ئاسایشی ناوخۆ: هێرشەكەی ئەمڕۆی توركیا بۆ سەر قامیشلۆ هیچ زیانێكی گیانی نەبوە
  2024-08-22       204       

ئەمڕۆ پێنجشەممە، سوپای توركیا لە رێگەی درۆنەوە بنكەیەكی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆی لە شاری قامیشلۆی رۆژئاوای كوردستان كردە ئامانج. راگەیاندنی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆی رۆژئاوا دەڵێت، هیچ زیانێك بەر هێزەكانیان نەكەوتوە.

ئاوێنە: ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ لە باكور و رۆژهەڵاتی سوریا(رۆژئاوای كوردستان)، ئێوارەی ئەمڕۆ لە راگەیەندراوێكدا وتی"سوپای توركیا بەردەوامە لەسەر دەستدرێژییەكانی بۆ سەر ناوچەكانمان و ئاسایش و ئارامی هاوڵاتیان دەكاتە ئامانج و ئەمڕۆش لەڕێگەی فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانییەوە بنكەیەكی هێزەكانی ئێمەی لە شاری قامیشلۆ كردە ئامانج."

ئەوەشی خستۆتەڕو، لە بۆردومانەكەدا تەنیا زیانی ماددی بەر بینای بنكەكەمان كەوتوەو هیچ بریندارو گیانلدەستدانێكی لێ نەكەوتۆتەوە.

ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ جەختی كردۆتەوە كە "ئەم هێرشانە، جۆرێك لە تیرۆر دژ بە گەلەكەمان و بەڕێوەبردنی جەنگێكی دەرونییە لە دژی رۆڵەكانی گەلەكەمان، هەروەك ئەو هێرشانە بۆ سەرقاڵكردنی هێزەكانمان لە هەڵسان بە ئەركەكانی خۆیان لە بەهێزكردنی ئاسایش و سەقامگیری."

جەختیشی كردۆتەوە كە هێرشەكانی توركیا لە ئەركەكانی خۆمان ساردمان ناكەنەوەو بەپێچەوانەوە دەبنە مایەی سوربونمان لەسەر هەوڵدانی زیاتر بۆ روبەڕوبونەوەی ئەو هێرشانانەی كە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەكانمان دەكەنە ئامانج.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×