مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و وەزارەتی دەرەوەی عێراق، هاوخەمی و سەرەخۆشیی خۆیان بۆ گەل و حکومەتی تورکیا و قوربانییانی ئاگرەکەی ئەو وڵاتە دەربڕی کە بەهۆیەوە زیاتر لە 70 کەس گیانیان لەدەستدا و دەیانی دیکەش برینداربوون.
ئاوێنە: مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی ئێکس لەبارەی رووداوەکەوە دەڵێت، "خەمبارم بە رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی شاری بۆڵو لە تورکیا، سەرەخۆشیی خۆم بە کەسوکاری قوربانییان و گەل و حکومەتی تورکیا دەگەیەنم."
هاوکات، مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیامێکی هاوخەمی بۆ قوربانييانى ئاگرەکە بڵاوکردەوە و دەڵێت، پرسە و سەرەخۆشیی خۆم ئاڕاستەی کەسوکاری قوربانییان دەکەم و خۆم بە هاوبەشی خەمیان دەزانم.
لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەندراوێکدا، ئەوپەڕی هاوخەمی بۆ حکومەت و گەلی تورکیا دەربڕی و دەڵێت، "لەم دۆخەدا پاڵپشتی لە تورکیا دەکەن".
رۆژی 21ـی کانوونی دووەمی 2025، لە ئەنجامی کەوتنەوەی ئاگر لە هۆتێلێکی 12 نهۆمیی ناوچەی گەشتیاریی کارتاڵکایا تایبەت بە یارییەکانی خلیسکێنەی سەربەفر، 76 کەس گیانیان لەدەستداوە و دەیان کەسی دیکەش برینداربوون.