چەند سەرنجێک لەسەر وتارێکی بەختیار عەلی

رەوا هەژار
  2025-04-13     222

یەک: لەم وتارەدا بەختیار عەلی زیاتر وەک موحافیزکارێکی کەلتووری دەردەکەوێت کە بە نیگایەکی ڕۆمانسیانە، کتێب وەک قەڵایەکی پیرۆز سەیر دەکات و ھاوکات بەرگرییەکی تاک لایەنەی لێدەکات. ئەم قەڵایە، ھەرچەندە شکۆدارە، بەڵام نووسەر بەتایبەتی خۆی وەکو نیشتەجێیەکی ئەو "فەزا بەرزە" دەبینێت و نایەوێت دابەزێتە سەر زەمینی دەرەوەی قەڵاکە. ئەو فەلسەفەی نوستالژیایەی کە وتارەکە ھەڵیگرتووە، ھەمان ئەو خەماندنە قووڵەیە کە لە دووتوێی ڕۆمانەکانیشیدا دەیبینین. کەلتووری کتێب بووەتە "نیشتمانێکی لەدەستچوو" کە نووسەر لە غەریبیدا خەونی جیاوازی پێوە دەبینێت. ھەرچەندە بەتەواوی ڕاستە کە ڕۆشنبیری سەتحی مەترسیدارە، بەڵام ترس لە نوێبوونەوە و تەنگەتاوی ئەو ڕووبەڕووبوونەوەیە، ڕوانگەی نووسەری وەکو ڕوانگەیەکی جێگرەوە بۆ دروستکردنی پردی نێوان دوێنێ و ئەمڕۆ و بینینی جیاوازییەکانیان لاوازکردووە.

دڵنیام کە ئەم سەنگەرگرتنە لە پێناو "بەرزایی کتێب"دا دیدێکی عەقڵانیی لە پشتە. لێرەدا کتێب بە واتای دەرگایەکی عەقڵانی بۆ بەرھەمھێنانی بیری قووڵ و ڕەخنەیی، بەڵام کێشەکە ئەوەیە کە بەختیار ئەو لایەنە فەرامۆش دەکات کە قەڵا لە سەردەمی ئێستادا بەبێ پرد، بەبێ دەروازە، بەبێ ھەناسەی ھاتوچۆ، دەبێتە شوێنێکی گۆشەگیر. مێژووی ڕۆشنبیری بە سەدان نموونە نیشانی دەدات کە بەرگری ڕاستەقینە لە کەلتوور لە سازانی زیندووێتی کەلتووردایە لەگەڵ گۆڕانکارییەکان، نەک لە خۆبەدەستەوەدان بۆ ترۆپکی بەرزی ئایدیایەک کە سەردەمەکەی ڕووبەڕووی گۆڕانی گەورە بووەتەوە. تراژیدیای ڕۆشنبیری ئایدیالیست ئەوەیە کە لە ڕێگەی بەرگری لە کەلتوور، دەبێتە بەرگریکاری کەلتوورێکی ڕەقھەڵاتوو.

دوو: وتارەکە دەرخەری ئەو کەلێنە قووڵەیە کە لە نێوان کەلتووری کتێب و کەلتووری ئینتەرنێتدا دروستبووە، بەڵام نووسەر لەبری ئەوەی ڕێگای پڕکردنەوەی ئەو کەلێنە پێشنیاز بکات، زیاتر بانگەشەی قاییمتر کردنی دیوارەکانی قەڵای کتێب دەکات. ھەرچەندە ھاوڕام کە بەبێ قووڵایی فیکری، مرۆڤایەتی ھەمیشە لەبەردەم گەڕانەوەدایە بۆ ھەرێمە تاریک و دزێوەکان. بەڵام جیاوازییەکە لێرەدا ئەوەیە کە قووڵایی فیکری لەوانەیە ئەمڕۆ شێوازی جیاوازی ھەبێت لەوەی بەختیار عەلی بەدوایدا دەگەڕێت، قووڵاییەک کە ھاوکات ھەم کتێب و ھەم فەزای نوێی دیجیتاڵ دەتوانن دەستیان لە دروستکردنیدا ھەبێت.

سێ: ڕوانگەی نووسەر تاکلایەنە و یەک ڕەھەندییە، چونکە گرنگی بە ژیاندنەوە و چاکسازیکردنی دنیای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نادات. ئەم ھەڵوێستە پەیوەندی بە کاری مەعریفی مەیدانییەوە ھەیە کە لەگەڵ گوتار و ستایلی بەختیار عەلیدا ناگونجێت، لەبەر ئەوەی ئەو زیاتر لە "فەزا بەرزەکە"دا خۆی دەبینێتەوە.

بەڵام گوتارەکە ھیچ بەرپرسیارێتییەکی ئەو ڕاستییە ھەڵناگرێت کە گوتاری "ڕۆشنبیری" نەیتوانیوە زمانێکی کاریگەر بۆ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دابھێنێت و بە شیوەیەکی مانادر و کاریگەر بچێتە ناویانەوە، و لەبەر ئەوە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سەتحی و تەنکن. بەپێچەوانەوە، سەتحیبوونی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەرھەمی شکستی ڕۆشنبیرانە لە دۆزینەوەی زمانێکی گونجاو بۆیان. تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سەلماندوویانە کە گوێگری بەردەوام ھەیە و بەدوای گوتاری نوێدا دەگەڕێت. ئەرکی ڕۆشنبیر ئەوەیە ئەم توانا و وزەیە بدۆزێتەوە، لێی تێبگات و پەیوەندی لەگەڵدا دروست بکات. ئەوە بە واتای ئەوەی ڕۆشنبیرێک کە خەمی کتێبی ھەیە، دەبێت لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا چالاک بێت بۆ داکۆکیکردن لە گرنگی کتێب، فراوانکردنی بازنەی خوێنەران، و ئاراستەکردنی وزەی خوێندنەوەی نەوە و بەکارھێنەری نوێ. ئەمە گرنگترین میکانیزمە بۆ پاراستنی بونیادە کەلتوورییەکان. پێچەوانەکەشی واتە دەستشۆردن لە بەھایەک بەناوی پاراستنی ھەمان بەھاوە.

چوار: بەگشتی نەوەی بەختیار عەلی نەوەیەکی دوور لە ئینتەرنێت و گۆڕانکارییە دیجیتاڵییەکانن کە ئەمەش بەداخەوە بە سروشتی حاڵ، دووریان دەخاتەوە لە بەکارھێنانی ئەو فەزایە و شارەزایی لەبارەیەوە. لە کاتێکدا لە تەواوی دنیادا ئێستا ھیچ ڕۆشنبیرێکی جیھانی نییە کە پێگە و چەناڵ و جێگەی تایبەتی خۆی نەبێت بۆ قسە کردن لەگەڵ خوێنەرەکانی و بەرکەوتنی ڕۆژانە و بە مەیدانیکردنەوەی گوتارەکەی.

ھەرچەندە من پێم وایە ئەم دابڕانە بە تەنھا دابڕانێک نییە کە پەیوەندی بە جیاوازی تەمەنی نەوەکان و سنوورداری توانای تەکنیکییەوە ھەبێت، بەڵکو دابڕانێکی مەعریفی و مۆدێلێکی تایبەتی کارکردنە. ئەو ڕۆشنبیرەی کە ڕەچەڵەکی مۆدێلەکەی لە دەرەوەی بەرکەوتنە مەیدانییەکاندایە، مەیدانی دیجیتاڵی و بەریەککەوتنی بەردەوام بە "ئەویتر"ـی مێژوویی سەیر دەکات، نەک وەک بەشێک لە "ئێمە"ی کەلتووری. لێرەدا کێشەی بنەڕەتی مۆدێلی ڕۆشنبیرانی وەک بەختیار عەلی ئەوەیە کە لە بری تیۆریزەکردنی جیھانی دیجیتاڵی و شەقام و مەیدانە گشتییەکان و تێگەیشتن لێیان، تیۆریزەکردنەکەیان لە دووڕیانێکی نادڵنیای نامەیدانی ڕەتکردنەوە و پارێزکردنێکی زیادەڕۆدا دەخولێتەوە. ئەم مۆدێلە لە کاری ڕۆشنبیریدا کاتێک لاوازییەکانی دەسەلمێن کە دەبینین چۆن لە ھەمان کاتدا، چەمک و تیۆرییە پیرۆزکراوەکانی پێشوو، ھەندێک کات لەژێر خۆگوونجاندن لەگەڵ سەردەمی دیجیتاڵدا، بەجۆری جیاواز و مانادار دادەگیرسێن و زیندوو دەبنەوە.

پێنج: پێویستە ڕۆشنبیرانی کوردی ھەر لەئێستاوە (کە زۆریش درەنگە) ستراتیژییەکی نوێ بۆ پەرەپێدان و کشاندن و بە مەیدانیکردنی ڕۆشنبیری داڕێژن، ستراتیژییەک کە ھەم قووڵایی ھەبێت و ھەم توانای ھاتنە ناو خەڵکی ھەبێت. لە جیاتی ئەوەی ترس لە سۆشیال میدیا و ھاتنە ناو خەڵک ببێتە مەیلکردنێکی بەردەوام بۆ خەڵوەتگە نشینی، دەبێت ڕۆشنبیران تەکنەلۆژیا و ھەموو دیوەکانی سۆشیال میدیا بکەنە دەروازە بۆ چوونە ناو ئەو مەیدانانەی پێشتر کراوە نەبوون. ڕۆشنبیرانی داھێنەر ئەو کاتە بەتەواوی دەدرەوشێنەوە کە لە بەرکەوتنە ئاڵۆزە مەیدانیەکاندا پەیدا دەبن و جێگەی خۆیان دەکەنەوە. ڕۆشنبیرانی کلاسیکی یۆنان لە باشترین ساتەکانیاندا، لە گۆڕەپانی شاری ئەسینا قسەیان دەکرد، نەک لەناو خەڵوەتگەکاندا.

 

بۆ خوێندنەوەی وتارەکەی بەختیار عەلی کلیک لەسەر ئەم لینکە بکە:

https://www.awene.com/article?no=24144&auther=1516

 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×