دانا ئەحمەد مەجید: گۆڕان دەتوانێت لەم گۆڕانكاریانەی دەگوزەرێت ڕۆڵ‌و كاریگەریی هەبێت
  2025-01-22       133       

ڕێكخەری گشتیی بزوتنەوەی گۆڕان ڕایدەگەیەنێت، هەر گۆڕانكارییەك لەڕۆژئاوای كوردستان كاریگەری لەسەر هەرێمیش دەبێت‌و بەپێچەوانەشەوە ڕاستە، بۆیە دەبێت پێكەوەو بەوریاییەوە مامەڵە بكەین بۆئەوەی میللەتەكەمان زەرەرمەند نەبێت، دەشڵێت، "گۆڕان دەتوانێت لەم گۆڕانكاریانەی دەگوزەرێت ڕۆڵ‌و كاریگەریی هەبێت، ئەوەندەمان هێزو سەرچاوەی مرۆیی هەیە كە ئاڕاستەی چارەسەره‌كان بگۆڕین".

ئاوێنە: دانا ئەحمەد مەجید لەكۆبونەوەی لەگەڵ ژمارەیەك لەهەڵسوڕاوانی بزوتنەوەكەى لەهەولێر ڕایگه‌یاند، "گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە بەشێوەیەك خێرایە، ئەگەر هێزو لایەنە سیاسییەكان لەهەرێم‌و لەڕۆژئاوای كوردستان بەوریاییەوە مامەڵە نەكەین‌و ئامادەباش نەبین بۆ ڕوداوو ئاڵنگارییەكان، ڕەنگە میللەتەكەمان زیانی گەورە بكات".

وتیشى:"هەر گۆڕانكارییەك لەڕۆژئاوای كوردستان كاریگەریی لەسەر هەرێم دەبێت‌و هەر گۆڕانكارییەكیش لەهەرێم كاریگەریی گەورەی لەسەر ڕۆژئاوای كوردستان‌و ئایندەی دەبێت، بۆیە هەنگاوەكان بەو ئاڕاستەیەیە هەردولامان یەك هەنگاوو یەك ڕوانین‌و یەك بۆچونمان هەبێت بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ دۆخەكەو گۆڕانكاریی‌و پێشهاتە نوێیەكان‌و چارەسەری قەیرانەكان، ئەگەر بەشێوەیەكی كاتیش بێت پێویستە هاوتەریب پێكەوە هەنگاو بنێین".

سه‌باره‌ت به‌بزوتنه‌وه‌كه‌شى، دانا ئه‌حمه‌د مه‌جید وتویه‌تى:"گۆڕان دەتوانێت لەم گۆڕانكاریانەی دەگوزرێت ڕۆڵ‌و كاریگەریی خۆی ببینێت، چونكە گۆڕان هێزێكە هەڵگری بیری نیشتمانی‌و نەتەوەییەو ئەوەندەش كادرو هێزو تواناو سەرچاوەی مرۆیی‌و كەسی لێهاتوو لەبوارە جیاوازەكان هەیە كە ئاڕاستەی چارەسەرەكان بگۆڕێت چ بۆ دۆخی ناوخۆیی‌و باشكردنی ژیان‌و گوزەرانی خەڵك چ لەڕوی هەڵوێستمان بۆ رۆژئاوای كوردستان، دەتوانین بڵیین بەرنامەو ڕاگەیەندراوو پێشنیازەكانی بزوتنەوەی گۆڕانه‌ بونەته‌ هەوێنی ئەو پەیوەندییەی ئێستای هەرێم‌و ڕۆژئاوای كوردستان كە ئێستا هەموان دەیبینن‌و پێی دڵخۆشن".

ئه‌وه‌شى وت:"سەرقاڵی ئامادەكارین بۆ قۆناغی نوێ‌و هەستانەوە، یەكەم هەنگاو بەستنی كۆنفرانسی نیشتمانییە كە یەكێكە لەداواكارییە بنەڕەتیەكانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق، پێشتر ئەو داوایەی لەهێزو لایەنە سیاسیەكانی دیكەش كردوەو كۆنگرەیان بەستوە، هەنگاوەكانی ئێستامان كردوە بەدوو قۆناغ، قۆناغی یەكەم بەستنی ئەم كۆنفرانسە ئیستسنائیەیە بۆ بیناكردنەوەی گۆڕان بەداڕشتنی پەیڕەوو پڕۆگرامێك كە هەم ڕەنگدانەوەی ویست‌و بۆچونی زۆرینەی هەڵسوڕاوانی گۆڕان بێت هەم لەگەڵ ڕێنماییەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق یەكبگرێتەوە".

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×