چەند هیوایەک دژ بە ڤایرۆسەکان
د. ساماڵ مانیی
2020-03-19   1034
وتاری پێشووم دژ بە جێبەجێکردنی پلانی لە ٦٠٪ ی (هێردڵ ئیمیونیتی- بە کۆمەڵیی چون بەرەوپیری ڤایرۆسەکە) بوو، کە سەرۆک لیژنەی زانستی سەربە حیزبی کۆنپارێز(کۆنسەرڤاتیڤ) کە لە ئێستادا بەریتانیا بەڕێوە دەبات، دەیانەویست بیسەپێنن بەسەر هەموو ئەوانەماندا کە بەریتانین، ئەو پلانە جگە لەوەی 'بە حیزبی کردنی زانست' بوو، کەمتەرخەمی و بێ خەمی بوو.
من ئیش و لێکۆڵینەوە لە فەلسەفەی زانست دا دەکەم و لەڕووی فەلسەفەی زانستەوە ئەو وتارەم نوسی کە دژ بەو پلانەی ٦٠٪ بوو؛ وتارەکەم دژ بە زانست نەبوو. نە من و نە هیچ کام لەوانەی کە دژی پلانی ٦٠٪ وەستاینەوە لە بەریتانیا، کەسمان دژ بە زانست نین. بەڵکوو هەموومان دژ بەو پلانە بە حیساب 'زانستی'یە بووین کە هەندێک بنەمای زانستی وهەندێک بەکارهێنانی ڕێژە وئامار لە ئارگیومەنتێکی خراپدا گونجێنرابوو لە سوود و بودجەی حیزبێک و کابینەی حکومەتێکدا. وەکو من دەرمخست لە وتاری پێشوومدا ئەو پلانە پڕ بوو لە کێشەی تێڕوانینی مۆڕالی و بەکەم گرتنی بەهای مرۆڤ، هەروەهاش لە کەموکورتی زانیاری ، جگە لەوەی لە بنەمای ئارگیومەنتەکەشیدا کەم وکورتە و سەرەنجامەکەی جێی متمانە نەبوو.
پاش ئەوەی زۆرمان دەنگمان بەرز کردەوە دژ بە پلانەکە، لە شەو وڕۆژێکدا سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا کە پلانی ٦٠٪ ی کردبوو بە 'پلانی زانستی'، بە ناچاری( ٣٦٠دەرەجە) بایدایەوە و لە جێی ئەوەی پلانی ٦٠٪ دابەزینێت و پاڵی لێ بەنەوە، وا ئێستا پلانی یەک و دووی ' خۆپارێزی و پارێزگاری لە هەموو دانیشتوان' ی خستە جێبەجێکردنەوە، ئیتر خەڵک لەماڵەوە ئیش دەکەن و تێکەڵ بوون لە شارەکاندا قەدەغەکرا و لەندەن وەکو ڕۆما چۆڵە، زۆربەی وێستگاکانی هاتوچۆ دادەخرێن و مەکتەبەکان داخران و هەموو شوێنی کۆبوونەوە و بۆنە و ڕابواردن و یاریەکان داخران ، ئەوەشی کە نەکراوە لەم یەکدوو ڕۆژەدا دەکرێن. ئەمە تا ئێستا باش ڕۆییوە و هەموو پابەندین بە پلانی یەکەمی خۆپارێزی و پلانی دوەم کە کەمکردنەوە و ڕاگرتنی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەیە، جێبەجێی ئەکەین و نامانەوێت کەس بکەینە قوربانیی و مشکی موختەبەر بۆ ساغکردنەوەی گریمانەکان، لە کاتێکدا کە بە سروشت هەموو گریمانەیەک کەموکوڕی هەیە هەتا دەخرێتە هەڵسەنگاندن و ڕاستیی سەرەنجامەکەی ساغ دەکرێتەوە.
ئەمەوێت لەم وتارەمدا باس لە هیواکان بکەم لە جەنگی دژ بەم ڤایرۆسە جیهانیە.
مەبەستم تەنها لە ڕووی مەعنەوییەوە نیە و تەنها مەبەستم لە دەرخستنی جوانیەکانی هێزی ئیشکردنی مێشک و لەشی مرۆڤ نیە کە زۆر سەرنجم ڕائەکێشێت، سەرباری لاوازیەکانی بۆ ڤایرۆس و میکرۆب و نەخۆشی و ئازار و پیری و مردن و هتد لەو کەموکوڕی و لاوازییانەی لەشی مرۆڤ بە نێر و مێیەوە هەیەتی.
بەڵکوو دەمەوێت کۆمەڵێک شتیتر بڵێم، لەوانە: دەمەوێت بڵێم هیچ کام لەو کۆمەڵگە بە سنور داڕێژراوانەی کە هەمانن لەسەر نەخشەی زەویدا جیای نەکردوینەتەوە وەکو مرۆڤ، وەک دەبینن پێویستمان بە یەکترە بۆ بەرەنگار بوونەوەی ئەو دوژمنانەی کە نایانبینین؛ یەکێک لەوانە ڤایرۆسە.
لە هەر ووڵاتیک بژین بە تەنیا نین، هیچ ووڵاتێک بە تەنیا ناژی لەسەر ئەم زەویە گەرچی سیاسەتێکی دابڕا و زۆر توندوتیژیشی هەبێت و بیەوێت بە جەنگی گەرم وسارد خۆی جیا بکاتەوە لە ووڵاتانیتر.
بمانەوێ و نەمانەوێت پەیوەندیمان بە یەکەوە هەیە نەک هەر لە ڕووی ئابووری و بازرگانی و پەیوەندیە سیاسی و دیبلۆماسیەکان، بەڵکوو لەڕووی ئاڵوگۆڕی زانستی وفەلسەفی وئاڵوگۆڕی تێۆریەکاندا. ئەم پەیوەندیەی دواینە لای من زۆر گرنگە و زۆر بە ڕوونی بۆ هەموان دەرکەوتوە لەم ڕووبەڕوو بوونەوەی ڤایرۆسی کرۆنایە کە بە کۆڤید ی ١٩ ناونراوە.
هەروەک لە پێشتریش هەمان پەیوەندیەکانی بواری زانست و فەلسەفە و ئاڵوگۆڕکردنی تێۆریەکانە کە سوودیان لێوەرگیراوە لەکاتی کارەساتە جیهانیەکان و ڤایرۆس و پەتا جیهانیەکاندا، گرنگ نیە چۆن هێڵی سنورەکان کێشراون لە نێوانماندا، ئێمە ئیشەکانمان لەو دیوی سنورەکانەوەیە وبەناو هەموو سنورەکاندا تێدەپەڕێت.
لەم کاتەدا لە رێی بەکارهێنانی ئەزموونی پێشینەوە دژ بە ڤایرۆسەکانیتری لەمەوبەر، لەگەڵیدا ئەو زانیاریانەی کە دەستمان دەکەون لەو ووڵاتانەی کە ڤایرۆسەکە زیاتر بەکارە ، لەوێ - لە چین و ئیتالیا و ئێران- کەموزۆر داتا و زانیاریەکان بڵاودەکرێنەوە و دەگاتە دەستمان و ئێمە شیکاریان بۆ دەکەین و ئەوەمان بۆ دەرئەکەوێت کە ڕێژەی متمانەکردن چەندە بە هەر جۆرە پلانێک کە دروستی دەکەین.
تا ئێستا هەردوو پلانی یەکەم و دوەمی دژ بە ڤایرۆسەکە (ئەوەی کە دەکرێت لە کوردستان و ئێستا لە بەریتانیا و ئەورۆپا) لەو ووڵاتانەی کە لە دوای چین و ئێران و ئیتالیا ڤایرۆسەکەیان تیا بڵاوبۆتەوە، باش ئیش دەکات بۆ ڕێگرتن لە بەرزبوونەوەی ئاستی توش بوون و لەگەڵیدا ڕێگرتن لە گۆستنەوەی بۆ زۆرینەی هاوڵاتیانی ناو هەر سنورێک؛ ئەمە پشتبەستنە بە ئاڵوگۆڕکردنی زانیاریەکان و گریمانە زانستیەکان و تیۆریەکان و شیکاریکردنیان.
لەگەڵ ئەمانەدا، دوو هیوایتر هەن کە دەمەوێت سەرنجی بۆ ڕابکێشم: یەکێکیان دووردەست نیە، وا دەستمان بە بەکارهێنانی کردوە و سوودبەخشە بەرامبەر بە ڤایرۆسەکە، یەکێکیتریان بەڕێوەیە.
لە پێشدا باسی ئەو هیوایەیان ئەکەم کە بەڕێوەیە، ئەویش دۆزینەوەی دەرمانی چارەسەری و ڤاکسینە، نابێت ئەوە لەبیر بکرێت. بۆ بەدەستهێنانی ئەم هیوایە، بەهەزاران پرۆژەی زانستیی لە ووڵاتانی جیا جیا ی ئەورۆپا و ئەمەریکا و ڕوسیا و چین دوو سێ مانگێکە دروست بوون، بەتایبەتی لەم مانگەدا و بە بودجەی زۆرەوە خەریکی دۆزینەوەی ڤاکسین و دەرمانن، ئەمانە لە کێبڕکێدان نەک هەر لەبەر مەسەلەی مرۆڤایەتی و یارمەتی، بەڵکوو لەبەر پارە و قازانجی خەیاڵیی لە فرۆشتنەکەیدا و لە بەر ناوبانگی 'فریاد ڕەسی مرۆڤایەتی' لە ناو ووڵاتانیتردا. تا ئێستا ٣٥ جۆری ڤاکسین لە تقایکردنەوەدایە. لەبەر ئەوە هەر چەند مانگێکیتر دەبیستن کە ڤاکسین یان چارەسەر دۆزراوەتەوە. ئەو هەواڵە ئەوکات یەک ڕۆژنامە و دووان بەشەرمەوە باسی ناکەن، بەڵکوو وەکو چونە سەر مانگ هەواڵەکەی دەتەقێتەوە بەسەر زەویدا.
دووەم هیوا دژ بە ڤایرۆسەکە، ئەمیان چیتر دووردەست نیە و دەستمان بە بەکارهێنانی کردوە، بەتایبەتی دەمەوێت سەرنجی بۆ ڕاکێشم.
لە ئێستادا بۆ نموونە: ئەوانەمان تا ڕادەیەک یەکلا کردۆتەوە کە کام نەخۆشییتر کاریگەری ڤایرۆسەکە سەختتر دەکات لای هەڵگرانی ڤایرۆسەکە، ڕێگاکانی چۆنیەتی کەمکردنەوەی کاریگەریی ڤایرۆسەکە لە لەشی ئەوانەی کە هەڵگری ڤایرۆسەکەن لە رێی چۆنیەتی چارەسەرکردنی هەر یەک لەوانەی کە ڤایرۆسەکە دەگرن، چۆنیەتی کەم کردنەوەی ئازار لای توشبوی ڤایرۆسەکە، هەروەهاش خێراکردنی چاکبوونەوەی نەخۆشەکە لە کاریگەریی ڤایرۆسەکە. هەموو ئەمانە هیوابەخشن لەم جەنگەماندا دژ بە دوژمنە نەبینراوەکانمان، ڤایرۆسەکان.
بۆچی ئەمەم ناوناوە 'هیوا دژ بە ڤایرۆسەکە'؟ چونکە خۆی لە خۆیدا بەشێکە لە دۆزینەوەی چارەسەر. نەک هەر لەبەر ئەوەی کە لە ئێستادا بەکاردەهێنرێت و سوود بەخشە پێش دروستکردنی ڤاکسین و دەرمانی چارەسەری یەکجاریی ڤایرۆسەکە؛ بەڵکوو لەهەمان کاتدا ئەوە خۆی بەشێکە لە دۆزینەوەی چارەسەری تەواویی بۆ ڤایرۆسەکە.
لەبەر ئەوەی هەموو ئەم پلانانە بۆ خۆپارێزی و هەنگاونان بۆ کۆنترۆڵکردنی و چۆنیەتی کەم کردنەوەی ئازار و کاریگەریی ڤایرۆسەکە و زوو چاککردنەوەی هەڵگرانی ڤایرۆسەکە و هەرهەموویان قۆناغەکانی دۆزینەوەی چارەسەری یەکجارین، پێکەوە ئیش دەکەن لە یەک تاقیگەی زانستیی کۆمەڵەگەی مرۆڤایەتیدا؛ بەشێکن لە موختەبەرە گەورەکەی کە تیا دەژین- سەرزەوی و پێکەوە ژیان. زانیاریەکان و دۆزینەوەی کێ تا چەند ڤایرۆسەکە کاریگەریی دەبێت لەسەری؟ دۆزینەوەی چۆنیەتی کەمکردنەوەی کاریگەریی ڤایرۆسەکە لەناو ئەوانەی کە هەڵگری ڤایرۆسەکەن؟ دۆزینەوەی چۆنیەتی خێرا چاککردنەوەی توشبووی ڤایرۆسەکە؟ هەر هەمویان بەشێکن -یان یاریدەدەرن /ئەکسیلەرین- لەو پرۆژە زانستیانەی کە دەیانەوێت لە رێی گریمانەکانەوە ڤاکسین و دەرمانی یەکجاری بۆ ڤایرۆسەکە بدۆزنەوە.
ئەمانە ئەو هەنگاو و پلانە قۆناغەییانەن کە دەمانکات بە براوەی ئەم جەنگە دژ بە ڤایرۆسە نەبینراوەکان