لە یادی مامۆستا (هاوار)ی خۆشەویستدا

دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
  2025-01-03     128

 (18) ساڵ لەمەوبەر، هۆنەر و چیرۆکنووس، مێژوونووس و بلیمەتێکی مەزن، ماڵاوایی لە کورد و (کوردستان)، هۆنراوە و چیرۆک، مێژووی هاوچەرخی کورد کرد.

 

مێژوویەکی کورت

خوالێخۆشبوو (موحەممەد رەسوڵ هاوار)، ساڵی (1924)، لە شاری (سولەیمانی)، چاوی بە ژیان هەڵهێناوە. ڕۆژی (30. 11. 2006)، لە (لەندەن) ماڵاوایی لە ژیان کردووە، واتە (82) ساڵ ژیاوە. ساڵی (1959) لە شەقامی (مەولەوی)، پەرتووکخانەی (ئازادی) هەبوو. پاشان وازی لێ هێناوە و لە فەرمانگەکانی میری دامەزراوە.

(هاوار) نووسەریکی ناسراوبوو، بوێربوو، بە هەڵوێستبوو، تێکۆشەرێکی دڵسۆز و نیشتمانپەروەربوو، نیشتمانەکەی خۆی زۆر خۆشدەویست، مێژوونووسێکی زیرەک و گەورەبوو. لە بوارەکانی هۆنراوە، چیرۆک، وتارنووسین، بابەتی ڕەخنە، کاری ڕۆژنامەگەری و مێژووی هاوچەرخی کورددا، دەستێکی باڵای هەبوو. ماوەی (64) ساڵی تەمەنی، بە نووسینەوە بەسەربردووە.

 

هەستی نیشتمانپەروەریی و هەڵوێست

(هاوار) ڕووناکبیریکی گەورە و بە هەڵویست بوو. سەرەتا لە دوای ساڵی (1958)ەوە، بڕوای بە بیری (مارکسیزم – لێنینیزم) هەبوو، داکۆکی لە کۆمۆنیستەکان دەکرد. لەگەڵ ئەوەشدا، هێندە نەتەوە و نیشتمانەکەی خۆی خۆشدەویست، لە هەڵە و ناپاکی، هیچ لایەنێ بێ دەنگ نەدەبوو. بەڵام کاتێ بۆی دەرکەوت، ڕۆژنامەی (پراڤدا)ی زمانحاڵی (پارتی کۆمۆنیستی سۆڤێت)، ستایشی (پارتی بەعس) دەکا، نکولی لە کۆمەڵکوژییەکانی گەلی باشووری (کوردستان) دەکا، هەڵوێستێکی نەتەوەیی ئاشکرا و دڵسۆزانەی نوواند و دژیان وەستایەوە.

هەروەها چەندین هۆنراوەی بەرز و جوانی نەتەوەیی تایبەتی، دژی کردارە چەپەڵەکانی دەوڵەتی (عیراق)، سەبارەت بە (کیمیابارانی هەڵەبجە، ئەنفالی گەرمیان و کۆچوڕەوی بادینان بۆ باکووری کوردستان) هۆنیوەتەوە.

 

بەرهەمەکانی

 

هۆنراوە

یەکەمین بەرهەمی، هۆنراوەی (وێنەی کوردستان) بوو، ساڵی (1942) لە تەمەنی (18) ساڵیدا هۆنیویەتییەوە و لە گۆڤاری (گەلاوێژ)دا بڵاویکردووەتەوە. پاشان تا هێزی تێدا بووە و دەستی پێنووسی گرتووە، لەسەر هۆنراوەهۆنینەوە بەردەوامبووە. یەکەمین دیوانیشی (یادی بادینان) ساڵی (1959)، لە چاپخانەی (ژین) لە (سولەیمانی) چاپکردووە.

سەبارەت بە دیوانی (یادی بادینان)، خوالێخۆشبوو مامۆستا (نەجمەدین مەلا)، ڕۆژی (5. 7. 1959) نووسیوتی: (لە خوێندنەوەی ئەم دیوانە شیعرەی مامۆستا (موحەممەد رەسوڵ)دا بۆم دەرکەوت، ... چۆنێتی ژیانی ئەمڕۆ و لەمەوبەرمانی، بە هەڵبەستی شیرین خستووەتەڕوو.

هەڵبەستەکانی هەمیشە هانمان ئەدا، کە تێکۆشین و بەرەو پێشکەوتن هەنگاوبنێین، هێجگار ئەو هەڵبەستەی کە لەژێر ناونیشانی "نووزەی دایک لە جەژنا" لە هەمووی جوانترە، کە سکاڵایەکی برسێتی و ڕەشوڕووتی و زۆر لێکراوی پیشانئەدا.) "1، 4-5"

هەموو ئەو هۆنراوانەی، لەنێوان ساڵانی (1942-1958)دا هۆنیویەتیەوە، لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی (گەلاوێژ، ژین، هەتاو و هیوا)دا بڵاویکردوونەتەوە. لە دەرەوەی وڵاتیش، کاتێ لە شاری (لەندن) جێگیربووە، چەندین کۆمەڵە هۆنراوەی جوان و ڕازاوەی بڵاوکردووەتەوە. ساڵی (2007)یش بنکەی (ژین)، سەرجەمی هۆنراوەکانی، بە شێوەیەکی جوان و لە بەرگێکی قەشەنگدا، بە (612) لاپەڕە چاپ و بڵاوکردووەتەوە. هۆنراوەکانیشی لە بوارەکانی بابەتی (خۆشەویستی، سرووشت، کۆمەڵایەتی، ڕامیاری، نەتەوەیی و ڕەخنەگرتن)دا نووسیوە. بەڵام بایەخێکی زۆری، بە باری ژێردەستی و چەوساندنەوەی نەتەوەی کورد داوە، وەک هۆنەرێکی نەتەوەیی و نیشتمانپەروەریش، هەمیشە لە بەرەی گەلدا بووە، داکۆکی لە نەتەوە و نیشتنانەکەی خۆی کردووە.

نموونەی هۆنراوەکانی

لێرەدا، لە کۆی بەرهەمی هۆنراوەکانیدا، تەنیا دوو هۆنراوەی جوانی هۆنەر هەڵدەبژێرم و بە نموونە، پێشکەش بە خوێنەرانی هێژای دەکەم، وەک گوتووشیانە: مشتێ نموونەی خەروارێکە!

لە یەکەمین دیوانی هۆنراوەکانی (یادی بادینان - 1959)، باسی باری ئاڵۆزی دەرووەنی خۆی کردووە، دژی کەسانی هەلپەرست و هیچ لەبارانەبوودا، بە چوارینێک نووسیوێتی:

وێنەی خۆم نییە، ڕووتووشکراوە

بڕوانە ڕەنگم، زەردە و ژاکاوە

لە داخی دووڕوو و بێبار

خۆشی ژیانم، بۆتە ژەهری مار "1، ل4"

ساڵی (1948)یش، لە هۆنراوەی (بەرامبەر شۆخێک)، بە هەشت دێڕە هۆنراوەی جوان و دڵفڕێن، هەستی دڵ و دەروون، سۆز و خۆشەویستی خۆی، بەرانبەر پەری ئەندێشەئاسای خۆی دەربڕیوە و گوتوویەتی:

جووتێ چاوی شینی مەنگت، هێند گەش و سیحراوییە

پڕ تەلیسمە، دڵفڕێنە، تا بڵێی لێم کارییە

یەک کەڕەت هۆش و خەیاڵم، نووقمە تیایا ونبووە

گێژ و تاساون بەجارێک، پیشەیان هەر زارییە

لێوی ئاڵی بێ سووراوت، هێندە پاراو و تەڕە

کوڵمی سادەی بێ ڕووتووشت، جوان و بێ دەسکارییە

گوڵ بە سەد لاف و گەزافی شەونم و بۆی خۆشەوە

خۆی بەرامبەر لێوت بگرێ، تووشی شەرمەزارییە

گەردنی بەرزت، لەگەڵ شێوەی مەمی تازە فەریک

پڕ تەلیسمە، پڕ لە سیحرە، پەیکەری دڵدارییە

دەنگت هەر وەک مۆسیقایە، هێندە خۆش و ناسکە

هەر وەکوو سیمفۆنیەکانی، (بیتهۆڤن) لێم کارییە

وام لەبەر دەمتا، کەساس وەستاوم، داوەێنگیری تۆم

هێزی ئەژنۆم لێ بڕاوە، چارەکەم ناچارییە

ئاخری ئەو شێوەیەت، ئەم خاتە سەرڕێی بتپەرست

گەرچی ئێستە، بتپەرستی کفر و ناهەموارییە "1، ل10"

 

چیرۆک

لەنێوان ساڵانی (1949 – 1960)دا، حەوت چیرۆکی لە گۆڤاری (گەلاوێژ) و ڕۆژنامەی (ژین)دا بڵاوکردووەتەوە. ناوەڕۆکی زۆربەی چیرۆکەکانیشی کۆمەڵایەتی بوون.

 

ئاوارەیی

ساڵی (1979 – 1980)، ڕووی لە دەرەوەی وڵات کردووە و لە شاری (لەندن) نیشتەجێبووە. ئەو ژیانەی لە ئاوارەیی بەسەریبردووە، گۆڕانێکی بنەڕەتی، بەسەر کار و ژیان، بیرکردنەوە و بەرهەمەکانیدا هێناوە. لەبەرئەوە بەرنامەیەکی نوێی دەسپێکردووە، ئەویش ئەوە بووە: بە دوای ئەو بەڵگەنامانەدا گەڕاوە، کە پێوەندییان بە مێژووی هاوچەرخی نەتەوەی کوردەوە هەیە. ئیدی بە شێنەیی، کاری لەسەر بەڵگەنامەکانی ئەرشیفی (شالیارگەی دەرەوەی بریتانیا) کردووە، زۆر بە وردی، سەدان بەڵگەنامەی خوێندووەتەوە و کەڵکی لێ وەرگرتوون. لە ئەنجامیشدا، چەن بەرهەمیکی ناوازە و گرنگی چاپکردووە. بۆ نموونە:

یەکەمین بەرهەمی (شێخ مەحموودی قارەمان و دەوڵەتەکەی خوارووی کوردستان) بوو، لەنیوان ساڵانی (1990 – 1991)دا، بە دوو بەرگ بڵاویکردووەتەوە.

دووەمین بەرهەمی (ئیسماعیل ئاغای شکاک و بزووتنەوەی نەتەوایەتی کورد) بوو، ساڵی (1995) چاپیکردووە. ئەم بەرهەمەشی، بە یەکەمین کاری گەورەی مێژوویی، ئەو سەردەمەی (سمکۆی شکاک) دەژمێررێ.

سێیەمین بەرهەمیشی لەسەر (کورد و باکووری کوردستان لەسەرەتای مێژوەوە هەتا شەڕی دووهەمی جیهان)، ساڵی (2004) بە (3) بەرگ بڵاویکردووەتەوە.

لە ڕاستیدا، ئەو بەرهەمانەی مامۆستا (هاوار)، چەن بەرهەمێکی دانسقە و گرنگی مێژوویین، چونکە باسی مێژوویەکی گرنگی هەموو بەشەکانی (کوردستان)ی کردووە، وەک مێژوونووسێکی گەورەی کوردیش، زۆر سەرکەوتووانە، ئەو مێژووەی بە شێوازێکی زانستانە نووسیوە.

 

بیرەوەری

جگە لە ئەو بەرهەمانەش، دوو بەرهەمی دیکەشی هەیە. یەکەمیان (کوێرەوەریی و بیرەوەری) ساڵی (1984) لە دووتوێی (2) بەرگدا بڵاویکردووەتەوە.

هەروەها (هۆرەی دەروێشی یاخی)شی ساڵی (1986) چاپکردووە.

 

ئەمەک و پێزانین

مامۆستا (هاوار)، هێندە بە ئەمەک بووە، هێندە ڕێزی نووسەران، هۆنەران و خەباتگێڕانی نەتەوەکەی خۆی گرتووە، یادیکردوونەتەوە و چەندین هۆنراوەی ڕەنگین و سەنگینی بۆ نووسیون، بۆ نموونە:

چەن هۆنراوەیەکی بۆ هۆنەرانی کوردی وەک (حاجی قادری کۆیی، شێخ رەزای تاڵەبانی، پیرەمێرد، گۆران، بێکەس، جگەرخوێن، هێمن ...) نووسیوە. هەروەها نووسەر و تێکۆشەرانی کوردیشی، بە چەن پارچە هۆنراوەیەکی گەش بەسەرکردووەتەوە، وەک (شێخ مەحموودی حەفید، مستەفا پاشای یاموڵکی، تۆفیق وەهبی، خوشکە لەیلا و هاوڕێکانی، ئیدریس بارزانی ...) هۆنیوەتەوە.

من و مامۆستا (هاوار)

سەرەتا بە هۆی هۆنراوەکانییەوە، ناوم بیستبوو، جار و باریش، لە شوێنە گشتییەکانی شار دەمبینی. بەڵام ڕۆژی (1. 6. 1997)، لە (هۆڵەند) لە شاری (برۆکسل)، کۆبوونەوەی (پەرلەمانی کوردستان) بوو، ئێمەش هەموومان هەر یەکەی لە وڵاتێکەوە بانگهێشتکرابووین. ئەوە یەکەمین جار بوو، لە نزیکەوە مامۆستا (هاوار) ببینم و بیناسم، ماوەی (2) ڕۆژ لە ئەوێ ماینەوە، چەن جارێ پێکەوە دانیشتین و قسەمانکرد.

جاری دووەمیش، ساڵی (1998) بوو، هەر لە (برۆکسل)، کۆڕێ لەسەر (بەرەی کوردستان)ی گیرا، یەکمان گرتەوە. ئێوارەکەشی من و مامۆستا (هاوار) و نوێنەری پارتی کۆمۆنیست و سۆسیالیستی کوردستان، لە تێلێفیزیۆنی (Medtv) ، کۆڕێکیان بۆ سازکردین. سەرۆکی (پارتی کرێکارانی کوردستان - عەبدوڵڵا ئۆجەلان)یش، بە تێلێفۆن لە (سووریا)وە، بەشداری لە کۆڕەکەدا کرد. باسی ڕەوشی باشووری (کوردستان) کرا و کۆڕەکەش ماوەی کاژێڕێکی خایاند، ئێمەش بە نۆرە، گەلێ پرسیارمان لێ کرد.

ئیدی بە ئەو شێوەیە، دیدارەکانم لەگەڵ مامۆستا (هاوار)، لە (برۆکسل، لەندەن و سوید) دووبارەبووەوە، دۆستایەتییەکی نزیک و پتەو لە نێوانماندا درووستبوو. پیاوێکی زۆر بەڕێز و زمانشیرین بوو، ڕەوانی شادبێ و یادی بەخێر.

  

تێبینی

1. ئەم وێنەیە، لەگەڵ هەردوو مامۆستای ڕەوانشاد (موحەممەد رەسوڵ هاوار) و (برایم ئەحمەد)، مانگی سێی ساڵی (1998) گیراوە. هەر ئەو کاتە، لە پشتی وێنەکەم نووسیوە: (سێ سەرسپی و دوو گۆچان، کۆبوونەوەی کۆنگرەی نەتەوەیی، پەرلەمانی کوردستان – برۆکسل.)

2. لە یادی کۆچیدوایی مامۆستا (هاوار)دا، ڕۆژی (23. 12. 2024) کارمەندانی بەرنامەی (قەلەندەرخانە) بانگهێشتیانکردم و بە ئامادەبوونی دوو کارمەند، لە ماوەی (30) خولەکدا، یادێکی پڕشکۆی مامۆستامان کردەوە و بابەتێکی فرە لایەنی بەپێزمان پێشکەشکرد.

3. ساڵی (2006)، دوای ئەوەی مامۆستا (هاوار) کۆچیدوایکرد، لە پارکی (ئازادی)، پەیامنێری ڕۆژنامەی (کوردستانی نوێ)، سەبارەت بە ژیان و چالاکییەکانی مامۆستا، چاوپێکەوتنێکیان لەگەڵ سازکردم.

4. ساڵی (2007)، لە شاری (سولەیمانی)، یادی یەکەمین ساڵی کۆچیدوایی، مامۆستا (هاوار) کرایەوە و جەماوەرێکی زۆر، بەشدارییان تێداکرد.

5. هۆنراوەی (بەرامبەر شۆخێک)، هونەرمەندی ڕەوانشاد (حەمەی نێرگز)، بە دەنگێکی زوڵاڵ و بە شێوەیەکی زۆر خۆش، بە گۆرانی گوتوویەتی.

    سەرچاوەکان

1. دیوانی محەمەد رەسووڵ هاوار، سەرجەمی بەرهەمەکانی، چاپی 2، عوسمان دەشتی و سدیق ساڵح، بنکەی ژین، سولەیمانی، 2004.

2. كورد و باكووری كوردستان له‌ سه‌ره‌تای مێژووه‌وه‌ هه‌تا شه‌ڕی دووهه‌می جیهان، ئامادەکردنی مارف عومەر بەرزنجی، لاپەڕەکانی ئینتەرنێت.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×