ئه‌وه‌ی گرنگه كه كوردی خۆخۆر بیزانێت، ئه‌وه‌یه كه: نه ئه‌مریكا، نه ئه‌وروپا، نه ڕوسیا، نه چین، نه ئیسرائیل و نه هیچ ده‌وله‌تێك به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆی ئه‌كاته قوربانی مافپێدان به نه‌ته‌وه‌یه‌كی وه‌ك كورد.
بۆیه تا گروپە سیاسییه كوردییه‌كانی گشت به‌شه‌كان، له فۆرمۆله‌ی هزری عه‌شایه‌ریی دا سیاسه‌ت بكه‌ن، هه‌میشه خۆخۆر و ناته‌باتر و دارده‌ستی هێزه دهرەكییهكان ئه‌بن و، نابنه خاوه‌ن ستراتیژێكی یەکگرتوی نه‌ته‌وه‌یی كه پێكه‌وه كاری له‌سه‌ر بكه‌ن.
هه‌میشه و له چه‌ندان چاوپێكه‌وتنیش دا ڕامگه‌یاندوه، كه: سیاسه‌ت نه به سۆزی دڵدارییانهو نه به سۆزی ئاینییانە ده‌كرێت. بۆیه هه‌ر ده‌وله‌تێك مافی خۆیه‌تی كه له پێناو به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی نه‌ته‌وه‌كه‌یدا، كورد بكاته قوربانیی. ئیتر پێمانخۆش بێت یان نا، ئه‌وه حه‌قیقه‌تی سیاسهتزانینە.
كوردیش گه‌ر زانستییانه سیاسه‌تیان كردبایه‌و، بیانزانیبایه كه چۆن هونه‌ری به‌رژه‌وه‌ندی سیاسیی ئاڕاسته ئه‌كه‌ن، ئه‌و كات به‌م حاڵه نه‌ده‌گه‌یشتن كه هه‌ر ڕۆژه و ده‌ستیان له‌سه‌ر دڵیان بێت و بڵێن: خوایه تۆ بكه‌ی ئه‌مریكا، یا روسیا، یان ئه‌وروپا ئه‌م جاره‌ش نهمانفرۆشێت!
شێخ مەحمود بەهۆی سۆزی ئاینییەوە شوێن فەتوای سوڵتانی عوسمانی کەوت و، بە بێ ئەوەی عوسمانییەکان هیچ بەڵێنێکی نەتەوەیی پێ بدەن، کوردی گلاندە هاوپەیمانێتیی بەرەی عوسمانیی-ئەڵمانیی دژی بەرەی ئینگلیز-فەرەنسا-ڕوسیا. بەڵام لە هەمان کات دا عەرەبەکان و بنەماڵە ئاینییەکانیان بونە هاوپەیمانی ئینگلیز و زیاد لە بیست دەوڵەتیان بۆ دروستکرا. ئەوە لە کاتێکدا بو کە عوسمانییەکان نزیک بە سەدەیەک بو بە پیاوە نەخۆشەکە ناسرابون و لە بەرانبەر بەرەی بەریتانیا-فەرەنساو ڕوسیا، تێکشکاندنیان ڕون بو.
هه‌تا كورد بە بیری خێڵه‌كییانه و بە سۆزی ئاینییانە سیاسەت بکات، یه‌كگرتویی ناهێنێتهبون و خۆخۆری وه‌لا نانێت.
ئایین بۆ هەرتاکێکی باوەڕداری کورد کە لەسەر هەر ئایین و مەزهەبێک بێت: پیرۆزە. بە مەرجێک پاراستن و بەرگری لە شوناسی کوردبون و نیشتیمانی کوردستان بە بەشێک لە باوەڕە ئاینییەکەی بزانێت. بە مەرجێک ڕێز لە بیروڕا جیاوازەکان و باوەڕەکانی تری کوردەواریی بگرێت و پارێزگاری لە خاک و کەرامەتییان بە ڕەوشتێکی نەگۆڕی بزانێت. نەک وەک شێخ مەحمود کە پاراستنی تورک بە بەشێک لە باوەڕداریی بزانێت و عاشقانە شوێن فەتوای سوڵتانی گەندەڵ و داگیرکەری عوسمانیی بکەوێت و هەزاران چەکداری کورد کۆبکاتەوەو بیباتە شوعەیبەی دەرەوەی کوردستان و شەڕی بۆ بکات. لە کاتێکا تورک بە ئاق قۆینلو، قەرەقۆینلو و عوسمانییەکانیشەوە، زیاد لە پێنج سەدە بو، دەیانجار کوردی جینۆساید و ئەنفال و ڕەشەکوژ کردبو.
به دراساتیش به‌و ئاكامه گه‌شتوم، كه توێژه‌ره كوردناسه‌كان (مه‌به‌ستم به‌تایبه‌ت كوردناسه خۆراواییهكانه) ته‌واو حه‌قیقه‌تیان پێكاوه كه ئه‌ڵێن: كورد نه‌ته‌وه‌یه‌كی خێڵه‌كیی و شوانكاره‌یه و له تێپه‌ڕاندنی قۆناغی مه‌ڕ له‌وه‌ڕاندن دایه!!
ئه‌م تێفکرینەیان بەو مانایەیە: جۆر و تایبەتمەندی نه‌ته‌وه‌كانی جیهان جیاوازن. ڕاسته کورد: نه‌ته‌وه‌یه. به‌ڵام له‌و جۆره نه‌ته‌وانه‌یه كه خێڵهكیین و هزری به‌ڕێوه‌بردنی دامه‌زراوه‌ی سیاسی‌یان وه‌ك نه‌ته‌وه (ته‌كنۆكراته‌كان) نیه. ئه‌وه‌تا ببینن له كوردستان سێ پارێزگایان به‌ده‌سته، بزانن چه‌ندێك خێڵه‌كییانه دامه‌زراوه‌كان به‌ڕێوه‌ده‌برێ و، چۆن سه‌رۆك حیزبه‌كان وه‌ك سه‌رۆك عه‌شیره‌ته قه‌دیمییه‌كان ڕه‌فتار ده‌كه‌ن. دڵنیاشم گەر نەوشیروان و گۆڕان وەک بەهێزترین هێزی ئۆپۆزسیۆن دەسەڵات بگرنە دەست، هەر خێڵەکیی و ناوچەپەرستانە و تەکەتولخوازانە حوکمڕانیی دەکەن، نەک تەکنۆکراتانە. خودی تایبەتمەندی کاندیدەکانیشیان مەنتیقیبونی ئەم ئایدیایەم دەسەلمێنێ.
هه‌ربۆیه: نه‌ك هه‌ر نازانستییه كه پێكهاته‌ی نه‌ته‌وه‌یی نه‌ته‌وه‌كانی وه‌ك ئینگلیز و ئه‌ڵمانیی و ڕوس بخه‌یته هاوته‌ریبی نه‌ته‌وه‌ی كورد، بگره ئەوە ئه‌وپه‌ڕی ناهوشیاریشه.
بەڵام لە یادمان نەچێت، کە: سەرکردەی هوشیار و ستراتیژزان و نوخبەی ناسیۆنالیستی پێگەیشتو و پێشکەوتو دەتوانێت نەتەوەی وەک کورد لە ڕوی حوکمڕانیشەوە پێش بخات. سەرکردەی نەتەوەپەروەر تەواوی تاکەکانی نەتەوەکەی وەکو منداڵ و ڕۆڵەی خۆی سەیر دەکات و، هەر تاکێکی نەتەوەکەی کە پێگەیشتو و تێگەیشتو بێت دەخاتە ئەو پۆستە باڵایەی کە شیاوێتی. بەڵام پێشموایە: مام جەلال، مەسعود، نەوشیروان، سەلاحەددین بەهادین، قادر عەزیز، محەمەدی حاجی مەحمود و عەلی باپیر، نە ستراتیژزانن و نە بەرژەوەندی نەتەوەش پێش بەرژەوەندی گروپەکانیان دەخەن. بەڵکو بەرژەوەندی گروپەکانیان پێش بەرژەوەندی نەتەوەی مەزنی کوردی ڕەگەز زاگرۆسیی دەخەن. بۆ سەلماندنی ئەم تێفکرینەشم دەیبینین کە کوردستان لە ژێر حوکمڕانیی گروپەکانی مام جەلال، مەسعود، نەوشیروان، سەلاحەددین بەهادین، قادر عەزیز، محەمەدی حاجی مەحمود و عەلی باپیر بە کوێ گەشتوەو، بە کوێش دەگات.
من وەک مامۆستایەکی زانکۆ، دوو پرسیارم لە مام جەلال، مەسعود، نەوشیروان، سەلاحەددین بەهادین، قادر عەزیز، محەمەدی حاجی مەحمود و عەلی باپیر کە سەرۆکی گروپەکانی کوردن، هەیە.
یەکەم: ئایا پاشخانی ئابوری نەتەوەی مەزنی کورد لە باشوری کوردستان تاکەی بەرەگەی بودجە و موچەبڕینیان لەلایەن بەغداوە، دەگرێ؟ بە واتایەکی تر، ئایا بە دیلێکی ستراتیژی ئەم سەرکردانە بۆ بودجەو موچەبڕینی هەرێم لەلایەن بەغداوە چییە؟ پێویستە لە ئێستادا چەندین بژاردەی سیاسیی-ستراتیژییان ئامادە بێ.
دووەم: ئەم پرسیارەم بە تایبەت لە مام جەلال دەکەم. شێخ جەعفەر لە ڕۆژنامەی هاوڵاتی وتی: عادل موراد بە مالیکی وتوە کە موچە و بودجەی هەرێم ببڕێت. پرسیارەکەم ئەوەیە: پێش ئەوەی عادل موراد مالیکی ببینێ، لە بەغداد تۆی بینی. بۆچونی مام جەلال لەسەر ئەم لێدوانە فەرمییەی شێخ جەعفەر چییە؟ ئەگەر لێدوانەکەی شێخ جەعفەر دروستە بۆچی لێپرسینەوە لە عادل موراد ناکەیت؟ ئەگەر لێدوانەکەی نادروستە بۆچی لێپرسینەوە لە شێخ جەعفەر ناکەیت؟
لە کۆتاییدا دەڵێم: میللەتانی دنیا له پێناو به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌و دەوڵەتەکانیان تێ ئه‌كۆشن. كوردیش ته‌نیا له فۆرمی خۆخۆری دا بەردەوامە لەوەی کە به‌رژه‌وه‌ندی گروپ و تەکەتولەکانی پێش بەرژەوەندی گشتی نەتەوەی مەزنی کورد، دەخا. له‌م ڕووه‌وه ئایا چارەنوس و ئیرادەی ڕۆڵەکانی نەتەوەی مەزنی کورد لە ستراتیژ دا، تێکناشکێت؟
تێبینی: کاتێک هەر قەڵەم بەدەستێک لێکدانەوەیەک دەکات، دەکرێت پاش ماوەیەک بیرکردنەوەی گۆڕانکاری بەسەردا بێت لە بارەی لێکدانەوەو تێفکرینەکانی پێشوی. ئەم بابەتە لە ڕۆژی ١٩ ی ٨ ی ٢٠١٦ بڵاوکراوەتەوە. بە پێویستم زانی پاش شەش ساڵ دەقاودەق بابەتەکە بڵاوبکەمەوە. چونکە هیچ گۆڕانکارییەک بەسەر بیرکردنەوەکانم دا نەهاتوە لە بەرەی تێفکرینەکانم لەم بابەتەم دا.