دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی نوێی ئەمریکا، لە یەکەم رۆژی دەستبەکاربوونی وەک سەرۆک، ژمارەیەک بڕیار دەردەکات.
ئاوێنە: کەناڵی CNNـی ئەمریکی بڵاویکردووەتەوە، کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی نوێی ئەمریکا لە یەکەم رۆژی دەستبەکاربوونیدا وەک سەرۆک، ژمارەیەک بڕیار دەردەکات کە بەشێکیان تایبەتن بە بارودۆخی ناوخۆیی وڵاتەکە و سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا و پرسە جیهانییەکان، کە گرنگترینییان بریتین لەمانە:
پرسی کۆچبەران
دۆناڵد ترەمپ لەیەکەم پەیامیدا وەک سەرۆکی نوێی ئەمریکا رایگەیاند، کە بڕیارێک بۆ دیپۆرتکردنەوەی بەشێكی کۆچبەران دەدات و هەوڵەکانی بۆ توندکردنەوەی سنوورەکانی ئەمریکا بەهێزتردەکات.
دوو رەگەزی
سەرۆکی نوێی ئەمریکا رایگەیاندبوو، لە حکومەتی نوێی ئەمریکادا تەنها دوو رەگەز بوونیان دەبێت ئەوانیش نێر و مێ، لەم بارەیەشەوە کاردانەوەی دەربارەی هەبوونی رەگەزی دیکە دەبێت.
راگرتنی تیکتۆک
ترەمپ ئاماژەی بەوەداوە، کە بڕیارێک بۆ لابردنی راگرتنی تیکتۆک دەردەکات، بەو مەرجەی کۆمپانیا چینییەکە رێژەی %50ـی پشکەکانی بە وەبەرهێنەرێکی ئەمریکی بفرۆشێت.
ئابووری و پیشەسازیی ئەمریکا
سەرۆکی نوێی ئەمریکا رایگەیاندبوو، لە یەکەم رۆژی دەستبەکاربوونیەوە هەوڵەکانی بۆ بەرەوپێشبردنی ئابووری ئەمریکا دەخاتەگەڕ و لەو چوارچێوەیەشدا پرۆسەی بەهێزکردنی بواری نەوت و سامانە سروشتییەکان پەرەپێدەدات.
لێخۆشبوون
ترەمپ بڕیاری لێخۆشبوونی بۆ نزیکەی 1500 کەس دەکرد، کە بەهۆی هێرشکردن بۆ سەر بینای کۆنگرێس لە چەند ساڵی رابردوودا دەستگیرکرابوون.