وادەی هاوتاكردنی موچەی خانەنشینی سەربازی ئاشكراكرا
  2024-09-11       362       

بەڕێوەبەرێكی جێبەجێكار لە خانەنشینی پێشمەرگە دەڵێت، بە هاوكاری وەزارەتی دارایی كێشەی هاوتاكردنی خانەنشینی سەربازی بەرەو چارەسەر دەڕوات و لەمانگی حەوتەوە هاوتاكردنەكەیان بۆ هەژمار دەكرێت.

ئاوێنە: هادی ئەكرەم، بەڕێوەبەری جێبەجێكار لە خانەنشینی پێشمەرگە، ئەمڕۆ چوارشەممە، بە میدیای رەسمی گۆڕانی راگەیاند، دوای ئەوەی دەركەوت موچەی پلە باڵاكانی خانەنشینانی سەربازی لەبری ئەوەی زیاد بكات، موچەكەیان كەم دەبێتەوە، موچەی مانگی حەوتی خانەنشینانی سەربازی هاوتا نەكرا، لەبەر ئەوەی دەرماڵەكانی مەترسی، هاوسەرگیری و بڕوانامەكەیان لەگەڵ خانەنشینی سەربازی عێراقی جیاوازی هەیە لە ئێستاشدا لە هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەرن بۆ ئەو حاڵەتە.

وتیشی: ئەو كەسانەی موچەی خانەنشینی سەربازییەكەیان لە خوار (500) هەزارەوەیە سودمەند دەبن كە ژمارەكەیان زۆرە، هەروەها ئەو خانەنشینانەشی موچەكەیان لە یەك ملیۆن دینار كەمترە، بڕی (100) هەزار دینار دەخرێتە سەر موچەكەیان.

رونیشیكردەوە، بۆ چارەسەری كێشەی هاوتاكردنی موچەی خانەنشینی سەربازی بەهاوكاری وەزارەتی دارایی لیژنەی تایبەت پێكهێنراوە و ئەو لیستانەشی كێشە و كەموكورتییان تیادا بوە كاری لەسەر كراوە، بەدڵنییاییەوە چارەسەر دەكرێت و لەمانگی هەشتدا قەرەبوەكان وەردەگیرێتەوە.

بەڕێوەبەرەكەی خانەنشینی پێشمەرگە ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، بڕیار وایە موچەی خانەنشینانی سەربازی لە مانگی حەوتەوە هاوتاككردنەكەیان بۆ ئەژمار بكرێت، ئێستا چاوەڕێی بڕیاری وەزارەتی دارایی دەكەن بۆ ئەو مەبەستە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×