لە زۆر بابەتم دا ئاماژەم بە پەیوەندییە نهێنییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئێران کردوە. بەتایبەت باسم لەوە کردوە کە ئەمریکا چۆن ڕژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیی بە دەمەزەردکردنەوەی ئایدۆلۆژیای شا ئیسماعیلی سەفەوی، دروست کرد، بە ئامانجی؛ لە ناوبردنی بزوتنەوە پان عەرەبیستەکانی دەرەوەی ئێران و لە ناوبردنی چەپەکانی ناوخۆی ئێران. هەروەها ئاماژەشم بە چەندان فایلی ئەرشیفی بەریتانیی کردوە لەسەر چەکفرۆشتن و مامەڵەی نهێنیی ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە دەورانی جەنگی عێڕاڤ و ئێران دا.
بەڵام، وەک بەردەوام ڕاڤەم بۆی کردوە، مەرج نییە ئەمریکاوئیسرائیل [بۆ هەمیشە] و بۆ هەمان ڕۆڵ لەگەڵ ڕژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، عیشقە نهێنییەکەیان بەردەوام بێ!
لە پاش لاوازکردن و لەناوبردنی بزوتنەوە پان عەرەبیستەکانی دوژمنی ڕاستەقینەی ئیسرائیل و چەپەکان، ئیتر ڕۆڵی ئەم ڕژێمەی ئێران بۆ ئەمریکاوئیسرائیل لە ناوچەکەدا کەمتربۆتەوە. بگرە، لە هەندێک حاڵەتیش دا، نزیکبونەوەی ئێران لە ڕوسیا، دەکرێ دژ بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکاوئیسرائیل بێت.
هەرچەندە، ئەمریکاوئیسرائیل ئەوەش دەزانن کە ئێران [زۆر] نزیکیش نییە لە ڕوسیاوەو، هەندێک ناکۆکیشیان هەیە. تەنانەت بەشداری ئێران لە شەڕی سوریادا، ناڕاستەوخۆ هەندێک سودی بۆ ئەمریکا-ئیسرائیل هەبو دژی بەرژەوەندییەکانی ڕوس لە ناوچەکەدا. بەڵام شەڕی ڕوسیاوئۆکرانیا، ئێرانی لە ڕوسیا نزیکتر کردەوە.
بەهەرحاڵ، بۆچی هێرشی ڕاستەوخۆی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل قۆناغێکی نوێ بو؟
چونکە بۆ یەکەمجارە کە ئێران هێرشی ڕاستەوخۆ دەکاتەسەر ئیسرائیل. نابێت مەسەلەکە لەوەدا کورتبکرێتەوە، کە؛ موشەکەکانی ئێران ئامانجەکەیان نەپێکاوە. چونکە ئەی ئەگەر ڕۆژگارێک ئەم ڕژێمەی ئێران توانای زیاتری هەبو، ئەو کات چی؟
کەوابو، [با ئێران پێشتریش ئەمریکا-ئیسرائیلیشی لە هێرشەکەشی ئاگادارکردبێتەوە!!]، بەڵام ئەم هێرشە بۆ سەر [شکۆی ئیسرائیل] بو، کە دەوڵەتی ئیسرائیلە. ئەمە هەمان ڕەفتارە کە سەددام ئەنجامیی دا، دوای چەندان ساڵ لەو هێرشەی بۆ سەر ئیسرائیل، ئەوەبو ڕژێمەکەیان ڕوخاند. بۆیە ئەم هێرشەی ئێڕان بۆ سەر ئیسرائیل، لەوەدا بۆ ئێمەی کورد بەگشتیی گرنگ بو، کە ئێران ئیمپریالیزمێکی سەر خاکی خۆرهەڵات و بەشێکی باشوری کوردستانە [کەرکوک]. ئەم هێرشە دەبێتە وەرچەرخانێکی نوێ بۆ ئەوەی لەداهاتودا نەخشەی نهێنیی ڕوخاندنی ئەم ڕژێمەی ئێرانی پێدابڕێژرێت. چونکە ئەم ڕژێمەی ئێران، وەک سەددام، سەلماندی ئەگەر توانای لەوە زیاتری هەبێت؛ سەرەڕۆتر و دەستوەشێنتر دەبێت.
لە ١٩٩١ ەوە قۆناغی ڕوخاندنی ڕژێمەکەی سەددامیان قۆناغ بە قۆناغ بردە پێش، چۆن قۆناغەکانی ڕوخاندنی ئەم ڕژێمەی ئێران دەبەنە پێش و چەند ساڵی تر دەخایەنێت، ئەوەش نیشانەی لێوردبونەوەیە!
هەندێک مەسەلە بۆ ئێمەی کورد گرنگە، کە لەم هێرشەدا زیاتر بۆمان دەرکەوت، چونکە لە ڕوی دبلۆماسییەوە پێویستی بەوەیە ئیشی زیاتری لەسەر بکرێت، بۆ نمونە:
یەکەم: ئەمریکا هەستا لە هەولێر چەندین موشەکی ئێرانی تێکشکاند، یاخود ئاڕاستەکانی گۆڕین، بۆچی ئەمریکا پێشتر بۆ هێرشە موشەکییەکانی ئێران بۆ سەر هەولێر ئەمەی نەکرد؟ ڕاستە ئیسرائیل بریتییە لە ئەمریکای خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ئەمریکا ئەمجارە بۆیە لە هەولێریشەوە ئەوەی کرد؛ چونکە هێرشەکە بۆ سەر ئیسرائیل بو. بەڵام ئەمە سەلماندی که گرنگە کورد زیاتر ئیش لەسەر لینکی دبلۆماسیی خۆی لەگەڵ ئەمریکا-بەریتانیا بکات. چونکە جیاوازییەکەی بەتەواوی بۆ دەرکەوت!!
دووەم: مەسەلەیەکی گرنگی تر بۆ ئێمەی کورد ئەوەیە؛ ئەو موشەکانەی کە ئێران بە بازرگانانی هەولێر و باشوری کوردستانی ناو، شوێنەکانی پێکا، جیاوازتربون لەم موشەکانە کە بە ئیسرائیلییەوە نا. ئەوەی کە بە بازرگانەکەی هەولێرییەوە نا؛ جۆری [ڕوسی]ی بون و ورد ئامانجەکەی پێکا. بەڵام ئەمانەی کە بە ئیسرائیلییەوە نا؛ دروستکراوی خودی ئێران بون، هەربۆیەش لە ڕوی تواناوە هەندێکیان لە خۆرهەڵاتی کوردستان کەوتنە خوارەوە.
واتە؛ ڕوسیا بە مەرجێک موشەکی داوەتە ئێران کە بۆ سەر ئیسرائیل بەکاری نەهێنێت. لە ڕاستییش دا ئەم ڕژێمەی ئێران ناشوێرێت ئەو موشەکە ڕوسیانەی کە دەستی کەوتون؛ بیانگرێتە ئیسرائیل، چونکە دەزانێت کارێکی وا؛ ڕوخاندنی ڕژێمەکەی خێراتر دەکات. کەوابو، دبلۆماسیەتی کوردی لەگەڵ ڕوسیاش دا هەرلاوازە. ئەمە بەو مانایە ناڵێم کە ئەمریکا بگۆڕینەوە بە ڕوسیا. نا، ئەمریکا لە پێشترە و دەبێت دبلۆماسیەتی لەپێشینەی کورد لەگەڵ ئەمریکا بێت. بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە ڕوسیاش فەرامۆش بکرێت.
سێیەم: ئەم هێرشە ڕاستەوخۆیەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، دەلاقەی دبلۆماسییەتی کوردی بەگشتیی لەگەڵ ئەمریکا-بەریتانیا-ئیسرائیل واڵاتر دەکات!!
چوارەم: کورد نابێت بیرکردنەوەی وەک [مام جەلال] بێت و، هەر وێنەگرتنێک و سەلامول عەلێک و چا خواردنەوەیەک بە [دبلۆماسییەت] بزانێت و، ڕۆژانە دەیان کۆبونەوەی بکات تەنیا بۆ پیشاندانی لە ڕاگەیاندن! لە ڕوی دبلۆماسییەوە، بەکردەوەو هەڵوێستیی کرداریی دا بۆت دەسەلمێت کە تا چەندێک کاریگەری لینکە دبلۆماسییەکانت بەرهەمی هەبوە. ئەکرێت مانگی یەک کۆبونەوە بکەیت؛ بەڵام پلانت بۆی هەبێت و بەرهەمی هەبێت. بۆ نمونە؛ ئێران چەندین جار بە موشەک و درۆن هێرشی کردەسەر باشوری کوردستان، ئەمریکاشی لێ بو. بەڵام هێشتا وەک پێویست دبلۆماسییەتی کوردی لەمڕوەوە نەیتوانیوە دەستکەوت و بەرهەمی ئەو هێرشانەی ئێران، لە ئەمریکا دەست بکەوێت. ئەمەش لاوازیی دبلۆماسیەتی کوردی و لێنەزانینی دبلۆماسیەت نیشان دەدات. کە پلانێکی لۆژیکییان لە کۆبونەوەکانیان لەگەڵ ئەمریکادا نییە، بۆیە بەرهەم و کاریگەرییەکی یەکلاکەرەوەی نەبوە!
پێنجەم: وا مەزانن کە ڕەیان کلدانیی و بافڵ تاڵەبانیی خۆیان وا نیشان دەدەن کە سەر بە بەرەی مقاومەن. ئەوە تەنیا بۆ ململانێی پارتیی وادەکەن کە ئێران پشتیان بگرێ و، لە ڕاستییش دا ئێرانیش دەمێکە لە دژی پارتیی، پشتی گرتون. بەڵام لە بابەتی ململانێی نێوان ئەمریکا-ئیسرائیل و ئێران دا، دڵنیابن ڕەیان کلدانی [مەسیحی]ی و بافڵ و بەشێک لە سەرکردەکانی حەشدی شەعبی بەنهێنیی فاوڵەکانی ئێران بە ئەمریکا دەدەن و، ئیش بۆ ئەمریکا دەکەن. ئەمریکا-ئیسرائیل ئاگاداری هەمو جوڵەیەکی فەرماندەکانی پاسدارانن لە عێراق و سوریا. خۆ ئەگەر ئەمریکا خۆی ڕێگەی بەمانە نەدابێت کە لە ئێران نزیک ببنەوە؛ بێگومان هەرگیز غیرەتی ئەوەیان نەدەبو کە لە ئێران نزیک ببنەوە!!
دواین دێڕم ئەوەیە: ئەم هێرشە ڕاستەوخۆیەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل لە داهاتودا بەسودی کورد دەبێت، بێگومان ئەو سودە بەبێ [باج!!!]یش نابێت!! سیاسەت و ململانێ: نەفەس درێژیی دەوێت!
شەریف عەلی: خوێندکاری دکتۆرا لە دبلۆماسییەتی نێودەوڵەتی بەریتانیی.