بافڵ تاڵەبانی: سەردانەكەی پزیشكیان گرنگییەكی تایبەتی بۆ سلێمانی و یەكێتی هەیە
  2024-09-12       264       

بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگەیاند، سەردانەكەی مەسعود پزیشكیان، سەرۆك كۆماری ئێران گرنگی تایبەتی هەیە بۆ سلێمانی و حزبەكەی و دەشڵێت، لە كۆبونەوەیدا لەگەڵ پزیشكییان وتویەتی"ئێمە هاوکاری و برایەتیی دۆستەکانمان لەیادناکەین."

ئاوێنە: بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی، كەمێك لەمەوبەر راگەیەندراوێكی لەبارەی كۆبونەوەی لەگەڵ مەسعود پزیشكیان، سەرۆك كۆماری ئێران بڵاوكردەوەو وتویەتی، ئەمڕۆ "بەخۆشحاڵییەکی زۆرەوە" پێشوازییان لە پزیشكیان كردوە.

بافڵ تاڵەبانی سەردانەكەی پزیشكییانی بە "مێژویی" ناوبردوەو وتویەتی، سەردانەكە "گرنگییەكی تایبەتی هەیە" بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان بەتایبەت بۆ سلێمانی و یەكێتی.

ئاماژەی بەوەشداوە"ئەم سەردانە درێژکراوەی پەیوەندییە قوڵ و لەمێژینەکەی نێوان ئێمە و گەلی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە کە سەرۆک مام جەلال ئەندازیار و بناغەدانەری بوە."

بافڵ تاڵەبانی وتویەتی، لەدیدارەکەیاندا لەگەڵ پزیشکیان جەختیان لە "پابەندییەکانی هەرێمی کوردستان کردۆتەوە بەرامبەر ئاسایش و سەقامگیریی وڵاتانی دراوسێ بەتایبەت گەلی ئێرانی دۆست." و وتوشیەتی"دوپاتمانکردەوە، رێگەنادەین و نامانەوێت هەرێمی کوردستان ببێتە جێگەیەک بۆ هێرشکردنەسەر سەروەرییەکانی وڵاتانی دراوسێ بەتایبەت کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەڵکو ئەوەی ئامانجمانە و هەنگاوی بۆ دەنێین فراوانترکردن و پەرەپێدانی پەیوەندییە دێرینەکەمانە لە چوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵا و نیشتمانییەکاندا."

وتوشیەتی"لەدرێژەی دیدارەکەدا سوپاس و پێزانینی خۆمان ئاڕاستەی سەرکردایەتیی و گەلی ئێران کرد کە لە سەرجەم قۆناغە سەختەکاندا هاوکار و پشتیوانی خەڵكی كوردستان بون، هەروەها لە روبەڕوبونەوەی تیرۆر و تێکشکاندنی داعشدا، رۆڵێکی گرنگ و بەرچاویان گێڕا و هاوخەباتی کوردستان و هێزەکانی پێشمەرگە بون. ئاماژەشمان بەوەکرد، ئێمە هاوکاری و برایەتیی دۆستەکانمان لەیادناکەین و درێژەپێدەری ئەو سیاسەتە دەبین کە سەرۆک مام جەلال پەیڕەوی دەکرد و ئامانجەکەی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵا و هاوبەشەکان بو."

بەگوێرەی راگەیەندراوەكەی سەرۆكی یەكێتی، لەبەرامبەردا پزیشكیان "ستایشی رۆڵ و پێگەی كاریگەری سەرۆك مام جەلالی كرد لە بونیادنانی عیراقی نوێ و داڕشتنەوەی سیاسەتێكی حەكیمانە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بەتایبەت ئێران و ئاماژەیان بەوەكرد، ئێمە رێز لەو پەیوەندییە مێژوییە دەگرین و هیوادارین گەشەی زیاتری پێبدەین، لەبەرامبەر هەوڵ و هەنگاوە نیشتمانییەكانیشتاندا بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی عیراق و هەرێمی كوردستان، هاوكار و پشتیوانتان دەبین."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×