نێچیرڤان بارزانی بەسەردانێك گەیشتە دوبەی
  2023-11-30       270       

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ بەشداریكردن لە كۆنفرانسی نەتەوە یەكگرتوەكان تایبەت بە گۆڕانی كەشوهەوا، گەیشتە شاری دوبەی لە ئیمارات.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی سەرۆكایەتی هەرێم، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌سه‌ر بانگهێشتى فه‌رميى شێخ محه‌مه‌د بن زايد ئال نه‌هيان، سه‌رۆكى ئيمارات، گەیشتە دوبەی.

سەرۆكایەتی هەرێم وتوشیەتی، سەردانەكەی نێچيرڤان بارزانى بۆ به‌شداريكردنه‌ له‌ كۆنفرانسى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتوه‌كاندا بۆ گۆڕانى كه‌شوهه‌وا (COP28) كه‌ سبه‌ى هه‌ينى هاوكات له‌گه‌ڵ ڕۆژى نيشتمانيى ئيماراتدا به‌ ئاماده‌بون و به‌شداريى ژماره‌يه‌كى به‌رچاوى سه‌ركرده‌كانى جيهان، له‌ شارى ئێكسپۆ لە دوبه‌ى ئه‌نجام ده‌درێت.

ئيمارات سه‌رۆكايه‌تيى ئه‌م گه‌ڕه‌ى كۆنفرانسه‌كه‌ ده‌كات و پرسه‌كانى تايبه‌ت به‌ گۆڕانى كه‌شوهه‌وا و چۆنيه‌تيى ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ى لێكه‌وته‌كانى و ڕۆڵى وڵاتان له‌ كه‌مكردنه‌وه‌ى مه‌ترسييه‌كانيدا، تاوتوێ ده‌كات.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×