برایەكی مامۆستا جیهان تەها، نامەیەك لەبارەی گیانلەدەستدانی خوشكەكەیەوە بڵاودەكاتەوە
  2023-11-28       1406       

برایەکی جیهان تەها، ئەو ژنە مامۆستایەی لە كۆتاییەكانی مانگی رابردودا تەرمەكەی، لەناو ئۆتۆمبیلەکەیدا لە ناوچەی بارزان، بەسوتاوی دۆزرایەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە، نامەیەكی لەبارەی گیانلەدەستدانی خوشكەكەی نوسیوەو دەڵێت "تۆ لە پۆستەکانت وا دەرئەکەوێ خۆت کوشتوە؟ یان پێمی بڵێ کوشتویانی؟ ئەی تۆ نەت ئەوت من توانای لێخورینی سەیارەم نیە بۆ دەرەوەی شار؟ ئەی لە سەیارە لێخورینی دەرەوەی شار نە ئەترسای؟ چۆن گەیشتی بە بلەو بارزان؟"

ئاوێنە: ئەو برایەی مامۆستا جیهان تەها، لە نامەكەیدا ئەوەشی وتوە، "جەرگەکەم جیهان، مردن هەر مردنە لە بلەو بارزان بێت یاخود لە ماڵەوە بێت، ئەی ئاسانتر نەبو لە ماڵەوە خۆت بکوشتبایە؟ یان بەزۆر تۆیان برد؟ بۆ قسەم بۆ ناکەی خوشکەکەم من لە بێدەنگی تۆ زۆر بێتاقەت و بێزارم."

دەقی نامەكە:

سەیرم بە مردنی تۆ دێ جیهان گیان!

تۆ ئەتزانی هەمومان تکتی تەیارەمان بڕی بو بۆ کوردستان، ئەبو مانگی 11 بۆ 12 هەمومان بە یەکەوە بونایە! تۆ ئەتزانی کە برایێکت زەواج ئەکات خۆت بەپێی خۆت رۆیشتی بۆ خوازبێنی براکەت! دڵت خۆش بو بەم هەواڵەی کە گوایە براکەت ژن دێنێ و ئامادەکاریت ئەکرد بۆ ئەم رۆژانە، بە خوشکەکانت ئەوت هەمومان بەیەکەوە جلی کوردی ئەپۆشین و دڵت خۆش بو بەوەی کەسوکارت ئەگەڕێنەوە، کاتێک کە گوێبێستی هەواڵی مردنی تۆ بوم گەڕامەوە ماڵە جۆڵەکەت، ئامادەکارییەکانتم بینی، تۆ پەردەی پەنجەرەکانت هەموی شوشتبو، مافوری ناو ماڵەکات هەموی شۆرا بو، تەنانەت باڕاریشت کردبو، عەلاگەی بازاڕییەکانت لە پێش سەلاجەی دانابو، ئەزانی چیم بینی؟ غەسالەکەت جلی خۆتت تێکردبو، جلەکانت شوشتبو، بەڵام مردنەکەت رێگر بو لەوەی جلەکانت لە غەسالە دەربێنیت، تۆ بە ماڵەکەت وتبو ئەگەڕێمەوە بەڵام مردنت رێگر بوە لەوەی بگەڕێیتەوە!

تۆ لە پۆستەکانت وا دەرئەکەوێ خۆت کوشتوە؟ یان پێمی بڵێ کوشتویانی؟ ئەی تۆ نەت ئەوت من توانای لێخوڕینی سەیارەم نییە بۆ دەرەوەی شار؟ ئەی لە سەیارە لێخوڕینی دەرەوەی شار نەئەترسای؟ چۆن گەیشتی بە بلەو بارزان؟ چۆن توانیت ئەم شاخ و داخانە تێبپەڕێنیت؟

ئەی ئافەریم چۆن توانیت سەیارەکەت وەربگێڕیت و دواتریش خۆتی تیا بسوتێنی؟ چۆن توانیت ئاگرێکی 4 مەتری لەناو سەیارەکەت هەڵبکەی کە سەیارەکەت ئەوەندە بچوکە تەنانەت 20 لیتر بەنزینش لە خۆی ناگرێ؟

جەرگەکەم جیهان، مردن هەر مردنە لە بلەو بارزان بێت یاخود لە ماڵەوە بێت، ئەی ئاسانتر نەبو لە ماڵەوە خۆت بکوشتبایە؟ یان بەزۆر تۆیان برد؟ بۆ قسەم بۆ ناکەی خوشکەکەم من لە بێدەنگی تۆ زۆر بێتاقەت و بێزارم.

ئەی تۆ لەگەڵ دایکم 2 مانگ پێش ئێستا بە تەکسی پێکەوە نەڕۆیشتن بۆ کەرکوک سەیارەکەی خۆتت نەبرد چونکە لە سایەقیی دەرەوەی شار ئەترسای؟

ئەی ئافەریم جیهان تو بڕیاری خۆ کوشتنی خۆتت دابو، بەڵام ئەم رۆژەت بە ئاسایی بەڕێ کردوەو رۆیشتویت بۆ دەوامی خۆت و قوتابییەکانت فێری دەرس کردون و دواتر لە قوتابخانە هاتویتە دەرەوەو رۆیشتویت کرێی حەزانەی مناڵەکانی خۆتت داوە، ئینجا بە ڕێ کەوتویت بۆ بلەو بارزان یان بە فێڵ تۆیان بردوە؟ ئا دەی تۆ لە کوێ بێنم بۆ ئەوەی قسەم بۆ بکەی؟ ئەی مادام خۆت ئەکوژیت بۆ بە نامە سەعات 4:10ی ئێوارە بە ئەندامێکی خێزانەکەمانت وتوە شەحنم لە مۆبایل نییە کە گەڕامەوە ماڵێ تێلت بۆ ئەکەم؟ ئەی بۆ نەگەڕایتەوە؟

بۆ ئەبێ بڕۆی بۆ شوێنێکی ئاوا دور بۆ خۆکوشتن، ئەی نەتئەزانی گەر لە شوێنێکی ئاوا خۆت بکوژی لە خەستەخانەو دکتۆرو مەحکەمەی مردنت و تەواوی کەلوپەلی ناو سەیارەکەت و هەرچی شتێکت پەیوەندی بە مردنی تۆوە بێت لەژێر دەستی کەسانێکی غەریبە ئەبێت، بۆ بڕیاری خۆکوشتنی خۆت لە دەوروبەری شارە گەورەکەی خۆت نەدا؟ ئەی دو رۆژ بەر لە مردنت بەیەکەوە لەسەر کامێرە قسەمان نەکرد؟ ئەو کاتەی سەوتت نوسابو نەخۆش بوی خەریک بو چاک ئەبویەوە؟ بۆ پێت نەوتم سەفەری رێگایێکی دورم هەیەو لەوانەیە نەتبینم  یان نەتئەزانی ئەم سەفەرە ئەکەی؟

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×