مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم و محەمەد جەواد زەریف، یاریدەدەری سەرۆك كۆماری ئێران لە داڤۆس كۆبونەوەو تاوتوێی چەند پرسێكیان كرد لەوانەش گرنگی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا و دابینکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.
ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی حكومەتی هەرێم، ئەمڕۆ چوارشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەراوێزی کۆڕبەندی ئابوریی جیهانی لە داڤۆس، لەگەڵ محەمەد جەواد زەریف، یاریدەدەری سەرۆک کۆماری ئێران بۆ کاروباری ستراتیژی کۆبوەوە.
وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، لە دیدارەکەدا گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران و دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە و بەتایبەتی سوریا کرا.
بەپێی راگەیەندراوەكە "گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ و دابینکردنی مافە دەستوری و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بو."