بابەتەکەی پێرێم هەندێک ڕونکردنەوەو لێدوانی هێنایە ئاراوە. بۆیە گرنگە بە خێرایی ئەم نیمچە وەڵامە بدەمەوە.
ئەمە نامەی خودی نەوشیروان مستەفایە لە ساڵی ١٩٨٧ بۆ سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا کە تێیدا دەڵێت: مەترسی هەیە کە حکومەتی عێراق بەردەوام بێت لە کیمیابارانکردن.
چەندین نامەی سەرکردەکانی یەکێتیی لەلامە هی ساڵی ١٩٨٧ کە بۆ بەرپرسانی بەریتانیایان ناردوە. هەمویان درکیان بەو ڕاستییە کردوە کە هێرشەکانی یەکێتیی و پاسداران لە ساڵی ١٩٨٧ بوەتەهۆی کیمیابارانکردنی نزیکەی بیست گوندی کوردستان. سەرکردە هەرەباڵاکانی یەکێتیی لە ساڵی ١٩٨٧ دڵنیاشبون کە هێرشی هاوبەشیان لەگەڵ پاسداران بۆ سەر هەر ناوچەیەک: ئەنجامەکەی کیمیابارانی ئەو ناوچەیە دەبێت.
ئەوەتا نەوشیروان مستەفا خۆی لە نامەکەی ڕۆژی ١٥ ی ٦ ی ساڵی ١٩٨٧ بۆ سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا دانی پێدا دەنێت کە هەم کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەگشتیی لە کیمیابارانەکان بێدەنگەو، هەمیش دەستەواژەی [مەترسی بەردەوامبونی هێرشه کیمیاوییەکانی عێراق]ی، بەکارهێناوە.
نامەکەی بەرهەم ساڵحیش کە هی بەرواری ١ ی ٥ ی ساڵی ١٩٨٧ یشە، بڵاوم کردۆتەوە.
سەیری ئەم بابەتە بەڵگەنامەییەی پێرێم لە سایتی ئاوێنە، بکەن:
https://www.awene.com/article?no=21166&auther=1251&fbclid=IwAR1qpAxKGJs-7PKyq8RrerdFn4OWP72wXBaMFQsNZFlQWEHk277wOxcU2Xo
هەربۆیە، تکایە بۆ یەکجاریش بێت دان بەوەدا بنێن، کە بە ئەنقەست ئەنفال و کیمیابارانتان بەسەر کوردستان دا هێناوە. چونکە لە ژێر فەرمانی پاسداران دابون و ئەجێندایەک لە پشت ئەوکارەوه بوە!!! ئەویش بەپێی ڕێکەوتنەکەتان لەگەڵ ئێران لە کۆتایی ساڵی ١٩٨٦ کە یەکێتیی کرا بە بەشێک لە هێزەکانی پاسداران.
دەی کەوابو: بۆچی لە ساڵی ١٩٨٨ ئێوەی یەکێتیی بەردەوام بون کە پاسدار بێننە سەر هەڵەبجە و گەرمیان و، ئاکامییش کیمیابارانی هەڵەبجە و ئەنفالی گەرمیانی لێکەوتەوە؟
ساڵی پاریش کە بەڵگەنامە زۆر نهێنییەکانی سی ئای ئەییم بڵاوکردەوە، هەمان حەقیقەتیان خستەڕو. بەڵام یەک جیاوازی لە ژمارەی قوربانیان هەیە. ئەوانەی سی ئای ئەی دەیانوت: بە هەمو قوربانییەکان دو هەزار و خوردەیەکە. بەڵام ئەم بەڵگەنامانەی بەریتانیا دەڵێن: تەنیا قوربانیانی خەڵکی سڤیلی هەڵەبجە بەنزیکەی هەزار و شەش سەد هاوڵاتییە. من هەرگیز نامەوێ باس لەم نهێنیانەی ژمارەکان بکەم. چونکە پێموانییە هەڵدانەوەی داتاکانی بەڵگەنامە نهێنییەکان لە سودی نەتەوەکەم، بێت. هەرچەندە لە جینۆسایدناسیی دا، ژمارە، هێندەی [ئامانج و ئەجێنداکەی]ئەو ڕژێمەی بەو کارە هەڵدەستێت، گرنگ نییە. بۆ نمونە: ئایا ئەو ڕژێمە مەبەستی [ڕەشەکوژی گشتیی و پاکتاوی نەژادی]، بوە یاخود نا؟
تکایە، دانی پێدا بنێن کە سەرکردەکانتان بە ئەنقەست و لە ژێر فەرمانی پاسداران ئەو کارەساتانەیان بەسەر میللەتەکەمان هێنا و، بەسە شێر و ڕێوی مەهێننەوە. با کەسانی تر هەندێک نهێنیی تری ناو بەڵگەنامە نهێنییەکان هەیە کە بۆ نەتەوەکەمان سودی نییە، هەڵی نەدەنەوە.
حەقیقەت ئەوەیە کە سەرکردە هەرە باڵاکانی یەکێتیی دڵنیابون کە هێرشیان بۆ سەر هەڵەبجە ئەوە ئاکامەکەی دەبێت.
هەر لە ساڵی ١٩٨٧ ەوە، بەرهەمی ئەو هێرشانەی خۆیان کە لەگەڵ پاسداران کردبویانن، دیبویان کە چ مەرگەساتێکی بۆ هاوڵاتیانی مەدەنی لێدەکەوێتەوە. لە نامەکانیشیان دا دانی پێدا دەنێن.
سەیرتر لە هەمو شتێک ئەوەیە سەرکردەکانی یەکێتیی دەڵێن: لە هەڵەبجە تەنیا هێزەکانی یەکێتیی دزی و بێڕەوشتییان ئەنجام نەداوە، بگرە هەمومان بوین و، هەمو هێزه کوردییەکان ئەنجامیان دا.
وردبنەوە لەو [پەروەردەو بیروباوەڕە شۆڕشگێڕیی] و ئەخلاقە نەتەوەییە کە لە پشت ئەو دەربڕینانەوەیە!؟ خۆیان دانی پێدا دەنێن و شاهیدیشن کە گروپەکانی تریش هاوڕەوشتی خۆیان بون!
ئایا لە پڕتراژیترین دۆخی نەتەوەکەتاندا وەک لە ساتی کیمیابارانەکەی هەڵەبجە، ئێوە لە ناو ئەو خەڵکەدا کە ئاسمان بۆیان دەگریا، هەڵگری هیچ بەهایەکی مرۆڤانە و هیچ بیروباوەڕو ئەخلاقێکی شۆڕشگێڕانە نەبوبن، ئێستا لە ناو ڤێلاکانتان دەبنە نیشتیمانپەروەر؟
کێ ئەڵێت: ئێوە شۆڕشگێڕ بون؟ شۆڕشگێڕ هەڵگری کۆمەڵێک تایبەتمەندی و بەهایە!
ئێوە بۆ بەرژەوەندی خۆتان خەڵکی هەڵەبجەتان بە بارمتە گرت، ئێران و عێراق هەردولایان چەندین جۆر چەکی کیمیاوییان لێ داو، ئێوەش لەگەڵ پاسداران تاڵانتان کردو، دواتریش لەسەری خواردتان و، هەرگیز نابێتەوە بە هەڵەبجەکەی جاران.
ئەو جۆرە چەکە کیمیاوییەی کە ئێران لە ڕێی تۆپی دورهاوێژەوە بەکاری هێناوە کە ساڵی پار جۆرەکەییم لە بەڵگەنامەکانی سی ئای ئەی بڵاوکردەوە، تا دەیان ساڵ کاریگەری دەبێت لەوەی بەشێکی خەڵکی ئەو دەڤەرە توشی نەخۆشی دەرونیی و توڕەبون، ببن. بۆیە مەحاڵە هەڵەبجە ببێتەوە هەڵەبجەکەی جاران. خەڵکێکیش نییە کە داتایەکی زانستیمان پێ بدات ئایا جۆر و ڕێژەی نەخۆشییە دەرونییەکان لە ١٩٨٨ ەوە تا ئێستا لە هەڵەبجە لە زیادبون دا بون یاخود نا، ئەوکات زانیارییەکانی ناو بەڵگەنامەکانی سی ئای ئەییش بەتەواوی دەسەلمێ.
ئینجا سەرکردەکانی یەکێتیی هەموساڵێک دەیڵێنەوە: سەرکردایەتیمان لە مەترسیی دابو؟
باشە کێبون ئەو سەرکردایەتیەتان؟
مام جەلال لە ساڵی ١٩٨٧ ەوە لە لەندەن و پاریس جەوی بەسەر دەبرد.
نەوشیروان لە ١٩٨٧ ەوە لە ستۆکهۆڵم و کرماشان و شارۆچکەی سەقز بوە.
ئەوەی دەمێنێتەوە، ئەرسەلان بایز، عومەر فەتاح، فەرەیدون عەبدولقادر، عادل موراد و فوئاد مەعسوم بون، ئایا کوژرانی ئەمانە باشتر بو یان ئەو کارەساتانەی کە بەسەر هەڵەبجە و بە ئەنفالکردنی گەرمیان، هێناتان؟ تەنانەت ئەمانەشتان لە شاخ نەبون.
باشە ئەم سەرکردایەتیەی ئێوە چ جۆرە کڵاوەیەکی ئەتۆم و فڕۆکەیەکی تێدا هەڵگیرا بو، کە ئێوە پێتان باش بو خەڵکی هەڵەبجەی بۆ بەبارمتە بگرن؟
هەرچەندە ئەوە بیانوە کە بەردەوام دەیهێننەوە. چونکە حەقیقەت ئەوەبوە کە بەبارمتەکردنی خەڵکی هەڵەبجە ئەجێندایەکی نهێنیی لە پشت بوەو، سەرکردەکانی ئێوە وەک ئامێر، لەلایەن پاسدارانەوە بەسەریان دا فەرزکراوەو پێیان کراوە!
سەبارەت بەو بیانوەشتان، واتە: ئێوە لە ڕوی مەعنەوییەوە بە سوکێتیتان دەزانی سەرکردایەتیتان بگیرێت. بەڵام لەگەڵ پاسداران کیمیاباران بەسەر هەڵەبجە و ئەنفال بەسەر گەرمیان دا بێنن بە [خەباتی شاخ و شۆڕشگێڕبون]تان دەزانیی و دەزانن؟ بۆیەشە تا ئێستا هەمان بیانو دێننەوە.
ئاخر کە مام جەلال و نەوشیروان ئەوە بیرکردنەوەیان بوبێ و ئێوەیان فێرکردبێ کە بەردەوام ئەم بیانوە بۆ لەناوبردنی هەڵەبجە بێننەوە، ئاخۆ ئەو چەکدارانەی کە ئەوان خەڵکیان پێ کوشتون: هەڵگری چ بیرکردنەوەیەک بوبن؟
تەنانەت، لە بنەڕەت دا، بەکارهێنانی دەستەواژەی [خەباتی شاخ]تان بێمانایە. چونکە ئێوە لە شاخ نەبون. ئێوە لە شاروشارۆچکەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان بون. شەڕێک کە ڕوی دەدا، ئێوە کەوتونەتە پێش پاسداران و کارەساتی واتان بەسەر نەتەوەکەتان هێناوە، بە سەدان ساڵی تریش ساڕێژ نابێت و، قەرەبوش ناکرێتەوە.
کارەساتەکانی هەڵەبجەو ئەنفال، کە ئێوە هۆکاری توشکردنی میللەتەکەمان بون، کارەساتی زۆر گەورەن و ساڕێژ نابن. دڵنیاشم ئەم وەڵامە هەر هیچ نییە لە ئاست ئەو کارەساتانە.
ئەوەش نامەکەی نەوشیروان مستەفایە لە ئەرشیفی بەریتانیا کە لە ١٥ ی ٦ ی ١٩٨٧ بۆ سەرۆک وەزیرانی بەریتانیای ناردوە.