ئەوەی کە لە سەرەتادا پێویستە ڕونی بکەینەوە، ئەوەیە: قسەکانی عەلی باپیر تا ئەندازەیەک سەلماندی کە [بەرەکەی مقاومە]، غەززەیان فرۆشتوە، چونکە خۆلادان بو لە بەشداربونی ڕاستەوخۆ لە شەڕی غەززە!
دوێنێ عەلی باپیر، [موجاهیدی ڤێلا و سەرمایە]، کە هاوکات سەرۆکی گروپی کۆمەڵە، کە بەپێی پاشخان و ئاڕاستەی ئاشکرای سیاسیی و میدیاییان، گروپێکی سەر بە ئێران و بەرەی مقاومەن، ڕایگەیاند: ´´بۆیە ناچن بۆ غەززە، چونکە ئێستا بوار نییەو، فەلەستین ئابڵوقەی لەسەرە``.
-
عەلی باپیر، لە قسەکانیی دا ئاماژەی بەوەش دا: هەر کاتێک شەڕ گەشتە عێراق، ئاسانتر دەتوانن جیهاد بکەن!
-
سەرە گەورەکانی ئاخوندەکانی بەرەی مقاومە، هەر لە خامنەیی [وەلی فیقهیان] تا نەسروڵا، هەتا سەرە بچوکەکانیشیان کە عەلی باپیرە، هەمویان لە هەفتەی پێشوەوە بیانو دێننەوە بۆ بەشدارنەبونی ڕاستەوخۆیان لە جەنگی غەززەدا، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە ئەمانە غەززەیان فرۆشتوەو، هەر تەفسیرێکی تری بۆ بکرێ، بیانوهێنانەوەیە. چونکە هیچ کات هێندەی ئێستا غەززە پێویستی بە بەشداربونی ڕاستەوخۆی بەرەی مقاومە نییە بۆ جەنگان دژی ئیسرائیل.
-
من لە ئایدیاکانی بابەتەکانی یەکەم ڕۆژی هێرشەکەی حەماسەوە، جەخت دەکەمەوە کە چەند بژاردەیەک لە ئارادایە، کە دوو بژاردەیان مەنتیقی ترە، کە:-
یەکەم: بەرەی مقاومە [بە سەرکردایەتی ئێران]، غەززەیان بە ئیسرائیل، فرۆشتوە. ئەگینا کاتێک بە دەم و بە پڕوپاگەندە بە [گرنگترین جیهاد]ی دەزانن، بۆ ناچن جیهاد بکەن؟
لە سیاسەت دا ئەگەری هەیە شەڕی میدیا [پڕوپاگەندە] بێ و پێچەوانەی پیلانە نهێنییەکە بێت! بەتایبەت ئێران و میلیشیاکانیی، هەمیشە سەروسەودای نهێنییان لەگەڵ ئەمریکا-بەریتانیا-ئیسرائیل دا هەبوەو هەیە، تا دەگات بەوەی کە عەلی باپیر وشەی [ئیسلام]ی لە گروپەکەی کردەوەو، هاتە بەریتانیا و، ڕۆشت دوو ژنە بەریتانیی لە ئۆفیسێکی سیاسیی دا، دی!!
-
دووەم: یان ئەوەیە کە ئێران و میلیشیاکانیی، زیڕڕەیان کردوەو، دەیانەوێ خۆیان لە شەڕەکە لابدەن، نەک ئیسرائیل-ئەمریکا مەبەستیان ئەوەبێ بە بیانوی هێرشەکەی حەماسەوە، پاش غەززە، هێرشیش بکەنەسەر سوریا و لوبنان، دواتریش هێرشیش بکەنەسەر ئێران و میلیشیاکانی لە عێراق، بەتایبەت بە هێرشی ئاسمانیی. لەم ئەگەرەیان دا، هەم کاتیی زیاتری دەوێ و، هەمیش هەرچەنێک ئێران-سوریا و میلیشیاکانیان خۆیان لابدەن، هەر توش دەبن، یا توش دەکرێن!
-
گەر کەمێک نەفەس درێژ بین، بۆمان ڕوندەبێتەوە کام لەو دوو ئەگەرەی سەرەوە، دێتەدی.
پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە: ئایا ئەمانە [بەرەی مقاومەی فەلەستین]ن، یا [بەرەی فرۆشتنی فەلەستین]ن بە ئیسرائیل!؟ ئایا ئەمانە لە ڕێی حەماسەوە غەززەیان فرۆشت بە ئیسرائیل، یاخود نا؟
ئەگەر نەیانفرۆشتوە، بۆچی وەک حەماس بەشدار نابن؟ لەکاتێکدا، بۆ ئەوانەی کە کەمێک ستراتیژی بیردەکەنەوە، دەزانن کە بەشداربونەکەی حەماسیش، بە بارمتەکردنی دانیشتوانی غەززەیە!؟ وەک پێشڕەویکردنی نەوشیروان مستەفا لە هێنانی پاسداران بۆ کەرکوک، هەڵەبجەو سلێمانیی، کە لە ستراتیژدا ئەنفالی گەرمیان و کیمیابارانی هەڵەبجەی لێکەوتەوە.
واتە: بیرکردنەوەی سۆزدارییانە بۆ هێرشی چەکداریی، جیایە لە خوێندنەوەی هۆشمەندانەی [ستراتیژی] بۆ لێکەوتە درێژخایەنەکانی کاریگەری [جۆر!]ی هێرشە چەکدارییەکان! چونکە لە سیاسەت دا هەر هێرشکردنێک [ئامرازێکی تەکتیکی]یە، گەر هەر هێرشێک خزمەت بە [ستراتیژی خەباتەکەت] نەکات، ئەوا بەکارهێنراوی و، ڕەفتارەکەت ناسیاسییانەیەو، میللەتەکەت دەکەیتە قوربانی دەست نەیارەکانت!
-
با بچینەسەر بابەتە سەرەکییەکە: عەلی باپیر [موجاهیدی ڤێلا و سەرمایە] و، ڕێکەوتننامەی سایکس-بیکۆ-سازانۆف!
عەلی باپیر لە قسەکانیی دا ئاماژەی بەوەش دا، زلهێزان بە پیلانی جولەکە لە ڕێکەوتننامەی سایکس-بیکۆ-سازانۆف دا، کوردستانیان دابەش کردوە!
ئەم دەربڕینەشی دیسانەوە سەلماندییەوە کە ناوبراو بەکارهێنراوەو، ئێران ئەو لێدوانەی پێ دەدات، بۆ ئەوەی تاکە ساویلکەکانی کورد بقۆزنەوەو لە دژی ئەمریکا-ئیسرائیل، بەکاریان بێنن.
بە ڕونی دەیڵێم: خۆم لە عەلی باپیرەکان بە مسوڵمانتر دەزانم، چونکە [هەرگیز] بازرگانیی بە دینەوە ناکەم و، هەڵوێستەکانم نافرۆشم و، خوا دەزانێت خۆبەخشانە ئامانجم سودگەیاندنە بە [بەرژەوەندی گشتیی] نەتەوەی کورد! بڕواشم بە [بە سیاسییکردنی بیروباوەڕ]، نییە! لای من کوردی کاکەیی، کوردی مەسیحیی، کوردی ئێزدیی، کوردی زەردەشتیی و کوردە جووەکانیش، بە برای نەتەوەیی [هەمیشەیی] خۆم دەزانم.
-
زۆر سادەیە، ئەگەر لە ڕاپۆرتەکانی تیمی باڵای حکومەتی بەریتانیی کە بۆ دابەشکردنی خاکی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لە سەرەتای ساڵی ١٩١٥ پێکهات و، بە [کۆمیتەی دی-بۆنسینی بەریتانیی]، ناسراوە، وردببینەوە، دەزانین کە لە ڕێکەوتنامەی سایکس-بیکۆ-سازانۆفیش لە ١٩١٦ سودیان لە ڕاپۆرتەکانی ئەو کۆمیتەیە [کۆمیتەی دی بۆنسین]ی تیمی باڵای حکومەتی بەریتانیا، وەرگرتوە.
من هەمو بەڵگەنامەکانی [کۆمیتەی دی بۆنسین]م لە ئەرشیفخانەی بەریتانیا خوێندۆتەوە، بۆ ئەوەی بە وردی لە چۆنیەتی دابەشکردنی خاکی ژێر دەسەڵاتی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیی تێ بگەم.
ئەوەی زۆر گرنگە، ئەوەیە: بە پێی بەڵگەنامەکانی کۆمیتەی [دی بۆنسین]، حسابیان بۆ یەکەم دابەشکردنی خاکی کوردستان لەلایەن ئیمپریالیزمی تورک و ئیمپریالیزمی فارس لە پاش جەنگی چاڵدێرانی ١٥١٤ ەوە کردوەو، هیچ دەستکارییەکی دابەشکردنی سنوری باکور و خۆرهەڵاتی کوردستانیان نەکردوە.
واتە: دابەشکردنی کوردستان لەلایەن ئیمپریالیزمی تورکی مسوڵمان و ئیمپریالیزمی فارسی مسوڵمان لە ساڵی ١٥١٤ دا، بوەتە بنەما بۆ هەمو ڕێکەوتننامە و دابەشکارییە ئیمپریالیستییەکان، بۆ هێشتنەوەی ئەو دابەشکارییەی کوردستان تا ئێستاش. تەنانەت بە ئێستاشەوە ئەو [سنور]ی دابەشکارییەی ئیمپریالیزمی تورک و فارس لە نێوان خۆرهەڵات و باکوری کوردستان، وەک خۆی ماوەتەوە.
-
من دڵنیام، نە عەلی باپیر، نە زۆرینەی سەرکردەکانی کوردو، نە زۆرینەی مامۆستاکانی زانکۆ و نوسەرانی کورد نازانن کۆمیتەی [دی بۆنسین] ی تیمی باڵای حکومەتی بەریتانیی، چییە و، ڕاپۆرتە ستراتیژییەکانیان چی تێدا بوەو، چۆن ڕاڤەی دابەشکاری خاکی ئیمپراتۆریەتی عوسمانییان کردوە؟ بەڵکو تەنیا وەک خوێندکاری سێی ئامادەیی دەزانن پێناسەیەکی کاڵوکرچی ڕێکەوتننامەی سایکس-بیکۆ-سازانۆف بکەن. بەڵام نازانن ئایا ڕێکەوتننامەی سایکس-بیکۆ-سازانۆف دەرهاویشتەی کام ڕاپۆرە ستراتیژییانە بوە، کە ئەوە تێگەیشتنە ستراتیژییەکەیە بۆ پرسی دابەشکردنی خاکی کوردستان.
-
گەر عەلی باپیر [موجاهیدی ڤێلا و سەرمایە]، سەرمایەدارتر کرابێ لەلایەن ئێرانەوە بۆ ئەوەی ئەو پەیامە بە کوردە ساویلکەکان بگەیەنێت کە جولەکە و زلهێزان یەکەم جار کوردستانیان دابەش کردوە، ئەوا ئامانج لەو پەیامەی: پیلانێکە تەنیا بۆ [زیاتر لە خشتەبردنی تاکە ساویلکەکانی کوردە] و بەس. ئەگینا یەکەم دابەشکردن کە بۆ هەمو ڕێکەوتننامە نێودەوڵەتییەکان بنەمایەکی [فەرمی] وەرگرت، ئەوەیە: کوردستان دابەشکراوی دەست ئیمپریالیزمی فارس و تورکە لە ١٥١٤ ەوە. ئیتر دوای ئەوە نەتەوەی کورد لەسەر خاکی خۆی سەدانجار جینۆسایدکراوی ژێر دەسەڵاتی ئیمپریالیزمی تورکی مسوڵمان، ئیمپریالیزمی فارسی مسوڵمان و ئیمریالیزمی عەرەبی مسوڵمانە بە ڕابردو و، ئێستا و، داهاتوشەوە.
-
پێموایە: سەردەمی مزدوری بۆ داگیرکەرانی کوردستان بە ناوی ئایینەوە، تا ڕادەیەک لە کۆتایی دایە. چونکە لەم ڕووەوە وەختە تاکەکانی کورد کەمێک هوشیار دەبنەوە. بەڵام ئێران بۆچی ئەو قسانە بە عەلی باپیر دەکات؟ بۆ ئەوەی سەردەمی [ژێردەستەیی] تاکەکانی کوڕد بۆ داگیرکەرانی سەر خاکی کوردستان، درێژەی هەبێ!
-
زیاتر لەوانەش، کورد لە سەخترین ساتی جینۆسایدکردنیشی دا: خۆپیشاندانی بۆ پرسی فەلەستین کردوە. تەنانەت کورد لە کەمپەکانی پاش کیمیابارانکردن و ڕاگوێزانیشی خۆپیشادانی بۆ پشتیوانی فەلەستینییەکان کردوە. بەڵام فەلەستینییەکان لە سەخترین ساتەکانی جینۆسایدکردنی کورد دا، لە بەرەی فاشیستەکانی ئیمپریالیزمی عەرەب و فارس و تورک بون، لە بەرەی سوپای عەبدول سەلام عارف-جەمال عەبدولناسر، لە بەرەی حافیز ئەسەد، لە بەرەی سەددام حوسێن، لە بەرەی فەتوای جیهادی خومەینیی دژی نەتەوەی مەزنی کورد و، لە بەرەی ئێستای ئەردۆگان-خامنەیی-بەشار ئەسەدیش دان، کە ئەم داگیرکەرانە بە ڕابردو و ئێستاشەوە، خوێنڕێژ و جینۆسایدکاری نەتەوەیی مەزنی کوردی ڕەگەز زاگرۆسیین!
-
ئایا تائێستا عەلی باپیر و باقی گروپە ئیسلامییە سیاسیەکانی تری کورد بە [بەیاننامەی فەرمی] ڕایانگەیاندوە کە بە تورککردنی باکوری کوردستان و ڕێگا نەدان بە بونی زمانی کوردی لە گشت دامودەزگاکانیی دا لەلایەن ڕژێمەکەی ئەردۆگانەوە، بە فارسکردنی خۆرهەڵاتی کوردستان و ڕێگانەدان بە بونی زمانی کوردی لە گشت دامودەزگاکانیی دا لەلایەن ڕژێمەکەی خامنەییەوە، بە عەرەبکردنی خۆراوا و بەشێکی باشوری کوردستان و ڕێگانەدان بە بونی زمانی کوردی لە گشت دامودەزگاکانیی دا لەلایەن ڕژێمی ئەسەد و ڕژێمی شیعەی عێراقییەوە، هەر هەمو ئەو بە تورککردن و بە فارسکردن و بە عەرەبکردنانە دژایتیکردنی ڕاستەوخۆی خودایەو، دەستکاری کردنی کارەکانی خودایە!؟
-
عەلی باپیر [موجاهیدی ڤێلا و سەرمایە] و، حەزی بەسیجیی و کەرەجنشینیی!
کورد دەڵێت: ´´خوویەک گرتت بە شیریی، تەرکی نادەیت بە پیریی``.
عەلی باپیر [موجاهیدی ڤێلا و سەرمایە]، لە بەشێکی وتارە [ڕاسپێردراوەکەی!]، کە وتاری بەرەی مقاومە بو، هیچ ماسکێکی بە ڕوی خۆی نەهێشتەوە لە مەیلی مانەوەی بەسیجیی بوونیی دا. عەلی باپیر، خۆیان و پارتیی و یەکێتیی وەک [حەشدی شەعبی، حوسییەکان، حیزوڵا و حەماس] بە خزمەتکاری مێژوویی ئێران زانیی و، لەگەڵیشی دا، ئێرانیشی بە پشتیوانی خۆیان و کورد دانا. بەڵام هێرشی کردەسەر پارتیی، کە گوایە ئێستا هەڵوێستەکانی پارتیی لە دەورانی کەرەجنشینیی، لای داوە.
-
دەیان بەڵگەنامەی بەریتانیی و سی ئای ئەی، ئەوە دەخەنەڕو کە پارتیی لە دەورانی کەرەجنشینیی دا، پێشی سوپای پاسداران کەوت بۆ گرتنی حاجی ئۆمەران لە مانگی هەشتی ١٩٨٣. دوابەدوای ئەو هێرشەی پارتیی-پاسداران، سەددام دێتە هەولێر و، لە وتارێکدا سوێند دەخوات: گەر هەر هێزێکی کوردی ئەوە دوبارە بکاتەوەو، پێش پاسداران بکەوێت، بە هەمو جۆرە چەکێک لەو ناوچەیە دەدات کە هێرشەکەی تێدا کراوە. بەڵام ئەگەر هێزە کوردییەکان خۆیان بە [تەنیا] هێرش بکەنەسەر هێزەکانی سەددام، ئەوا خەڵک و ناوچەکانی هێرشەکان، پارێزراو دەبن.
ئەوەبو یەکێتیی بەبێ گوێدانە خەڵکی کوردستان و بەرژەوەنییەکانی نەتەوەی مەزنی کورد، لە ساڵی ١٩٨٦ ەوە بە ڕێکەوتن بوە بەشێک لە هێزەکانی سوپای پاسداران. ئیتر دەیانجار پێش پاسداران کەوت و، عاقیبەتیش کیمیابارانی هەڵەبجە و ئەنفالی گەرمیانمان، دی.
-
ئامانجی عەلی باپیر [موجاهیدی ڤێلا و سەرمایە]، لە پەیامە [ڕاسپێردراوەکەی!]، ئەوەیە: چۆن پێشتر هێزە کوردییەکان بونە بەشێک لە پاسداران و کوردیان بە ئەنفال و کیمیاباران دا، ئێستاش کورد دژی ئەمریکا-ئیسرائیل هان بدات و، کارێک بکات ئاشبەتاڵ بە باشور و خۆراوای کوردستان بکات و، کورد دەرفەتەکانی تریش [کە دەخولقێت!!]، لە دەست بدات!!
بەڵام، پێموایە: بەشێک لە تاکەکانی کورد تا ڕادەیەک هوشیاربونەتەوەو، پیلانەکانی ئیتلاعاتی ئێران و میتی تورک لە خشتەیان نابات. دوژمن و خوێنڕێژی ئێمەی کورد ئەمریکا نییە، بەڵکو ئیمپریالیزمی تورکی مسوڵمان، ئیمپریالیزمی فارسی مسوڵمان و ئیمپریالیزمی عەرەبی مسوڵمانە لەسەر خاکی خواکردی ئێمەی کوردی زۆرینە مسوڵمان!
-
لە کۆتایی دا دەڵێم: دەرفەت بۆ گشت بەشەکان دەخولقێ و نەفەس درێژی دەوێ، بەتایبەت دەرفەت بۆ خۆراوای کوردستان دەخولقێ. هیوادارم بەهۆی [بەرەی مقاومە]بونی پەکەکەوە، پەکەکە، خۆراوای کوردستان نەکاتە قوربانیی بەرژەوەندییەکانی [بەرەی مقاومە]ی ئێران! چونکە ئەمریکا-ئیسرائیل گرنگی بە سوریا دەدەن!
-
کورد لە باشوری کوردستان تا هەتایە تراژیدیا و زامی کیمیابارانی هەڵەبجەو ئەنفالی بۆ ساڕێژ ناکرێ، کە بەهۆی کەوا سوربونی [عەلی باپیرەکان] بۆ لەشکری پاسداران، بەسەر نەتەوەی مەزنی کورددا هێنایان، گەر کورد هوشیار ببێتەوەو عەلی باپیرەکان بە [حەقوحسابی بەرژەوەندی نەتەوەیی بسپێرێ!!]، ئەو کارەساتانەی بەسەردا نایەتەوە، ئەگەر نا: ئەو کارەساتانەی توش دەکرێتەوە!
-
شەریف عەلی: خوێندکاری دکتۆرا له دبلۆماسییەتی نێودەوڵەتی بەریتانیی.