لەم چوار ساڵەی ڕابردو دا، دژایەتیی ئێران بۆ ھەرێم تەنیا لە مەسرور بارزانیی دا، کورت دەکرێتەوە. واتە: زۆرجار دەبیستین کە ئێران مەبەستێتی مەسرور لە سەرۆک وەزیران، لابدات، گوایە بۆ ئەوەی لاپەڕەیەکی نوێ لەگەڵ ھەرێم، ھەڵبداتەوە!
بەڕاستی دەربڕینی ئەو بۆچونانەی سەرەوە لەلایەن ھەندێک بەناو سیاسیی و بەناو نوسەرەوە، ئەوپەڕی خەڵک بە ھەڵەدا، بردنە.
وەک چۆن پێشوتریش خەڵکیان بە ھەڵەدا دەبرد. کاتێک موسەنا ئەمین و چەند پەرلەمانتارێکی تر، تا دەگاتە بافڵ ھەر ھەمویان دەیان وت: فرۆشتنی نەوتی ھەرێم گەر بدرێتە بەغداد لە قازانجی ھەرێمەو، کێشەکان چارەسەر دەبن. منیش لە بابەتێکم دا کە ئەمەی خوارەوە لینکەکەیەتی لە ئاوێنە، تێفکرینم وابو: ھیواخواستن بەوەی نەوتی ھەرێم بدرێتە دەست بەغدادو کێشەکان چارەسەر دەبن: بۆچونێکی ناھوشیارانەی سیاسییەو، خزمەت بە ئێران و تورکیا دەکات و، بە چەندین فاکت ڕونم کردەوە. ئەمە بابەتەکەی ئەوسام بو، کە خوێندنەوەیەکی ستراتیژی بو:
https://www.awene.com/article?no=٢٠١٩٣&auther=١٢٥١
ھەربۆیە ئێستاش لەم بابەتەم دا دەیڵێم: ھەڵەیەکی گەورەیە مەسەلەکە تەنیا لە مەسرور دا کورت بکرێتەوە، بەڵکو ئێران قۆناغ بە قۆناغ دەیەوێت ھەرێم بسڕێتەوە. ئێران بە چ حەقێک ھەمیشە دەیەوێت پۆستەکانی ھەرێم دابنێت یان قسەیان لەسەر بکات؟
ئەگەر سۆز وەلا بنرێ و ڕاستی بگوترێ، ئێران زۆر کاری دژ بە بەرژەوەندییەکانی نەتەوەی کورد لەڕێی مام جەلال، مەسعود بارزانیی و نەوشیروان، ئەنجام داوە. بۆ ئەم مەبەستە چاوەڕوانی بابەتی داھاتوم بن کە لەسەر: ( مەلا مستەفا، جەلال تاڵەبانی، مەسعود بارزانیی، نەوشیروان مستەفا و سی و یەکی ئاب)ە لە بەڵگەنامە نھێنییەکانی وەزارەتەکانی دەرەوەو بەرگری، بەریتانیا دا.
ئەگەر لەم بابەتەدا واز بێنین لەوەی چۆن ئێران مەسعود بارزانی دژی کوردانی خۆرھەڵات لە ١٩٧٩ بەکارھێنا، چۆن ئێران نەوشیروانی بەکارھێناوە بۆ ئەوەی ئەنفال و کیمیاباران بەسەر کورددا بێنێ و، نەوشیروان ھەستێت ھێزەکانی پاسداران بباتە سەر بارەگاکانی موجاھیدینی خەلق لە کەرکوک، بەوھۆیەوە ئەو ڕێکخراوە فاشیستە بەربداتە ڕەشەکوژکردنی خەڵکی مەدەنیی کورد.
بەڵکو لە بەڵگەنامەکانەوە لێکی بدەینەوە چۆن ئێران پاش ڕوداوەکەی قەڵادزێ، شەڕی لە نێوان یەکێتیی و پارتیی سازاندوە، بەبێ ئەوەی کورد ئاگای لە خۆی بێ!! چۆن ئێران: نەوشیروان و مەکتەب سیاسیی یەکێتیی ھانداوە کە بارەگاکانی پارتیی لە ١٩٩٦ لە ھەولێر بگرن و، پارتییش سی و یەکی ئاب دەکات. چۆن ئێران ھەستاوە نەوشیروانی کردوە بە گژ جەلال تاڵەبانیی دا، ئەوە لەکاتێک دابوە کە بەپێی بەڵگەنامەکانی بەریتانیا جەلال تاڵەبانیی دەیان ساڵ ئیشی بۆ ڕەفسەنجانیی کردوە. بەڵام مادەم نەوشیروان ڕاستەوخۆ لەگەڵ فەرماندەکانی سوپای پاسداران مامەڵەی ھەبوە، لای ئێران گرنگی زیاتر بە نەوشیروان دراوە. تەنانەت گرنگی بە پارتیی و حسک و بزوتنەوەش دراوە، بۆ ئەوەی کورد بەتەواوی بەربدرێنە یەکتر، کە سەرکردە فیوداڵەکانی کوردیش، ھەمان ئەو شتەیان کردوە، کە ئێران نەخشەی بۆ داناون و پێی کردون.
لە پاش ڕوخاندنی ڕژێمی سەددام، تاوانێکی گەورە و نەزانینێکی سیاسیی بێوێنەی [جەلال تاڵەبانی، مەسعود بارزانیی و نەوشیروان] دروستکردنی دەوڵەتی عێراق بو بۆ شیعە. چۆن تاوانی بەریتانیا ئەوەبو کە دەوڵەتی عێراقی تەنیا بۆ سونەی عەرەب دروست کرد، تاوانی [جەلال تاڵەبانی، مەسعود و نەوشیروان]یش ئەوەبو کە دەوڵەتی عێراقیان تەنیا بۆ شیعەی عەرەب [ئێران] دروستکردەوەو، بۆ ئەوەش بە ناھوشیارارانە و بەبێ ئەوەی ستراتیژ ببینن: بە [ملیاران دۆلار]یان بۆ نەوەکانیان وەردەگرت. بەڵام بە خەبەر نەدەھاتنەوە: پەروەردەکردنی ماری بێ ئیجازە، عاقیبەتی ئەوەیە: ھەر دەتگەزێ! ھەرچەندە، ئەو مارە بێ ئیجازەیە: دە ساڵە میللەتی کورد دەگەزێ و بودجە و موچەی موچەخۆرانی ھەرێمی بڕیوەو، ڕاستەوخۆ سەرکردەکانی یەکێتیی و پارتیی، ناگەزێ.
سەید ڕەئیس جەلال تاڵەبانی، [بەکردەوە]، بەتەواوی مەیدانی بۆ حوکمی شیعە خۆشکرد، بە بێ ئەوەی ھیچ دوربینییەکی بۆ ئەو سیاسەتەی ھەبێ، ئەوەشی تەنیا لە پێناو پۆستە سەرۆککۆمارە خودییەکەی دا دەکرد!
تا کار گەشتە ئەوەی، [سەید ڕەئیس جەلال تاڵەبانی] ڕۆشتەسەر گۆڕی خومەینیی و، ئینجا ڕوی کردە تورکیاو چوەسەر گۆڕی ئەتاتورک و، دواتر ھاتەوە بەغداو، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی دا پاش وتنی بەیتێکی جەواھیری، وەسفێکی ڕەفسەنجانیی کرد. دواتر نادیموکراسییانەو ناکوردانە پرۆژەی لە سەدا سی و دووی بۆ بەڕێوەبردنی پۆستەکانی [کەرکوکی کورد]، ڕاگەیاند.
من تا مردن شانازی بەوە دەکەم، تەنیا قەڵەم بەدەستی کورد بوم لە بابەتی [نەخێر بۆ پرۆژەکەی مام جەلال]، دژایتیی ئەو پرۆژەیەی ئێران و تورکیام کرد، کە لەڕێی سەید ڕەئیس جەلال تاڵەبانیی و، بەھۆی ئەوەوە بەسەر [کەرکوکی کورد]، دا، فەرزیان کرد.
جەلال تاڵەبانی سەرۆک کۆمار بو، ئێران لە ڕێی مالیکییەوە کە سەرۆک وەزیران بو، بودجەو موچەی ھەرێمی بڕی. مام جەلال ھیچی پێ نەکرا. چونکە ئێران قۆناغ بە قۆناغ ھەرێم دادەڕوخێنێت.
کە گۆڕان دروست کرا!! ئێران لەڕێی نەوشیروانەوە ھەستا یوسف محمد و لەو جۆرەی دانا. کار گەشتە ئەو ڕادەیەی ئێران نەھێڵێ گۆڕان بە گوێی مەککۆرگ بکەن و، پارتیی کوردستانی تێک داو، نەوشیروان ئاشبەتاڵی بۆ لەندەن کردو، نەھاتەوە و خراپ نەخۆش کەوت، تا دکتۆرەکانی لەندەن جوابیان کرد.
کورد دەبێ بزانێ و تێبگا، کە: بەغدا داگیرکار و دوژمنێتیی، کە عەرەب بە سوننەو بەتایبەت شیعەوە: ئیمپریالیزمێکی سەر خاکی کوردستانن. پەراوەی سیاسیی بکەن، بەڵام کاتێک دەوترێ فڵان سەرۆک وەزیرانی شیعەی عێراق، واتە: پاسدارێکی سەر بە فەیلەقی قودس و فەقەت. ئیتر نایەوێ ھیوا لەسەر ھیچ سەرۆک وەزیرانێک لە بەغداد، ھەڵبچنرێ.
سەدانجار و دەیان ساڵە وتومە: کورد دەبێ خۆی پلان و ستراتیژی ھەبێ و، خۆی بۆ تەواوی ئەگەرەکان ئامادە بکات. حەقیقەت گرنگە بوترێ با ڕەقیش بێت. حەقیقەت ئەوەیە: ئەوپەڕی خۆ [کەرکردنە] کە ھیوا لەسەر ئیمپریالیزمی سەر خاکەکەت، ھەڵچنیت! لەکاتێکا بەدیارچاوتەوە، ئەو ناوچانەی کە کوردستانین و لە ژێر دەسەڵاتی ئیمپریالیزمی شیعەی عەرەبی عێراقن: بە عەرەب دەکرێن و عەرەباندن تێیاندا بەردەوامە، ئیتر تۆ بە چ عەقڵێک: ھیوا لەسەر ئیمپریالیزمێکی ھێندە ترسناک ھەڵدەچنیت!؟ خۆ ناکرێ مرۆڤ خۆی بخاتە ئاستی گوێرەکەو چەقۆی قەساب [کە داگیرکەرەکەیەتیی]، بلێسێتەوە. بەھەمان شێوەش نابێت مرۆڤ دژی ستەمکارییەکانی یەکێتیی و پارتییش نەبێت. بەڵام نابێت بابەتەکان تێکەڵ بکات، دژبون بە ستەمکارییەکانی یەکێتیی و پارتیی: جیایە لەوەی چەقۆی قەساب بلێسیتەوە!
لە دوای شانزەی ئۆکتۆبەرەوە، کە لاھور و براکانیی و بافڵ و براکەی کەرکوکیان بە [سەرداریان] حاجی قاسم فرۆشت، لە پێناو ئەوەی بکرێنە باڵادەستی ناو یەکێتیی، تا ئێستا، ھەنگاوەکانی ئێران دژی ھەرێم خێراتر دەبن. حوکمدارانی ھەرێمیش بێ پلانتر و دەستەوەستاوتر دەبن.
تا ئێستا کەس لێکی ناداتەوە: بۆچی ئێران بافڵی سەر خست بەسەر لاھور دا، لەکاتێکدا ھەردوکیان کەرکوکفرۆش بون؟ ئایا ئێران [گومان]ی لە لاھور ھەبو کە بۆ دەزگای میت و سی-ئای-ئەی ئیشی کردوە، ئێ خۆ بافڵیش بۆ سی-ئای-ئەی ئەیکات؟ خۆ تەنیا مەسرور و لاھور نین. بەڵگەنامەکانی سی-ئای-ئەییم لایە کە بافڵ لە کۆبونەوە نھێنییەکانی لەگەڵ ئەمریکییەکان چی لەسەر ئێران ئەڵێت!
قسەکانی بافڵ لە کۆبونەوە نھێنییەکانی لەگەڵ ئەمریکییەکان لەسەر ئێران، ڕاستن. بەڵام بەدواداچون بۆ ئەوە بکەن: ئایا ئێران [گومان]ی لە لاھور و براکانی ھەبو کە زانیارییان لەسەر قاسمی سلێمانی بە ئەمریکییەکان دابێت، بۆیە لاھوریان لادا و بافڵیان کردە سەرۆکی یەکێتیی؟!
ھەربۆیەشە ئێستا لاھور ناڕاستەوخۆ ھێرش دەکاتە سەر ئێران و ڕاستەوخۆ ھێرش دەکاتەسەر حکومەتی عێراق: بۆ ئەوەی ئەمریکا و تورکیا و پارتیی بەھێزی بکەن و بیکەنە ڕەقیبی بافڵ، بەتایبەت لە ئەگەڕی ڕودانی گۆڕانکاریی دا.
واتە: ئێران لە پشت ناکۆکییەکانی ناو سەرکردەکانی کوردەوە یە، تەنانەت بە ناکۆکی نانەوە لە نێوان مام جەلال و نەوشیروانیش!
ئێران، واتە: ناکۆکیی دروست کردن. تەنانەت لە ناو گروپەکانی حەشدی شەعبیش دا دەیان گروپی ناکۆکیی پێکھێناوە، بۆ ئەوەی ھەمیشە ئێران بەڕێوەیان بباو، چۆنی بوێ لە قسەی دەرنەچن، ئەگینا گروپێکی تر دەکات بە گژیاندا!
بەھەرحاڵ، ستراتیژی [نەگۆڕ]ی ئێران ھەر ئەوەیە: ھەرێم لەناوبەرێت و، گەمژەییە مەسەلەکە بە مەسرورەوە ببەسترێتەوە. بەڵام ئێران ھەر جارەی مەسەلەیەک دەکاتە پڕوپاگەندەی ڕۆژانە و فەرزی دەکات، لەگەڵ پڕوپاگەندە ڕۆژانەکانیشی دا: ستراتیژەکەی ھەر نەگۆڕە. جارێک دەڵێت: نابێت ھەرێم نەوت بفرۆشێ. جارێک ئەڵێت: نابێت پارێزگاری کەرکوک کورد بێ. جارێکی تر ئەڵێت: نابێ مەسرور سەرۆک وەزیران بێ. جارێکی کە دەڵێت: دەبێ وەزیرێک بە گروپی عەلی باپیر بدرێ. جارێکی دیکە ئەڵێت: نابێت گروپە ناشۆڕشگێڕەکانی خۆرھەڵاتی کوردستان لە فەیسبوکیش دا چالاکیان ھەبێ و حکومەتی ھەرێم لە چالاکییەکانی فەیسبوکیان بەرپرسە. دیسانەوە ئێران بیانو دەگرێ و دەڵێت: دەبێ گروپی ناشۆڕشگێڕی پەکەکە لەگەڵ موجاھیدانی حەشد شەنگال بەڕێوە ببەن و، زۆر پڕوپاگەندەی ڕۆژانەی تر. بەڵام ستراتیژە نەگۆڕەکەی کە قۆناغ قۆناغ ئیشی لەسەر دەکات: ھەر نەمانی ھەرێمە.
مەسرور دەبو ستراتیژ و پلانی حوکمڕانیی، ھەبوایە. دەبو کۆمەڵێ ڕاوێژکاری زاناو پسپۆڕی ھەبوایە. دەبو یەکێک لە یەکەمین کارەکانی لابردنی موچەی خانەنشینی پەرلەمانتاران بوایە، کە بە ئاسانیی دەیتوانی لە ڕێی فراکسیۆنەکەیەوە لە [پەرلەمانە کارتۆنییەکەی ئەوسا، کە ئێستا مرێندراوە]، ئەو کارە بکات. دەیتوانی چاکسازی گشتگیر و ڕادیکاڵ لە گشت سێکتەرەکان بکات. بەڵام نەیکرد و، زمان ھیچ نییە: کردەوە پێوەرە.
مەسرور لە یەکەم ھەنگاوییەوە بە ھەڵە دەستی پێ کرد کە قبوڵی کرد گۆڕان و یەکێتیی قبوڵ خاسەکانی خۆیان بنێرن بۆ وەزیریی و بریکاریی وەزارەتەکان. مەسرور لە یەکەم ھەنگاوییەوە دەبو بە گۆڕان و یەکێتیی بڵێت: دەبێت وەزیرەکان و بریکاری وەزارەتەکان کەسانی پسپۆڕ بن. بەڵام مەسرور ھیچ یەکێک لەو ھەنگاوانەی نەنا.
کە وایە، لە دۆخێکی وادا، چۆن وەزیر و بریکاری وەزارەتەکانت کە نەشارەزا و بێتوانا بن، دەتوانن پلان و ئەگەرەکان و ستراتیژەکان لە دژی پیلانەکانی حکومەتی عێراق [کە ڕۆبۆتێکی دەست ئێرانە]، دابنێن؟
ئێستا، ئێران ھاتوە لە پەرلەمانە کارتۆنییەکەی عێراق دا، بابەتی ڕۆژی کردۆتە: دەرکردنی یاسایەک بۆ دەرکردنی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق. جا ئەوە کەی پەیوەندی بە پەرلەمانەوە ھەیە، ئێران ئەزانێ کورد و سوننە لەگەڵ مانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا دان، کەوابو ئەگەر ئێران پیلانی دژایەتییەکی تری دژ بە کورد و سوننە دانەنابێت، چی ترە؟ چونکە ئەگەر ئێران ڕاست ئەکات و دژی مانەوەی ھێزەکانی ئەمریکایە: بۆچی لە ڕێی حکومەتی عێراقەوە بڕیار لە دەرکردنی ھێزەکانی ئەمریکا نادات، ئەو بڕیارە چ پێویستی بە پەرلەمانە کارتۆنییەکەی بەغدایە؟!
ئینجا، تاکەی ھەردو گروپی فیوداڵی یەکێتیی و پارتیی، خاوەنی ھیچ پلان و ستراتیژێک نین لە دژی پیلانەکانی ئێران، تاکەی دەستەوەستاون و زیڕڕەیان کردوە!؟
ئەگەر تەنیا بۆ پڕوپاگەندەی میدیاییش بێ: پەراوەیەکی سیاسیی بکەن. ھەوڵێک بدەن، ھاوپەیمانییەتێک لەگەڵ عەرەبی سوننەو تورکمانەکان ڕابگەیەنن و ئەمریکاشی لێ ئاگادار بکەنەوە! ئەکرێت سەدریش لەبەرچاو بگیردرێت!! من ئەزانم عەرەبی سوننەو تورکمانەکان و سەدریش دژە کوردن. بەڵام خۆ دەبێت لە سیاسەت دا ھەندێ پەراوەی سیاسیی بکەیت، تەنانەت ئەگەر بۆ پڕوپاگەندەی میدیاییش بێ. دەشتوانن ھێزە ناشۆڕشگێڕەکانی خۆرھەڵات ھان بدەن کە ھەڕەشەی چالاکیی درۆنیی لە ئێران و لە ناو خودی تارانی پایتەخت دا بکەن. چەندان بژاردەی تر و ئەگەری تر ھەیە. زیڕڕە مەکەن و خۆتان بۆ ئێران تەواو فش مەکەن، چونکە ستراتیژی نەگۆڕی ئێران: ڕوخاندنی ھەرێمە. بۆیە سنورێکی بۆ دابنێن. ئەگەر نا، ئەمە لە من وەرگرن: ھەتا زیاتر سازش بۆ ئێران بکەن: ئێران توندتر سواری قەوارەی ھەرێم دەبێ!
لەکۆتاییش دا، سەدبارەی دەکەمەوە: ستراتیژی نەگۆڕی ئێران بریتییە لە ڕوخاندنی قەوارەی ھەرێم و، قۆناغ بە قۆناغ جێ بە جێی دەکات و، تەنانەت ئێران گەر مەسروریش بکوژێ، واز لە ستراتیژەکەی کە [ڕوخاندنی قەوارەی ھەرێم]ە، ناھێنێت. تاکەی ئەو میللەتە لە ھەرێم بەرەگەی پیلانەکانی ئێران لەنێویشیاندا [بەتایبەت] پیلانی جینۆسایدکردنی ئابوری لە ڕێی بڕینی موچەی موچەخۆرانی ھەرێمەوە، دەگرێ؟! ئەوە دە ساڵە ئێران لە ڕێی ڕۆبۆتێکییەوە [کە حکومەتی عێراقە] موچەی موچەخۆران و بودجەی ھەرێم دەبڕێ، کە ئابوری ھەرێمی ئیفلیج کردوەو دایڕوخاندوە.
ھەربۆیە، ھوشیارببنەوە، کەمێک غیرەت بدەنە خۆتان، کەمێک پەراوەی سیاسیی بکەن. کەمێک ئەو ئەگەر و کارتە لۆژیکییانە بێنە بەرچاوی خۆتان کە بەھۆیانەوە دەتوانرێ ڕێ لە پیلانەکانی ئێران و ڕۆبۆتەکەی [کە حکومەتی عێراقە]، بگرێت!!
-
تێبینی: ئەم بابەتەی سەرەوەم بەخێرایی لە ناو قیتاردا نوسیی و، بەڵێنەکەی بابەتی ڕابردومم بۆ خوێنەران، لە بیر نەکردوە. ھەربۆیە، چاوەڕوانی بابەتی داھاتوم بن لەسەر: ( مەلا مستەفا، جەلال تاڵەبانی، مەسعود بارزانیی، نەوشیروان مستەفا و سی و یەکی ئاب)ە لە بەڵگەنامە نھێنییەکانی وەزارەتەکانی دەرەوەو بەرگری، بەریتانیا دا.
-
شەریف عەلی: خوێندکاری دکتۆرایە لە دبلۆماسییەتی نێودەوڵەتی بەریتانیی.