ئەمڕۆ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دژی پەسەند کردنی سزای لەسێدارەدانی پەخشان و وریشە مانگرتنی گشتیی دەستی پێکرد، چالاکوانان و ئازادیخوازان داوای هەڵوەشاندنەوەی سزاکەیان دەکەن.
ئاوێنە: ئەمڕۆ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دژی پەسەند کردنی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی لە لایەن ڕژێمی ئێرانەوە مانگرتنی گشتیی دەستی پێکرد.
سەر لەبەیانی ئەمڕۆ لە سەرجەم شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دژی پەسەند کردنی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی مانگرتنی گشتیی دەستی پێکرد بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی.
هەروەها چالاکوانان و ئازادیخوازان و بنەماڵەی زیندانیانیی سیاسیی، بنەماڵەی قوربانیانی شۆڕشی “ژن ژیان ئازادیی”، مافخوراوان، خوێندکاران و لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان داوای هەڵوەشاندنەوە و ڕاگرتنی سزای لەسێدارەدانی هەر دوو ژنە زیندانیی سیاسیی کورد پەخشان و وریشە دەکەن.
هاوكات، شەوی ڕابردوو لەسەر شەقام و کۆڵانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن چالاکوانان و ئازادیخوازان وەک ناڕەزایەتی دەربڕین لە بەرامبەر پەسەندكردنی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی دەستیان بە هەڵواسینی وێنەکانی ئەو دوو ژنە کوردە كرد.
جێگای ئاماژەیە، لە ٨ی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا لەلایەن دادوەری کوژراوی ئێران عەلی ڕەزاینی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی ژنە چالاکوانی کورد پەسەند کرا. هەروەها لە ١٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ لە لایەن قاسم سەلاوەتی سزای لەسێدارەدان بەسەر وریشە مورادی سەپێندرا.