وەزیری بەرگریی سوریا: دانوستان لەگەڵ هەسەدە دەكەین بەڵام ئەگەر ناچاربین هێز لەدژیان بەكاردەهێنین
  2025-01-22       636       

وەزیری بەرگریی ئیدارەی نوێی سوریا رایگەیاند، دەسەڵاتدارانی نوێی سوریا كە بەڵێنی نەهێشتنی گروپە چەكدارەكان و تێكەڵككردنیان لەچوارچێوەی سوپایەكی یەكگرتودا داوە، دانوستان لەگەڵ هێزەكانی سوریای دیموكرات-هەسەدە دەكەن، بەڵام ئەگەر ناچاربن هێز لە دژی هەسەدە بەكاربهێنن، ئەوا ئامادەن بۆ ئەو كارە.

ئاوێنە: مەرهەف ئەبوقەسرە، وەزیری بەرگریی ئیدارەی نوێی سوریا، لە دیدارێكدا لەگەڵ كۆمەڵێك رۆژنامەنوس لە دیمەشق رایگەیاند، لە ئێستادا دەرگای دانوستان لەگەڵ هێزەكانی سوریای دیموكرات-هەسەدە كە كوردەكان زۆرینەی پێكدەهێنن، كراوەیە، بەڵام ئەگەر ناچاربین بۆ هێز بەكاربهێنین، ئەوا ئامادەین.

ئەوەشی خستۆتەڕو، پرسی هەسەدە لە دیراسەكردندایە لەگەڵ سەرۆكایەتی سوریا، ئەگەر داوا لە ئێمە بكرێت دەستوەردان بكەین، ئێمە ئامادەین.

بە بڕوای وەزیری بەرگریی سوریا، "دروستكردنی هێزە چەكدارەكان بە عەقڵیەتی شۆڕش و گروپ ناكرێت."

وەزیرە سورییەكە ئاماژەی بەوەشدا، دیداریان لەگەڵ زیاتر لە 70 گروپی چەكدار هەبوە لە ناوچە جیاجیاكانی سوریاو جەختیشی كردەوە كە هەمویان ئامادەییان دەربڕیوە بۆ ئەوەی بچنە نێو وەزارەتی بەرگری.

دوپاتیشیكردەوە كە چونە ناو وەزارەتی بەرگری، بەشێوەی یەكەی سەربەخۆ نابێت.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×