سەركونسوڵی ئێران كارنامەی سەردانەكەی پزیشكیان بۆ هەولێر و سلێمانی ئاشكرادەكات
  2024-09-11       554       

محه‌مه‌د مه‌حمودیان، سەركونسوڵی ئێران لە سلێمانی رایگەیاند، سبەی پێنجشەممە، مەسعود پزیشكیان، سەرۆككۆماری ئێران دەگاتە هەولێر و بۆ نیوەڕۆكەیشی دێتە سلێمانی. جەختیش دەكاتەوە كە سەردانەكەی پزیشكیان بۆ هەرێمی كوردستان هەڵگری پەیامە بۆ هەمو لایەك.

ئاوێنە: محه‌مه‌د مه‌حمودیان، سەركونسوڵی ئێران لە سلێمانی، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، سەرباری چڕوپڕی دیدارو كۆبونەوەكانی سەرۆك كۆماری ئێران لە بەغدا، سەردانی هەرێمی كوردستانیش دەكات و ئەنجامدانی كۆبونەوەی رەسمی لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم لە شارەكانی هەولێر و سلێمانی بەشێك دەبێت لە بەرنامەی سەردانەكەی سەرۆك كۆماری ئێران و وەفدی هاوڕێی.

وتیشی، بەپێی كارنامەی سەردانەكەی، سبەی سەرلەبەیانی سبەینێ سەرۆك كۆماری ئێران و وەفدی هاوڕێی دەگەنە هەولێر و پاشان بۆ نیوەڕۆ سەردانی شاری سلێمانی دەكەن و كۆبونەوەیان لەگەڵ بەرپرسانی حكومی و سەركردەكانی یەكێتی دەبێت.

وتیشی، سەرۆك كۆماری ئێران لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی لە سلێمانی كۆدەبێتەوە.

سەركونسوڵی ئێران ئاماژەی بەوەشدا، "سەردانی سەرۆك كۆماری ئێران بۆ هەرێمی كوردستان، هەڵگری پەیامێكی گرنگە بۆ هەمو لایەك ئەویش ئەوەیە كە پەیوەندییەكانی نێوان ئێران و هەرێمی كوردستان لەسەر بنەمای رەگوڕیشەی دێرینی مێژویی، شارستانی و كولتوریی قوڵ دامەزراون."

وتیشی"ئێمە دڵنیایین كە هەوراز و نشێوی ناوبەناو هیچ زیانێك بە دۆستایەتی نێوان ئێران و هەرێمی كوردستان ناگەیەنێت، هەروەك ئەمڕۆ سەرۆك كۆمار پزیشكییان لە لێدوانێكی كورتدا بۆ بەشێك لە میدیاكانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، پەیوەندی نێوان ئێران و هەرێمی كوردستان باشە و چاومان لەوەیە باشتریشی بكەین."

سەركونسوڵی ئێران لەبارەی سەردانی پزیشكیان بۆ سلێمانی وتی"هەرێمی كوردستان دو ناوەندیی هەیە، هەولێر و سلێمانی، پزیشكییان بە پێویستی زانیوە سەردانی سلێمانیش بكات.  رەنگە دەوروبەری نیوەڕۆ بگاتە سلێمانی و چەند سەعاتێك لە ناوچەی سەوز بمێنێتەوە. هاتنی پزیشكییان بۆ سلێمانی هەڵگری پەیامی تایبەتە. لە سۆنگەی ئەو پەیوەندییە قوڵەی كە ئێران لەگەڵ كۆچكردو مام جەلال هەیبو، سەرۆك كۆماری ئێران لە یەكەم سەردانیدا دەیەوێت بچێتە سەر گۆڕی مام جەلال بەمەبەستی رێزلێنانی."

محەمەد مەحمودیان لەبارەی ئەگەری دەستوەردان و رۆڵی ئێران لە هەڵبژاردنی چاوەڕوانكردنی پەرلەمانی كوردستاندا، جەختی كردۆتەوە كە "خەڵكی ئێرە خۆیان لە هەڵبژاردنەكاندا بڕیاردەدەن و ئێران دەستوەردان ناكات لە هەڵبژاردنی هیچ وڵاتێكی دیكەدا."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×