ئەمجارە دژایەتی پارتیی و یەکێتیی بۆ دانانی پاریزگاری کەرکوک، لە جاران زیاتر بو. ئەوەش وایکرد پرسەکە بە قازانجی ڕەگەزە ناکوردییەکانی شارە کوردستانییەکە یەکلابکرێتەوە. یەکێتیی بەتەواوی لە بەرەی ئێران بو. پارتییش بەتەواوی لە بەرەی تورکیا بو. ڕونە ئێران دوابڕیاردەدات لە دانانی کەسەکان بۆ یەکە کارگێڕییەکانی عێراق بە سەرۆک وەزیرانی حکومەتی ناوەندیشەوە، چونکە شیعەکان کە زۆرینەی عێراقن؛ بڕیاری سیاسیی ئێرانن.
بۆچی ئەمجارە ئێران لە هۆتێلێکی بەغداوە تیرێکی تری لە مەسعود بارزانیی دا، خۆ ئێران دەیتوانی لە ناو خودی کەرکوک دا ئەو کۆبونەوەیە ڕێک بخات؟
چونکە ئێران ئەو پەیامەی بە تایبەت بۆ مەسعود بارزانیی و ئینجا بۆ هەمو لایەک نارد کە نەک هەر لە هۆتێلێک، بگرە دەتوانێ لە گازینۆیەک، یا چایخانەیەک، یان کێڵگەیەکی پەلەوەر بڕیار لە قورسترین و مشتومڕاویترین پۆستی ناو عێراق بدات.
ئەمە پەیامێکی ڕاستەوخۆ بو بۆ خودی مەسعود بارزانیی و ئەو تورکمان و عەرەبانەی کە لە مەسعود بارزانیی نزیک بوبونەوە، بەتایبەت ڕاکان جبوری. چونکە ئێران بە زەبری هێز لە شانزەی ئۆکتۆبەرەوە ڕاکان جبوری بەسەر کەرکوک دا سەپاند. ئەم چەند ساڵە کە ڕاکان جبوری ئەو هەمو عەرەباندنەی لە کەرکوک ئەنجام داو، ئەو هەمو دزییەی لەگەڵ باندەکانی حەشد دەکرد، ئێران لێی بێ دەنگ بو، چونکە سەر بە بەرەی خۆی بو. بەڵام لە چەند مانگی ڕابردوەوە، ئێران کە بۆی سەلما ڕاکان جبوری ڕۆشتۆتە بەرەی بارزانیی-تورکیاوە، بۆیە بڕیاری لابردنیی دا.
بێگومان ئەگەر فەرمانی ئێران نەبوایە؛ ڕێبوار تەها نەیدەتوانی لە هەبونی حەشد و سوپای عێراق لە ناو کەرکوک ببێتە پارێزگای کەرکوک و ڕاکان جبوری لابدات؟ بۆیەش یەکەم کار لادانی ڕاکان جبوری بو، چونکە ئێران خۆی داینابو، بەڵام ئەم چەند مانگەی دوایی لە ئێران هەڵگەڕابوەوەو، ڕۆشتبوە بەرەی تورکیاوەو، ئێرانیش لایدا.
ئەمە بۆ نەجمەدین کەریمییش هەر ڕاستە. کاتێک ئێران و بەرەکەی زانییان نەجمەدین کەریم لە مەسعود بارزانیی نزیکبوەتەوە، ئێران لە ڕێی حکومەتی عێراق و حەشد و یەکێتیی تا لابردنی لە دژی وەستان.
هەڵبژاردنی هۆتێلێکی بەغداد کە بڕیاری لادانی ڕاکان جبوری تێدا بدرێ، نیشانەی ئەوەیە: ئێڕان حساب بۆ هیچ دامەزراوەیەکی سیاسیی عێراق، بە دادگای باڵای عێراقیشەوە؛ ناکات. ئێستا دادگای باڵای عێراق کەوتۆتە نێوان دوو ئاگرەوە. گەر [یاساییانە] بڕیار بدات کە کۆبونەوەکە [نایاسایی] بوە؛ ئەوا بۆی هەیە غەزەبی ئێران دادوەرەکانی دادگای باڵای عێراقییش بگرێتەوە. خۆ ئەگەر دادگای باڵای عێراق بە [نایاساییانە] بڕیاری [یاسایی]بونی کۆبونەوەکەی هۆتێلەکە بدات؛ بەتەواوی لای خەڵک ڕونتر دەبێتەوە کە دادگای باڵاش لە ژێر فەرمانی ئێران دایە. ئەمەش لە کوردەواریی دا یەک شتی پێ دەوترێت، کە؛ ئێران نێرەکەری ناو عێراقە، چی بوێ یاسایی بێ یان نایاسایی؛ کردویەتیی و دەیکات. بە ئاسانیش پاڵێراوەکانی بافڵ سەر دەخا بەسەر ئەوانەی مەسعود بارزانیی دا.
کەوابو، ئێران بەکردەوە مەسعود بارزانیی بەنەیاری خۆی دەزانێت، چونکە ئاگای لە کۆبونەوەو هەنگاوەکانی بارزانییە، بۆشی هەیە بە تۆڕی سیخوڕییش دەورەی دابێت. بۆیەشە ئێران هەر جارەی بە تەکتیکێک لە کاندیدەکانی بارزانیی دەدات. لە هوشیار زێباری دا، دوو جار لە فوئاد حسێنی دا، لە دەنگدانەکانی عراقییش لە پارتیی دا، لە دانانی پۆستەکانی موسڵییش هەر لە پارتیی دا و، ئەوەتانێ لە پارێزگای کەرکوکییش هەر لە بارزانیی دا.
لە هەمو ئەم بردنەوانەدا؛ ئێران هەر جارەی بە تەکتێکێک لە بارزانیی دەباتەوە، بەڵام بارزانیی یا خۆی دەڕوات بۆ بەغداد، یان نێچیرڤان دەنێرێت بۆ ئێران. مەسعود بارزانیی و نێچیرڤان و ڕاوێژکارەکانیان وا دەزانن بە سەردانی بەغداوتاران و سازشکردن بۆ ئێران؛ هاوکێشەکە دەگۆڕن. کەچی هەمو جارێکیش ئێران لە هاوکێشەکە ئاوتیان دەکاتەوە. کەوابو، بارزانیی و نێچیرڤان دەمێکە پێویستیان بە گۆڕینی تەکتیکی سیاسییە، نەک بە سەردانی ناسیۆنال-خێڵەکیانە بۆ تاران و بەغداد، کەچی دیسانەوە هەر ئێران بێبەڵێنییان پێ دەکات و هەمو جارێ گۆڵیشیان لێ دەکات.
ئەمە بەو مانایە نییە کە ڕقی ئێران لە پارتیی بەهۆی ئەوەیە کە پارتیی [ڕێکخراوێکی ناسیۆنالیزیستی مۆدێرنی کوردیی]، یە؛ نەخێر، بەڵکو لەبەر دوو هۆکارە:
یەکەم: پارتیی لە بەرەی تورکیا و عەرەبی سوننەیە.
دووەم: پارتیی گروپێکی ناسیۆنال-خێڵەکییە. گروپی ناسیۆنال خێڵەکیی جیایە لە [ڕێکخراوێک کە ناسیۆنالیزمی مۆدێرن]. کە دواتر ڕونتری دەکەمەوە. یەکێتیی و پارتیی هەردوکیان گروپی ناسیۆنال-خێڵەکیین، بەڵام جیۆپۆلەتیک وای لە پارتیی کردوە کەمتر خۆی دەخاتە ژێر فەرمانی ئێرانەوە؛ ئەمەش بۆ ئێران قبوڵ کراو نییە. ئێران دەیەوێت چۆن بڕیاری یەکێتیی بەدەستە؛ هی پارتیشی بەدەست بێت؛ ئەوەش بە مانای کوشتنی پارتیی و بە [خەز عەلیکردن]ی مەسعود بارزانییە.
لە بابەتی دانانی پارێزگاری کەرکوک دا، یەک مەسەلە هەبو دەبو و دەبێت هەمو کوردێک بهەژێنێ و بیانخاتە هەڵوێستدەربڕینەوە، ئەویش ئەوەبو؛ هەم پارتیی و هەم یەکێتیی هەردوکیان ڕازی بون بەوەی کە عەرەب بۆ ماوەی دوو ساڵ پارێزگار بێت. ئەمەش درێژکردنەوەی هەمان کارەکانی پێشوتری جەلال تاڵەبانییە لە پرۆژەی لە سەدا سیو دوەکەی جاران. هەروەها، هەم پارتیی و هەم یەکێتیی خاوەن هەڵوێستێکی زۆربچوکی نەتەوەییش نەبون کە لە دانوستانەکانیان بڵێن: کەرکوک کوردستانییەو ئەو دۆخە قبوڵ ناکەین. بۆچی نەیانتوانیوە ئەوە بکەن؛ چونکە دوو گروپی ناسیۆنال-خێڵەکیین و لەبەر دژایەتیکردنی یەکتر پێشبڕکێیانەکە کامیان بتوانێ پۆستکانی کەرکوک بە جەلادێکی عەرەبی هاوردە یا تورکمانێکی ئیمپریالیست بدات. وایلێهاتوە، جگە لەپارێزگار، یەکێتیی پۆستەکانی داوە بە عەرەبە داگیرکەرەکان و تورکمانە ئیمپریالیستەکان؛ کەچی هێشتا هەر ئەوان ڕازیش نین پۆستیش وەربگرن، لەکاتێکا دوو ساڵیش عەرەب دەشبێتە پارێزگار!
هەرچەندە، وتنی حەقیقەت تاڵە، بەڵام حەقیقەت ئەوەیە، کە: یەکێتیی و پارتیی کەرکوکیان وەک [کوردستانیبون]ی شارەکە لە دەست داوە. بەڵکو وەک [عێراقیبون]ی شارەکە پۆستیان پێ دەدرێت.
سەیرتر لە هەمو شتێک ئەوەیە: هەر وەفدێکی تورکمان یان عەرەب کە دەچنە لای مەسعود بارزانیی، بارزانیی دەڵێت: دۆخی کەرکوک ئیستسنائییە. ئەمەش دیسانەوە قسەکانی مام جەلالە.
لەکاتێکدا، لە سەد ساڵی ڕابردودا مانگێک نەبوە کە دۆخی کەرکوک ئیستسنائی نەبوبێ. لەوەش گرنگتر ئەوەیە: پارچەیەک لە خاکی نیشتیمان بە هەڵبژاردن و دیموکراسییەت ناگەڕێنرێتەوە! بەڵکو بە قۆزتنەوەی دەرفەتەکان دەگەڕێنرێتەوە. بە هەبونی پلانی ستراتیژ و چەندان تەکتیک دەتوانرێ بگەڕێنرێتەوە.
لە ساڵی ١٩٩١ تا ٢٠١٥، سێ دەرفەتی زێڕین بۆ کورد هەڵکەوت، کە ئەگەر سەرکردەیەکی ناسیۆنالیستی ڕاستەقینە، یاخود ڕێکخراوێکی ناسیۆنالیستی مۆدێرنی هەبوایە، لە هەر یەکێک لەو سێ دەرفەتەدا کەرکوک و دەشتی موسڵ و خانەقینیشی دەگەڕاندەوە. بەڵام کورد تەنیا تاڵەبانیی و بارزانیی و نەوشیروانی هەبو کە ناسیۆنالیستی خێڵەکیی بون و بەدوای بەرژەوەندی کەسیی و گروپەکانیان بون، ئیتر با شەڕی ناوخۆ و دابەشکردنی ئەو نیوەیەی باشوری کوردستانییش بوەستێ، کە بە دەستیانەوە بو.
جیاوازی گروپی ناسیۆنال-خێڵەکیی و ڕێکخراوی ناسیۆنالیزمی مۆدێرن چییە؟
گروپی ناسیۆنال-خێڵەکیی گوتاری نەتەوەیی بە تیۆری هەڵدەگرێ، بەڵام بەکردەوە بەرژەوەندییەکانی گروپەکە لە سەروی بەرژەوەندییە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکان دادەنێت.
گروپی ناسیۆنال-خێڵەکیی، لە نمونەی پارتیی و یەکێتیی، سەرکردەکانی بەرژەوەندی نەتەوە دەکەنە قوربانی بەرژەوەندی خۆیان و گروپەکانیان. بۆ نمونە، بارزانیی و تالەبانیی هەمو کوردیان دەکردە قوربانیی ئەوەی کە تەنیا خۆیان و کەسانی گروپەکانیان سەرکردایەتیی کورد بکەن و، تەنیا خۆیان پۆست وەربگرن. لە کردەوەیاندا هەمو خاکی نیشتیمان بە هی خۆیان و وەرەسەکانیان زانیوە. لە ناو ڕۆڵەکانی میللەت دا جیاوازیی و دابەشبونیان دروست کردو، سەرۆک عەشیرەتانەیان بڕییەوەو، بە تەواوی ڕۆڵەکانی نەتەوەیان لە یەکتر ترازاند. تەنیا لە پێناو مانەوەی بەرژەوەندی خۆیان و گروپەکانیان هەڵدەستان هەمان ڕەفتاری داگیرکەران کە سیاسەتی پەرتکەو زاڵبە بو بۆ ڕازیکردنی داگیرکەرانی کوردستان؛ دەگرتەبەر. بۆ نمونە تاڵەبانیی لە پێناو مانەوەی لە پۆستی سەرۆک کۆمار ئامادەبو بە پێی ئەجێندای تورکیا و ئێران و عەرەب بکات و پرۆژەی لە سەدا سیو دوو بۆ کەرکوک بخاتەڕو، کە بەجێبەجێکردنی ئەو پرۆژەیە کەرکوک بە عێراقیی کراو دەکرێ و، لە ناسنامەی کوردستانیبون دادەماڵرێ. تاڵەبانیی کە کرایە سەرۆک کۆمار سەرۆک عەشیرەتانەی بۆ سەرۆک عەشیرەتەکان دەبڕییەوەو دامەزراندنی لە ڕێی ئەوانەوە دەکرد و هتد. بارزانییش هەمان ڕەفتاری دەرەبەگانەی دەکرد. نەوشیروانیش هەمان ڕەفتاری خێڵەکیانەی دەکردو، خاکی سلێمانیی و داهاتەکەی بە هی خۆی و وەرەسەکانی دەزانی.
بۆیە، سەکردەوگروپی ناسیۆنال-خێڵەکیی دەبێتە هۆی دابەشکردنی ڕۆڵەکانیی نەتەوەو داڕماندنی نیشتیمان بەتەواوی.
بەڵام بەپێچەوانەوە، سەرکردە و ڕێکخراوی ناسیۆنالیستی مۆدێرن بۆ ئەوە دێتەبون کە دەبێتە هۆی یەکڕیزکردنی نەتەوەو یەکانگیرکردنەوەی پارچەکانی نیشتیمان. سەرکردەی ناسیۆنالیست بەکردەوە هەمو تاکێکی نەتەوەکەی بە کەسی خۆی دەزانێ و جیاوازیی ناکات. خودی پرەنسیپ و ئایدیای ناسیۆنالیزم؛ نیشتیمانپەروەرییە بۆ یەکخستنی ڕیزەکانی گەل و ڕزگارکردنی نیشتیمان بەتەواوی.
سەرکردەو ڕێکخراوی ناسیۆنالیست؛ نیشتیمان بە موڵکی هەمو ڕۆڵەکانی گەل دەزانێ و، هەوڵی پوکاندنەوەی جیاوازییەکان و کلتوریی خێڵەکیی و ناوچەگەریی دەدا تا ئەو ئاستەی نیشتیمان یەکدەخات. سەرکردەو ڕێکخراوی ناسیۆنالیستی مۆدێرن؛ جیاوازی ناکەن لە نێوان نەوەو ئەندامەکانی خۆیان و ڕۆڵەکانی تری گەل. بەڵکو [بەکردەوە] دەیسەلمێنن کە تەواوی ڕۆڵەکانی گەل لای ئەوان یەکسان و هاوچارەنوس و هاوخوێن و هاومافن.
بەڵام لەبەر ئەوەی پارتیی و یەکێتیی و سەرکردەکانیان گروپی ناسیۆنال-خێڵەکیین و، ناسیۆنالیستی مۆدێرن نین، ڕێک پێچەوانە ڕەفتار دەکەن.
لە سەردەمانی مام جەلال، بارزانیی و نەوشیروان دا؛ تەواوی خاک و سامانیی کوردستانیان داوەتە وەرەسەکانیان و کادیر و ئەندامەکانیان. لە هەر شارێک جیاوازی زۆر گەورەیان ئەنجام داوەو بە سەدان هەزار دۆنم زەویی بەسەر وەرەسەو کادیرەکانیان دابەش کردوەو، کلتوری خێڵایەتیی و شارچێتیی و دەرەبەگایەتییان زیندوکردۆتەوە. بۆیە لەسەر دەست و کاروکردەوەی ناسیۆنال-خێڵەکییان؛ نیشتیمانی کوردستان بەتەواوی داڕماوەو ڕۆڵەکانی بەگشتیی دابەش بون.
ئەوەتا دەرئەنجامی کاروکردەوەی ناسیۆنال-خێڵەکیی پارتیی و یەکێتیی، دەبینین کە یەکێتیی و پارتیی وەک پرسی [خێڵێک] ساتوسەودا بە دۆزی کەرکوکەوە دەکەن، نەک وەک پرسی بەشێک لە نیشتیمانێکی داگیرکراو.
ڕێکخراو و سەرکردەی ناسیۆنالیست بە کردەوە نیشتیمان و ڕۆڵەکانیی نەتەوە [بە پیرۆز] دادەنێت. بە پێچەوانەوە؛ سەرکردەکانی پارتیی و یەکێتیی هێندە [بە سوک] لە نیشتیمان دەڕوانن کە ساڵانە دەیان هەزار پارچە زەوی شارەکان بەسەر چەکدارەکانیان و کۆمپانیاکانیان دابەش دەکەن و داگیرکەر نەماوە کە ئەوان نەیانهێنابێتە سەر خاکی کوردستان. هێندە ڕۆڵەکانی نەتەوە [بە سوک] سەیر دەکەن کە سەدان هەزاریان لە پێناو بەرژەوەندییە خێڵەکییەکانیی سەرکردەکانیان لە شەڕی یەکتر دا به کوشت داوەو، کار گەشتۆتە ئەوەی هەر یەکەیان داوای ساڵێک و چەند مانگێک پارێزگاری کەرکوک تەنیا بۆ ئەمساڵ بکەن، لە بەرانبەردا دواتر دوو ساڵ پارێزگاریان بە عەرەب داوەو لە سەدا هەشتای پۆستەکانی تریشیان بە تورکمان و عەرەب داوە. ئەمەش تەنیا لە پێناو ئەوەیە کە ئەمساڵ هەڵبژاردنەو ڕۆڵەکانی کوردی پێ فریوبدەن، کە گوایە پارێزگار کوردەو لە حیزبی ئەوانە؛ تۆ بڵێی ڕۆڵەکانی کورد هێندە گەمژە بن، نەزانن ئەمانە چیان کردوە!؟
هەرچەندە، هەڵبژاردن کاریگەرییەکی ئەوتۆشی نییە. دەشیبینن کە ئێران لە هەڵبژاردنەکان گورز بەتایبەت لە گروپەکەی لاهور دەدات، لەبەر ئەوەی لاهور لە مەسرور و تورکیا نزیکبوەتەوە. ڕاستە لاهور ئازادە لەگەڵ کێ سیاسەت دەکات. بەڵام ئێستا بافڵ ئەوەندە مەلەفی لای ئێرانییەکان بۆ لاهور پێچاوەتەوە؛ ئەو ئاخوندانە بە کلیکێکی داتاکان لە بەغداوە دەنگی گروپەکەی لاهور دەڕمێنن؛ هەروەک چۆن پارتییان لە هەڵبژاردنەکانی عێراق لە موسڵ، کەرکوک و خانەقین؛ ڕماند!
ئامانج و کردەوەی سەرکردەوڕێکخراوی ناسیۆنالیست سڕینەوەی دابونەریتی خێڵەکییە لە کلتوری نەتەوەیی دا، کە لەو ڕێیەوە نەتەوە یەک دەخات. بەڵام کارکردی سەرکردەوگروپی ناسیۆنال-خێڵەکیی زیندوکردنەوەی دیاردەی دابونەریتی خێڵەکیی و سەرۆک عەشیرەت و دەرەبەگانەیە کە جیاوازییەکان زۆرتر و زەقتر دەکاتەوە لە ناو کۆمەڵگاداو، ڕیزەکانی نەتەوە بەتەواوی لێکهەڵدەوەشێنێ و، بەوەش ئینتیما بۆ [خێڵ] شوێن بە ئینتیما بۆ [نیشتیمان و نەتەوە]، دەگرێتەوە. ئایا یەکێتیی نەبو کە وەک گروپێکی خێڵەکیی-بێسەروبەرە لە دوای ڕاپەڕینەوە دیاردەی دابونەریتیی یادکردنەوەی خێڵەکان و سەرۆک عەشیرەتانەیان داهێناو کۆمەڵگای کوردییان بەتەواوی لێکهەڵوەشاند؟ ئایا پارتیی نەبوکە دیاردەی ئاغاوات و دەرەبەگایەتیان زیندوکردەوەو جیاوازییەکانیان لە ڕیزەکانی نەتەوە زەقتر کردەوە؟ واتە؛ ئەم گروپە کوردیانە خاوەن پەروەردەو پرەنسیپی نەتەوەیی نەبون.
سەرکردەو ڕێکخراوی ناسیۆنالیست تۆڵەسێنەو بکوژی نیشتیمانفرۆش و، خائینەکانە. بەڵام سەرکردەی گروپی ناسیۆنال-خێڵەکیی هەمو شتێکی نیشتیمان و نەتەوە دەکاتە قوربانیی بەرژەوەندییەکانی خۆی و وەرەسەکانیی و گروپەکەی و، لە پێناو بەرژەوەندییە خودییەکانی لە هیچ هەنگاوێک سڵ ناکاتەوە، وەکو؛ شەست و شەش و بە جاش بون، قیادە موەقەتەو بە پاسداربون، یەکێتیی و بە پاسداربونیان لە کۆتای ساڵی ١٩٨٦ ەوە کە ئەنفالیان بەسەر گەرمیان و کیمیابارانیان بەسەر هەڵەبجە هێنا، هێنانی پاسدار لەلایەن یەکێتییەوە لە ١٩٩٦، سیی و یەکی ئاب لەلایەن پارتییەوە، هێنانی سوپای تورک لەلایەن پارتییەوە، بەرەڵاکردنی هەزاران تاوانباری بەعس لەلایەن پارتیی و یەکێتیەوە، فرۆشتنی کەرکوک لە زێڕینترین دەرفەت دا بە تورک و فارس و عەرەب لەلایەن جەلال تاڵەبانییەوە بە پرۆژەی لە سەدا سیو دوو بۆ عەرەبە کۆڵۆنایزەرەکان و تورکمانە ئیمپریالیستەکان، دزی و چەتەیی سەرکردەکانی پارتیی و یەکێتیی و بە ملیاردێر بونی خۆیان و وەرەسەکانیان و زۆری تر. ئیتر با کوشتنی نزیک لە سەد هەزار لە ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد لەلایەن پارتیی و یەکێتییەوە بوەستێت لە نێوان خۆیاندا لە ١٩٦٣ ەوە تا ١٩٩٩. هەمیشەش لە شەڕەکانیان دا کلکەکانی خۆیان دەکەنە ئامانج؛ نەک ئەوەی سەری خۆیان بکەنە ئامانج و ململانێیەکە یەکلایی بکەنەوە!!
ڕێک بە پێچەوانەی نوسینە کاڵوکرچەکەی مەلا بەختیار، حەقیقەت ئەوەیە: ڕاکان جبوری تێکۆشەری نەتەوەکەی خۆیەتیی و ڕێبوار تەهاش یەکێک لە کەرکوکفرۆشانی شانزەی ئۆکتۆبەرە. ڕاکان جبوری دەرفەتی قۆستەوەو بە [عەرەباندنی نوێ]ی کەرکوکی کرد بۆیە لە مێژووی نەتەوەی عەرەب دا دەبێتە تێکۆشەر لایان. بەڵام لە زێڕینترین دەرفەت دا جەلال تاڵەبانیی کەرکوکی بە پرۆژەی لە سەدا سیو دوو بە تورکمان و عەرەب فرۆشت، لە زێڕینترین دەرفەت دا مەسعود هیچ پرۆژەیەکی-کرداریی بۆ گەڕاندنەوەی دەشتی موسڵ بۆ سەر کوردستان نەبو. بۆیەشە ئەتاتورک، ڕەزا شا تا دەگاتە پارێزگارێکی وەک ڕاکان جبوری تێکۆشەری گەلی خۆیانیان چونکە قەومەکانی خۆیانیان باڵادەست کردوە. ئەتاتورک دەرفەتی قۆستەوەو شێخ عەبدول قادری نەهری و شێخ مەحمودی بە پارەوچەک کڕیی و، بۆ بەرژەوەندییەکانی نەتەوەی تورک بەکاری هێنان. بڕۆن تەماشای بەڵگەنامە ئەمریکییەکان بکەن کە چۆن ڕەزا شا دەرفەتی قۆستۆتەوەو لوڕ و کوردە بەختیارییەکانی لە بۆتەی بەرژەوەندییەکانی قەومی فارس دا تواندۆتەوە. سەرکردەی و فەرماندەی تێکۆشەر کەسێکە بۆ بەرژەوەندی نەتەوەی خۆی دەرفەت دەقۆزێتەوە، بۆیەشە ئەتاتورک و ڕەزا شا تا دەگات بە پارێزگارێکی وەکو ڕاکان جبوری لە مێژووی قەومەکانی خۆیان تێکۆشەرن. بەڵام زۆرینەی سەرکردە و فەرماندەکانی کورد لە مێژوی ئێمەی کورد دا نابنە تێکۆشەر؛ چونکە دەرفەتە نەتەوەییەکانیان لە پێناو پارەوپۆست دا بە قەومەکانی تر فرۆشتوەو، ئیش و کار و ئەجێندایان تەنیا تاڵانیی و فەرهودیی و فرۆشتنی خاکی کوردستان بوە.
ئەو خوێنەرانەش کە لەبەر بەرژەوەندی خودیی و بنەماڵەیان بە گروپە ناسیۆنال-خێڵەکییەکانەوە نکۆڵیی دەکەن لەم حەقیقەتانەی کە خستمەڕو؛ عاقیبەت دەیبینن کە کەرکوک نە لەسەر دەستی یەکێتیی و نە لەسەر دەستی پارتیی ناگەڕێنرێتەوە سەر کوردستان. چونکە سەرکردەوگروپی ناسیۆنال خێڵەکیی ناتوانێت نیشتیمان یەکبخات و، هەمیشە دابەشی دەکات. ئەشیبینن لە ستراتیژدا کە ئەم هەنگاوانەی یەکێتیی و پارتیی دەبێتە هۆی بە [عێراقیی بون] ی کەرکوک.
بە تەواوی ناسیۆنالیستێکی پاکیشم بۆ نەتەوەو نیشتیمانەکەم؛ بۆیە ئەم حەقیقەتانەم بە ڕونی خستەڕو و، لە ئێستاشەوە داهاتوش دەبینم، بۆیە زۆر زۆر بەداخم.