سەرۆکی لقی هەولێری یەکێتیی مامۆستایان دەڵێت، بە فەرمانە نوێكەی سەرۆكی حكومەتی هەرێم لەبارەی تەمەنی خانەنشینبون، نزیکەی 7 هەزار مامۆستا خانەنشین دەبن و ئەوەش كەلینێكی گەورە دروست دەكات لە ناوەندەكانی خوێندندا پێشنیاریش دەکات خانەنشینبونی ئەو مامۆستایانە بۆ دوای تەواوبونی ئەمساڵی خوێندن دوابخرێت.
ئاوێنە: عیسا حسێن، سەرۆکی لقی هەولێری یەکێتیی مامۆستایانی كوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی فەرمانەكەی سەرۆكی حكومەتی هەرێم بۆ تەمەنی خانەنشین بون، وتی، فەرمانەكە 7 هەزار مامۆستا دەگرێتەوە، کە لەدایکبونی ساڵانی 1963، 1964 و 1965ـن.
ئەو راگەیەندراوێكی لقی هەولێر یەكێتی مامۆستایانی لە كۆنگرەدا خوێندەوەو وتی، خانەنشینبونی ئەو ژمارە زۆرەی مامۆستایان لە یەك كاندا، بۆشاییەكی گەورە لە ناوەندەکانی خوێندن دروست دەكات.
سەرۆکی لقی هەولێری یەکێتیی مامۆستایان پێشنیاریشی كرد كە بڕیارەكە لە 30ی حوزەیرانی ئەمساڵ واتە لەدوای تەواوبونی ئەمساڵی خوێندن بۆ مامۆستایان جێبەجێ بكرێت.
لە راگەیەندراوەكەدا پێشنیاری ئەوەش كراوە كە 'مافی پلەبەرزکردنەوە بۆ مامۆستایانمان بگەڕێنردێتەوە کە زیاتر لە 10 ساڵە راگیراوە، بەتایبەتی بۆ ئەو مامۆستایانەی خانەنشین دەکرێن، بۆ ئەوەی موچەی خانەنشینیان شایستە بێت.
هەروەها داواشی كرد كە دەرگای دامەزراندن بۆ سێكتەری پەروەردە بكرێتەوەو هەروەك داواشی كرد كە گواستنەوەی مامۆستایان لە نێوان بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان و بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی قەزاکانیش بكرێتەوە.