ئاژانسێكی هەواڵی ئێران بڵاویکردەوە، ژمارەیەكی زۆر كۆمپانیای ئەمنیی بیانی هێنراونەتە عێراق کە پەیوەندی راستەوخۆیان بە سوپای ئەمریكا و نوسینەگەكانی مۆسادەوە هەیە لە هەولێر. هاوکات ئەمریكا بەبێ ئاگاداری بەغدا ئەو کارەی ئەنجام داوە و نازانرێت ئامانجی چییە.
ئاوێنە: ئاژانسی هەواڵی "میهر"ی ئێرانی لەزاری سەرچاوەیەكی بەرپرس لە پارێزگای ئەنبار، ئاشکرای کردووە "هێزەكانی ئەمریكا لایەنی بەرپرسن لە هێنانە ناوەوەی دەیان كۆمپانیای ئەمنی بیانی و پێدانی ڤیزای هاتنە ناوەوە بۆ عێراق، لەڕێی نوسینگەی دەركردنی پاسپۆرت لەناو بنكەی "عەین ئەسەد" لە ناحیەی بەغدای سەربە قەزای هیت، لە رۆژئاوای پارێزگار ئەنبار، كە ئەمریكییەكان سەرپەرشتی دەكەن دوور لە حكومەتی ناوەندیی عێراق و، ملكەچی هیچ چاودێرییەكی لایەنە پەیوەندارەكان نین".
ئاژانسەكە ئێرانیەكە ئاماژەی بەوەشداوە، هێزەكانی ئەمریكا ڤیزای هاتنە ناوەوەیان داوە بە ژمارەیەكی زۆر لە كۆمپانیا ئەمنیە بیانیەكان و بەسەر پارێزگاكانی عێراقدا دابەشیان كردوون، بەبێ ئەوەی هۆكاری راستەقینەی ئەوە بزانرێت كێ لەپشت هێنانەناوەی ئەو كۆمپانیایانەیە، كە لەدەرەوەی دەسەڵاتی دامەزراوە ئەمنیەكانی عێراق كاردەكەن و بەشێوەیەكی راستەوخۆ پەیوەندییان بە هێزەكانی ئەمریكا و نوسینگەكانی مۆسادی ئیسرائیلەوە هەیە لە پارێزگای هەولێر.
سەرچاوەكە راشیگەیاندووە "لەگەڵ ئەوەی دۆخی ئەمنیی لەسەرجەم پارێزگاكانی عێراق سەقامگیرە و ماوەیەكی زۆرە هیچ روداوێكی ئەمنیی روینەداوە، بەڵام ئەو رێوشوێنانەی ئەمریكا نەزانراوە پاڵنەرەكەی چییە، سەرەڕای ناڕەزایی فەرماندە ئەمنیەكانی عێراق لەسەر پێدانی ڤیزا بەو كۆمپانیایانە، بەوپێیەی وڵاتەكە سەقامگیرەو پێویستی پێی نییە".