له‌باره‌ى ته‌ندروستى ئاوات شێخ جه‌نابه‌وه‌ ڕونكردنه‌وه‌ ده‌درێت
  2024-08-22       891       

بەرپرسێکی وەزارەتی دارایی‌و ئابوریی حكومەتی هەرێم ئاشکرایدەکات، ئاوات شێخ جەناب چوەتە نەخۆشخانە، بەڵام تەندروستیی جێگیرەو لەئەرکی خۆی بەردەوامە.

ئاوێنه‌: بەرپرسێکی وەزارەتی دارایی هه‌رێم له‌ڕێگه‌ى میدیاى پارتیه‌وه‌ ڕایگەیاند، "ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی دوێنێ 21ی ئابی 2024، دوای بەشداریکردنی لەکۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، بۆ پشکنینی ئاسایی بڕبڕەی مل، سەردانی یەکێک لەنەخۆشخانە حکومییەکانی هەولێری کردوە".

سه‌رچاوه‌كه‌ ئه‌وه‌شى وتوه‌، "تەندروستیی وەزیری دارایی جێگیرەو ئەوەی شەوی ڕابردوو لەهەندێک لەپەیجەکان بڵاوبوەتەوە گوایه‌ ته‌ندروستى تێكچوه‌و به‌په‌له‌ ڕه‌وانه‌ى نه‌خۆشخانه‌ كراوه‌، ڕاستیی تێدانییە".

به‌وته‌ى بەرپرسەکەی وه‌زاره‌تى دارایی، "ئاوات شێخ جەناب لەسەر کاری خۆی لەوەزارەتی دارایی بەردەوامەو داوای مۆڵەتیشی نەکردوە".

باسی لەوەشکرد، "سەردانەکەی دوێنێی وەزیری دارایی بۆ نەخۆشخانە، تەنها بۆ پشکنینی ئاسایی بوە، نه‌ك تێكچونى بارى ته‌ندروستى".

ئاوات شێخ جەناب، لەدایکبوی ساڵی 1958و خێزاندارەو باوكی سێ کوڕە، دەرچوی كۆلێژى یاسایەو لەسەر پشکی بزوتنەوەی گۆڕان لەکابینەی نۆیەم وەزیری دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستانە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×