دۆزینەوەکەی زانکۆی کەیمبریدج لە کوردستان!

شه‌ریف عەلی
  2024-05-06     858

چەند ڕۆژێکە زۆرینەی ئەو ڕاپۆرت و بەدواداچونانە دەخوێنمەوە کە بە زمانی ئینگلیزی لە میدیا جیهانییەکان باس لە گرنگیی و پڕبایەخی ئەو دۆزینەوە نوێیە دەکەن کە لەلایەن تیمەکەی زانکۆی کەیمبریدج، لە گوندی شانەدەری باشوری کوردستان، دۆزراوەتەوە.

 

یەکەم: وەک نوسینە بە نزیک دوو لاپەڕەییە فەرمییەکەی زانکۆی کەیمبریدج و، ڕاپۆرتە ئینگلیزییەکانی تر، ئاماژەیان پێ داوە: دۆزینەوەکە وەرچەرخانێکی نوێ و گرنگە بۆ زانستی شوێنەوار لە ئاستی جیهان دا. بەتایبەت بۆ تێگەیشتنی زیاتر لەسەر قۆناغەکانی ژیانی نیاندەرتاڵەکان. من پسپۆڕی ئەم بوارە نیم و قسە لەسەر ئەم ڕەهەندەی ناکەم. بەڵام ئەمە وەرچەرخانێکی گرنگی زانستییە بۆ خەرمانی زانکۆی کەیمبریدج و، سەلماندنی کوردستان وەک کۆنترین شارستانیەتی جیهان. 

 

دووەم: دەبو لە زانستگاکانی باشوری کوردستان بەتایبەت و، لە هەر چوار پارچەی کوردستان بەگشتیی، گرنگی تایبەت، بە: [بە میدیاییکردن]ی ئەم دۆزینەوەیە بدرێت. لەلایەک لەبەر ئەوەی دۆزینەوەکە وەرچەرخانێکی بەرهەمداری زانستییەوەو ئەو [بەها]یەی هەیە. لەلایەکی دیکەش لەبەر ئەوەی نەتەوەی مەزنی کوردی ڕەگەز زاگرۆسیی، نائاریایی، تەنیا نەتەوەی ڕەسەنی خاوەنداریی هەمیشەیی [شاخ و دەشتەکانی زاگرۆس]بوەو، تائیستاش لەلایەن ئیمپریالیزمی عەرەب و ئیمپریالیزمی تورک و ئیمپریالیزمی فارسەوە، خاکەکەی داگیر و دابەش کراوەو، مێژووەکەشی دزراوەو بەردەوامیش دەدزرێت. بۆ نمونە: وێبسایتە عەرەبییەکان لە ڕاپۆرتەکانیان ئاماژەیان بەوە داوە: دۆزینەوەکە لە عێراق دا بوەو وشەی [کوردستان]ی عێراقەکەی لێ دەکەنەوە. ئەمەش دیسانەوە، ئیمپریالیزم ڕەفتارانەیە؛ هەم دزینی مێژووەو، هەمیش لە ئاستی جیهانیی دا سەرنجی خوێنەر لەسەر خاکی کوردستان کەمتر دەبێتەوە، بەو پێیەی تەنیا دەنوسن لە [عێراق] دۆزراوەتەوە.

 

سێیەم: من لە ٢٠٠٤ ەوە بەشێکی بەرچاوی مامۆستاکانی زانکۆکانی کوردستان بەوپەڕی دژە زانست و کاڵفام و ڕاپۆرتنوسی حیزبیی دەزانم و، لە حەقیقەت و واقیعیشدا وان. لەوکاتەشەوە تادێت ژمارەی ئەو کاڵفامانە لە زانکۆکانی کوردستان دا زۆر زیاتر بون. ئەم ئایدیایەشم لەو بنەمایەوە هاتۆتەبون کە خۆم قۆناغەکانی زانکۆم بڕیوەو، ئینجا نوێنەری خوێندکارە یەکەمەکانی زانکۆکان بوم و، پاش خوێندنی ماستەرەکەشم لە زانکۆی لەندەن، لە چوار زانکۆی کوردستان وانەبێژبوم. سەد لە سەد دەزانم بەشێکی بەرچاوی مامۆستاکانی زانکۆ بە ڕاپۆرتی حیزبیی و نۆکەرایەتیی بۆ بەرپرسە دزەکان کراونەتە مامۆستای زانکۆ. 

لەگەڵ ئەوەی بەشێکی بەرچاوی مامۆستاکانی زانکۆ لە ڕوی زانستییەوە بێ ئاست و، لە ڕوی کەسایەتییەوە بێ نرخن و، بڕوانامەی باڵایان بە تەسکییەی گروپە کوردییەکان پێ دراوەو، توێژینەوەی داهێنەرانەیان تەنیا بریتی بوە لە  ڕاپۆرتدانیی بەردەوام لەسەر دوانی وەکو [من].

 

 بەڵام لەگەڵ هەمو ئەوانەش دا، دەبو و دەبێت: زانکۆکانی کوردستان تەنسیقیان هەبێت لەگەڵ ئەو تیمە لە زانایانی زانکۆ ئاست باڵاکانی جیهان، کە دێنە کوردستان. بە مەرجێک ئەو پڕۆفیسۆرە حیزبیانەی زانکۆکانی کوردستان کە بۆ تەنسیق دیاری دەکرێن کە تێکەڵی تیمی زانایانی زانکۆ باڵاکانی جیهان ببن، بەنەزانینی زانستیی و کەمێتیی ئەخلاقییان حەیای نەتەوەکەمان نەبەن و، تەداخولی کاری لێکۆڵینەوەی تیمەکانی زانکۆ ئاست بەرزەکانی جیهان نەکەن. بەڵکو تەنیا بە ڕوکەش بۆ ناوپەیداکردن تەماشایان بکەن. چونکە ئەو پڕۆفیسۆرە حیزبییە قبوڵخاسانە لەو ئاستەش دا نین کە توانای فێربونیان هەبێت و لەوانەوە فیربن. دەتوانن تەنسیقیان لەگەڵ بکەن تەنیا بۆ ئەوەی دواتر لە ئاستی جیهان دا بوترێت: تیمێکی زانایانی زانکۆی کەیمبریدج بە هاوکاری لەگەڵ [فڵان] زانکۆ لە هەرێمی کوردستان، ئەم دۆزینەوەیان کرد. 

ئەگینا پڕۆفیسۆرمان هەیە بە پشت بەستن بە دوو دێڕ شیعری شاعیرێکی ڕسوا، هەستاوە کتێبۆچکەیەکی نوسیوە کە سەلاحەدینی ئەیوبی نێرباز و منداڵباز بوە. لەکاتێکدا، سەدان بەرهەمی خۆراواییەکان هەیە، بە نوسینەکانی سەردەمی سەلاحەدینیشەوە، هیچیان زانیاری وایان نەخستۆتەڕو. پڕۆفیسۆر هەیە زمانە ئینگلیزییەکەی شەقوشڕە، کەچی بڵاوکراوە فەرەنسییەکان لە زمانی فەرەنسییەوە بۆ زمانی کوردی وەردەگێڕێت. لە زانکۆکانی کوردستانیش لێپرسینەوە ناکرێت بەرانبەر ئەوانەی کە [بەنهێنیی!!!] پیاوی بەرپرسێکن و بەڕوکەش خۆیان بە ناڕازیی دەرەخەن، تا بانگیان بکەن و تیمێکی زمانزانی فەرەنسیی لە زانکۆکانی فەرەنسا تێستیان بکەن. لەو جۆرە پڕۆفیسۆرانە [بەنهێنی!]یش زەمبمان دەکەن و ڕاپۆرتمان لەسەر دەدەن کە دژی حیزبەکانیانین!!

چۆن دەکرێت پڕۆفیسۆر بیت و زمانێک نەزانیت و وەرگێڕانیشی پێ بکەیت بۆ زمانی کوردی: ئایا لە ڕێی گۆگڵ ترانزلەیتەوە بوە؟ ئایا دەکرێ وەرگێڕانی کتێب لە ڕێی گۆگڵ ترانزلەیتەوە بێ: ئەمە چ فەزاحەت و کارەساتێکە، بەڕاستی لەژێر پێنانی زانستە!!

 

چوارەم: دەبێت بەهای مەعنەوی دۆزینەوەکانی کوردستان بزانین. ئەو دۆزینەوانە تەنیا بۆ ئێمە نین، بەڵکو هی نەوەکانی ئایندەشن. هەمیشە وتومە: نوێنەرایەتییەکانی حکومەتی هەرێم لاوازن و کەسانی پسپۆڕ و نەتەوەپەروەریان تێدا نییە. زۆرینەیان لە کچ و کوڕی بەرپرسەکان پێک دێن. ئێ خۆ ڕونە ڕەفتار و توانایان. دەبێ ئەو تیمە زانایانە کە دێنە کوردستان تەنسیقی ڕاستەوخۆشیان لەگەڵ سلکی دبلۆماسیی و حوکمڕانیی هەرێم دا، هەبێت و، ناولێنانی دۆزینەوەکان مۆرکی [حکومەتی هەرێمی کوردستان]ی پێوە بلکێنرێ و، لە ڕاگەیانراوەکانیش دا هەمان دەستەواژە ڕەنگبداتەوە. 

 

ئێستاش گرنگە ئەو تیمە بانگێشت بکرێن. کارەکەیان [لە فۆرمێکی کوردستانیی دا]، نەک عێراقیی دا!!، بە میدیایی و بە دۆکیۆمێنت بکرێن و، کەسانی شارەزای نەتەوەپەروەر چەندین چاوپێکەوتنیان بە زمانی ئینگلیزی لەگەڵ بکەن و، تەنانەت چاوپێکەوتنەکانیش لە کەناڵە کوردییەکانیش هەر بە ئینگلیزی پێشکەش بکرێت!! گرنگە لە چاوپێکەوتنەکان دا: چەندین جار کوردستانی بونی ئاسەوار و دۆزینەوەکان تێیدا بوترێ و، تێیدا ڕەنگ بداتەوە.

 

 نابێت ئێمەی کورد لەم پرسانەدا چاو لە گروپە کوردییەکان بکەین، کە زۆرێکیان سەر بە یەکێک لە ئیمپریالیزمەکانی فارس و تورک و عەرەبن.

 

چونکە ئەم گروپە کوردییانە دەورێکی خۆفرۆشانەشیان دیوە لە فرۆشتنی ئاسەوارە بەنرخەکانی شوێنەوارەکانی کوردستان. لە یادمە، کە تەمەنم دوانزە بۆ سیانزە ساڵان بو، لە هەڵەبجە لە دەشتێکی نزیک [گوندی گورگەچیای تاوگۆزی]، ترۆزی و کاڵەکمان کردبو و،

 پاسەوانیی بوم. ئەوکات بزوتنەوەی ئیسلامیی هەڵەبجەیان بەڕێوە دەبرد. بزوتنەوە بە شۆفڵ بەربوبنە شوێنەوارەکانی گوندی بەکراواو، چەند فارسێکیشیان لەگەڵ بو. فارسەکان ئاسەوارەکانیان دەبرد. ئەوکات چەکداری بزوتنەوە هەبو دەیوت: ئەوە ئاسەوار و ماڵی کۆنی کافرەکانە و کاولیان دەکەین.

 

ئەم ساڵانەی دواییەش بڵاوبویەوە، کە لە ناو گروپە ناشۆڕشگێڕەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان، گروپێکیان بە ناوی [کۆمەڵە]، لەناو ئاسەواری شاخە سنورییەکانی کوردستان دەستیان داوەتە دزی و ڕاوڕوتیی شوێنەوارەکان. ئەوە لەکاتێک دایە کە ئەو شوێنەوارانە شکۆی نەتەوەی مەزنی کوردی ڕەگەز زاگرۆسیین. کۆمەڵەکان لەلایەن گروپی بنەماڵەی ئاغاکانی دیبوکری بەڕێوەدەبرێن کە خیانەتیان لە قازی محەمەد کردو، پاش خیانەتەکە لە حەیاچویی دا، نەوەی ئاغاکانی دیبوکری ناوی خۆیان ناو ناوە: [موهتەدی، عەلیزادەو عەلیار]. ئەوانە چەندێک کوردایەتیی بکەن، لە عاقیبەت و لە ساتە هەستیارەکان دا قڵپی دەکەنەوە بۆ فلسێک کە پیشانیان بدرێت. تەنانەت لە کاتی خۆپیشاندانەکان لەسەر شەهید ژینا ئەمینیش دا، ئێران بۆ دابەشکردن و زاڵبون بەسەر خۆپیشاندانەکان هەستا لەڕێی یەکێتییەوە [عەبدوڵا موهتەدی یەکێک لە ئاغای دیبوکری]یان نارد لەگەڵ کوڕی حەمه ڕەزا شا هاوپەیمانێتییەک ساز بکات و، خۆیان بە ڕێبەری خەڵکە خۆپیشاندەرەکان بزانن. ئەوەبو کە خەڵکە خۆپیشاندەرەکە ئەو هاوپەیمانێتییەیان دی؛ لە ڕق دا پەرتەوازە بون و، ساردبونەوە لە خۆپیشاندان و، وازیان لە خۆپیشاندانەکانیان هێنا.

 

نابێت هەمو گروپە کوردییەکانی تریش لە یاد بکەین، کە بەرپرسەکانیان لە خیانەتی فرۆشتنی ئاسەوارەکانی کوردستان بەشداربون و، نمونەش زۆرەو، ناشکرێت بابەتەکە زۆر درێژ بکەمەوە. بەڵام هەر یەکێک لە ڕۆڵەکانی نەتەوەکەمان نمونەی ڕونیان لەسەر بەرپرسەکان و خیانەتی فرۆشتنی ئاسەوارەکانی کوردستان، لەلایە.

 

کارەسات ئەوەیە: ڕێک هاوکاتی ئەم دۆزینەوە گرنگەی زانکۆی کەیمبریدج لە کوردستان دا، کەچی بەرپرسەکانی سەر [ئەو خاکە پیرۆزە] مەلەفی کارگەی تلیاک و حەشیشیان ئاشکرا دەکرێ. مەلەفی دەست بەسەراگرتنی دەیان ملیۆن دۆلاریان لە ئیمارات مرۆڤی بەڕەوشت ڕادەچڵەکێنێ!

 

کەوابو، وردببنەوە: کوردستان چەند خاکێکی پیرۆزەو، دۆزینەوە زانستییەکان ئەو شکۆ و شەرەفە-نەتەوەییەمان پێ دەبەخشێ کە کۆنترین جێی شارستانیەتیی جیهانین. کەچی گروپە کوردییەکانی خۆسەپێنی سەر ئەو خاکە پیرۆزەش خەریکی کارگەی تلیاک و، خاچاخچێتیی و، بردنی ملیۆنان دۆلارن بۆ ئیمارات و ئەوروپا!

 

ئەبێت چەند کارگەی تلیاک و چەند فەزاحەتی ترسناکی نهێنیی تریشیان هەبێ و، تا ئێستا ئاشکرا نەبوبێ، چونکە ئەمانە هەرچی کردەوەی ترسناک و خراپ و شومە لە پێناو دەستکەوتنی پارە ئەنجامی دەدەن!!؟

 

ئەمە چیمان دێنێتەوە یاد؟ سێ فایلمان بیردێنێتەوە: ئەو سێ فایلەی کە هەر یەکەیان چوار سەد لاپەڕەن لە ناو بەڵگەنامەکانی بەریتانیادان لەسەر یەکێتیی و حسک لە ساڵانی ١٩٧٩ و ١٩٨٠ کە بە [باندی مافیایی] ناوبراون. ئەو بەڵگەنامانە بە بەروار و کاتژمێر تێیدایە کە سەرکردەکانیان چەندێک پارەیان لە حیزبی بەعسی عێراق و لە ڕژێمی سوریاش بۆ ڕفاندنی ئەندازیارە بیانییەکان، وەرگرتوە. واتە: ئەمانە لە پێناو پارە هەمو شتێک دەکەن، بە فرۆشتنی ئاسەوارەکانی کوردستانیشەوە. هەمان زەمانیش، پارتییش پێش پاسداران کەوتون.

 

هەربۆیە، بڕوای تەواوم بەوە هەیە کە کوردستان پێویستی بە هێزێکی نوێی [فول-ناسیۆنالیستی مۆدێرنی شۆڕشگێڕی ڕادیکاڵ]ی ڕاماڵێنەرە بە پشت بەستن بە درۆن و چەکی بچوکی تەکنەلۆژیای  پێشکەوتو. ئەگینا بەم گروپه کوردیە خاک و خۆفرۆشانە؛ تا دێت هەر چوارپارچەکە بەهاکانیان لەدەست دەدەن و، ئیمپریالیزمی عەرەب و ئیمپریالیزمی فارس و ئیمپریالیزمی تورک زاڵتر دەکرێن. چونکە خودی سەرکردەکانی گروپە کوردییەکان خاوەن پەروەردەیەکی نیشتیمانپەروەرانە نین. هەربۆیەشە ڕەوشتی نەتەوەپەروەرانە لەپێناو [بەها و پیرۆزی خاکی کوردستان] لە کردەوەی سەرکردەکان دا ڕەنگی نەداوەتەوە.

 

سەیرتر لە هەمو شتێک ئەوەیە: دروستبونی زانکۆی نوێ لە کوردستان وەک هێلکەی مریشکی کێڵگەکان و مراوی لێهاتوە [مراوی هێلکە زۆر دەکات]. ئەم هەمو زانکۆیانە پێنج پڕۆفیسۆری بەتوانای داهێنەریان نییە. لەکاتێکدا زۆر تەکنەلۆجیاو کەرەستەی پێشکەوتوشیان بۆ کڕدرا، بەڵام بەهۆی نەزانینی چۆنێتی کارپێکردنیان: زۆرینەیان شکاند! 

 

ئینجا پێدانی ئەم هەمو نازناوی پڕۆفیسۆر و بڕوانامەیەی دکتۆرا [بەخێرایی] لەپێناو چییە؟ تەنیا لەپێناو تێرکردنی چڵێسی کادیرە حیزبییە نەفامە نانەتەوەییەکانە. لە دنیادا، هەندێک لە تێزەکانی دکتۆرا داهێنانیان تێدایە. چونکە پەلە پەل ناکەن و کەسانی بەتوانای عاشقی زانست خۆیانی بۆ تەرخان دەکەن. کەچی لە کوردستان زۆربەی کادرە حیزبییەکان بەخێرایی دەکرێنە پڕۆفیسۆر و دکتۆرا.

 لەکاتێکدا، بۆ بڕینی قۆناغی تێزی دکتۆرا دەبێت توێژەر بگاتە ئاستی بیری قوڵی داهێنان و بیری ڕەخنەییەوە، بەپشت بەستن بە سەرچاوەی ڕەسەنی زانستیی. بۆیە کەسانێک دەیانەوێت بۆ خوێندنی دکتۆرا بخوێنن دەبێت لە ئاستی داهێنان و بیری ڕەخنەی زانستیی دابن و، بە پەلە پەل بڕوانامەیان پێ نەدرێت، بۆ ئەوەی بیسەلمێنن کە توانای زانستیی داهێنەرانەیان هەیە.

 

داواکارم و ئاواتەخوازیشم: ڕۆڵەکانی نەتەوەی مەزنی کوردی ڕەگەز زاگرۆسیی، نائاریایی، لە مەزنێتیی خاکی کوردستان، کە زانست بەردەوام ئەو مەزنێتیەی سەلماندوە: شانازی بکەن. چاو لە گروپە تاڵانکارە کوردییەکان و سەرکردە خۆفرۆشەکانیان، نەکەن.

 

ئەوانەی خۆزگە دەخوازن کە [کورد] نەبونایەو، پێیان وایە شەرمە کورد بن: کەس دەستی نەگرتون. چونکە کوردبون؛ ئەوپەڕی شانازی و لوتکەی شەرەفمەندێتییە و، جاشبون بۆ ئیمپریالیزمی عەرەب، ئیمپریالیزمی تورک و ئیمپریالیزمی فارس؛ ئەوپەڕی بێشەرەفییە!

 

تەنیا ئەو کەسانە دەزانن کە کوردبون لوتکەی شەرەفمەندییە کە ڕۆچونەتە ناو خوێندنەوەی مێژو و شارستانیەتی نەتەوەکەیان و نەتەوەکانی دیکە. ئەوکات لە بەراوردکردنەکەدا: پیرۆزی خاکی کوردستان و مەزنێتی نەتەوەی کوردی ڕەگەز زاگرۆسیی، نائاریاییان، بۆ دەسەلمێ و، دەگەنە ئەو باوەڕە نەگۆڕەی کە: کوردبون ئەوپەڕی شانازی و لوتکەی شەرەفمەندێتییەو، خاکی کوردستان پیرۆزترین خاکەو، دێرینترین شارستانیەتیشی هەبوە.

 

شەریف عەلی: خوێندکاری دکتۆرا لە دبلۆماسیەتی نێودەوڵەتی بەریتانیی.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×