لای هەمومان ڕون و ئاشكرایە كە گەشەكردن و پێشكەوتنی ئاستی خوێندن و زانست و زانیاری هۆكاری سەرەكین بۆ
ئەو پێشكەوتنانەی لە بواری پێشەسازی و تەكنەلۆجیای سەردەم بەدەست هاتون .
وڵاتە پێشكەوتوەكانی جیهان بەرنامەو پلانی تۆكمەیان هەیە بۆ ئەوەی لە بواری
زانستدا زیاتر بەرەو پێشوە بچن و هەمیشە لە كێبڕكیدان لەگەڵ یەكتری لەو بوارەدا . پارەیەكی زۆر بۆ ئەو بوارە تەرخان
دەكەن و هەوڵ دەدەن زانكۆ و پەیمانگاكانیان
لە پلەی یەكەمدا بن .
پێشكەوتنی بواری زانست، وابەستەیە بە ئاستی پێشكەوتنی بواری ئابوری و پیشەسازیشەوە . وابەستەیە بە بونی كەرتی تایبەتی گەشەسەند و هەبونی ژێرخانێكی ئابوری بەهێز .
هەتا كەرتی تایبەت
بە هێزبێت و بواری باز رگانی و پیشەسازی و كشتوكاڵ لە ئاستێكی گەشەسەندودابێت ،
شان بە شانی ئەوە زانست و زانیاری وپڕۆسەی خوێندنیش لە گەشەكردن و پێشكەوتنی بەردەوامدا دەبێت .
لە وڵاتە پێشكەوتوەكانی جیهاندا كۆمپانیا
گەورەكان بە تایبەتی ئەوانەی لە بواری تەكنەلۆجیای پێشكەوتودا كاردەكەن
، بەشوێن كەسانی پسپۆڕ و شارەزادا دەگەڕێن
. جگە لە پێدانی موچەی باش ، پارەی زۆریشیان دەخەنە بەردەست بۆ ئەوەی بتوانن داهێناننی
تازە بكەن . بۆیە نوێنەری ئەو كۆمپانیانە
سەردانی زانكۆكان دەكەن و هەواڵی ئەو خوێنكارە
زیرەكانە دەپرسن كە لە قۆناغەكانی كۆتایی
خوێندنن و زانستەكەشیان بۆ كۆمپانیاكانی ئەوان
بەسودەو پێیان دەڵێن كە خوێندنتان تەواو
كرد ، لای ئێمە شوێنتان بۆ دانراوە . ئەمەش
دوو گرینگی تایبەتی هەیە :
یەكەم: كۆمیانیا گەورەكان بەردەوام
لە كێبڕكێی یەكتریدا دەبن بۆ ئەوەی تەكنەلۆجیای
تازە بەرهەم بهێنن و پارەی زۆر پەیدا بكەن .
دووەم: خوێنكارەكانیش هەمێشە لە كێبڕكێی
یەكتریدادەبن و هەوڵ دەدەن زیاتر و زیاتر
فێری عیلم و زانست ببن و بە زوویی كاریان
دەست كەوێت پارەی باش بەدەست بەهێنن و ژیانێكی
شایستە بۆخۆیان دەستەیەر بكەن . كەواتە ئەم دوو جۆرە كێبڕكێیە دەچنە خزمەتی گەشە
كردن و پێشكەوتنی كۆمەڵگاوە .
پڕۆسەی خوێندن هەر لە قۆناغەكانی سەرەتاییەوە تا دەگاتە قۆناغی زانكۆ و خوێندنی
باڵا ، بە تەواوی سەر بەخۆیە لە هەموو دەست تیوەردانێك .
پڕۆسەی خوێندن
لە وڵاتە پێشكەوتوەكان بە جۆرێك بەرنامەی
بۆ دانراوە كە نەوەیەكی تازە پێ بگەیەنن كە تەواو شارەزابن لەو بوارانەی هەڵی دەبژێرن بۆ ئەوەی بتوان بەشداربن لە بنیاتنان و پێشكەوتنی وڵاتدا . ئەو كەسەی قۆناغی زانكۆ یان خوێندنی باڵا تەواو دەكات بە مانای وشە دەبێتە كەسێكی شارەزاو
لێهاتو و بنیاتنەر .
خوێندن لە هەرێمی كوردستاندا:
لە هەرێمی كوردستان حكومەت بەمانای خۆی نییە و حیزب ڕوڵی حكومەت دەبینێـت .
حیزبیش هەرچی لە خزمەتی خۆیدابێت ئەوە دەكات . حیزب دەستی خستۆتە ناو هەم و دام و
دەزگاو سێكتەرەكانی كارگێڕییەوە . بەو هۆیەوە نە یاسا سەروەرە . نە پەڕلەمانتار ڕۆڵی هەیە لە بڕیارداندا . نەوەزیر دەسەڵاتی خۆی هەیە . واتە هیچ شتێك لە شوێنی خۆیدا نیەو هیچ كارێك بە بەرنامە
ناكرێت .
زانكۆكان بونەتە بارەگای مەڵبەندی یەكێتی
و لقی پارتی . زوربەی مامۆستاكان ڕۆڵی كادیری
حیزبی دەبینن . لە زانكۆكانی كوردستاندا پسپۆڕی و شارەزایی و ئاستی زانست نابنە پێوەر
بۆ ئەوەی پلەی وەزیفی پی َبەرزبكرێتەوە . ئەگەر ئەندامی حیزب نەبی ، فەیلەسوفیش بیت
بایەخی نیە.
بە دەیان مامۆستای زانكۆ هەیە بە نامەی بەرپرسێك بە قبوڵ خاس لە زانكۆ وەرگیراوە . بە قبوڵ
خاس ماستەرو دكتۆرای وەرگرتوە . زوربەی ئەو مامۆستایانە نامەی ماستەرو دكتۆراكەشیان بۆ نوسراوەتەوەو هەشیانە
لە ماڵەوە مەكتەبەشی نییە . كەواتە دەبی َئەمانە چۆن مامۆستایەكی زانكۆبن و ئەوانەشی
لەسەر دەستی ئەمانە پەروەردەبكرێ، چییان لێ دەرچێت .
هەندی لە مامۆستاكانی زانكۆ بە جۆرێك بونە كۆیلەی حیزبەكان لە
پێناوی وەرگرتنی پۆستدا ، ئابڕوی مامۆستای
زانكۆیان بردوە . ئێستا ئەم مامۆستا حیزبیانە
بونە بەرپرسی مامۆستاكانی پێشوی خۆیان و
زانكۆكان بەڕێوەدەبەن .
زوربەی مامۆستا
شارەزاكان كە حیزبی نین لە زانكۆكان پشت گوی َخراون و هیچ بەرپرسیاریەتێكیان پی َنادەن . ئاستی زانست لە زانكۆكانی
كوردستان لە بارو دۆخێكی زۆر خرابدایە . خوێنكارەكان تەنها ڕۆژگار بەڕێدەكەن تا بڕوانامەكە وەردەگرن . چونكە هیچ هیوایەكیان بە ئایندەی خۆیان نییە .
ئەم سیستەمی خوێندنە لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستاندا هەر خوێندكارەكانی بی
َهیوا نەكردوە ، بە هەمان شێوە مامۆستا دڵسۆز و بە ئەزمونەكانیشی بی َئومید كردوە . مامۆستاكانی سەر بە حیزب پێویستیان
بەوە نییە خۆیان ماندو بكەن و بەدوای زانستدا بگەڕێن چونكە حیزبی بونەكەیان زامنی هەموو شتێكیان بۆ
دەكات و خۆماندوكردنی پێویست نییە.
مامۆستا غەیری حیزبیەكان و بە ئەزمونەكانیش سەیردەكەن هەرچۆنێك هەوڵ بدەن و چەند خاوەنی زانستی بەرزبن ، سودی نییەو ڕێگایان پێ نادرێت نەخشەو پلانی گونجاو دانین بۆ
پێشخستنی زانكۆكان .
كەواتە ڕوحی كێبڕكی لەناو مامۆستاكانی زانكۆشدا نامێنێت ئەوانیش وەكو خوێندكارەكان تۆشی نا ئومێدی دەبن
. مامۆستای حیزبی پێویستی بەزانست نییە . مامۆستای غەیری حیزبیش دەڵی هەرچی بیكەم حسابم بۆ ناكرێت .
دواجار لە نێوان بێ ئومێدبونی خوێندكاران
و مامۆستایانی زانكۆدا ، خوێندن بە تەواوی بی َ بایەخ دەكرێت ، ئەوەش حكومەت لێی بەرپرسیارە.
ئەم بێئومێد بون و بێ بایەخكردنی خوێندنە هەر پەیوەست نییە بە قۆناغی
زانكۆكانەوە،لە قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیش ، هەمان كێشەو گرفت هەیە . لەكوێ
حیزبە دەستی هەبێت ، ئەویش وێران دەكات. بەڵام ئەوەت ئەنجامە خراپەكانی لە قۆناغی زانكۆدا دەركەوتوە .
كارەساتی گەورە هەر ئەوە نییە ئاستی زانست لە زانكۆكانی كوردستاندا زۆرنزمە ، لەوە خرابتر ئەوەیە كە دوای تەواوكردنی
قۆناغەكانی خوێندن هیچ هیوایەك نییە بۆ دامەزراندن چ لە لایەن حكومەتەوەو چ لە
بواری كەرتی تایبەتدا . دام و دەزگاكانی حكومەت فەرمانبەری زیادەیان هەیە و پڕە لە
بندیوار . كەرتی تایبەت هەر نییە .
دەتوانم بڵیم بۆ ماوەی شەش ساڵیش دەبی
َتاكە تاكە یان مناڵی بەرپرسەكان نەبێت كەس دانەمەزراوە . تەنانەت یەكەم و دووەم و سێیەمی زانكۆ و پەیمانگاكانیش
شانسی دامەزراندنیان كەمەو هەموو ساڵێك خۆپیشاندان دەكەن و داوای دامەزراندن دەكەن
. وەكو دەردەكەوێت تا چەندین ساڵی تریش ئۆمێدێك نییە بۆ دامەزراندن لە كەرتی گشتی و تایبەتیدا.
كەواتە حكومەت قۆناغی خوێندنی
زانكۆی بە تەواوی بی َبایەخ كردوەو هیچ كەس
ئومێدی بەوە نییە كارێكی دەست كەوێـت تەواوكردنی
خوێندن و تەنها ئەوەیە بڕوانامەیەكی سەركاغەزی
هەیەو لە بواری كردەییدا هیچ فێر نەبوەو ئەو تۆزەی فێرێشی بوە ، بە هۆی ئەوەی دانامەزرێت لە بیری دەچێتەوە .
حیزبەكان لە بری ئەوەی بەرنامەیان هەبێت بۆ دەستەبەركردنی ئایندەیەكی باش بۆ دەرچوانی
زانكۆ و پەیمانگاكان و هەلی كاریان بۆ بڕەخسێنن
، خەڵكێكی زۆریان چەكدار كردوەو كراونە پاسەوان و باخەوانی بەرپرسان و بارەگا حیزبیەكان .
لە بری ئەوەی حكومەت بەرنامەی هەبێت كە خوێنكارێكی كۆلیجی پزیشكی كە خوێندنی تەواو
كرد ، یەكسەر دایمەزرێنن لەبەر ئەوەی زۆرپێویستیان پێیان هەیە ، لە بری ئەوە بە هەزارن پاسەوان لە بەردەرگای بارەگا حیزبیەكان بە نەعلەوە دانیشتون و خەریكی گوڵەبەڕۆژە
خواردنن و موچەی باشیشیان هەیە .
كەواتە خوێندكار هیچ ئارەزویەكی بۆ خوێندن نەماوە . چونكە حیزب خوێندنی بێ بایەخ كردوە . خوێنكار هەر ساڵ بەڕێدەكات و هیچ ئومێدێكی بە
ئایندەی خۆی نییە.
كارەساتە گەورەو ترسناكەكە لێرەوە دەست پێ دەكات:
ماوەی چەندین ساڵە بەردەوام گەنجەكان وڵات جێدێڵن و بەرەو ئەوروپا دەكەونەڕێگا لە پێناوی ژیانێكی خۆشتردا
. بەو هۆیەوە ژمارەیەكی زۆر لە كچان ماونەوەو شویان نەكردوە . ماوەی چەندین ساڵیشە دەرچوانی زانكۆ و پەیمانگاكان دانەمەزراون و لە كەرتی تایبەتیشدا شانسی كاركردنیان نییەو بێكار لە ماڵەوە دانیشتون .
ئەگەر بارودۆخ
ئاوا بڕوات چەندین ساڵی تریش هەر بەم شێوەیە دەبێت . لەوانەیە تا ئێستا نزیكەی 200 هەزار هەر دەرچوی
زانكۆ و پەیمانگاكان هەبن كە بەلانی كەمەوە نیوەیان كچن .
كەواتە ئەگەر
سەرنج بدەین دوای 10 ساڵێكی تر ژمارەیەكی بێ شومار لە كچان دەبنە پیرەكچ و كورد واتەنی دەبێ لەماڵەوە
پرچی سپی بهۆننەوە لە سایەی سەری دەسەڵاتی پارتی و یەكێتییەوە .
ئەمە لێرەدا
ناوەستێت و تەواو نابێـت و كۆتایی نایەت . دواجار كێشەی كۆمەڵایەتی گەورەی بەدوادا
دێت . كچ بچێتە دەرەوە قسەو باسی لەسەر
دروست دەبێت . ئەگەر لە ماڵەوە بمێنێتەوە چ لەبەر قسەی خەڵك بێت یان نەبونی پارەوەبێت ، توشی نەخۆشی نەفسی دەبێت
. دواجار ئەمانە هەموی دەبنە كێشەی دایك و
باوك و كەس و كار و كۆی خەمی كۆمەڵگا . ئەمە
كێشەیەكی ئێجگار گەورەیەو نامەوێت بچمە وردەكاری باسەكەوە .
ماوەتەوە ئەوەی بلێم: دایك و باوكی ئازیز . ئەی دەرچوانی زانكۆو پەیمانگاكان
، خوێندكارە ئازیزەكان كە ئایندەتان نادیارە
. مامۆستایان و پزیشكان و گشت موچەخۆران و
كەم ئەندامان و خانە نشیانی داماو كاتی ئەوە نەهاتوە بیرێك لە ئایندەی خۆتان و نەوەكانتان
بكەنەوە ؟؟؟. ئەوەی بەسەر ئەم میللەتە هاتوە ئەنجامی حوكمڕانی 29 ساڵی یەكێتی و
پارتییە ، لە ئێستادا بارودۆخی هەرێمی كوردستان لە هەموو كاتێك خرابتر و ترسناكترە .
كاتی ئەوە نەهاتوە هەمومان بەیەكەوە بەو دەسەڵاتدارانە بڵێین بەس نییە تاڵانكردنی
قوتی ماڵ و مناڵمان . هەرێمێك بە 23 وەزیر
و 111 ئەندام پەڕلەمانەوە نەتوانیت موچەی هاوڵاتیان دابین بكات ، باشتر نییە دەست بەرداری دەسەڵات
ببن ؟؟ بۆچی وازمان لێ ناهێنن ، چیتان لێمان دەوێت و چی ماوە
پێمان نەكەن .
ئەگەر هەر وەڵامیان نەداینەوە حەقی خۆمانە دەست بكەین بە خۆپیشاندانی ئاشتیانە . ئەگەر ئەوەش نەبوو بە چارەسەر حەقی خۆمانە دەست بەرین بۆ ڕاپەڕینێكی سەرانسەری چونكە چارەیەكی تر نامێنێت . ماوەتەوە
ئەوەی بڵێم : هاوڵاتیانی ئازیزو خۆشەویست : هیچ كەسێك بە دیكتاتۆری لە دایك نابێت
، ئەوە بێدەنگی من و تۆیە دیكتاتۆر دروست
دەبێت . كە دیكتاتۆریش دروست بوو ، بە ئاسانی ناڕوات .
ئەوانەی دزی و
تاڵانی دەكەن ، ناتوانن چارەسەری دزیكردن بكەن . تەنها ڕێگا ئەوەیە ئەو دزانە دوور خەیتەوە . ئەوانەی فێری دزیكردن
دەبن ، هەرگیز ناتوانن دەست بەرداری دزیكردن ببن بە خۆشی .
ئەگەر ئێوە بیرێك
لە خۆتان و كەس وكار و نەوەكانتان نەكەنەوە ، هەرگیز چاوەڕوانی لە هیچ كەسێكیش مەكەن بیر لە ئێوە بكاتەوە . ئەگەر ئێوە خۆتان لە خەمی خۆتان نەبن ، چاوەڕوانی ئەوەش مەبن هیچ كەسێكی تر لە
خەمی ئێوەدا بێت.
كەواتە كاتی ئەوە هاتوە پەردەی بێدەنگی بدڕێنن و بێنە
دەنگ و داوای مافی زەوت كراوی خۆتان بكەن . ئەگەر ئەم بارودۆخەی ئێستاشتان بەدڵە پیرۆزبایتان لێ دەكەم . سەری خۆتان
كزبكەن و وەكو جاری جاران باری خۆتان بەرن.