میدیای یەکێتیی بڵاویکردەوە، تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق بۆ ناردنی مووچەی مانگی 1ـى ئەمساڵ سێ مەرج بۆ هەرێم دادەنێت.
ئاوێنە: سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان بە میدیای راگەیاند "تەیف سامی، وەزیری دارایی فیدراڵ ئامادەیی دەربڕیوە بۆ چارەسەری بنەڕەتیی گرفتی مووچە لەنێوان هەرێمى کوردستان و حکومەتى عێراق، بەڵام کۆمەڵێک داواکاریی هەیە و داوێتییە شاندی دارایی هەرێمی کوردستان".
سەرچاوەکە ئەوەشی ئاشکراکردووە "وەزیری دارایی عێراق داوای لە لیژنەکە کردووە، پابەندبن بە رادەستکردنی 50٪ـی داهاتی نانەوتی، ناردنی لیستی مووچەخۆران بە (یو پی ئێن)ەوە و ناردنی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە لەکاتی خۆیدا".
هەر بەپێی ئەو میدیایە، سەرجەم مووچەخۆرانی ناو هەرێمی کوردستان (یو پی ئێن)یان هەیە. ژمارەیەکی کەم مووچەخۆر (یو پی ئێن)یان نییە، کەلە دەرەوەی وڵاتن و مووچەکانیان دەبڕدرێت".
هاوکات سەبارەت بە لیستی مووچەی مانگی کانوونی دووەم، بۆ یەکەمجار لیستەکە بە شێوازی پەیڕۆڵ ئامادە دەکرێت و بە یو پی ئێنەوە بەمزووانە دەنێردرێت بۆ بەغدا.