بە زۆر دابەشکردنی کوردستان بەسەر چوار دەوڵەتی تازە دروستکراو لە کۆتا قۆناغی مێژوی نوێ دا، وابوەو وایە، کە؛ هەمیشە پیلانەکانی ئەو دەوڵەتانە لە فۆرمی ئاسمیلەکردن دابوە دژی نەتەوەی کورد، کە هەمو جۆرەکانی ئاسمیلەکردنی کلتوریی، سیاسیی، ئایدۆلۆژیی و مەزهەبیی لەخۆگرتوە.
[لە ڕوی سیاسییەوە: ئاسمیلەکردن پرۆسەی تواندندنەوەی گروپێکە لە ناو گروپێکی تردا، بەتایبەت تواندندنەوەی کەمینەیەک لە ناو گروپێکی زۆرینەدا. یان زاڵکردنی زمان، کلتور، مێژو، دابونەریت و مەزهەبی ڕەگەزێک بەسەر ڕەگەزێکی تردا، به ئامانجی تواندنەوەی تایبەتمەندییە ڕەسەنە جیاوازەکانی ڕەگەزە ژێردەستەکەیە].
لەگەڵ ئەوەی دەبینین پرۆسەکانی ئاسمیلەکردن دژی نەتەوەی مەزنی کوردی ڕەگەز زاگرۆسیی بەدرێژایی مێژو بوەتە هۆی تورکاندن، فارساندن و عەرەباندنی چەندین ناوچەی کوردستان و، تواندنەوەی تایبەتمەندی کلتور و خاک و زمان و ئاینەکانی ناو کوردستان لەلایەن ئیمپریالیزمەکانی تورک، فارس و عەرەبەوە، کەچی هەر کورد ماوەو دەمێنێ و، هەندێکجاریش لە تراژیدیای بەشێکی داگیرکراو دا؛ بەشێکی تری کوردستان دەرفەتی بۆ هەڵدەکەوێت. چونکە ئیمپریالیزمەکانی تورک، فارس و عەرەب لەگەڵ ئەوەی دژ بە کوردن؛ دژ بە یەکتریشن چونکە فراوانخوازییەکانیان بەریەکتر دەکەوێ. ئەمە وادەکات گەر پارچەیەکی کوردستان لە داڕوخان و تراژیدیا و پاکتاودا بێ؛ گوڵی هیوا لە پارچەیەکی تر بپشکوێ!
ئێستا کە بەرەی مقاومە لە داڕوخاندان لە سوریا. گەر هەسەدە ستراتیژبینانە هەنگاو نەنێن؛ مەترسیی جددی لەسەر چەندین ناوچەی خۆراوای کوردستان هەیە و دەبێت. بەڵام ئاسۆی کورد لە ستراتیژدا لە خۆرهەڵاتی کوردستان دەدرەوشێتەوە، چونکە ڕژێمی ئێران لە داڕوخاندایە. ئەمە بۆ باشوری کوردستانییش دەرفەت دەخولقێنێ؛ بەوپێیەی ڕژێمی عێراق لەژێر فەرمانی ئێران دایە.
پڕوکاندنی ئەجێنداکانی ڕژێمی ئێران؛ کاریگەری ڕاستەوخۆشی لەسەر ڕژێمی عێراق دەبێ. بەڵام دزیی و سیاسەتی نا-ناسیۆنالیستانەی هێزەکانی باشور وایکردوە هیچ پلانێکی ستراتیژییان تێدا بەدی ناکرێت بۆ ڕزگاردنی کەرکوک و موسڵ و خانەقینی کورد لە ئەگەرەکانی داهاتودا.
شاهیدن من لە بابەتەکانی پێشوشم دا، باسم لە ستراتیژ بۆ خۆرهەڵاتی کوردستانیش کردوەو، لە ڕۆژی هێرشی حەماسیش بۆ سەر ئیسرائیل [کە بابەتەکان لە ئاوێنە ماون] بە بەردەوامیی ڕونم کردۆتەوە کە دەبێت ستراتیژی ڕزگارکردنی خۆرهەڵاتی کوردستان بە لەخۆگرتنی کوردە بەختیارییەکانیشەوە دابڕێژرێت، چونکە بەرەی ڕژێمی ئێران لە داڕوخاندان، بەڵام کاتی دەوێت.
بەهەرحاڵ، پێموایە: ناهوشیارییە مرۆڤ وا تێبگات کە تورکیا [بەبێ] ئاگادارکردنەوەی ئیسرائیل-ئەمریکا پلانی ڕۆژانی پێشوی بۆ بەرەی تەحریر و شام کێشابێت. بەڵکو ئەمریکا-ئیسرائیل بەوردی ئاگاداری جوڵەکانن.
هەر ئەوەی ڕوسیا بەچڕیی و بەبەردەوامیی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەرەی تەحریروشام بۆمباران دەکات و، ئەمریکا-ئیسرائیلییش جار-جار میلیشیاکانی ئێران لە سوریا بۆمباران دەکەن، نیشانەی ئەوەیە؛ لەم کارەی تورکیادا پرس بە ئیسرائیل-ئەمریکا کراوە.
ئایا دواتر ئەسەد بە سازشی گەورە بۆ ئیسرائیل-ئەمریکا وادەکات لەستراتیژدا بیهێڵنەوە؟ ئەوەش پێچەوانە دێتەوە لەگەڵ ستراتیژی ڕوسیا و ئێران لە سوریادا.
مەبەستم ئەوەیە: جەمسەربەندییەکەی ناو سوریا زۆر ڕونەو، پێویست ناکات بەوەی کە هەندێک نوسەری کورد تێکەڵی دەکەن و، تەنیا ناوی تورکیا دێنن!!
گرنگە هەسەده خۆی بۆ ئەمریکا یەکلابکاتەوەو، ئەم ماوەیە کۆبونەوەی چڕ لەگەڵ ئەمریکییەکان بکات و، چەندین بەڵێننامە بۆ ئەمریکا پڕبکاتەوە؛ بەمەرجێک ئەمریکا پشتیوانیی بۆیان؛ ستراتیژی بێت. چونکە با مەنتیقی بین: ئەگەر ئەمریکا نەبێت بەڕۆژێک هەسەدە قوت دەدرێ. ڕونیشە ئەوەش جینۆسایدی خۆراوای کوردستانیشی بە دەست ئۆپۆزسیۆنی ڕژێمەکەی ئەسەدەوە؛ لێدەکەوێتەوە.
ڕونتریشە: ئەگەر ئیسرائیل لەپێناو بەرژەوەندییەکانی خۆی حەماس و حیزبوڵاو هەندێک گروپەکانی ئێرانی لە سوریا ڕانەماڵیبایە؛ ئەم گروپانە لە ستراتیژدا کوردیان دەخوارد، بەتایبەت دەسەڵاتی گروپەکانی باشوری کوردستانیان ڕادەماڵێی.
هەسەدە دەبێت لەم دۆخەدا بەزەییان بە چارەنوسی نەتەوە خوێناوییەکەیان دا بێتەوەو، بە ئایۆلۆژیا سیاسەت نەکەن و، کارێک نەکەن خۆراوای کوردستان بە جینۆسایکردن بدەن! بڕۆن بەڵگەنامەکانی بەریتانیا بخوێننەوە: بزانن چەند فایل لەسەر بەشداری پەکەکە لەگەڵ سوپای سوریا هەیە لە شەڕ لە دژی ئیسرائیل لە ساڵی ١٩٨٣!! لەکاتێکدا لەو سەردەمەدا پەکەکە شەڕی نەبردبوە قوڵایی خاکی باکوری کوردستانەوە! بێگومان ئیسرائیلیش تۆڵەی دەبێ و پێی خۆش دەبێ ئۆجەلان لەداوبخرێ. چونکە تۆ بۆ دەڕۆیت لەگەڵ سەربازانی سوریا شەڕی ئیسرائیل دەکەی؛ لەکاتێکا ئەوە ڕژێمی سوریایە کە بەشێک لە خاکی کوردستانی داگیرو جینۆسایدکردوە، نەک ئیسرائیل!
ڕونە مەلا مستەفاو ئیبراهیم ئەحمەد و هتد سەردانی ئیسرائیلیان کردوە. واتە: ئیسرائیل کوردستانی داگیرنەکردوە؛ بۆچی کورد ڕقی لێی بێ. لەکاتێکا ئەوانەی خاکی ئێمەیان داگیر و سەدانجار جینۆساید و هەزاران جار ئەتکی شەرەفی تاکەکانی کوردیان کردوە؛ سەربازانی ئیمپریالیزمی تورکی مسوڵمان و ئیمپریالیزمی فارسی مسوڵمان و ئیمپریالیزمی عەرەبی مسوڵمان بون و بەردەوامیشن لەسەری!
لە بابەتەکانی پێشوشم کە لە سایتی ئاوێنە هەن، چەندین جار ڕونم کردۆتەوە؛ هەم چەندین دەرفەت لە ستراتیژ دا بۆ کورد هەڵدەکەوێ و، هەمیش چەندین هەڕەشەی جینۆسایدکردن لەسەر کورد بونی دەبێت، بەتایبەت کە داگیرکەران تەکنەلۆژیای جەنگیی و کارتەکانیان زۆرە!!
بۆیە، گرنگە هێزەکانی گشت بەشەکانی کوردستان، بەتایبەت هێزەکانی خۆراواو خۆرهەڵات و باشور؛ لەوپەڕی ئامادەباشیی و هەبونی ستراتیژی ئامادەکراو بن بۆ ئەگەرەکان.
زۆر گرنگە بە ئایدۆلۆژیا بیرنەکەنەوە؛ بەڵکو تەنیا بە ناسیۆنالیستانە بیربکەنەو ستراتیژ بۆ ئەم گۆڕانکاریانە دابڕێژن.
-
ئەڵبەتە، وەڵاهی هەتا مانگی یەک هیچ مەجالی بابەت نوسینم نییەو، لەبەر دڵی چەند هاوڕێیەک کە پرسیاریان ناردوەو لە پێناو بەرژەوەندی نەتەوەکەم ئەم چەند دێڕە خێرایەم نوسی.