لەبابەتی هەفتەیەک لەمەوپێش کە لە ئاوێنە بڵاوبوەوە، ئاماژەم بەوەدا: هەر کوردێک تۆزقاڵیک شەرەف و کەرامەتی هەبێت، ستەمکارییەکانی داگیرکەران بەگشتیی و، بەتایبەت بەرەی مقاومە کە ئێستا لە قەڵاچۆکردن دان، لە یاد ناکات. چەند سەرەقەڵەمێکی کورتیشم لە هەڵوێستی فاشیستانەی فەلەستینیی، لوبنانیی، میسریی و سورییەکان خستەڕو لە بەشداربونیان لە پاکتاوە نەژادییەکانی باشوری کوردستان لە ١٩٦٣ تا ٢٠١٨. ئاماژەشم بەوەدا: "نەزانین و ناهوشیاربونیی سەرکردەکانی هێزەکانی گشت بەشەکانی کوردستان لە داڕشتنی ستراتیژ و تەکتیکی نەتەوەییش بۆ ئەم قۆناغە گرنگە، وایکردوە؛ بە ئاسانیی هەمو کوردێک درک بەوە بکات کە گروپەکانی کوردستان لە ئاست پێویستییەکانی ئەم قۆناغەدا نین". بۆیە دوبارەی ناکەمەوەو خوێنەر دەتوانێت لە وێبسایتی ئاوێنە بابەتەکەی پێشوم بیخوێنێتەوە.
ئێستا دەیبینین کە سونەکانی سوریا، بەتایبەت لە ئیدلیب، هەستاون بە شیرینیی بەخشینەوە بەهۆی کوژرانی بەشێک لە سەرکردەکانی حیزبوڵا. چونکە گروپەکانی بەرەی مقاومە هێندە مناڵی سونەکانیان سەربڕی، هێندە خەڵکی مەدەنیان لەسەر ناوی عومەر و هتد دەکوشت و، بە ملیۆنانیان هاوڵاتی مەدەنی بێتاوانی سونەیان لەسەر بەشار ئەسەدی بەعسیستی خوێنڕێژ ڕەشەکوژکرد، ئەوەتا لە شارە سونەکانی سوریا بەهۆی بڵاوبونەوەی دەنگۆی کوشتنی بەشێک لە سەرکردەکانی حیزبوڵاوە شیرینی دابەش دەکەن. ئەمەش دوو پەیام دەگەیەنێت:
١-قەومەکانی تر، وەکو میللەتی کورد نین، کە خوێنڕێژەکانیان لە یاد بکەن. کە حیزبوڵا، حەشد، پاسداران، بەعسی سوریا و جەندرمەی تورک زیاتریان بە کورد کردوە. بەڵام بەشێک لە کورد هەر بەردەوام ڕەوشت و خوویان ئەوەیە کە چەقۆی قەسابەکانیان دەلێسنەوە.
٢-داڕوخانی بەرەی مقاومە لە بەرانبەر ئیسرائیل دەگەیەنێ، بە جۆرێ ئێران وەکو (ئایشە بێوەژنی شیعرەکەی مەولەوی) لێهاتوە، کە تەنیا ژاوەژاوی هەیە و لە ئاست دنیادا حەیای خۆی بردوە.
جارێکیان حەزرەتی مەولەوی لە خانەقای بیارەوە بەڕێدەکەوێت بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ ناوچەی تاوگۆزی. پێش ئەوەی بگاتە ڕوباری سیروان و بپەڕێتەوە بۆ ئەوبەر بۆ ناوچەی تاوگۆزی، لەمبەری ڕوباری سیراوان لە یەکێک لە گوندەکان لە ماڵ خزمێکیان لادەدات بۆ ئەوەی پشویەک بدات. ئەوسا نەریتی بیناسازیی کوردەواری وابوە کە خانوەکانی زۆرێک لە لادێکان حەوشەیان نەبوە. مەولەوی لە بەرهەیوانی ماڵە خزمەکەیانەوە، بێوەژنێک ئەبینێت ناوی ئایشێ ئەبێت!
بە ژنەکەی خزمی ئەڵێت:
''ئا بێژە وە ئایشێ: بزانە شوم پێناکات؟''.
ژنەی خزمیشی ئەڵێت: ''قوربان ئەو گەنجەو، تۆیش پیر بویت!".
مەولەویش ئەڵێ: ''ئا تۆ پێی بێژە، خۆ زەرەر ناکەیت!".
ژنەکەش نیاز و قسەکەی مەولەوی بە ئایشێ ئەگەیەنێ!
ئایشێش ئێژێ: "وەی بەزیادم نەکرد، ئەو گای پیرە کێ شوی پێ ئەکات!؟".
ژنەکەی خزمی مەولەوی ئەگەڕێتەوەو، بە مەولەوی ئەڵێ: "باوانت شێوێ بۆ وەدەردی خۆتۆ دانانیشی، وا ئایشێ قسەیەکی ناشیرینیشی پێ وتی!". ئینجا قسەکەی ئایشێ بۆ مەولەوی ئەگێڕێتەوە!
قوڵ-بیریی مەولەوی لە وەڵامدانەوەی ڕاستەوخۆدا بێوێنە بوە. مەولەویش لەویا بێ وەستان ئەڵێ:
"بڵێ بە ئایشێ دڵی نەئێشێ،
وەردی دوو گاسن: گای پیر ئەیکێشێ!".
جا ئێستا ڕژێمی ئێران وەک ئایشێ بێوەژنی لێهاتوە، هەر کەفەکەف و ژاوەژاوی هەیەو ئەڵێت: دەوڵەتی ئیسرائیل لە کۆتاییەکانی تەمەنی دایە. بۆیە منیش ئەڵێم:
بڵێن بە (ڕژێمی ئێران) دڵی نەئێشێ،
وەردی دوو گاسن، (ئیسرائیل) ئەیکێشێ!
هەرچەندە، ئەکرێت ئەو ڕەخنەیەم لێ بگیردرێت و بوترێت: خۆ ئیسرائیل گایەکی گەنجە!! بەڵام بەلای بەرەی مقاومەوە: دەوڵەتی ئیسرائیل لەکۆتاییەکانی تەمەنی خۆی دایە. بە لای منیشەوە، هەروەک لە بابەتەکانی ساڵی ڕابردومەوە دەسەلەمێ، دەمێکە ڕونم کردۆتەوە: ئیسرائیل لە فراوانخوازیی و گەشەسەندنی زیاتری تەکنەلۆژیای جەنگیی و بەهێزتربونی هەواڵگیریی، دایە و، بەرەی مقاومەش لە داڕوخاندان.
جا تائێستاش ڕون نییە، یەکێتیی و کۆمەڵەی عەلی باپیر، وەکو بەرەی مقاومە، کامیان بە فەرمی پرسە بۆ سەرکردەکانی حیزبوڵا دادەنێن کە هاوشانیان بون لە داگیرکردنەوەی کەرکوک، خانەقین و دوزخورماتو دا؟ عەلی باپیریش دەنگی نییە، خۆ ئەیوت بۆ جیهاد ئەڕۆم؛ وادیارە شەڕگەی عەلی باپیر لە شەڕگەی شەوانی حیزبوڵا قورسترە!!!