دوران کاڵکان، ئەندامی كۆمیتەی بەڕێوەبەریی پەكەكە، ڕایگەیاند، دانوستانکاری سەرەکی ئێمە، ئۆجەلانە، هەمو كاتێك پاڵپشتی لەو پرۆسەوەیە دەكەین ڕێبەر ئاپۆ دەستی پێکردوە و بەگوێرەی بڕیارەکانی ئەو دەجوڵێیینەوە، بەڵام بۆ پرۆسەی چارەسەر، هیچ هەنگاوێكی كرداری بەتایبەت لەلایەن ئاكەپەوە نابینین. دەشڵێت: بە تێکۆشان دەتوانین هەنگاو بەو کەسانە بنێین کە قسە دەکەن و جێبەجێی ناکەن.
ئاوێنە: دوران كاڵكان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پەکەکە لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنی مەدیا خەبەردا، رایگەیاند، بە بەرپرسیارێتی خۆمان هەڵدەستین، دانوستاندکاری سەرەکیی و موخاتیبمان ڕێبەر ئاپۆیە، هەمو کاتێک پشتیوانی لەو پرۆسەیە دەكەین کە ئۆجەلان دەستی پێکردوەو لە ئێستاو داهاتوشدا لەگەڵیداین و بەگوێرەی بڕیارەکانی ئەو دەجوڵێینەوە.
وتوشیەتی، بەڵام بەدەر لەمە ئێمە هیچ هەنگاوێكی كرداری نابینین. نە لە گوفتار و لە کرداریشدا بەتایبەت لە لایەن ئاکەپەوە هیچ گۆڕانکارییەک لە ئارادا نییە، هەندێک لایەنی ڕاگەیاندن ژەهرییان لە دەم دێتە دەرەوە.
ئاماژەی بەوەشداوە، بێگومان گۆشەگیری سەر ئۆجەلان بەردەوامە، ئەو بارودۆخەی کە ڕێبەر ئاپۆ لە ئێستادا تێیدایە بەردەوامەو هیچ گۆڕانکارییەکی تێدا نییە، پەیوەست بەمەوە هیچ هەنگاوێکی کرداری نابینین، بەڵێ، گفتوگۆ کراوە، شاندەکەی دەم پارتی دیداری ئەنجامدا، پارتە سیاسییەکانی تورکیا ڕاگەیاندراو و قسەیان هەبو، ئەمە گرنگ و مانادارە، بەڵام هەمو ئەمانە تەنیا گفتوگۆن، بەبێ ئەوەی هیچ گۆڕانکارییەک بکرێت داوا لە ڕێبەر ئاپۆدەکەن خواستەکانیان جێبەجێ بکات و لە چاوەڕوانی ئەوەدان، ئەمە کارێکی کردەنی نییە.
جەختیشی كردۆتەوە كە ئێمە بەوردی چاودێری پرۆسەکە دەکەین، بەڵام ئەوانەی ئەم داوایەیان کردوە، ئەوانەی خواستییانە شتێک ڕوبدات، بەو گوێرەیە کار ناکەن و ناجوڵێنەوە.
كاڵكان ئەوەشی خستۆتەڕو، ڕێبەر ئاپۆ وتی، گەر هەلومەرجەکان بڕەخسێندرێن ئەوا دەتوانم ڕۆڵی پراکتیکی و تیۆری خۆم بگێڕم، لەم دۆخەی ئێستاییدا دەتوانێت چی بکات؟ چۆ لێدوان و ڕاگەیاندراو بدات؟ ناتوانێت هیچ شتێک بڵێت، بە ئێستاشەوە ناتوانرێت قسەکانی بڵاوبکرێنەوە، هەرکەس بڵاوی بکاتەوە تاوانە، نەک بە تەنیا پەرتوکەکانی بەڵکو پارێزنامەکانیشی کۆدەکرێنەوە.
هەروەها وتوشیەتی"با بارودۆخی گونجاو بخولقێنن کە ڕێبەر ئاپۆ بتوانێت لە گروپی دەم پارتیدا قسەکات، با ڕێگەی بۆ بکەنەوە تا بتوانێت سیاسەت بکات، با خاوەنی بارودۆخی کارکردن و ژیانێکی ئازاد بێت، با ئیدی کۆتایی بە سیستەمی گۆشەگیری و ئەشکەنجەی ئیمراڵی بهێنن، لە کاتێکدا ئەو سیستەمە بەردەوام بێت و لەم لایشەوە ئەمە وەک هیوایەک بڵاوبکەنەوە، ئەمە بابەتێکی دروست و ڕاست نییە."
ئەوەشی وتوە"بە تێکۆشان دەتوانرێت هەنگاو بەو کەسانە بنرێنرێت کە قسەکەدەن و جێبەجێی ناکەن، دەبێت تێکۆشانی بەرفراوانتر بکرێت و بە میتۆدی جیاواز بەڕێوەببرێت و بگات بە ئەنجام."