پارتیی و یەکێتیی، هەروەک چۆن [بەها و شکۆ]ی نیشتیمانیی کوردستان و خوێنیی شەهیدانیان بێ نرخ کرد بەرانبەر بە ئیمپریالیزمەکانی تورک، فارس و عەرەب لەسەر خاکی کوردستان؛ ئاوهاش هیچ حورمەتێکیشیان بۆ دەسەڵاتدارێتیی و دەسەڵاتدارانی کورد نەهێشتۆتەوە، تەنانەت ئەگەر نەک پارێزگاری کەرکوک، بگرە سەرۆک وەزیری عێراقیش بەدەست کوردەوە بێت؛ تازە کورد بە دەست پارتیی و یەکێتییەوە شکۆی شکێنراوە لای ئیمپریالیزمەکانی سەر خاکی کوردستان، چونکە پارتیی و یەکێتیی ڕێزیان بۆ هیچ شکۆمەندیی و موقەدەساتێکی نیشتیمانیی کوردستان و خوێنی شەهیدان و کەسوکاریان و ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد، دانەناوەو داشنانێن.
لەکاتێکدا کە لە شانزەی ئۆکتۆبەردا؛ کەرکوک لەلایەن بافڵ-قوباد-لاهور بە ئێران فرۆشراو، پارتییش کاتێک بینیان کە یەکێتیی کەرکوکی فرۆشتوە؛ نانەتەوەییانە لە کەرکوک ڕایان کرد، نەک ئەوەی پارتیی شۆڕشگێڕ بێ و بەرگری بکات. لەو کاتەوە، واتە لە شانزەی ئۆکتۆبەرەوەو بەئێستاشەوە؛ پارێزگاری کەرکوک بە کورد بدرێ؛ بوکەڵەیەکی دەست حەشدی شەعبی دەبێ، چونکە هێز هەمو شتێک دەکات لە عێراق و هەرێمی کوردستان دا. بەڵام گەر پارێزگار پارتیی بێ یا یەکێتیی؛ ئەوا سودی بازرگانیی-ناشەرعیی بۆ پارتیی یا بۆ یەکێتیی دەبێ؛ چونکە بە تەنسیق لەگەڵ باندەکانی حەشد دا نەوتی کەرکوک دەدزێ. بەومانایە یه: لەم دۆخەدا کە حەشد هەمەکارەیەوە؛ پارێزگار بوکەڵەیەک دەبێ! هەروەک؛ سەرۆک کۆمار!
ڕونە ئێران؛ حوکمی عێراق دەکات. یەکێتییش لای ئێران مەرغوبترە تا پارتیی. هەروەکچۆن پارتیی لای تورکیا مەرغوبترە تا یەکێتیی! کورتوپوخت، واتە؛ ئێران حوکمی کەرکوک دەکات.
ئەگەر لە بەڵگەنامە نهێنییەکانی بەریتانیا بە وردی بڕوانین؛ فرۆشتنی کەرکوک بە ئیمپریالیزمی عەرەب دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٦٣. کاتێک کە جەلال تاڵەبانی لەلایەن حکومەتی ناسری عێراقەوە نێردرا بۆ میسر بۆ [زیارەت]ی جەمال عەبدولناسری سەرۆکی ئەوکاتی هاوپەیمانێتیی میسر-سوریا-عێراق؛ لەوکاتەوە کەرکوک ناوی شاری برایەتیی نێوان عەرەب و کوردی لێنراو فۆرمێکی فەرمی [عێراقییبون]ی پێبەخشرا.
بەپێی بەڵگەنامەکانی بەریتانیا، بەریتانیا و جەمال عەبدولناسر ناکۆکییان لەسەر زۆر مەسەلە هەبوە؛ بەڵام لەو پرسەدا هاوستراتیژبون کە باڵی ئیبراهیم ئەحمەد-جەلال تاڵەبانیی لە مەلا مستەفا جیابکەنەوە. سودەکەی بۆ عەرەب و فارس و تورک ئەوەبوە کە کورد لە باشوری کوردستان بۆ هەمیشە دابەش بکەن و، سودەکەشی بۆ بەریتانیاش ئەوەبوە کە بەردەوام نەوتی کەرکوک و بەسرە ببات. چونکە عێراقی ئەو سەردەم [عێراقیی ناسریی و بەعسییەکانی دوای مانگی چواری ١٩٦٣] کە لە ژێر هەژمونی جەمال عەبدولناسر دا بو، نەوتی کەرکوک و بەسرەی کردبوە یەک پاکێج بۆ بەریتانییەکان. بەوەش بەریتانییەکان ڕازیی بون کە جوڵانەوەکەی کورد دابەش بکرێ و، بەریتانیاش وەک عێراق مامەڵەی [لەپێشیینە] لەگەڵ ئەو باڵەی کە جیادەبێتەوەو سەر بە حکومەتی عێراقن، بکات. بۆ ئەو مەبەستەش بەریتانیا کە پێدانی ڤیزای بۆ سەرکردەکانی باڵی بارزانی ڕەد دەکردەوە، ئەوا ڕازی بو ڤیزا بە جەلال تاڵەبانیی بدات کە سەردانی بەریتانیا بکات و، بەڵگەنامەکان ئەوە دەخەنەڕو کە لە ساڵی ١٩٦٥ سەردانی بەریتانیای کردو کۆبونەوەی نهێنییان پێی کردوە!
ئەو پێشینە مێژووییە، بۆ ئەوەبو کە خوێنەر بزانێت کە کەرکوک بە کردەوە [نەک بە دروشم و بە پڕوپاگەندە!!]، لە ساڵی ١٩٦٣ ەوە لەلایەن باڵی مەکتەب سیاسیی پارتیی [کورد پێیان دەڵێت: جەلالییەکان] بە ئیمپریالیزمی عەرەب دراوە.
ئیتر پارتیی ناوی کەرکوک بنێن: دڵی کوردستان و، یەکێتییش ناوی بنێن: قودسی کوردستان، هیچ لەو مێژووە ناگۆڕێت. ئەوەشی جەلال تاڵەبانیی لە دەورانیی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراقیی دا دەیکرد و، کەرکوکی بەسەر سێ لایەنی کورد-عەرەب و تورکمان بە لە سەدا سیو دو بۆ هەر لایەک دابەش دەکرد، واتە: بە کردەوە کەرکوکی بەعێراقیی دەکرد؛ هەمان ئەو ڕێچکەیەبو کە لە ساڵی ١٩٦٣ وە پێی گیرابوەبەر. ڕونە، من شیکاریی بۆ فاکت و کردەوە دەکەم، نەک بۆ پڕوپاگەندە دروشمەکانی یەکێتیی و پارتیی!
ناسیۆنالیزمی-خێڵەکیی نیشتیمان وێران دەکاو نەتەوە بێ ئیرادە دەکات: پارتیی بەنمونە!
لە ساڵی ١٩٦٣ وە باڵی مەکتەب سیاسیی تا ئێستا سەر بە ئیمپریالیزمەکانی داگیرکەری کوردستانن. لە بەرانبەریشی دا؛ پارتیی هەیە، کە گروپێکی ناسیۆناڵ خێڵەکییە! گروپی ناسیۆنال-خێڵەکیی نەتەوە دەکاتە قوربانیی بەرژەوەندییەکانی وەرەسەکانی ماڵباتەکە؛ بەوەش نەتەوە دادەڕزێنێ و تۆڵەسێن نییە لە پێناو بەرژەوەندییەکانی نەتەوە. چەند نمونەیەک دێنمەوە:
بڕواناکەم کەس هەبێ نکۆڵی لەوە بکات کە پارتیی و یەکێتیی لە سەردەمانی مەسعود و جەلال-نەوشیروان دا، بە پەرەمێز و بە تەور یەکتریان لە شەڕی ناوخۆدا کوشتوەو، ئەتکی دیلەکانی یەکتریان کردوەو، تەعەدای شەرەفیان لە کەسوکاریی شوێنکەوتەکانیان کردوە. تەنیا بیرەوەرییە چاپکراوەکانی پارتییەکان و یەکێتییەکان سەلمێنەری ئەوەن کە لە شەڕی ناوخۆدا گەشتۆتە ئەو ئاستەی کاتێک کە ژن و کچی کادیرەکانی یەکتریشیان گرتوە، کەسایەتییان شکاندون! کەچی هەر ئەم مەسعود و جەلال-نەوشیروانە لە ساڵی ١٩٩١ کاتێک کە هاوپەیمانان ڕێگای بۆ کردنەوە، ئەو هێزانەی بەعسییان گرت کە ئەنفال و کیمیابارانیی کوردستانیان کردبو. بەڵام لە ژێر سەرکردایەتیی و فەرمانی مەسعود و جەلال-نەوشیروان هیچیان بەو هێزانە نەکرد و بەرەڵایان کردن، بۆچیی؟ چونکە سەرکردەی ناسیۆنال-خێڵەکیی بەرژەوەندی [گشت] نەتەوەو نیشتیمان لە بەرچاو ناگرێ؛ بگرە بەرژەوەندی داهاتوی وەرەسە و گروپەکەی لەبەرچاو دەگرێ. بۆیە مەسعود و جەلال-نەوشیروان ئەو هێزە تاوانکارەی بەعس و دواتریش دەیانی وەکو فڕۆکەوانی کیمیابانکەری هەڵەبجەیان؛ بەرەڵا کرد! وایان کرد کە گروپەکانی حەشد بێ یان هەر گروپێکی تری سەر بە ئیمپریالیزمەکانی عەرەب، فارس و تورک سڵ نەکەنەوە لە ڕەشەکوژکردنی زیاتری کوردو داگیرکردنی کوردستان؛ چونکە سەرکردە کوردەکان عاقیبەت دەیانبەخشن!
ئەمە بۆ گروپەکانی تری کوردستانیش هەر ڕاستەو خوویان داوەتە بە پارتییبون و بە یەکێتییبون، بۆ نمونە:
سەرکردەی ناشۆڕشگێڕی پەکەکە هەیە بوەتە ملیۆنێر، باشە تۆ لەقەندیل و ئێران و سوریا دای، گەر شۆڕشگێڕیت و باندی بازرگانیی و کەینوبەینی هەواڵگریت نییە؛ چۆن بویتەتە ملیۆنێر؟
بە هەمان شێوەش، سەرکردەی گروپە ناشۆڕشگێڕەکانی خۆرهەڵاتی کوردستانییش هەیە لە کۆیە و زڕگوێزەڵە بوەتە ملیۆنێر و ئامادەسازیی بۆ وەرەسەسەپێنیی دەکات، گەر شۆڕشگێڕیت و باندی بازرگانیی و کەینوبەینی هەواڵگریت نییە؛ چۆن بویتەتە ملیۆنێر؟
کەوابو، گروپی ناسیۆنال-خێڵەکیی نیشتیمان دادەڕمێنێ و نەتەوە لە هەمو بەهاوشکۆ پیرۆزەکانیی دەخات، وەک ئەوەی پارتیی و یەکێتیی کردویانەو دەیکەن.
ئەتاتورک لەبەر ئەوەی دەیویست سیستەمێکی ناسیۆنالیستیی-مۆدێرنی تۆتالیتێر بنیاد بنێت، دەستی لە جەنەراڵی ناوداری تورک [ئەنوەر پاشا]ش نەپاراست کە پێشتر بەرپرسی خۆی بو و، ئەنوەر پاشاشی کوشت! بۆچی؟ چونکە ئەتاتورک کەسێکی ناسیۆنالیست-خێڵەکیی نەبو هەتا بەرژەوەندی [کەسوکار]یی بۆ داهاتو لە بەرچاو بگرێ؛ بگرە ناسیۆنالیستێکی تۆتالیتێری مۆدێرن بو کە هەمو هەنگاوێکی لەپێناو بەرژەوەندی [گشت]یی قەومی تورک دا بو. بۆیەشە توانیی تورکیای نوێ دابمەزرێنێ و، نەهێڵێت لەپاش داڕمانی ئیمپراتۆریەتیی عوسمانیی؛ تورک دابڕمێ!
کەوابو سەرکردەکانیی پارتیی و یەکێتیی کە هەمو شتێک بۆ ئیمپریالیزمی فارس، تورک و عەرەب دەکەن؛ لە پێناو بەرژەوەندی [وەرەسەکان و کەسوکاریان]ەو، بەهیچ شتێک تێر ناخۆن، بۆیەشە نەتەوە دەکەنە قوربانیی و نیشتیمانیی کوردستان دادەڕمێنن. قەت مەسعود وەک ناسیۆنالیستێکی-مۆدێرن بیریکردۆتەوە کە لە دەعوەتێک دا بافڵ و قوباد پێکەوە بکوژێ و ئیتر باشوری کوردستان بکاتەوە یەک پارچە؟ هەرگیز هەستتان کردوە بافڵ بیربکاتەوە کە مەسعود-مەسرور-نێچیر پێکەوە بکوژێ و ئیتر باشوری کوردستان بکاتەوە بە یەک پارچە؟ نەخێر ئەوەیان نەکردوە. بەڵکو ئەوەی کە بینراوە ئەوەیە، کە: مەسعود-وەرەسەکانیی و جەلال-نەوشیروان و وەرەسکانیان لە ساڵی ١٩٦٣ وە تا ئێستا لە ململانێی یەکتردا سەدان هەزار کوردیان بە کوشت داوە، بەڵام هەرگیز دەعوەتی یەکتر ناکەن و یەکتر بکوژن؛ چونکە ڕۆڵەکانی کورد بە [مەڕوبزن] سەیر دەکەن لەپێناو بەرژەوەندییە خێڵەکیی و بنەماڵەییەکانیان. بۆیەشە وەک ناسیۆنالیستیی مۆدێرن بیرناکەنەوەو هەنگاونانێن.
وەک بەڵگەنامەکانی بەریتانیا ئاماژەی پێ دەدەن، تەنانەت گەشتۆتە ئەو ئاستەی کە جەلال تاڵەبانیی لە ساڵی ١٩٦٥ وە زۆر موعجیب و شەیدای بەعسیزم بوە. ئەوە لەکاتێکدا بوە کە پرەنسیپ و ئایدیاکانی بەعسیزم بۆ لەناوبردنی نەتەوە ناعەرەبەکان، بەتایبەت کوردەکان و جووەکان، هاتۆتەبون.
هەتا سەرەتای هەشتاکان، جەلال تاڵەبانیی لە چاوپێکەوتنەکانییدا؛ بەعسیزم و حیزبی بەعس بە حیزبێکی پێشکەوتوخوازیی شۆڕشگێڕیی-مۆدێرن و دژە ئیمپریالیزم دادەنێت. کەچی هەر جەلال تاڵەبانیی لە پاش ساڵی هەشتاوەو پاش ئەنفال و کیمیاباران لە چاوپێکەوتنەکانیی دا دەڵێت: بەعسییەکان دوو جۆرن، بەشێکیان بریتیین لە حیزبی بەعسیی سوریی و بەعسییە ناسەدامییەکانی عێراق کە کەسانیی پێشکەوتوخواز و شۆڕشگێڕی مۆدێرن و دژە ئیمپریالیزمن. بەڵام بەعسییە سەددامییەکان داردەستی ئیمپریالیزمن و لە بەعسیزم لایان داوە.
واتە: جەلال تاڵەبانیی لە نەوەدەکانییش دا هەر شەیداو عاشقی بەعسیزم بوە. بۆیەشە ئەم سەرکردە کوردانە هێزەکانی سوپای ئەنفالکەر و کیمیابارانکەری سەددام لە ١٩٩١ ئازاد دەکەن، چونکە نەک تەنیا لە ڕوی سیخوڕی لینکیان لەگەڵ ئیمپریالیزمەکانیی داگیرکەری کوردستان هەبوە، بگرە لە ڕوی ئایدۆلۆژیشەوە شەیدای بەعسیزم بون و، بەرژەوەندی [گشتیی] نەتەوەکەیان دەکەنە قوربانیی بۆ داهاتوی وەرەسەکانیان!
بۆیەشە، ئێران نایەڵێت یەکێتیی بڕوخێت و، هەر ئێران لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوی کوردستانیش هەوڵ دەدات گروپی پارتیی و گروپەکەی لاهور داڕمێنێت و، دەستکاری هەڵبژاردن بکات بۆ بەرژەوەندی گروپی یەکێتیی. ئایا لە بەرانبەردا، مەسعود کە ناسیۆنالیستێکی خێڵەکییە، غیرەت دەیگرێ و حکومەت بەبێ یەکێتیی، لەگەڵ گروپەکانی تر پێک بێنێت؛ ئەو ئەگەرە دورە. چونکە کەسانی سەرەوەی ئەم دوو گروپە، گروپی پارتیی و گروپی یەکێتیی، لە شەڕی ناخۆش دا، هەر ڕەچاوی بەرژەوەندییە بازرگانیی و گیانییەکانی یەکتریان کردوەو، هەمیشە نەتەوەکەیان کردۆتە قوربانیی و، هەنگاوێک نانێن کە دژی بەرژەوەندییە وەرەسەییەکانی هەردولا بێت.
لەولاشەوە، تورکیا بەردەوام دەبێت لە هاوکاریکردنی گروپی پارتیی. بەڵام ئێران کە عێراقی بەدەستە، هاوکارییەکانی بۆ گروپی یەکێتیی کاریگەرترە، بەتایبەت لە گۆڕینی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان و بەکارهێنانی دادگای فیدراڵیی و حکومەتی عێراقیی بۆ پێدانی پۆستەکان. هەزاری وەکو نێچیرڤانییش بڕواتە ئێران هەر ناتوانێت ئەو هاوکێشەیە بگۆڕێت، چونکە ئەوە هاوکێشەیەکی جیۆپۆلەتیکییە. پێشموایە: ئێران و یەکێتیی لەوە ئەترسن کە مەسعود غیرەت بیگرێ و پاش هەڵبژاردنی داهاتو حکومەت لەگەڵ گروپی لاهور و نەوەی نوێ و حسک پێکبێنێت، بەبێ یەکێتیی و کۆمەڵی مەلا عەلی باپیر.
بەهەرحاڵ، ئێران ئیش بۆ گروپەکانی خۆی دەکات و دەستکاری ئەنجامەکان دەکات لە دژی گروپی پارتیی و گروپەکەی لاهور!
ئەیڵێمەوە، تکایە خەڵکی کوردستان واز لە کەفوکوڵی ڕاگەیاندن بێنن و، هیوا لەسەر پارتیی و یەکێتیی هەڵمەچنن، چونکە هەمیشە بەرژەوەندییە وەرەسەییەکانی یەکتر دەپارێزن و، بەرژەوەندییەکانی گشت نەتەوە دەکەنە قوربانیی. کوا شەست و پێنج هەزار پارچە زەوییەکەی سلێمانیی کە یەکێتیی فرۆشتیان، کوا پارچە زەوی بەشی ٤٥٥ مامۆستاکەی زانکۆی سلێمانیی کە کۆمپانیایەکی یەکێتیی لە زانکۆی سلێمانیی داگیری کرد، ئەوەیە کاروکردەوەی پارتیی و یەکێتیی!
هەرچەندە، کوردێکم پێ باشترە لە داگیرکەران. بەڵام، گەر پارتیی یا یەکێتیی پارێزگاری کەرکوک بن، هەر ڕازین کە دواتر دوو ساڵ عەرەب پارێزگار بێت، واتە: ئەوە داننانە بە عێراقیبونیی کەرکوک، نەک بە کوردستانیی بونیی. ئیتر با ئەوەش بوەستێت کە لە سەدا هەشتای گشت پۆستەکانی تر دەدەنە عەرەبە کۆڵۆنایزەرەکان و تورکمانە ئیمپریالیستەکان. لەم دۆخەش دا، کە حەشد حوکم دەکات؛ پارێزگارەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندی، بەتایبەت بە هی کەرکوکیشەوە؛ بوکەڵەیەکی دەست حەشدن بۆ کاری بازرگانیی-ناشەرعیی.