ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد، هێشتا فێری سەرەتاکانی دێمۆکراسی ڕاستەقینە نەبوون، بۆیە یەکدیان قەبووڵ نییە. کاتێ لەنێوخۆدا ناکۆک و ناتەبا دەبن، پەنا بۆ دوژمنی داگیرکەر دەبەن. ئەم ناکۆکیی و ناتەباییەش، لەسەر حیسابی بەرژەوەندی باڵای گەلەکەمان، بە دوژمنایەتی یەکدی و جەنگی نێوخۆ کۆتاییدێ. ئەمە وەک ئەوە وایە، لەبری ئەوەی (کوردستان)ێکی ئارام بپارێزن و دێمۆکراسی ڕاستەقینە فێربن، بناغەی ماڵە کاولبووەکەی خۆیان، زیاتر وێرانکەن! ئاخر دێمۆکراسی، لەنێو نەتەوەیەکی دواکەتووی نەزانی بێ هۆش و گۆشی نەتەوەیی ژێردەسدا، زیانی لە قازانجی زیاترە. چونکە نەتەوەکە ئاستی ڕۆشنبیریی و تێگەیشتنی نزمە، هێشتا قۆناغەکانی پێشکەوتنی نەبڕیوە و پتر لەتوپەتیدەکا.
دروشمی (بەغدایەکی بەهێز، هەرێمێکی بەهێز)، نیشانەی لاوازی هەستی نەتەوەیی و نەزانی هەڵگرەکانێ نەبێ، هیچی دیکە نییە. چونکە لە دەوڵەتێکی فرە نەتەوە و نیشتماندا، گەر نەتەوەی باڵادەس، دیدێکی خۆبەزلزانينانە و شۆڤێنیستانەی هەبێ، ئەوا تا دەسەڵاتی دەوڵەتی ناوەندیی و نەتەوەی سەردەس بەهیزتربێ، هەرگیز هەرێمەکان ئازاد و بەهێز نابن، بگرە ڕۆژبەڕۆژیش، بەرەو لاوازبوون و پووکاندنەوە دەچن، ئەمەش تەنیا هەر لە بەرژەوەندی دوژمنی داگیرکەر دایە. جا هەر کەس و لایەنێ، ئەم دروشمە پۆخڵە ناوەڕۆک پوچەڵە بەرزکاتەوە، خۆی و هەڵوێستە دزێوەکەی شەرمەزاردەکا!
ئاخر، لە ماوەی ئەم سەد ساڵەی مێژووی دامەزراندنی دەوڵەتی داگیرکەری (عێراق)دا، ئەزموونی مێژوویی سەلماندوویەتی و ئەوەمان بۆ ڕووندەکاتەوە، هەر دەستە و تاقمێکی عەرەب، جڵەوی دەسەڵاتی بەدەسەوەگرتبێ، جا پارتێکی سیکیۆلار بووبێ، یا ئایینیی شیعە یا سووننە بووبێ، هیچ جیاوازییەکیان، لە چەوساندنەوە و دژایەتیکردنی گەلی باشووری (کوردستان) نەبووە، ڕەنگە لە هێندێ کات و بواردا، جیاوازییان هەبووبێ، دانیان بە فشەمافێکی کورددا نابێ، بەڵام ئەوەشیان لە ناچاریدا کردووە، چونکە هەر کاتێ، دەسەڵاتێکی گەورەیان پەیداکردبێ و بەهێزبووبن، ئەوا پەشیمانبوونەتەوە و بە خراپترین شێوەش، دژایەتی گەلی کوردیان کردووە و چەوساندوویانەتەوە. بۆ نموونە:
ڕژێمی (بەعس)، چەن ساڵێ هەوڵی لەنێوبردنی شۆڕش و گەلی کوردی دا، بەڵام ڕۆژی (11. 3. 1970) لە ناچاریدا، مافی ئۆتۆنۆمی بە گەلی کورد دا و ماوەی (4) ساڵ بەردەوامبوو. لەگەڵ ئەوەشدا، هیچ کاتێ هێندەی سەردەمی دەسەڵاتی (بەعس)، دەوڵەتی (عێراق) هێندە بە توانا و بەهیز نەبووە. کەچی بە چاوی خۆمان بینیمان، لە ئەنجامدا چۆن بە کردەوە، دەسی بە پڕۆسەی بەعەرەبکردنی نیشتمانەکەمان کرد، چ جۆرە چەکێکی کوشندەی قەدەغەکراوی کیمیایی بەکارهێنا، چەن ئەنفالی سەر و ماڵی ڕۆڵەکانی گەلی کوردی کرد و بەهەزاران گوندیشی ژێروژوورکرد! ئەوڕۆ پتر لە (1400) ساڵ دەبێ، عەرەبەکان بە ناوی ئایینەوە، هەر شوێنێکیان داگیرکردبێ، جگە لە ئەوەی ئەنفالی سەر و ماڵیان کردوون، هەمیشە هەوڵی داگیرکردن و تواندنەوەی ئەو گەلانەشیان، لە بۆتەی نەتەوەی عەرەبدا داوە. چونکە ئەم خەسڵەتە خراپەیان، بەشیرەوە خواردووە.
بەگوێرەی بڕگەی (14)ی یاسای (عێراق)، سەبارەت بە شایستە داراییەکانی هەرێم، گەر هەر پارێزگەیەک ڕەخنەی هەبوو، ئەوا دەبێ، بودجەی تایبەتی خۆی بدرێتێ و لە بودجەی هەرێم جیابکرێتەوە. بە ئەو پێیەش بێ، وردەوردە قەوارەی هەرێمی فیدراڵ هەڵدەوەشێتەوە، بۆ سیستەمی ناناوەندێتی پارێزگەکان دەگەڕێتەوە. ئەوانەی یەکێتیی ڕیزەکانی گەلی کورد پێشێلدەکەن، لەسەر حیسابی بەرژەوەندییەکانی گەلەکەمان، هەوڵ بۆ بەهیزکردنی پێوەندی نێوان پارتەکانی خۆیان و ڕژێمی (بەغدا) دەدەن، پێ بزانن یا نەزانن، وەک ئەوە وایە، لەنێو ماڵە کاولبووەکەی خۆیاندا، لەگەڵ برا و کەسەکانیاندا، ناکۆک و ناتەبا بن، شیر و تیر لە یەکدی بسوون، کەچی لەگەڵ دراوسێکانیاندا، ڕێک و تەبابن. لە کاتێکدا نە درواسێکانیان بڕوایان پێ دەکەن، نە خۆیان سەرکەوتوودەبن، نە دوژمنانی کوردیش ڕێزیان دەگرن، بەڵکوو پتر هانیاندەدەن و دەسخۆشانەیان لێ دەکەن، تا وەک تولەوتانجی ڕستیانکەن و ڕاوە کەروێشکی ئامانجە گڵاوەکانی خۆیانیان پێ بکەن.
لە کۆتاییشدا، ئەز لە کانگەی بیر و هۆشمەوە دەڵێم: تا دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی داگیرکەری (عێراق)، گرفتی هەمەجۆرەیان هەبێ و سەر کورد نەپەرژێن، گەلێ بۆ ئێمەی کورد باشترە، وەک لە ئەوەی، هیچ گرفتێکیان نەبێ، بیر لە چەوساندنەوەی کورد و لەنێوبردنی ئەم ئەزموونە بکەنەوە. لەبەرئەوە لەبری دروشمی (بەغدایەکی بەهێز، هەرێمێکی بەهێز) باشتر وایە، دروشمەکەمان (بەغدایەکی بێهێز و هەرێمێکی بەهێز) بێ!
گەر باری نەتەوەیی و ڕامیاریی باشووری (کوردستان)یش، بە ئەم شێوەیەی ئەوڕۆ بەردەوامبێ، ئەوا هەر لە ئێستەوە دەبێ، (فاتیحە) بۆ گیانی پاکی دەسەڵاتەکەی هەرێم بخوێنین و تاوانەکەشی، تەنیا هەر لە ئەستۆی پۆخڵی، بیانیپەرستەکانی کورددا دەبێ!
خوا ئەوە بگرێ، بە ناوی ئاشتیی، ئاساییش و دێمۆکراسییەوە، ماڵە گەورە وێرانەکەی کورد، هێندەی دیکە وێران و لەتوپەت دەکا.