قەرەسو: رێككەوتنی عێراق لەگەڵ توركیا، جگە لە "فرۆشتن" هیچ مانایەكی تری نییە
  2024-08-21       577       

مستەفا قەرەسو ، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەریی كەجەكە ڕایگەیاند، ئەوەی عێراقی گەیاند بە رێككەوتن لەگەڵ توركیا، "لە بنەڕەتدا سیاسەتی پارتییە..کاتی ئەوە هاتوە لەبەرامبەر یەكێتیشدا ئەم سیاسەتە بەڕێوەبەرن." دەشڵێت، ڕێککەوتنی عێراق لەگەڵ دەوڵەتی تورکدا، جگە لە فرۆشتن هیچ مانایەکی دیکەى نییە.

ئاوێنە: مستەفا قەرەسو، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەریی كۆما جڤاكێن كوردستان-کەجەکە، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی مەدیا خەبەر ڕایگەیاند، "حکومەتی عێراق ڕێکەوتننامەیەکییان لەگەڵ ئەنقەرە واژۆ کرد، ئەوەی عێراقی گەیاند بەم خاڵە لە بنەڕەتدا سیاسەتی پارتییە، تورکیا و پارتی پێکەوە فشارییان لە عێراق کرد، بەم شێوەیە کردیان بە بەشێک لە شەڕی دژ بە ئێمە، پارتی هەمیشە بە دەوڵەت تورکی دەوت؛ با عێراق و یەكێتیش لەم کارە بەشدار بکەین، بەم شێوەیە دەتوانین ئەنجامێک بەدەست بهێنین، کاتی ئەوە هاتوە لەبەرامبەر یەكێتیشدا ئەم سیاسەتە بەڕێوەبەرن."

وتیشی: "پارتی بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ داگیرکەر و دوژمنانی کورددا، دەیەوێت هەمو ئەو ڕێکخستنە کوردییانە لە ناوبەرێت کە لە دژی سیاسەتەکانین، مێژوی سیاسی پارتی بەم شێوەیە، چۆن بە تانک و سەربازانی سەدامەوە یەنەکەی لە هەولێر دەرکرد و خۆی جێگیر کرد، لە ئێستاشدا هەوڵدەدات ئەمە بەدەستی دەوڵەتی تورک بکات، پارتی هەمیشە ویستویەتی یەكێتی لەناوبەرێت، دوای ئەوەی پەکەکە بوە هێزێک، خواستی پەکەکە لە ناوبەرێت، بۆ ئەمەش بەتەواوی دوژمن بەکاردەهێنێت و بە زۆرەملێیەیەوە عێراقی بەشدار بەم کارە کرد."

قەرەسو لە بەردەوامی قسەکانییدا ئاماژەی بەوەکرد، "بەڵێ فشاری دەوڵەتی تورک هەیە، بەڵام گەر پارتی لەناو ئەم کارەدا نەبوایە، ئەوا عێراق نەدەگەیشت بەم قۆناغە، ئەوەی زۆر زیاتر دەیەوێت تەڤگەر دابخرێت، پادێی لە شنگالدا بە داخستندا، ئەوەی بە زۆرترین شێوە دەیەوێت لە عێراقدا “پارتی دیموکراتیک” دابخرێت پارتییە، لە ئێستادا حکومەتی عێراق لە ڕوی خوێندنەوەو تێگەیشتی مێژویەوە لاوازە و دەوڵەتی تورک ناناسێت، سیاسەتی ڕۆژانە بەڕێوەدەبات و دەوڵەتی تورکیش سەپاندن دەکات."

هەروەها باسی لەوەشکرد، "دەسەڵاتداری ئێستا، سودانی و هاوکارەکانی لەبەر پەیوەندی سازکردنیان لەگەڵ تورکیادا هەزاران جار پەشیمان دەبنەوە لەوەی کە سەری خۆیان بۆ سەپاندنەکانی پارتی چەماندەوە، تەسلیمی سیاسەتی دەوڵەتی تورک بون کە گوایە بە پەیوەندیدانانی لەگەڵ تورکیادا لە ڕوی ئابورییەوە هەندێک بوژانەوە بەدەستبهێنن، ڕێککەوتنی لەم جۆرە جگە لە ‘فرۆشتن’ هیچ مانایەکی دیکە هەڵناگرێت."

ئەو ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە ڕاشیگەیاند، "عێراق چۆن دەتوانێ پەکەکە وەک دوژمن ڕاگەیەنێت کە گوایە ڕێکخستنێکی قەدەغەکراوە، لەو کاتەی حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیران بو و چەندین بەرپرسی سوپاسی پەکەکەیان کرد، لەبەرئەوەی داعشی تێکشکاند، ڕۆڵی پەکەکە لە تێکشکاندنی داعشدا لە ڕۆژئاوا، باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریادا زۆر گەورەیە، چەندین شەڕڤانی نارد و شەهید بون، ئەوانەی ببونە هۆکاری قڕکردنیان، پەکەکە کە شکۆی ئێوە و شنگالی لە قڕکردن ڕزگارکرد قەدەغەکراوە، لە ئێستادا خەبەرییان بوەتەوە دەڵێن پەکەکە رێکخستنێکی قەدەغەکراوە، ئایە بێ ویژدانی لەم ئاستەشدا دەبێت! بۆ ئەوەی بە دڵی تورکیا و پارتی بێت."

وتیشی"دڵخۆشکردنی پارتی و تورکیا بەمانای لەناوبردنی عێراق دێت، ئەو کاتەی مالیکی لە دەسەڵاتدا بو هەندێک ڕەخنەی لە تورکیا گرتبو، ئەردۆغان وتی تۆ کێیت و سوکایەتی بە سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد."

هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، "پێویستە گەلانی عێراق، هێزە سیاسیەکانی عێراق لەبەرمبەر ئەمەدا بوەستنەوە، ترسناکی ئەم ڕوداوانە ببینین؛ پێویستە گەلی باشوری کوردستان، پارتە سیاسییەکانی باشور لەبەرامبەر ئەم ڕێکەتننامانە بوەستنەوە، نەکردنی ئەمە بە مانای تەسلیم بون دێت، بۆیە هەڕەشە لەسەر یەكێتی هەیە."

قەرەسو لە کۆتاییشدا وتی"عێراقییەکان دەڵێن لە بەعشیقە لە تورکەوە مەشق وەردەگرن، ئەوە ڕەواییدانە بە داگیرکاری تورک، سبەینێ دەڵێت، بە ڕژاندنی خوێن ئەو دەڤەرەم بەدەستهێناوەو ئەمانە لە ناو میساقی میللیدایە، بەڵێ لەناو میساقی میللیدا کەرکوک، موسڵ، باکوری سوریا هەبون، جیاوازییەکی کەمی هەیە، ئەوە گرنگە، کاتێک میساقی میللی پەسەندکرا ئەو کاتە نکۆڵی لەکورد نەدەکرا، بەڵام دەوڵەتی ئێستای تورک نکۆڵی لە کوردان دەکات، ئەمە دۆخێکی نوێیە لە دوای پەیمانی لۆزانەوە دروستبوە، لەبەر ئەمەیە لەدژی مێژوی خۆی دەجوڵێتەوە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×