هێرشی ئەم جارەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، چەندین خوێندنەوەی دژ بە یەک لەخۆدەگرێت، چونکە [سات]ی هێرشەکە بۆ یاریکردنی ئەکتەرە سەرەکییەکان لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، هەستیار و جێی لێوردبونەوەیە.
بەشێکیان، بەتایبەت گروپە ئیسلامییە سیاسییەکانی سەر بە ئێران و تەنانەت ئەوانەی سەر بە ئەردۆگانیش، پێیان وایە: ئەم هێرشە زیرەکیی حەماس بوە لە گۆڕانکاریی لە [تەکتیکی شێوازی هێرشبردن]ی ئەمجارەیان بۆ سەر ئیسرائیل، بە جۆرێک کە ئیسرائیلیان غافڵگیر کردوە.
ئەم بۆچونەی سەرەوە، سۆزداریی و لایەنگیرییە و، بە نالۆژیکی دەزانم، چونکە دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل پەیوەندییەکی هەمیشەیی لەگەڵ دەزگا سیخوڕییەکانی ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا و تەنانەت ڕوسیاش هەیە. لەو ڕێگەیەشەوە کەسانی دەسەڵاتداری ناو ئێران، سوریا، تورکیا، سعودیە و میسر بەردەوام هەواڵیان بە ئیسرائیل داوەو دەدەن. بۆ نمونە،دەیان فایلی بەڵگەنامەیی لە ئەرشیفی بەریتانیا هەیە کە بە درێژایی هەشت ساڵی جەنگی عێراق-ئێران، ئیسرائیل چەکی بە ئێران فرۆشتوە. بەرپرسی مەلەفی ئێران کە مامەڵەی ڕاستەوخۆی لەگەڵ ئیسرائیل کردوە ڕەفسەنجانی بوە بە ئاگاداری ڕاستەوخۆی خومەینی-خامنەیی. لە بەرانبەریش دا، ئیسرائیل هەم نەوتی لە ئێرانەوە دەستکەوتوەو، هەم زانیاریشی لەسەر پێگە ئەتۆمییەکانی سەددام و هتد پێدراوە، کە ئەوەبو ئیسرائیل بۆردومانی پێگە ئەتۆمییەکانی سەددامی کرد.
واتە: ئیسرائیل زانیاری ڕاستەوخۆی لە هەندێک کاربەدەستی دەسەڵاتدارانی ئێران و سوریا پێ دەگات کە خاوەنی حەماسن. تۆ بڵێی ئامادەکاریی بۆ بە ئامانج گرتنی ئیسرائیل بە پێنج هەزار موشەک و بە چەندان هێرشی جیاوازی گروپێکی نیمچە ڕێکخراوی نا-دەوڵەتی وەک حەماس، ئیسرائیل هیچ زانیاری و ئاگای لێ نەبو بێ و غافڵگیر کرابێ؟
ئەمە جگە لەوەی چەندین جار لە کتێبخانەی سەنەت هاوسی لەندەن، چەند ئەکادیمیستێکی وانەبێژی جوولەکەم دیوەو پێم وتون: من کوردم، جولەکە بە ئاشکرا کورد و شیعە و فارسیان خۆش ئەوێ، چونکە ئەم سێ ڕەگەزە لەمپەر بون لە بەردەم جوڵانەوە پان-عەرەبیستەکانی ناسر و قاسم و عەفلەق و سەددام. هەروەها کورد و جولەکە پەیوەندییەکی هەزاران ساڵەی مێژوییان هەیە، بەتایبەت بەهۆی کوردە جووەکانەوە.
بەو مانایەی هەڕەشەی سەرەکی بۆ سەر ئیسرائیل پان-عەرەبیستەکانی سەدەی ڕابردو بون!! نەک حەماس یا ئێران.
لە ڕێی چەندین نامەی سیاسەتداڕێژەرانی بەریتانیا کە لە ئەرشیفی بەریتانیا هەیە، ستراتیژی بەریتانیا لە ١٩٥٨ تا ١٩٦٣ پەرتکردنی پان-عەرەبیستەکان بوە لە نێوان ناسر، قاسم و، حیزبی بەعسی سوریی و عێراقیی، چونکە هەڕەشەی سەرەکی بۆ سەر ئیسرائیل و خۆماڵیکردنی نەوت دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا-بەریتانیا هەر پان-عەرەبیستەکان بون!
خستنەسەرکاری ئێرانی خومەینی بە دەمەزەردکرنەوەی ئایدۆلۆژییەکانی شا ئیسماعیلی سەفەوییش ستراتیژێکی بەریتانیا بوە وەک [بلۆکێکی نوێی ناوچەیی] هەر بۆ لاوازکردن و پەرتکردنی پان-عەرەبیستەکان!
ئەگینا بەریتانیا-ئەمریکا کە توانیویانە لە دوای ساڵی ١٩٥٨ ەوە، خێرا-خێرا بە زنجیرەیەک کودەتا عێراق بهەژێنن، ئایا لە ساڵی ١٩٧٩ وە نەیانتوانیوە دەسەڵاتی ئێستای ئێران بخەن؟
بێگومان تا ئەم ساتەش مانەوەی دەسەڵاتی ئێستای ئێران، گرنگە، بۆ ستراتیژی پڕوکاندنی بزافە پان-عەرەبیستەکان و بە شەڕدانی سوننە و شیعە!
کەی ئەو گرنگییەی لە دەست داو، ئەمریکا-بەریتانیا ستراتیژێکی تریان بۆ پەنجا ساڵی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست داڕشت، ئەوکات بە تەکانێک ڕژێمی ئێستای ئێران دەخەن.
بەوەدا دیارە کە هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە بەرژەوەندی ستراتیژی ئیسرائیل دایە، کە: لەم ساتەدا ئێران و ئەمریکا تا ڕادەیەک ئاشتییەکیان هەیەو، ئەمریکا هەندێک پارەی بلۆککراوی ئێران ئازاد دەکات، کەوابو بۆچی ئێران لەم ساتەدا حەماس بەردەداتە ئیسرائیل ئەگەر مامەڵەیەکی نهێنیی لەو ئەجێندایەدا لە ئارادا نییە؟
بێگومان بۆ ڕەوایدان بە سیاسەتی داهاتوی فراوانخوازی ئیسرائیل، خۆ دەبێتە حەماس هێرشێکی لە ناکاو بکات و، لێشاوی خەڵکی مەدەنی ئیسرائیل بە بەرچاوی میدیا جیهانییەکانەوە کۆڕەو بکەن و، ئیسرائیلیش خۆی بە غافڵگیر لە قەڵەم بدات!! ئەم دۆخەی شەڕی ڕوسیاو ئۆکرانیا، تورکیا و خۆراوای کوردستان، ئازربایجان و ئەمریکا وایکردبو کە ئەکتەرەکانی سەر بە ئەمریکا تا ئەندازەیەک لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دا لە [متبون]دا بن، بۆیە ئەمریکا پێویستی بە ڕۆڵپێدانێکی نوێ بو لەم ساتەدا بە ئیسرائیل کە لێکەوتەکانی دەبینین، خۆ ناکرێ عەرەب لەم هاوکێشەیەدا تێوەنەگلێنرێن!!
لە سیاسەت دا [متبون] بەرەو سازشت دەبات، چونکە کە تۆ مت بویت، هێزی تر باڵادەستی خۆی دەسەلمێنێ و، دواتر دەبێت مامەڵەی دیفاکتۆی لەگەڵ دا بکەیت.
بۆ ئەوەی ئیسرائیل دەستی بۆفراوانخوازییەکی نوێی هەمەلایەنە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست واڵا بێ، پێویستی بەوەیە هێرشێکی وا بکرێتەسەری و، ژمارەیەک قوربانیی بدات، چونکە سیاسەتی باڵادەستیی بەبێ قوربانیدان نایەتەدی.
چۆن دەبێت تورکیایەکی [ئەردۆگان]ی هێندە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست باڵادەست ببێ و، ئیسرائیل مات و مت بێ؟ ئێران وسعودییەش ئەکتەر بن و، ئیسرائیلیش مات و مت بێ؟ ڕەهەندێکی سیاسەت بریتییە لە: خوێندنەوە بۆ بەرژەوەندییەکانی پشت ڕوداوەکان! ئیتر با ئەوەش بوەستێ کە جۆری ئەم هێرشانەی حەماس، پشتیوانیی دبلۆماسیی جیهانیی بۆ ئیسرائیل توندوتۆڵتر دەکاو، ڕۆحیەتی [ئیسرائیلییبون]یش لە ناوخۆی ئیسرائیلیش دا بەتینتر دەکات!
وردببنەوە کە ئاکامی ئەم جەنگە چۆن دەستی ئیسرائیل واڵا دەکات بۆ پرۆژەی ئەبرەهام [ئیبراهیم] و ڕەوایەتیشی پێ دەدات. ئەمە جگە لەوەی وەک لە سەرەوە ئەماژەم پێ دا، کە: هەرکاتێک ئەمریکا-بەریتانیا-ئیسرائیل بزانن کە مانەوەی ڕژێمی ئێران ئیتر سەرئێشەیە بۆ بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانیان لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوا بە بیانوی چەکدارکرنی حەماس، دەتوانن بە هێرشی ئاسمانیی ئێران بپڕوکێنن!
ئەم شەڕە و جیۆپۆلەتیکی کوردستان!
ئیسرائیل لە سەدەی ڕابردودا سودی گرنگی بۆ باشوری کوردستان هەبوە. بەتایبەت لە هێرشی پێنج هەزار لە شکری پیادەی سوپای یەرموکی سوریا بە سەدان دەبابە و فڕۆکە و، هەزار ڕاوێژکاری سەربازی میسر و یەکگرتنیان لەگەڵ ناسری و بەعسییەکانی عێراق بۆ لە ناوبردنی گەللی کورد لە باشوری کوردستان و دەرکرنی فەتوای جیهاد بۆ سڕینەوەی گەللی کورد لە مانگی شەشی ساڵی ١٩٦٣ و، سێ جار کیمیابارانکردنی باشوری کوردستان لەلایەن لەشکرە هاوبەشەکانی عێراق-سوریا و میسر، گەللی کوردی بەتەواوی بێکەس کردو، کورد لە بەردەم لەناوچونی هەمیشەیی دابو بە دەست پان-عەرەبیستەکان.
لە هەنگاوێکی عاقڵانەو ستراتیژی دا، مەلا مستەفا بە چەند هەوڵێک لە ڕێگەی کامەران بەدرخان و عیسمەت شەریف وانلییەوە پەیوەندییەکی ستراتیژی گرنگی لەگەڵ ئیسرائیل دامەزراند، کە لەوساتەدا کەس لای بۆ کورد نەدەکردەوە.
مەلا مستەفا ئەو دەلاقەیەی دۆزییەوە کە باشوری کوردستان و ئیسرائیل، یەک دوژمنی هاوبەشیان هەیە کە پان-عەرەبیستەکانن و، ئامانجیان سڕینەوەی کورد و جووە.
ئیسرائیل هێندە جوڵانەوەی کوردی بەهێز و پڕچەک کرد، کە بۆ یەکەمجار لە مێژووی کورد دا، کورد لە جەنگی بەرەیی دا، لە شەڕی هەندرێن لە ساڵی ١٩٦٦، نزیکەی سێ هەزار داگیرکەری فاشیستی بە دۆزەخ سپارد، کە فاشیستەکانی سوریا و میسریشیان تێدابو.
لە سەردەمانی ڕابردوەوە، نەتەوەی کورد لە ١٥١٤ەوە، بە دەست ئیمپڕیالیزمی تورک و فارسەوە، دەناڵێنێت و، لە پاش جەنگی یەکەمی جیهانییشەوە، ئیمپریالیزمی عەرەبیش بە هەمان میتۆدە فاشیزمییەکانی تورک و فارسەوە، کەوتنە لەناوبردنی نەتەوەی مەزنی کورد، کە ئەو کات دەوڵەتی ئیسرائیل هەر داش نەمەزرابو.
کێشەی نەتەوەی مەزنی کورد کە زۆرینەمان موسڵمانین لە ئێستادا لەگەڵ ئیمپریالیزمی قەومە ئیسلامەکانی تورک، فارس و عەرەب، دایە. هەر کاتێک قەومی فارس، تورک و عەرەب دانیان نا بە مافە خواکردە نەتەوەییەکانی نەتەوەی مەزنی کوردی زاگرۆسیی لەسەر خاکی خۆی کە کوردستانە، ئەوکات دەیسەلمێنن کە تورک، فارس و عەرەب قەومی فاشیست نین!
کاتێک کە تورک، فارس و عەرەب فاشیستانە خاکی کوردیان داگیرکردوەو بەردەوام جینۆسایدی دەکەن، دەبو ڕویان نەیەت باسی ئیسرائیل بکەن، چونکە ئەمان ڕۆژانە دەیان کوردی مەدەنی قەتڵوعام دەکەن.
مانەوەی ئیسرائیل بە دوژمنی عەرەب بە تایبەت، لە ڕوی جیۆپۆلەتیکیی و جیۆستراتیژییەوە بە قازانجی باشور و خۆراوای کوردستانە. تەنانەت ڕەهەندێکی گرنگی پێدانی ئەمریکا بە خۆراوای کوردستانیش هەر لەم چوارچێوەیە دایە، چونکە لاوازی ڕژێمی پان-عەرەبیستی سوریا، هەڕەشە بۆ سەر ئیسرائیل کەمتر دەکاتەوە. بێگومان ڕەهەندێکی دیکەی مانەوەی ئەمریکا لە خۆراوای کوردستان بۆ مەبەستی ململانێیە لەگەڵ ڕوسیا کە پێگەی درێژخایەنی لە سوریادا هەیە.
ئەو پەیوەندییەی مەلا مستەفا لەگەڵ ئیسرائیل دایمەزراند، هێندە ستراتیژی بو، کە بە پێی بەڵگەنامەکانی بەریتانیا لە ساڵی ١٩٦٤ ەوە تا ساڵی ١٩٩٦ تەواوی سەرۆکەکانی مۆساد سەردانی باشوری کوردستانیان کردوە. لە دوای ٢٠٠٣ ێش، ئەو پەیوەندییە بەردەوامیی هەبو. کە ڕەنگە لەم دۆخەدا بەسودی پرسی کورد نەبێت ئەو لاپەڕانەی بەڵگەنامەکان واڵا بکەین کە باس لە ناوەڕۆکی کۆبونەوەکانی نێوان ئیسرائیلییەکان لەگەڵ مەسعود بارزانی، یا جەلال تاڵەبانی، یان نێچیرڤان بارزانی یاخود لەگەڵ هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ئەنجامیان داوە. بەڵام بەڵگەنامەکان دەیسەلمێنن کە پەیوەندییەکان بەردەوام بون و، لەگەڵ پارتیی دا توندوتۆڵتر و بە دیسپلینانەتر کراون. سودیشی بۆ کوردیش تێدا بوە، هەم لە ڕوی چەک و تفاقی جەنگیەوە، هەمیش لە ڕوەکانی دبلۆماسیی و ماددی و تەندروستییەوە.
-
شەریف عەلی: خوێندکاری دکتۆرا لە دبلۆماسییەتی نێودەوڵەتی بەریتانیی.