٥ ساڵ پەیوەندیم لەگەڵ ئێران هەبووە. "من ئێران باش دەناسم".
دەکرێت بۆچوونەکانی ئۆجالان سەبارەت بە زلهێزە جیهانییەکان لە ناوچەکەدا بەم شێوەیە کورت بکرێتەوە: زلهێزە گەورە جیهانییەکان، لە سێ میحوەر پێکدێن: بەریتانیا، ئەمریکا و جووەکان "ئیسرائیل". بەشێك لەو هێزانە چەندین سەدەیە لە پیلانگێڕی و ئیستغلالکردنی ناوچەکەیان لە دەســتە (وەك جووەکان). لە پلاندانانی درێژخایەنی ئەو هێزانەدا، نەخشەی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕدرێت. کورد دەبێــتە میحوەری سەرەکی ئەم گۆڕانکارییە پلان بۆ داڕێژراوەی ئەم هێزانە. بەپێی دۆخەکە، پێویستە هێزە کوردییەکان (بەتایبەت پەکەکە) هاوپەیمانییەکی ستراتیژی لەگەڵ ئەمریکا و بریکارە ناوچەییەکانی وەك هێزە شیعەکان (کۆماری ئیسلامی ئێران) و هێزە عەرەبییەکان پێکبهێنێت. چونکە پرسی مانەوە یان لەناوچوونی نەتەوەی کورد پرسێکی درێژخایەنە. ناکرێت متمانە بە ئەمریکا بکرێت، بەڵام بۆ چەسپاندنی دەسەڵاتی سیاسی دەتوانرێت حساب بۆ پشتیوانییەکەی بکرێت.
"پرسی هاوکاری ستراتیجی یان تاکتیکی لەگەڵ ئەمریکا ڕەنگە دەستت بخاتە ناو دەستی هێزە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکە" . وەك خودی ئۆجالان بە ڕوونی باسی دەکات، تەنانەت ئەگەری هەیە و (پێویستە) هاوکاری ڕژێمێکی سەرکوتگەر و فاشی و دژە کورد، وەك کۆماری ئیسلامی ئێران بکرێت. بێگومان ئەم هاوکارییە تەنیا بیانوویەك دەبێت بۆ چەسپاندنی دەسەڵاتی سیاسی (پەکەکە) لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێراندا. ئەمەش ڕاستییەکی تێدایە بە تایبەتی ئەگەر ڕووداوی پێشبینینەکراو بۆ ڕێژیمی ئێران ڕووبدات، وەك ڕاپەڕینی سەرتاسەری یان شەڕی ناوچەیی.
پوختەی نامەکەی ئۆجەلان بۆ کۆنگرە لە زاری خۆیەوە:
"ئێمە پابەندین بە پرەنسیپەکانی کۆمارەوە(کۆماری تورکیا)، ئێمە کۆمار ڕەت ناکەینەوە. ئێمە دەڵێین با ئەم کۆمارە دیموکراتیزە بکەین. کۆمار پێویستی بە دیموکراسیکردن هەیە. ئەگەرنا دەوڵەت مایەپووچ دەبێت”.[٢].
لەودیو ئەنـــــادۆڵ چ باسە؟
جەدەل لەسەر "دەســتپێشخەری کوردەکان" وەك خۆیان ناوی دەبەن، لە تورکیا گەرمە، بە پێی مێدیای تورکی، ئەم کەیسە بووەتە سەرەکیترین ئەجێندای هێز و کەســایەتییە ســیاسییەکانی ناو تورکیا. لەم دۆخەدا هیچ لەوە ئاسانتر نیــیە کە دەوڵەت رایگەیەنێت کە دەســتی کردووە بە پرۆسەیەكی نوێ بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ پرسێکی کۆن!
ئەردۆگان دەڵێت: "وەختی زۆرمان بەدەســتەوە نیــیە، پێویســتە ئەم مەسەلەیە تا کۆتایی ســاڵ چارەسەر بکەین". ڕەنگە دەسەڵاتدارانی تورکیا پلانێکیـــان هەبێت بۆ پراکتیزەکردنی کارەکان بەڵام لە گشتدا زۆر شت ڕۆشن نیــیە. پرۆئەردۆغانی و پرۆکەمالییەکان بەم شێوەیە سەیری چارەسەر دەکەن: گێڕانەوەی ناوە کوردییەکان بۆ شارو شارۆچکە کوردییەکان، کردنەوەی قوتابخانە بە زمانی کوردی، زیادکردنی دەسەڵات و سەربەخۆیی شارەوانییە کوردییەکان و لە کۆتاییدا گۆڕانکاریی لە پەیوەند بە پێناسەی هاووڵاتییبوون لە دەستوری وڵاتدا، بەڵام ئایا دەوڵەت دەچێــتە پای جێبەجێ کردنی ئەم لانی کەمی داوایەنە، هێشتا دیار نیــیە.
ڕاســتییەك هەیە دەبێت بووترێت، ئەوەی کە "ئاشــتی" لا مەبەســتە، زیاتر دەسەڵاتدارانی تورکیایە تا (پەکەکە). ئەوان زۆر زووتر پێش پەیامەکەی ئیمراڵی لە هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەرێکن بۆ ئەم کێشەیە، پرسیاری ئەوەی کە بۆچی حکومەت سەرەڕای مەترسییە سیاسییەکانی ئەم هەنگاوە، دەست دەبات بۆ هەنگاوێکی لەو جۆرە، پرسیارێکی سادە و بەجێیە. ڕۆشـــنە حکومەتێکی سەرکوتگەر و فاشیستی وەك تورکیا، لە خۆشەویستی بۆ دیموکراسی ئەم کارە ئەنجام نادات، یان ئەوەی لای گرنگ بێت کە "خوێنڕشتنی نێوان براکان" بوەستێنێت! یان لەبەر ئەوەی بەڕاستی دەیەوێت کۆتایی بە ئازارەکانی گەلی ستەملێکراوی کورد بهێنێت، نا ئەم هۆکارانە نیــن. بە شێوەیەکی گشتی حکومەت کەوتۆتە ژێر فشار و داواکارییەکانی سەرمایەدارانی تورکەوە. بوونی هێز و بزووتنەوەیەکی چەکداریی بەهێز و خاوەن پشتیوانییەکی جەماوەری گەورەی وەك (پەکەکە)، بەربەستێکی جیددی بۆ تورکیا و ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا پێکدەهێنێت.
گەشەی ســیاسی و جەماوەری و سەربازی (پەکەکە) لە هەشتاکاندا هاوکات بوو لەگەڵ گەشە و پەلهاویشتنی سەرمایەداری تورکی. لە ناو چینی دەسەڵاتدارانی تورکیا، کێشمکێش و جیاوازییەکان لەبەرامبەر رووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ پرسی کورد سەرهەڵدەدات، بۆ چینی حاکمی تورکیا، جۆرێك ئەستەم بوو بۆی شۆڕشی چەکداریی نوێ وەك یاخیبوونە کۆنەکان سەرکوت بکات چونکە هێزەکەی گەورەتر بوو، بۆیە هەر لە ناو چینی بۆرژوازی دەسەڵاتدارەوە، مەیلێك پەیدا بوو کە پێیوابوو پرسی کورد بە سەرکوتی وەحشــیانە و ئینکارکردن و جەنگ تەواو نابێت، بۆیە دەبێــت بە جۆرێك لە جۆرەکان چارەسەر بکرێت لەگەڵ نواندنی کەمێك نەرمی و "تنازلات"! ئەرگومێنتی ئەمانە وەك ووتم خۆشەویستییان نییە بۆ دیموکراسی و پێکەوەژیانی یەکسانانە بەڵکو پرسی کورد و بوونی (پەکەکە) ڕێگرێکی گەورە بوو لەبەردەم گەشەی سەرمایەداری تورکی و بوونی تورکیا بوو بە هێزێکی هەژموونکەری ئیقلیمی لە خۆرهەڵاتی ناوەراستدا!. بەڵام ئەم ڕەوتە "میانڕەوە" هەمیشە لەگەڵ ڕەوتی نەریتی دەسەلاتدرانی تورکیا کە ڕەوتێکی کۆنەپارێز و پیاوانی دەوڵەت بوون و تەواوی دەزگاکانی سەرکوت و مێدیایان لەبەردەستدایە لە کێشمەکێشدا بوون و هەموو ئەو هەوڵانەی لە سەرەتای هەشتاکانەوە و ووردتر لەسەردەمی تۆرگۆت ئۆزالەوە بۆ چارەسەری ئەم پرسە بەڕێوەچوو لە بار بران.
ململانێکانی ناو چینی دەسەڵاتدار لە تورکیـــا تەنیا لەسەر پرسی کورد نیــیە. بەڵکو لە ئێســتادا تورکیا دەرگیری قەیرانێکی ئابووری بووەتەوە و لە تەواوی پرۆژە ئابووری و ســیاسییە نوێــیەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا وەلانراوە. تەنـــانەت بە پێی داتاکان سەرمایە خەریکە ڕادەکاتە دەرەوەی تورکیا. هەموو ئەم بابەتانە بابەتی کێشمەکێشن لە ناو چینی سەرمایەداریی تورکیدا. بەڵام گرنگترین و بەپەلەترین پرس لەم ململانێـــیەدا، پرسی کوردە.
ئەم جارەش وەك جارانی پێشوو، تەواوی پرۆسەکە لەژێر هەڕەشەدایە، هێرشەکانی سوپای تورکیا و بۆردوومانەکانی هەر بەردەوامە، دیسکۆرسی دەوڵەت وەك خۆی تیژ و هەڕەشە ئامێزە، ئەمە نیشانەی سەختی و قورسی پرۆسەی ئاشتی دەردەخەن.
ڕەخنە لە تێزی کۆمۆناڵیزمەکەی ئۆجەلان-بۆکچین!
کۆمۆنالیزم؛ قوتابخانەیەکی فیکریی یان ڕەوتێکی سیاسی دیار نیــیە، بەڵام بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئەلتەرنایڤێکە بۆ سۆسیالیزمی مارکس! کۆمۆناڵیستەکان، لایانوایە مارکسیزم سیستەمێکی ئایدیۆلۆژی و دۆگما و بێکاریگەرە. تێزی کۆمۆناڵیزم زۆرتر دەگەڕێــتەوە بۆ بیرمەند مۆرای بۆکچین، ئەنارشیتی ئەمریکی.
ئۆجالان لە ساڵی ١٩٩٩ زیندانی کرا، تا ئەو کاتە هێشتا ئاشنای تیۆرییەکانی بووکچین نەبووبوو. زیندان دەرفەتێکی باش بوو بۆ پێداچوونەوە و خوێندنەوەی فەلسەفە و سیاسەت. لە ماوەی ٢٤ ساڵی زیندانی تاکەکەسیدا، ئۆجەلان دەکەوێتە ڕەخنە لە مارکسیزم و دەگاتە ئەو باوەڕەی کە تیۆرییە شۆڕشگێڕییەکانی مارکسیزم ناتوانێت وەڵامدەرەوەی کێشەکانی ئێستا بێت. پێش ئەوەی کتێبەکانی ئیکۆلۆژی ئازادی و شارنشینی دژی شارەکان لە نووسینی بووکچین بخوێنێتەوە، لە ساڵی ١٩٩٩ لە کاتی دادگاییکردنێکدا بە لێکۆڵەرەکەی گوتبوو کە حکومەتە تاكزمان و تاککولتوور و تاکنەتەوەییەکان مەحکومن بە هەڵوەشاندنەوە و لەناوچوون. ئەمە سەرەتای لکانی ئۆجەلان بوو بە بۆکچین و سەرەتای دەستپێکردنی پەرەدایمی دووەمی (پەکەکە)یە لە وازهێــنان لە "ڕزگاری نیشتیمانی" و خەباتکردن بۆ کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی. با بزانین بۆکچین کە تیۆرناسی سەرەکی چەمکی کۆمۆناڵیزم و ئۆجەلان وەك خوێندکارێکی ئەو چۆن لەسەر مارکسیزم و خەباتی چینایەتی و تێڕوانینی مێژوویی دەدوێن.
تێزەکانی بووکچین لەسەر مارکسیزم بە ڕوونی لە نامیلکەی "گوێ بگرە مارکسیست!"(١٩٦٩) و وتارەکەی "مانیفێستی کۆمۆنیست- تێڕوانین و کێشەکان" (١٩٩٨) هاتووە.
لە نامیلکەی "گوێ بگرە ئەی مارکسیست" هاتووە:
[... من لە هەموو کاتێك زیاتر قەناعەتم بەوە هەیە کە سەرمایەداری بە هەموو پێشکەوتنە تەکنەلۆژییەکانیەوە نەك هەنگاوێك بەرەو ئازادی نەڕۆیشتووە، بەڵکو شکستێکی گەورە بووە لە گەیشتن بە ئازادی. من زۆر بێ ئومێد بووم لە شارستانیەت، بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە کە من پریمیتیڤم؛ من هەرگیز وا نەبووم. لە کتێبی "ئیکۆلۆژی ئازادی"دا، ڕەخنەکانم لە شارستانیەت و کۆمەڵگەی پیشەسازی زۆرن. لەوێ هێرشی توندم کردۆتە سەر لێدوانەکانی مارکس؛ "چونکە شارستانیەت و کۆمەڵگەی پیشەسازی بە بەشێکی حەتمی لە پێشکەوتنی مرۆڤ و سەرکەوتنی بەسەر سروشتدا دەزانی].
بۆکچین لایوایە کە "مارکسیزم بۆ قۆناغی ئێستا ناگونجێت؛ نەك لەبەر ئەوەی زۆر مارکسیزم زۆر نەوازە و شۆڕشگێڕانەیە، بەڵکو لەبەر ئەوەی کە شۆڕشگێڕانە و نەوازە نییە...". "هەموو زبڵ و خاشاکەکانی کۆنی ساڵانی ١٩٣٠ دەگەڕێتەوە: بێمانای وەك "هاوپشتی چینایەتی". "ڕۆڵی چینی کرێکار"، "کادیرە چاوکراوەکان"، "حزبی پێشەنگ" و "دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا". هەموو ئەمانە بە فۆرمێکی پووچەڵتر لە جاران گەڕاونەتەوە...". "بە پێچەوانەی چاوەڕوانییەکانی مارکسەوە، چینی کرێکار لە ڕووی ژمارەییەوە بەرەو دابەزین دەچن و بە شێوەیەکی بەردەوام ناسنامەی نەریتی خۆیان وەك چینێك لەدەست دەدەن... کولتوری ڕۆژگار و... شێوازی بەرهەمهێنان، پرۆلیتاریایان گۆڕیوە بۆ چینێکی گەورەی بۆرژوازی بچووك... ئامرازە ئۆتۆماتیکیەکانی بەرهەمهێنان وردە وردە جێگەی پرۆلیتاریا دەگرێتەوە... دژایەتییە چینایەتییەکان ئێستا جێگەی خۆیان بە جیاکارییە پلەبەندییەکان دەبەخشن کە ڕەگیان لە ئیتنیك، ڕەگەز ئاراستەی سێکسی و بە تایبەتی پەیوەندییە نیشتمانی و ناوچەییەکان" دەبینێتەوە. "ئەگەر ڕاست بێت شۆڕشی کۆمەڵایەتی بەبێ پشتیوانی چالاك یان پاسیڤی کرێکاران سەرکەوتوو نابێت، هەڵە نییە بڵێین بەبێ پشتیوانی چالاك یان پاسیڤی جووتیاران و تەکنیکاران و ئەکادیمییەکان سەرکەوتوو نابێت". مارکسیزم مرد؛ چونکە ڕەگ و ڕیشەکەی دەگەڕێتەوە بۆ لە سەردەمی کەمی"کەمی ماددی"... ئێمە ئێستا لە کۆمەڵگایەکدا دەژین کە زۆر پێش "سەردەمی کەمی" کەوتووە، ئەمەش دەرفەتێکی درەوشاوەی بۆ ڕەخساندووین. هەموو دامەزراوە کۆمەڵایەتییە دامەزراوەییەکان – وەك حوکمڕانی چینایەتی، هەژموون و دەسەڵات، پیاوسالاری، بیرۆکراسی، شار و دەوڵەت – بەسەرچووە. ئەمڕۆ "لامەرکەزییەت" خوازراوە؛ "نەك تەنها وەك ئامرازێك بۆ گەڕاندنەوەی کۆمەڵگا بۆ توانای مرۆیی خۆی، بەڵکو بۆ گەڕاندنەوەی ژینگەیەکی شایستە، بۆ پاراستنی ژیان لە پیسبوونی ژینگەیی تێکدەر و خورانی خاك، بۆ پاراستنی هەوای هەناسەدان، و پاراستنی هاوسەنگی سروشت".
تونسێر باکرهان هاوسەرۆکی پارتی دیموکراسی گەلان (هەدەپە) لە چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ ڕوشێن کاکر دەڵیت: ئۆجەلان لە دوایین دیداریدا لەگەڵ هۆمەر ئۆجەلانی کوڕەزایدا وتوویەتی: مارکس دەیوست بنووسێت، بەڵام نەیتوانی، من ئێستا بە جددی سەرنجم لەسەر ئەم بابەتەیە، باوەڕم وایە دوایین کتێب دەنووسم کە مارکس ویستوویەتی بینووسێت"!
ئۆجەلان لە کتێبی "ڕزگارکردنی ژیان"دا دەنووسێت کە ئەو خەباتێك دەخوازێت کە "فۆرماسیۆنی سیاسی تر بە ئامانجی گەیشتن بە کۆمەڵگایەك کە دیموکراسی بێت، یەکسانی نێوان ژن و پیاوی تێدا بێت، دۆستی ژینگە بێت و دەوڵەت توخمە سەرەکییەکەی نەبێت".
دەوڵەت لای ئۆجەلان بریتییە لە دەزگایەك بۆ سەرکوتی ئازادی و دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ، بۆیە ئۆجەلان دروست کردنی دەوڵەتی وەك ئامانجێك لە ئامانجەکانی ڕزگاربوون خستەلاوە و مۆدێلێکی نوێی پێشنیار کرد.
"خەڵك خۆیــان دەبێ ڕاستەوخۆ بەشدار بن لە پرۆسەی بڕیاردان لە کۆمەڵگادا. ئەم پڕۆژەیە پشت بە خۆبەڕێوەبەریی پێکهاتە ناوخۆییەکان دەبەستێت و لە شێوەی ئەنجوومەنی کراوە و ئەنجومەنی شارۆچکە و پەرلەمانی ناوخۆیی و کۆنگرەی گەورەتردا ڕێکدەخرێت. هاووڵاتیان خۆیان ئەم جۆرە خۆبەڕێوەبەرییەن نەك دامەزراوەی دەوڵەتی. بنەمای خۆسەری دیموکراتی هیچ سنوورێکی نییە. تەنانەت دەتوانرێت لە دەرەوەی سنوورەکانیشەوە بەردەوام بێت بۆ ئەوەی پێکهاتەی دیموکراسی فرەنەتەوەیی دروست بکرێت. کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیك پلەبەندییە ئاسۆییەکانی پێباشترە کە تێیدا پرۆسەی بڕیاردان لەناو کۆمەڵگە ناوخۆییەکاندا ڕوودەدات، لەوێدا چوارچێوەیەك دابین دەبێت کە لەم چوارچێوەیدا کەمینەکان، پێکهاتە ئایینییەکان، گروپە کولتوورییەکان، گروپە ئیتنیکییەکان و گروپە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە، دەتوانن خۆیان بە شێوەیەکی سەربەخۆ ڕێکبخەن".
ئۆجەلان، بە شوێنکەوتنی بۆکچین، زاراوەگەلی وەك "ئۆتۆنۆمی دیموکراسی" بەکاردەهێــنێت، کە ئاماژەیە بۆ بەرپرسیارێتی بڕیاردانی خەڵك خۆیان. "کۆنفیدرالیزمی دیموکراسی"یش، ئەو زەمینە پەیوەندیدارەیە کە ئەمە تێیـدا ڕوودەدات. ئەمە ئۆتۆنۆمی یان کۆنفیدرالیزم نییە، کە بتوانرێت کورت بکرێتەوە بۆ هەڵبژاردنی نێوان تاککەگاریی یان کۆیاتی، بەڵکو تێگەیشتنێکی پەیوەندیدارە بەو شتەی ناودەبرێت کە لە نێوان مرۆڤەکاندا هەیە، داننانە بە مرۆڤەکان وەك بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتی.
بووکچین بنەمای کۆنفیدراڵیزم پێشنیار دەکات کە لە تۆڕێك لە ئەنجوومەنی دیموکراسی لۆکاڵی پێکدێت، وەك بنەمایەکی ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی کە ئامانجی "دیموکراسیکردنی وابەستەیی یەکترە بەبێ تەسلیمکردنی بنەمای کۆنترۆڵی لۆکاڵی"؛ بەم پێیە دامەزراندنی "ئەنجومەنی جەماوەریی دیموکراسی ڕاستەوخۆ لە ئاستی شارەوانی، شارۆچکە و گەڕەکەکاندا" لە فۆڕمی کۆنفیدراڵی خۆیاندا دەبێتە بەدیلێك بۆ دەوڵەتی نەتەوەیی. [کتێبی سەرهەڵدانی شارنشینی و دابەزینی هاووڵاتیبوون-١٩٨٦].
کتێــبەکەی بۆکچین، مێژووی خۆبەڕێوەبردنی مەدەنی و دیموکراسی ڕاستەوخۆ و کۆنفیدرالیزم لە نەریتی دیموکراسی ڕۆژئاوادا دەگێڕێتەوە، کە لە یۆنانێکی کۆنەوە دەستپێدەکات و بە سەدەی ناوەڕاستی ئەوروپادا تێدەپەڕێت و دەگاتە دامەزراوە جەماوەریەکان لە چەندین شۆڕشدا، بەتایبەتی ئەمریکی و فەرەنسی. کتێبەکە ڕوونکردنەوەیەکی درێژە بۆ "شارەوانی ئازاد"، کە ئەو ناوەیە کە بووکچین بە پڕۆژە سیاسییەکەی دایناوە. شارەوانی ئازاد، سیاسەتێکە هەوڵدەدات کایەی سیاسی یان مەدەنی لۆکاڵی زیندوو دروست بکاتەوە ئەمەش بە مەبەستی پێکهێنانی ئەنجومەنە جەماوەرییە ڕاستەوخۆ-دیموکراسییەکان کە لە ئاستی شارەوانی و شارۆچکە و گەڕەکەکاندا دادەمەزرێت. لە ناوچە گەورەکاندا ئەم ئەنجوومەنانە یەکدەگرن و لەگەڵ زیادبوونی هێزیاندا، تەحەدای دەوڵەتی نەتەوەیی دەکەنەوە. بۆکچین لەسەر ئابووری، تێزی "ئابووری گشتی" لە جیاتی تێزی ئابووری کۆمۆناڵی یان هەرەوەزی مارکسی، بەکار دەهێنێت، وەك ڕێگەیەك بۆ دژایەتیکردنی سیستەمی سەرمایەداریی ئێستا و خاوەندارێتی کۆمپانیاکان.
بۆکچین لە تۆمەتەکانی خۆی لە دژی مارکسیزم تا ئەو ڕادەیە دەڕوات کە بە "تیۆرێکی کۆمەڵناسی بۆرژوازی" دەزانێت. لای ئۆجەلانیش، مارکسیزم لقێکە لە سەرمایەداری. یەکێتی سۆڤیەت و فاشیزمی هیتلەر، وەك دوو ڕژێمی تۆتالیتاری شەرمەزارکەر، هەردووکیان دوو دیوی یەك دراون. هەروەها ئۆجەلان لایوایە مارکسیزم بەشداری لە گەشەسەندنی سەرمایەداریدا کردووە.
زۆربەی تێزەکانی ئیمرالی، تێزگەلێکی تازە نین. ئۆجەلان لێدوانە دژە مارکسیستییەکان دەڵێتەوە و بە فۆرمێکی نوێ دەریاندەبڕێت. ڕەخنەکردنی ئەو تێزانە مانای ڕەسەنایەتی تێزەکان نایەن، چونکە تێزەکانی ئیمراڵی، پڕۆژەیەکی بێ زیان و قبوڵکراوون بۆ کەپــیتاڵیزم.
دەبێت خاڵێك سەرنجمان ڕاکێشێت. ئۆجەلان لەژێر کاریگەری ئەنارشیستەکاندایە. هەڵەی پرۆدۆن و باکونین دووبارە دەکاتەوە. دەوڵەت بە چەمکە فەلسەفییە ئەخلاقییەکانی وەك "چاکە" و "خراپە" شیکاری ناکرێ. دەوڵەت فۆرمێکی لاستیکیــیە و لەگەڵ گۆڕانی فۆرمی موڵکایەتی تایبەتدا، ئەویش دەگۆڕدرێت. فۆرمی دەوڵەتێکی وەك تورکیا لەگەڵ سوید دوو فۆرمی جیاوازن ئەگەرچی هەردووکیان پارێزگاریی لە موڵکایەتی تایبەت دەکەن.
بەڵام گرنگترین ڕەخنەکانی بۆکچین لە مارکسیزم بریتی بوون لە: ناتەواوی "ماتریالیزمی مێژوویی" لە تەفسیری گەشەی سەرمایەداریدا؛ بێتوانایی مارکس لە شیکردنەوەی گواستنەوە بۆ سەرمایەداری؛ هەڵسەنگاندنی "دیترمینیستانەی" مارکس بۆ گەشەی سەرمایەداری؛ پێزانینی مارکس بۆ سەرمایەداری بۆ ئەو ڕۆڵەی کە لە پێشخستنی کۆمەڵگا بەرەو ئازادی و پێشکەوتن و مۆدێرنیتە گێڕاوە و بەرگری مارکس لە هەژموونی مرۆڤ بەسەر سروشتدا. جگە لەوەش، بۆکچین لایوایە کە مارکسیزم و خەبات و ململانێی چینایەتی هی سەردەمی "کەمی"ن و لە سەردەمی ئێستای "زۆری"دا بێمانا بوون. بە بڕوای بۆکچین، چینی کرێکار چیتر ئاڵاهەڵگری شۆڕش نییە؛ شۆڕش پێویستی بە بەشداریی هەموو توێژ و چینەکانی خەڵك هەیە - بەبێ گوێدانە پێگە چینایەتییەکەیان - بەتایبەتی گەنجان و سەربازان.
بۆکچین، ئەو شتە دەگەڕێنێتەوە بۆ مارکس کە بە "تێگەیشتنی دیترمینیستی" ناسراوە، بەڵام مارکس بە هیچ شێوەیەك خاوەنی ئەم تێزە نیــیە، مارکس لایوایە کە سەرچاوەی ئەم تێگەیشتنە، "ئیسکاتۆلۆژیای مەسیحییە- زانستی ژیانی دوایی"! بەڵکو هەڵگرانی ئەم تێڕوانیــنە، کاوتسکی، هیلفێردینگ، بێرنشتاین و سەرکردەکانی دیکەی ئینتەرناشناڵی دووەمن کە ڕۆڵێکی بەرچاویان هەبوو لە پەرەدان بە تێگەیشتنی دیتەرمینیستی لە مێژوودا. بەپێی تێگەیشتنی میکانیکی ئەوان، گواستنەوە بۆ سۆسیالیزم "حەتمی" یە. ئەوان لایانوابوو کۆمەڵگا یاسایەکی توند پەیڕەو دەکات کە کارکردی گەشەسەندنی هێزە بەرهەمهێنەرەکانە. بەپێی ئەم بۆچوونە، هەموو کۆمەڵگایەك زوو یان درەنگ بە فۆرماسیۆنی (کۆیلایەتی، فیۆدالیزم، سەرمایەداری، سۆسیالیزم، کۆمۆنیزم)دا تێدەپەڕێت.! ئەم تێگەیشتنە دێترمینیستییە لە سەردەمی ستالیندا بە شێوەیەکی بەرفراوان بڵاوبووەوە. دیتەرمینیستەکان لەو باوەڕەدان کە گواستنەوە لە پێکهاتە کۆمەڵایەتی-ئابوورییە جیاواز و یەك لە دوای یەکەکانەوە حەتمییە. لە ڕوانگەی ئەوانەوە گۆڕانکاری لە پەیوەندییەکانی بەرهەمهێناندا تەنانەت بەبێ پراکسیس و خەباتی هۆشیارانە و شۆڕشگێڕانەش مومکینە. وەك ئەوە وایە مێژوو ئامێرێك بێت کە بەرەو ڕێگایەکی پێشوەختە دیاریکراو بڕوات، مرۆڤیش لەوێدا سەرنشینێکی پاسیڤ و بێ ئیرادەیە! مارکس جەخت لەوە دەکاتەوە کە بناغەی ڕاستەقینەی کۆمەڵگا بریتییە لە پێکهاتەی ئابووری، یان وردتر بڵێین پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان؛ کە هاوتایە لەگەڵ پلەیەکی دیاریکراوی گەشەسەندنی هێزە بەرهەمهێنەرەکان. لەسەر بناغەی ئەم پەیوەندییە بەرهەمهێنانانە، سەرخانێکی یاسایی و سیاسی کۆمەڵگا دروست دەبێت کە هاوتایە لەگەڵ فۆرمەکانی هۆشیاری کۆمەڵایەتیدا.
مارکس هیچ کاتێك "گەشەی هێزە بەرهەمهێنەرەکان" وەك تاکە فاکتەر یان "فاکتەری دیاریکەر" یان "بزوێنەری مێژوو" ناناسێنێت! هیچ کاتێك ئەو جەخت لەسەر پەیوەندی میکانیکی نێوان ژێرخان و سەرخان ناکاتەوە! چارەنووسێکی حەتمی بۆ مێژوو نییە! لە ڕوانگەی مارکسەوە، بنچینەی ماددی یان پێکهاتەی ئابووری کۆمەڵگا لە پێش سەرخانەوە یان بناغە فەلسەفی-سیاسی-یاساییەکاندایە؛ هەروەك چۆن "ماددە" بەسەر "ئایــدیا"دا زاڵە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پەیوەندییەکی دیالێکتیکی پتــەو لە نێوان "سەرخان و ژێرخان"، "ماددە و ئایدیا"، "بوون و هۆش" یان "ئۆبژە و سوژە" هەیە کە بە پراکتیکی هۆشیاری مرۆڤ دەناسرێتەوە. هەر له پرۆسەی ئه م پراکتیزه هۆشیارانەیەدایه که مرۆڤ جیهان و خۆی دروست دەکاتەوە. بەم مانایە ئەوە ژێرخانی ئابوورییە کە سەرخانی سیاسی-یاسایی-فەلسەفی-کۆمەڵایەتی دیاری دەکات، بەڵام فاکتەری گۆڕان، پراکتیکی هۆشیارانەیە. مارکس بە جەختکردنەوە لەسەر ڕۆڵی بنەڕەتیانەی ئابووری، داوا لە چینی کرێکار دەکات کە ئامانجیان چاکسازی لە سەرخانی سیاسیدا نەبێت بەڵکو بگەنە قووڵایی دڵ و شۆڕشی کۆمەڵایەتی ڕێکبخەن. مارکس شوێنپێی کارکردنی پەیوەندییە سەرمایەدارییەکانی بەرهەمهێنان لە پەیوەندیی کار و سەرمایەدا دەگێڕێتەوە و نیشان دەدات کە چۆن بەرهەمی چینی کرێکار دەگۆڕدرێت بۆ کەڵەکەبوونی سەرمایە و دەسەڵاتی سەرکوتگەرانەی چینی بۆرژوازی.
بۆکچین- ئۆجەلان و کۆمۆناڵیستەکان ئەم تێگەیشتن و شیکارییەیان نییە. ئەوان دەیانەوێت چاکسازیی لەسەرخاندا بکەن ئەویش بە پشتبەستن بە مەوعیزەی ئەخلاقی و بەرزکردنەوەی هۆشیاری جەماوەری "نــا چینایەتی"! بۆکچین بە ڕەتکردنەوەی ماتریالیزمی مێژوویی ڕۆڵی پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان و پەیوەندی کۆمەڵایەتی نێوان کار و سەرمایە کەمدەکاتەوە. ئەنجامەکەی ئەوەیە کە بۆکچین لە دەرەوەی کایەی ئابووری و لە بواری سیاسی و یاسایی و... بە کورتی سەرخاندا بەدوای گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکاندا دەگەڕێت. لە یەکەم نیگادا وا دەردەکەوێت کە ڕەخنەی بوکچین لە ماتریالیزمی مێژوویی مارکس لە تێنەگەیشتنی ئەوەوە دێت لە "ڕۆڵی بنەڕەتی و دیاریکەری ئابووری"؛ پێدەچێت بۆکچێن هەر لە بنەڕەتدا لە بنەمای باسەکەی مارکس تێنەگەیشتبێت - کە لەسەر بنەمای پەیوەندی نێوان ئۆبژە (واقیعی دەرەکی)، سوژە (چالاکی عەقڵی) و پراکسیس (کردەی هۆشیارانەی مرۆڤ) دامەزراوە. بۆکچین لایوایە کە ڕەوتی مێژوو بە ئاراستەیەکدا دەڕوات کە چەمکی "چین" تا دێت شلتر بێتەوە "خاو دەبێتەوە"، دەڵێت: دژایەتییە چینایەتییەکان کەمتر دەردەکەون؛ شوناسە ڕەگەزیی، نەتەوەیی، پیشەیی، ئایینی، سێکسی و هتد زیاتر بەرچاو دەکەون؛ بزووتنەوە سەروو چینایەتییەکان - وەك بزووتنەوەکانی گەنجان، خوێندکارەکان، ژنان، شارنشینی دیموکراتیك و هتد- جێگەی خەباتی چینایەتی دەگرنەوە. بۆکچین ئەم پرۆسەیە بە "دینامیزمی داڕمان یان هەڵوەشاندنەوەی چینایەتی" ناودەبات و لەوێشەوە "دیاردەی ترانسکلاس- The Transclass Phenomena" دەدۆزێتەوە، کە ناوێکی نوێیە بۆ خەڵك یان جەماوەری بێ چین! لە ڕاستیدا ئەوە "ترانس- چینایەتی"یە کە بەرپرسیارە لە ئەنجامدانی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکانی داهاتوو.
"... کرێکارانی پیشە جۆراوجۆرەکان نابێت وەك کرێکار (نیگارکێش، لولەکێش، بیناسازیی و هتد) دەرکەون. دەبێت وەک هاووڵاتییەك دەرکەون کە گەورەترین خەمی ئەوان بەرژەوەندی گشتی کۆمەڵگاکەیان بێت. هاوڵاتی دەبێت لە شوناسی تاکگەرایی و بەرژەوەندی تاکگەرایی خۆی ڕزگار بکرێت... و... ئەمەش بە واتای گۆڕینی کرێکار لە چینەوە بۆ هاووڵاتی."
بۆکچین بەو ئەنجامە دەگا کە پێکهاتنی چینی سەرمایەدار و کرێکار و سەرهەڵدانی ململانێی چینایەتیش بەرهەمی سەردەمی کەمی بوون و مارکسیزمیش بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم قۆناغە دروست بوو. بەڵام ئەمڕۆ کە لە سەردەمی دوای کەمییدا دەژین، پێویست بە شەڕی چینایەتی و خەبات ناکات؛ چونکە چینەکان نەماون! بۆکچین بانگەشەی ئەوە دەکات کە تەنانەت مارکسیش ئاگاداری ئەم ڕاستییە بووە، هەر بۆیەش مەرجی گەیشتن بە کۆمەڵگایەکی بێ "چین"ی بەستۆتەوە بە قۆناغی "فرەیی"!
بە پێچەوانەی تێڕوانینی بۆکچین، تیۆری بەهای مارکس لەسەر بنەمای "کەمی" دانەمەزراوە؛ بەڵکو لەسەر بنەمای "زۆری" دامەزراوە! جەوهەری ئارگیومێنتەکەی مارکس لەسەر "زێــدەبەها" بوو؛ واتە "بەرهەمهێنانی زیاتر لە پێویستی" لەلایەن بەرهەمهێنەرانەوە. بەڵام چیرۆکە گرنگەکەی مارکس لەو شرۆڤە گرنگەدایە کە زێدەبەها دەدزرێت و دەبێــتە مایەی کەڵکەی سەرمایە و دەوڵەمەندی بۆ چینێك کە خاوەنی ئامرازەکانی بەرهەمهێــنانن.
بۆکچین لە پەیوەندییەکانی نێوان کەمی-زۆری لەگەڵ "پێویستی" نازانێت و لێی تێنەگەیشتووە؛ چونکە لە "پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان" دوور کەوتۆتەوە و پۆلەکانی ئابووری سەرمایەداری وەك کاڵا، بەها، نرخ، پارە، کرێ و هتد لە هاوکێشە شیکارییەکانی خۆیــدا لابردووە. هەربۆیە بۆکچین لایوایە چارەسەری ململانێی گەورەی سەردەمی ئێستا لە رێی شۆڕش و بزووتنەوە شۆڕشگێڕەکانەوە ناکرێت؛ بەڵکو لایوایە کە ئەم کێشـمەکێشانە دەکرێت لە ڕێی چارەسەری ئاشتیانە ویاسایی لە ڕێگەی دامەزراندنی یەکەکانی خۆبەڕێوەبەری شارەکانەوە چارەسەر بکرێن.
تێگەیشتنی بۆکچین بۆ سەرمایەداری و خەباتی دژە سەرمایەداری جیاوازە لەوەی کە لای چەپێکی سۆسیالیست هەیە. بۆکچین سەرمایەداری لەگەڵ پیشەسازی، میکانیزەکردن، جیهانی دیجیتال، شارنشینی و مۆدێرنیزم دەناسێنێت. بەڵام لە ڕوانگەی ڕەخنەگرانەی مارکسەوە، سەرمایەداری پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتی-ئابووری و تەنانەت ئایدیۆلۆژیشە!
بۆکچین دژایەتی شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری ناکات. دژایەتی سەرمایەداری دەکات چونکە دوژمنایەتی هەیە لەگەڵ پیشەسازی و بازرگانی و تەکنەلۆجیا و شارنشیندا! چونکە ئەوانە بوون کە مرۆڤایەتیان هەنگاوێك بۆ دواوە لە گەیشتن بە ئازادی پاڵنا و سروشتیان لەناوبرد!
لە ڕاستیدا ئەمە هەمان ئەو ئارگیومێنتە بوو کە کرێکاران لە سەرەتای گەشەسەندنی سەرمایەداریدا هەیانبوو و هەروەها هۆکارێك بوو کە توڕەیی و ڕق و کینەیان بەرەو ماشێن و ئامێرە پیشەسازییەکان ئاراستە کرد و دەستیان کرد بە شکاندنی! چونکە ماشێنیان بە هۆکاری بێکاری و هەژاری خۆیان دەزانی.
بۆکچین بە دوور لە هەڵسەنگاندنی پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان، وە دوور لە چینەکان و خەباتی چینایەتی، پەنجەی تۆمەت بۆ "شۆڕشی پیشەسازی" ڕادەکێشێت و بە هۆکاری هەموو ماڵوێرانی و کارەساتێك دەزانێت! بۆکچین دژی سەرمایەدارییە، بەڵام وەك سیستەمێکی ئابووری و سیستەمێکی سیاسی-کۆمەڵایەتی-ئایدیۆلۆژی نا! بە باوەڕی ئەو، سەرمایەداری لە دەرەوە بەسەر کۆمەڵگادا سەپێنراوە و لەگەڵ عەقڵانیەتدا ناکۆکە، بۆیە دەتوانرێت بە گرتنەبەری سیاسەتە ئەخلاقیەکان و ویژدان و دادپەروەری و عەقڵانییەت چاك بکرێتەوە و چاکسازی تێدا بکرێت!
جیاوازییە ئاشکراکە لە نێوان وتەکانی بووکچین و مارکسدا، لابردنی "کار"ی ئامانجدارە لە پەیوەندی دیالکتیکی نێوان مرۆڤ-سروشت-کۆمەڵگەدا؛ ئەمەش بە وردتر بە واتای نکۆڵیکردنە لە "تیۆری بەها"، نکۆڵیکردنە لە چەوسانەوەی چینایەتی و نکۆڵیکردنە لە شیکاری چینایەتی!
لە جیاتی کۆتایی
لە سەرەتای ئەم ووتارەدا نووسیوومە تەواوی خەڵکی کوردســتان لە هەر شوێنێك بن، بەرامبەر پەیامەکەی ئۆجەلان، خەمبار وتوڕەن، ئەوان پێش ئەوەی لە چارەنووسی (پەکەکە) بترسن، لە چارەنووسی خۆیان دەترســن. ئەو نمایشەی لەبەرچاویانەوە دەگوزەرێت ترســناکە. ترســناکی ئەو دۆخە نوێــیە پەیوەندی بە هەرەسی خەوێــکەوەیە کە (پەکەکە) پاڵەوانەکەیەتی.
سی ساڵ زیاترە بزوتنەوەی کوردایەتی نەریتی لە باشوور دەسەڵاتدارە، لە ماوەی ئەم سی ساڵەدا، خەڵکی کوردســتان لە دۆخێکی نا ئاســاییدا ژیــان دەکەن، هەموو مافەکانیان ئەوەیە کە دەتوانن تەنها ژیــان بکەن، نە ماف هەیە و نە کەمترین پێداویستییەکانی ژیان. لە دۆخی باشووردا چەند بنەماڵەیەکی چاووچنۆکی سەرمایەدار، ژیان و کەرامەتی خەڵکی زیندان کردووە و لەسەر ئەمە ژیانی فیرعەونئاســـایان بۆ خۆیان و بنەماڵە و دەست وپێوەندەکانیان فەراهەم کردووە. سی ساڵ زیاترە خەڵکی کوردســتان دەستەمۆ کراوە و تەنها بەرەنگارییەك کە دەیزانێت ڕاکردنە! لەپاڵ ئەم کارەساتە ڕەشەی کە ناوی بزووتنەوەی کوردایەتییە، (پەکەکە) ئاکتێکی تری شۆڕشگێڕانە، فۆرمێکی تری خەبات بەڕێوە دەبات. (پەکەکە) خەڵکی فێری ڕاکردن نەکرد، بەڵکو باوەڕی بەرەنگاریی بۆ مافەکانیانی فێرکردن، نموونەکانی عەفرین و کۆبانێ نەك بۆ خەڵکی کوردزمان بەڵکو بۆ تەواوی ئازادیخوازان لە دنیــادا، دەرسێکی شۆڕشگێڕانەی بەرەنگاریی گەورەیە. (شنگال)، ئیفتیخارێکی گەورەیە بۆ ڕزگارکردنی گیانی ئێزیدییەکان لە جڕوجانەوەرەکانی داعش، رۆژئاڤای دروست کرد کە جێگەی سەرنجی هەموو جیهانە و نموونەی دەسەڵاتێکی هەرەوەزیــیانە و پێکەوەژیـــانە و بۆ بزوتنەوەی چەپ وانەی گەورەی شۆڕشگێڕانەی تێدایە کە دەکرێت باشتر پەرەی پێبدرێت. هەر لە ڕۆژئاڤا و لە ناو پێگەیەکی کۆمەڵایەتی دواکەوتوودا، یاسای یەکسانی ژن و پیاوی هێـــنا و پەسەندی کرد و دەستی ئایینی کۆتا کرد لە یاساکان و پەروەردەد ا. ژنی کوردی لە ژێردەســتەیی و کولتوری پیاوسالاری و ئاییــنی دەرکێشـــا و چەکی کردە شانی و کردییە فیگەرێکی کارای کۆمەڵایەتی و ئــــازاد. ژنانی کورد لە ئێســتادا بە لچ ئەستور و قنپــــان و مۆدێلەکانی باشووردا ناناسرێنەوە، بەڵكو چەکی بەرخۆدانی لە شانە و لە دژی کۆنەپەرستی و فاشــیزم دەجەنگێت. (پەکەکە) هونەر و کولتورێکی نوێی داهێـــنا کە هەرزان فرۆش ناکرێت. لە ژاوەژاوی مۆســیقای کوردی نەریتی کە پڕیەتی لە سوکایەتی بە ژن و هەڵدان بە دواکەوتوویی و کۆنەپەرستیدا، شاکارە مۆســیقاییەکانیان هێــنایە دەرەوە کە پڕیەتی لە داســتان و وێــنەی کولتووری بەرز. (پەکەکە)، وێــنە و شوناسێکی نوێی بەخشی بە تاکی کورد و لەسەر ئاستی ناوچەکە و جیهـــان، پرسی کوردی کردە پرســێکی زیــندوو.
ئەمانە هەمووی دەســـکەوتی گەورەن کە دوای (پەکەکە)ش دەکرێت کاری گەورەی لەسەر بکرێت. بەڵام پەرەدایمی دووەمی پەکەکە تەنانەت لە دۆخی سەرکەوتنی خۆیــدا دەتوانێت بۆ ماوەیەك مۆتەکەی جەنگ و فاشیزم کەم بکاتەوە و مافە کولتورییەکان بە گشتی بۆ خەڵکی کوردســتان دابین بکات، تا ئێرە و ئەمە بۆ خۆی دەسکەوتە وکارێکی گەورەیە، بەڵام ناتوانێت چەوسانەوەی چینایەتی و هەژاری و پرسی دادپەروەری کۆمەڵایەتی چارەسەر بکات، درەنگ یان زوو هەر ئەو میکانیزمە ئابووریانەی کە پایەی لێکدانەوەکانی ئۆجەلان و بۆکچین نیـــن کۆمەڵگە دەخەنەوە دۆخی چەسانەوەیەکی تر و خەباتی چینایەتی و ڕۆڵی "چین" جارێکی تر دەکاتەوە بە ئەرکیکی بزووتنەوە سۆشیالیستەکان، ئەم جەنگە ئایدیۆلۆژییەش زۆرتر بە مارکسیزم دەکرێت.
سەرچاوە:
باسەکانی کۆنگرەی ١٠ پەکەکە بە زمانی تورکی:
https://xweseri1.wordpress.com/wp-content/uploads/2017/05/pkk-10-kongre-belgeleri.pdf
(ANF، ANF, 17 Eylül 2008 Tarihli Avukat Görüşme Notlarından)
https://theanarchistlibrary.org/library/lewis-herber-murray-bookchin-ecology-and-revolutionary-thought
مقاله "اکولوژی و اندیشهی انقلابی" از موری بوکچین. https://antimantal.com/%D8%A7%DA%A9%D9%88%D9%84%D9%88%DA%98%DB%8C-%D8%A7%D9%86%D8%AF%DB%8C%D8%B4%D9%87_%D8%A7%D9%86%D9%82%D9%84%D8%A7%D8%A8%DB%8C_%D9%85%D9%88%D8%B1%DB%8C_%D8%A8%D9%88%DA%A9%DA%86%DB%8C%D9%86/